راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شەممان بۆ نمایشی سەگ
پێشبڕكێی سەگ لەبەغدا پەرەدەسەنێت

سار ا قاهیره‌
پاشنیوەڕوانی هەموو رۆژانێكی شەممە باخچەكانی ئەبونەواس لەبەغدا پڕ دەبێت لەو كەسانەی سەگەكانیان بۆ نمایش‌و كڕین‌و فرۆشتن‌و پێشبڕكێ‌ دەبەنە ئەوێ‌.
9.06.2016  |  بەغدا
چەند خاوەن سەگێك لەكاتی نمایشكردنی سەگەكانیان
چەند خاوەن سەگێك لەكاتی نمایشكردنی سەگەكانیان

بەخێوكردن‌و كڕین‌و فرۆشتنی سەگ لەعێراقدا شتێكی نوێ‌ نییە، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە ماوەیەكە لەناو باخچە بەناوبانگەكانی بەغدادا پێشبڕكێی سەگ بەڕێوە دەچێت.

 

ئەوانەی خولیای بەخێوكردنی سەگیان هەیە چەندین جۆری سەگی ماڵی دەبەنە باخچەكانی ئەبونەواس بۆ ئەوەی لەوێ‌ نمایشیان بكەن‌و پێشبڕكێیان پێ ئەنجام بدەن، هەموو جارێك كە ژمارەیەك سەگ كۆدەكرێنەوە، زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی سەگە نمایشكراوەكان ئەنجام دەدرێت.

 

خاوەنی سەگەكە، بەر لەفرۆشتنی سەگەكەی چەندین زانیاری لەبارەی سیفەت‌و توانای سەگەكەیەوە باس دەكات‌و لەو رێیەوە هەوڵدەدات سەرنجی ئامادەبووان رابكێشێت.

 

نرخی سەگ لەوێ‌ زۆر بەرزە، زۆربەی كات لەنێوان دوو بۆ دوانزە هەزار دۆلاردایە، هەندێجاریش نرخەكان دەچنە سەرتر بەپێی جۆرو تایبەتمەندی سەگەكان.

 

بەكر ئەحمەد یەكێكە لەو كەسانەی خولیای سەگی هەیەو هەموو رۆژانێكی شەممە ئامادەی نمایشەكان دەبێت، خۆی چەند سەگێكی (جێرمان)ی هەیەو ئاماژە بەوە دەكات سەرەڕای ئەوەی چێژ دەبینێ‌ لەبەخێوكردنی سەگ، هاوكات بووەتە سەرچاوەیەكی باشی پەیداكردنی بژێوی ژیانی.

 

ئەحمەد ئێستا چوار سەگی هەیە كە وەك خۆی دەڵێت زۆر بەهێزو گوێڕایەڵن‌و لەوڵاتانی پۆڵەنداو ئۆكرانیاو بەلجیكاوە هێنراون.

 

ئەوەش دەگێڕێتەوە كە بۆ یەكەمجار سەگێكی بچووكی بە(500) دۆلار كڕیوەو ئێستا دوای ئەوەی بووەتە خاوەنی چەند سەگێكی تر، بۆ فرۆشتنی داوای سێ‌ هەزار دۆلاری لێدەكات، چونكە لەو پێشبڕكێیانەی بەشداری پێكردووە هەمیشە لەپلەكانی پێشەوەدا بووە.

 

سائیر فازڵ یەكێكی ترە لەو كەسانەی سەگەكانی بەشداری پێشبڕكێ‌ پێدەكات‌و بۆ "نیقاش" ئاماژەی بەوە كرد كە كۆبوونەوەی خاوەنی سەگەكان لەئەبونەواس، سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ گروپەكانی فەیسبووك كە لەرێیەوە توانیویانە یەكتر بناسن.

 

فازڵ‌و هاوڕێكانی كۆمەڵەیەكیان دروستكردووە بەناوی كۆمەڵەی دۆستانی ئاژەڵ لەعێراق‌و هەر ئەو كۆمەڵەیەش خاوەنی بیرۆكەی پێشبڕكێكانی رۆژانی شەممە بووە.

 

فازڵ باس لەوەش دەكات كە هەفتە دوای هەفتە گردبوونەوەكەیان قەرەباڵغتر دەبێت تەنانەت لەشارەكانی بەسرەو عەممارەو ناسرییەوە خەڵك رووی تێدەكەن.

 

حەیدەر عەبدولوەهاب یەكێك لەبەخێوكەرانی سەگ بە"نیقاش"ی وت "ئەوانەی كە لێرە كۆدەبنەوە لەئاین‌و تایفەو نەتەوەی جیاوازن، بەڵام خولیایەك هەموویانی كۆكردووەتەوە كە تێكەڵە لەوەرزش‌و هاوڕێیەتی‌و كێبڕكێ‌، ئەوەی بەم گردبوونەوانە دەكرێت، هەرگیز بەكۆبوونەوەو دانیشتنە زۆرو زەوەندەكان نەكراوە كە ئامانجیان لێك نزیككردنەوەی عێراقییەكانە".

 

حەیدەر كە ئێستا بەنیازی سەفەركردنە بۆ دەرەوەی عێراق بۆ ئەوەی كۆمەڵێك سەگ بهێنێتەوە دەڵێت "تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باشترین سەرچاوەی یەكترناسین‌و كۆبوونەوەی خاوەن سەگەكانن".

 

زۆربەی ئەو سەگانەی لەوێ‌ كۆدەكرێنەوە لەجۆرەكانی (جێرمان شێبرد)‌و (لۆنگ هێر بلاك كۆت)‌و (بلاك فەیس)‌و (هاسكی)‌و (گۆجۆ)ۆ (تێریر)ن.

 

لەكۆتایی هەر پێشبڕكێیەكیشدا راهێنەرانی سەگەكان قسە بۆ ئەو ئارەزومەندانە دەكەن كە لەوێن‌و فێریان دەكەن كە چۆن سەگ بەخێو بكەن‌و چۆن بیانپارێزن لەنەخۆشی.

 

كازم خەلەف كە یەكێكە لەبەناوبانگترین راهێنەرانی سەگ لەبەغدا بە"نیقاش"ی وت "پێشبڕكێی سەگ وەرزشێكی نوێیە لەعێراقدا، هەر بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر خولیای بینینی دەكەن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌