راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پزیشكێكی دژە باو
لەموسڵی سووننەوە هەڵهات بۆ ئەوەی لەبەغدا بەهانای شیعەكانەوە بچێت

فەهد ئەلشەممەری
پزیشكێكی سووننە لەموسڵ لەدەستی داعش هەڵهاتووەو لەناوجەرگەی ناوچە شیعەنشینەكانی بەغدا بەدەم ئەو هاوڵاتیانەوە دەچێت كە پێویستیان بەكۆمەكی پزیشكییە.
9.06.2016  |  بەغدا
پزیشكی، پیشە قورسەكە لەعێراقدا ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا)
پزیشكی، پیشە قورسەكە لەعێراقدا ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا)

سەمیر بەر لەوەی داعش بگات، لەنەخۆشخانەی موسڵ پزیشك بووە، بەڵام لەوە بەدواوە ئاوارە بووەو حكومەت لەنەخۆشخانەی ناوچەی سەدری بەغدا دایمەزراندووە لەناوچەیەكدا كە یەك ملیۆن هاوڵاتی شیعەی تێدایە.

 

ئەو كاتەی دكتۆر سەمیر لەموسڵ هەڵهات ناوەڕاستی ساڵی 2014 بوو، لەگەڵ دایكی خۆیان گەیاندە بەغداو لەوێ‌ خانوویەكیان بەكرێ‌ گرتن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیشی دابین بكات داوایەكی پێشكەشكرد تا دووبارە دابمەزرێنرێتەوە.

 

هەموو عێراقییەكان دەزانن بۆ ئەوەی پارێزراوبن باشترە بەدووربن لەو ناوچانەی دووچاری كێشەی تایفیان دەكاتەوە، بەڵام سیستەمەكەی وەزارەتی تەندروستی ئەمە نازانێت، بۆیە دكتۆر سەمیر لەنەخۆشخانەی "شەهید سەدر" لەبەغدا دامەزرێنرایەوە.

 

لەگەڵ شكانی داعش لەبەرەكانی جەنگدا، ئەم گروپە گەڕانەوە سەر تاكتیكەكەی جاران كە ئەویش بریتییە لەكاری خۆكوژی لەناوچە قەرەباڵغەكاندا، بەتایبەتی لەناوچە شیعەنشینەكان، ئەمەش هێندەی تر  ناكۆكی تایفی قوڵكردووەتەوە، بۆیە سەمیر تووشی زۆر رووداوی سەیر دەبێت.

 

سەمیر لەچاوپێكەوتنێكی "نیقاش"دا هەندێ‌ لەو رووداوانە دەگێڕێتەوەو دەڵێت "كاتێك بریندارەكانی شەڕ دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەكەمان، زۆرجار كەسوكارەكەیان هاوار دەكەن‌و داوای تۆڵە دەكەنەوە لەسوننەكان، دواتر هێور دەبنەوە، بەڵام نازانم لەگەیشتنی قوربانی داهاتوودا چیم بەسەر دێت".

 

كاتێك سەمیر لەزانكۆی موسڵ دەیخوێند، تەماشای بەرنامەیەكی دەكرد كە تیایدا چەند كەسێكی بەناوبانگی عێراقی نوكتەیان دەگێڕایەوە، زۆر گوێی لەقسەی ئەوانە دەگرت كە لەبەغداوە بەشدارییان دەكرد، بەهۆیەوە فێری شێوە قسەكردنی بەغدادیانە بووەو ئێستا بەكاری دەهێنێتەوە بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ خەڵكدا.

 

سەمیر ئاماژە بەوە دەكات بەردەوام ئەوە دەشارێتەوە كە لەموسڵەوە چووەو دەڵێت "كەسوكاری توڕەی قوربانییەكان دەیانەوێت كەسێك بدۆزنەوەو تۆڵەی لێبكەنەوە، زۆرجار گوێم لەكارمەندانی نەخۆشخانەكە دەبێت كە باسی خەڵكی موسڵ دەكەن بەوەی دەستیان لەگەڵ داعش تێكەڵكردووە، بۆیە شێوەی قسەكردنی خۆم گۆڕیوە تا نەكەومە بەر توڕەییان، كاتێكیش پرسیارم لێدەكەن دەڵێم لەكەركوكەوە هاتووم".

 

بەرپرسی پزیشكانی نەخۆشخانەكە حەیدەر تەمیمی رایەكی تری هەیە‌و پێی وایە دەبێت بەگەرموگوڕی پێشوازی لەوانە بكرێت كە لەموسڵەوە هەڵهاتوون، چونكە روونە كە نەیاری داعشن، لەگەڵ ئەوەشدا تەمیمی‌و پزیشكەكانی تر رێككەوتوون لەسەر ئەوەی شوناسی راستەقینەی سەمیر بسڕنەوە.

 

كاتێك پرسیاری ژیان‌و گوزەرانی لێدەكرێت سەمیر ئەوە روون دەكاتەوە كە بۆ ئەو ئاسان نییە لەشارێكی وەك بەغدا هاوڕێیەتی پەیدا بكات لەگەڵ كەسانێكی كە سوننە نەبن، بەڵام ئەو هاوڕێیانەی كە لەمێژەوە لەبەغدا دەژین، هیچ زەحمەتییەك لەژیانیاندا دروست نەبووە.

 

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی رووبەرووی دەبێتەوە، بەڵام سەمیر ئاسوودەیە بەوەی زۆر سوودی لەئەزموونی كاركردنی لەناوچەی سەدر بینیوەو دەڵێت "هیچ شوێنێكی تر نییە وەك ئێرە ئەزموونی لێ وەربگریت، چونكە نەخۆشخانەیەكە بەردەوام جمەی دێت"، لەگەڵ ئەوەشدا هەر خەیاڵی لای ئەوەیە رۆژێك هەموو عێراق بەبەغداو موسڵیشەوە جێبهێڵێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌