راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هونه‌ر له‌به‌غدا ده‌بوژێته‌وه‌
چه‌ندین هۆڵی‌ شێوه‌كاری‌‌و قاوه‌خانه‌ی‌ رۆشنبیری‌ له‌پایته‌خت ده‌كرێنه‌وه‌

ئەفراح شەوقی
له‌به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو هۆڵه‌كانی‌ هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ بوژاونه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام چالاكیان تیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و بوونه‌ته‌ شوێنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ هونه‌ردۆستان.
7.07.2016  |  به‌غدا
نمایشی‌ شێوه‌كاریی‌ له‌به‌غدا
نمایشی‌ شێوه‌كاریی‌ له‌به‌غدا

كچه‌ شێوه‌كانی‌ به‌غدادی‌ مینا حلو (39 ساڵ) له‌خه‌ونی‌ ئه‌وه‌دایه‌ كۆڕبه‌ندێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندو رۆشنبیرو ئه‌كادیمیست‌و میدیاكاره‌كان دروستبكات كه‌ تیایدا پرۆژه‌و بیروبۆچوونه‌كانیان بگۆڕنه‌وه‌‌و به‌رهه‌مه‌ تازه‌كانیان بخه‌نه‌ روو له‌بابه‌تی‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاو واژۆكردنی‌ كتێب‌و گوێگرتن له‌میوزیك‌و ته‌نانه‌ت نمایشی‌ جل‌وبه‌رگ‌و بینینی‌ فیلمی‌ سینه‌مایی‌.

 

یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م خه‌ونه‌ كردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ رۆشنبیری‌ (ئاوج به‌غداد) بوو له‌ناوچه‌یه‌كی‌ ئارامی‌ كه‌راده‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ روباری‌ دیجله‌ له‌ناوه‌ندی‌ به‌غدا، به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌میش خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ له‌ده‌ور كۆبووه‌وه‌.

 

ساڵانێكی‌ زۆره‌ له‌به‌غدا هۆڵه‌ هونه‌ری‌‌و قاوه‌خانه‌ رۆشنبیریه‌كان پشتگوێ‌ خراون له‌كاتێكدا جاران یه‌كێك له‌هێماكانی‌ ناسینه‌وه‌ی‌ پایته‌خت بوون، هه‌رچی‌ حكومه‌تیشه‌ ناوه‌ ناوه‌ پێشانگای‌ به‌یانیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی‌ كه‌م سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن.

 

جاران چه‌ندین هۆڵی‌ پێشانگای‌ شێوه‌كاری‌ له‌به‌غدا هه‌بوون، له‌وانه‌ هۆڵه‌ حكومییه‌كانی‌ وه‌ك هۆڵه‌كانی‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ نیشتیمانی‌ بۆ هونه‌ری‌ هاوچه‌رخ‌و هۆڵی‌ ره‌واق‌و هۆڵی‌ ناوه‌ندی‌ سه‌دام بۆ هونه‌رو هۆڵه‌كانی‌ نه‌سرو ره‌شیدو ته‌حریر، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هۆڵی‌ تایبه‌تی‌ وه‌ك ئۆرفه‌لی‌ كه‌ یه‌كه‌مین هۆڵی‌ تایبه‌ت بوو هونه‌رمه‌ند وداو ئۆرفه‌لی‌ كردیه‌وه‌و ده‌نگێكی‌ زۆری‌ دایه‌وه‌، هه‌روه‌ها هۆڵی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كار رافع ناسری‌‌و سه‌راف‌و ئاسرو حوارو دالی‌ (به‌ناوی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ جیهانی‌ سلفادۆر دالیه‌وه‌یه‌) له‌گه‌ڵ‌ هۆڵه‌كانی‌ مه‌دارات‌و واكدو ئیناناو فه‌همی‌ قه‌یسی‌‌و به‌غدادو عه‌له‌ویه‌و عه‌ین‌و چه‌ندانی‌ تر.

 

ئه‌و ده‌مه‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ عه‌ره‌ب روویان له‌به‌غدا ده‌كرد بۆ بینینی‌ ئه‌و پێشانگایانه‌و خوێندن له‌ئه‌كادیمیاو په‌یمانگاكانی‌، یاخود بۆ كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاو سودبینین له‌ئه‌زموونی‌ هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی‌.

 

به‌هۆی‌ تێكچوونی‌ باری‌ ئه‌منی‌‌و فه‌رامۆشكردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و هۆڵانه‌ داخران‌و خاوه‌نه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كۆچیانكرد‌و سه‌ردانكه‌رانیشیان له‌ده‌ره‌وه‌ ئێجگار كه‌مبوونه‌وه‌.

 

نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ هه‌ندێ‌ هه‌وڵ دران بۆ بوژاندنه‌وه‌ی‌ ره‌وتی‌ هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ له‌به‌غداو چه‌ند هۆڵێكی‌ هونه‌ری‌‌و قاوه‌خانه‌ی‌ رۆشنبیری‌ كرانه‌وه‌، هه‌ندێ له‌پرۆژه‌كانیش كرانه‌ پرۆژه‌ی‌ بازرگانی‌ به‌هاوكاری‌ كه‌سانی‌ خاوه‌ن پاره‌.

 

مینا حلو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵانێكی‌ زۆر چاوه‌ڕێمان كرد بارودۆخی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك چاك ببێت، به‌ڵام دواجار بڕیارماندا هه‌موو ئه‌زموونی‌ خۆمان به‌كار بهێنین بۆ سه‌رخستنی‌ پرۆژه‌كه‌و كردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ندێكی‌ رۆشنبیری‌ بۆ هه‌موو هونه‌ره‌كان كه‌ تیایدا رۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندان كۆببنه‌وه‌، مانگی‌ ئازاری‌ رابردوو ده‌ستمان پێكردو چه‌ندین پێشانگای‌ شێوه‌كاری‌ گرنگمان كرده‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "سه‌ره‌ڕای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندان‌و كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاكانیان به‌خۆڕایی‌، ئومێدی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ هه‌ندێ‌ له‌تابلۆكانیان بفرۆشرێت‌و ئه‌وه‌ی‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت به‌شێكی‌ ده‌درێته‌وه‌ به‌هۆڵه‌كه‌، تێبینیمان كردووه‌ هونه‌ری‌ عێراقی‌ وزه‌و به‌هره‌ی‌ گرنگی‌ تیا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌بێت جه‌ماوه‌ر بیان بینێت".

 

مینا ده‌رچووی‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌‌و یه‌كه‌می‌ سه‌ر ئاستی‌ به‌شه‌كه‌یان بووه‌و دواتریش له‌بواری‌ دیزاینی‌ چاپ له‌ئه‌كادیمیای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان خوێندویه‌تی‌‌و ساڵی‌ 2002 ده‌رچووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ له‌دیزاینی‌ هیچ رۆژنامه‌و گۆڤارێكدا كاربكات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كان بوون، بۆیه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌وڵی‌ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونی‌ كردنه‌وه‌ی‌ هۆڵه‌كه‌ی‌ داوه‌ كه‌ كه‌سانی‌ ده‌سته‌بژێری‌ تیا كۆبكاته‌وه‌.

 

له‌باره‌ی‌ قازانجی‌ دارایی‌ پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ مینا ده‌ڵێت "كێشه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ فرۆشتن كه‌مه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هونه‌رمه‌نده‌كان خۆیان نرخی‌ گران له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان داده‌نێن، له‌كاتێكدا به‌هۆی‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌‌و سیاسییه‌وه‌ خه‌ڵك كڕینی‌ تابلۆی‌ به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌‌و له‌خه‌می‌ دابینكردنی‌ گوزه‌ران‌و كرێی‌ خانوو مۆلیده‌و خوێندنی‌ منداڵه‌كانیدایه‌".

 

ده‌شڵێت "به‌هۆی‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌‌و خۆپیشاندانه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌رۆژانی‌ هه‌ینی‌ كه‌ تاكه‌ رۆژه‌ ئێمه‌ بتوانین چالاكی‌ تیا به‌ڕێوه‌ ببه‌ین، چالاكییه‌كانمان كه‌م بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و رۆژانه‌ رێی‌ هاتوچۆی‌ هاوڵاتیان ده‌گیرێت".

 

به‌م دواییه‌ له‌به‌غدا چه‌ند هۆڵێكی‌ هونه‌ری‌ ئه‌هلی‌ كرانه‌وه‌، وه‌ك هۆڵی‌ برۆنزو ئیناو ئارت، دواهه‌مینیشیان كردنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ مه‌عریفه‌ی‌ مه‌ندائی‌ له‌په‌رستگه‌ی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌، به‌ڵام نازانرێت تا چه‌ند ئه‌م هۆڵانه‌ ده‌توانن داهات به‌ده‌ست بهێنن.

 

هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌یه‌كار حامید روه‌ید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هۆڵی‌ ماڵی‌ مه‌عریفه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كردنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ مه‌عریفه‌ی‌ مه‌ندائی‌ هه‌نگاوێكه‌ به‌ئاراسته‌ی‌ پاڵپشتی‌ جموجۆڵی‌ هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ له‌عێراقدا‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ له‌كرانه‌وه‌ی‌ رۆشنبیرییه‌كان به‌رووی‌ یه‌كترداو گۆڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌زموون‌و هه‌وڵێك بۆ چالاككردنی‌ هونه‌رو ئه‌ده‌ب‌و كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگاو ده‌سته‌به‌ركردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ هونه‌رمه‌ندان".

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ د. شه‌فیق مه‌هدی‌ پێشوازی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ هۆڵانه‌ی‌ كردو به‌هه‌وڵێكی‌ زانی‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌ستگرتنی‌ به‌هره‌مه‌ندان.

 

مه‌هدی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كرانه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ زیاتری‌ هۆڵه‌ هونه‌رییه‌كان زۆر مانا له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ هونه‌رو گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌غدا بۆ جموجۆڵه‌كانی‌ رابردوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هانی‌ كۆچكردووه‌كان ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌غدا ناوه‌ندی‌ هونه‌ره‌، هه‌روه‌ها زیندوێتی‌ به‌پایته‌خت ده‌به‌خشێت".

 

ماهیر تانی‌ هونه‌رمه‌ندو شاره‌زای‌ رێكخستن‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ تابلۆ پێی‌ وایه‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هۆڵانه‌ گرنگن بۆ نمایشی‌ به‌رهه‌می‌ باش‌و دروخستنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌كاره‌ خراپ‌و بازرگانییه‌كان.

 

هه‌رچی‌ ناسر ره‌بیعی‌ خاوه‌نی‌ گۆڤاری‌ بالێتی‌ هونه‌رییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مانه‌ هه‌وڵی‌ گرنگ‌و دیارده‌یه‌كی‌ ئه‌رێنین، به‌ڵام پێویستیان به‌پاڵپشتی‌ وه‌به‌رهێنه‌كان‌و حكومه‌ته‌، تا ناچار نه‌بن پاش ماوه‌یه‌ك ده‌رگاكانیان دابخه‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌