راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ترس له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌
گه‌نجانی‌ ئیمۆو هاوڕه‌گه‌زباز ژماره‌یان زیاد ده‌كات

ئه‌حمه‌د سامر
هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ چه‌ندین ناوو ناتۆره‌یان لێناون، به‌ڵام گوێ‌ به‌وه‌ ناده‌ن‌و ئه‌وه‌ی‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ بڕیاردانه‌ له‌ژیانی‌ خۆیان، ئه‌مه‌ش رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ كردوونه‌ته‌وه‌.
14.07.2016  |  زیقار
دوو گه‌نجی‌ ئیمۆ ( :وێنه Diego DeNicola / Wikimedia Commons)
دوو گه‌نجی‌ ئیمۆ ( :وێنه Diego DeNicola / Wikimedia Commons)

نه‌وره‌س (خوێندكارێكی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵه‌) له‌و كاته‌ی‌ به‌ناو شاری‌ ناسرییه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ بڕێك سوراوی‌ كردووه‌و ملوانكه‌یه‌كی‌ له‌ملدایه‌ كه‌ سه‌ری‌ ئێسكه‌ په‌یكه‌رێكی‌ پێوه‌یه‌و پانتۆڵێكی‌ ره‌شی‌ ته‌سك‌و كراسێكی‌ ته‌نكی‌ له‌به‌ردایه‌ كه‌ چه‌ند قۆپچه‌یه‌كی‌ كراوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و گه‌نجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و گرفتانه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌ هیچی‌ كه‌متر نییه‌ له‌گێچه‌ڵكردن به‌كچان‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێكه‌س وه‌سفم ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێكی‌ تر هێرشم ده‌كه‌نه‌ سه‌ر".

 

حه‌سان (22 ساڵ) له‌و كاته‌ی‌ تاڵه‌ قژه‌كانی‌ سه‌ر ده‌موچاوی‌ لاده‌بات به‌ترسه‌وه‌ باسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ هێرشیان ده‌كه‌نه‌ سه‌رو ئه‌وه‌شی‌ بیر ناچێت كه‌ چۆن دوو له‌نزیكترین هاوڕێكانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، چونكه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر زۆربه‌ی‌ هاوشێوه‌كانی‌ ئه‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ گروپه‌ ئاینییه‌كان له‌به‌غدا له‌ناوبران.

 

به‌"نیقاش"ی‌ وت "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوان له‌هاوڕێ‌ نزیكه‌كانم له‌به‌غدا له‌ده‌ستدا، چه‌ند مانگێك نه‌هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ له‌ناوچه‌ی‌ دۆره‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان له‌به‌غداد جه‌دیده‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ناوبران‌و پۆلیسیش هیچ رێگرییه‌كی‌ نه‌كرد، ئه‌و ده‌مه‌ من‌و هاوڕێكانم زۆر ترساین‌و بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ عێراق جێبهێڵم".

 

به‌هۆی‌ رێگری‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌و ناچاركردنی‌ به‌وه‌ی‌ له‌دوكانی‌ مۆبایل كاربكات نه‌یتوانیوه‌ سه‌فه‌ر بكات، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ هه‌ر ماوه‌.

 

وه‌ك زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوور، ناسرییه‌ش شارێكی‌ داخراوه‌و بوونی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌كه‌ره‌سته‌ی‌ جوانكاری‌‌و جل‌و به‌رگ‌و جموجۆڵه‌كانیان شتێكی‌ نامۆیه‌، ره‌نگه‌ سه‌رقاڵی‌ لایه‌نه‌كان به‌بارودۆخی‌ ئه‌منی‌‌و ئابوری‌ بواری‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ره‌خساندبن كه‌ له‌و شاره‌و قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ بڵاو ببنه‌وه‌.

 

نه‌وره‌س‌و هاوڕێكانی‌ له‌قاوه‌خانه‌یه‌كی‌ ناسرییه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ سێ‌ ساڵه‌ كراوه‌ته‌وه‌و هیچی‌ جیاواز نییه‌ له‌قاوه‌خانه‌كانی‌ تر، ئه‌و جێگه‌یه‌ هۆڵێكی‌ لاكێشه‌یی‌‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ كورسی‌ تێدایه‌.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ لێره‌ن سه‌رقاڵی‌ نێرگه‌له‌ كێشان‌و خواردنه‌وه‌ی‌ چاو قاوه‌و گوێگرتن له‌گۆرانی‌‌و یاریكردن به‌مۆبایلن، لێره‌ یه‌كتر ده‌ناسن‌و پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

 

حه‌مودی‌ ناسراو به‌ كروز (22 ساڵ) ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ هه‌موو سه‌ردانكه‌رانی‌ قاوه‌خانه‌كه‌ "ئیمۆ" بن‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ چه‌ند گه‌نجێكین له‌سه‌ر مۆدێل ده‌ڕۆین، گه‌نجی‌ لێیه‌ هاوڕه‌گه‌زبازه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بێت كه‌ داخراوی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌كچان به‌و ئاراسته‌یه‌یان ببات".

 

سجو، كه‌ هاوڕێكانی‌ به‌و ناوه‌وه‌ بانگی‌ ده‌كه‌ن (19 ساڵ) زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ به‌گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌وان زۆربه‌یان له‌سه‌ر په‌یجی‌ (كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیمۆكانی‌ عێراق) كۆده‌بنه‌وه‌.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "خۆم به‌مرۆڤێكی‌ ئاسایی‌ ده‌زانم، ئه‌گه‌رچی‌ پابه‌ند نه‌بم به‌و پێوه‌رانه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا به‌پیاوه‌تی‌ داناوه‌، زۆر گه‌نج هه‌ن ئێستا حه‌ز ده‌كه‌ن ببنه‌ ئیمۆ".

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌چاوی‌ كۆمه‌ڵگا دوور بكه‌ونه‌وه‌، به‌نهێنی‌ له‌ماڵی‌ یه‌كتر كۆده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ ره‌تده‌كرێنه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر فه‌یسبووك چه‌ند په‌یجێك له‌دژیان دروستكراوه‌.

 

فیراس كه‌ ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ زانسته‌و ژماره‌یه‌ك له‌هاوڕێكانی‌ "ئیمۆ"ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا به‌هه‌ڵه‌ له‌و كه‌سانه‌ تێگه‌یشتوون‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ كه‌سانی‌ خراپ‌و خوێنمژ نین، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتیان سه‌یره‌و تیاشیاندایه‌ هاوڕه‌گه‌زبازه‌".

 

عه‌بدولره‌زاق عه‌لی‌ توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌م دواییه‌ دیارده‌ی‌ ئیمۆكان له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ عێراقدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ شتێكی‌ نوێ‌ نییه‌و جارانیش هه‌بوو، به‌ڵام به‌شاراوه‌یی‌، ئێستا زیاتر ده‌ركه‌وتووه‌".

 

ئه‌م جۆره‌ گه‌نجانه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهاتی‌ باش بۆ سه‌رتاش‌و دوكانه‌كانی‌ كه‌لوپه‌لی‌ جوانكاری‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌بو جناتی‌ سه‌رتاش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات.

 

ئه‌بو جنات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وان داواكاریان زۆره‌ له‌سه‌رتاشین‌و خۆ رازاندنه‌وه‌‌و موهه‌ڵگرتن‌و ماكیاژكردن، به‌ڵام داهاتێكی‌ باشم بۆ ده‌هێنن".

 

هه‌ندێ‌ كه‌س هه‌ن پێیان وایه‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ پێویستیان به‌چاره‌سه‌ره‌، ساڵح حسێن شاره‌زا له‌بواری‌ رێنمایی‌ ده‌رونی‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌مه‌یلی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ تێبگه‌ن‌و ته‌نها له‌سه‌ر شكڵ‌و شێوه‌ هه‌ڵیان نه‌سه‌نگێنن".

 

به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و داواكارییه‌ی‌ ساڵح ده‌یخاته‌ روو بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ داخراوی‌ وه‌ك ناسرییه‌ كارێكی‌ ئێجگار زه‌حمه‌ت بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌