راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئێران‌و توركیا رێگرن
عێراق هەوڵدەدات هۆڕەكان بەناوچەی پارێزراوی جیهانی بناسێنرێن

ئه‌حمه‌د سامر
عێراقییەكان چاویان لەسەر ئەوەیە هۆڕەكانی باشوور لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە وەك ناوچەیەكی پارێزراو بناسێنرێ‌، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ.
9.06.2016  |  زیقار
هۆڕەكان
هۆڕەكان

ناوەڕاستی مانگی تەمموزی داهاتوو كۆبوونەوەی ساڵانەی لیژنەی كەلتورو شوێنەوارە جیهانییەكانی رێكخراوی یونسكۆ لەئەستەنبوڵ بەڕێوە دەچێت، ئەمەش باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی هۆڕەكان لەپاڵ سێ‌ شاری مێژوویی ئورو ئاریدو وەركا، بەناوچە پارێزراوەكان بناسێنرێن.

 

ساڵی 2013 لەلایەن دەستەی شوێنەوارو گەشتوگوزاری عێراقەوە داواكرا دۆسێی هۆڕەكان‌و شارە مێژووییەكانی عێراق لەناو لیستی كەلتورو رۆشنبیری جیهانیدا بەناوچەی پارێزراوی نێودەوڵەتی تۆمار بكرێن.

 

پاش دووساڵ لەرادەستكردنی دۆسێكە بەیونسكۆ، حكومەتی عێراقی‌و دەسەڵاتە خۆجێیەتییەكانی پارێزگاكانی زیقارو بەسرەو میسان لەپاڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كەوتنە خۆ بۆ سوود وەرگرتن لەدەرفەتی گرینگیپێدانی نێودەوڵەتی، ئەویش بەشیكردنەوەو خستنەرووی تێڕوانینی عێراق بۆ ئەو شاندە بیانییە فەرمی‌و نیمچە فەرمیانەی سەردانی عێراقیان دەكرد.

 

نزیكی ساڵێك بەر لەئێستا وەفدی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونامی) سەردانی هۆڕەكانی خوارووی عێراقی كرد كە مێژووەكەیان بۆ هەزاران ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە.

 

هۆڕەكان دەكەونە بەشی باشووری دۆڵی رافیدەینەوەو ناوچەیەكی سێگۆشەیین‌و شاری عەممارە لەباكوریەتی‌و بەسرە هەردوو لای باشوورو خۆرهەڵاتی گرتووەو قەزای سوق شیوخیش دەكەوێتە خۆرئاوایەوە.

 

رووبەری هۆڕەكان بە(7700) كیلۆمەتر چۆرگۆشە مەزەندە دەكرێت‌و لەچەند دەریاچەیەكی بچووكی پڕ لەقامیشەڵان پێكهاتوون، بەبڕوای پسپۆڕان سیستەمێكی ئاودێری بێوێنەن‌و گەنجینەیەكی گرنگی ئاوی شیرینن لەناو كەشێكی بیاباندا، ئەمە جگە لەوەی قامیشەكەی بۆ دروستكردنی خانوو لەلایەن خەڵكەوە سوودی لێ دەبینرێت.

 

لەماوەی شەڕی نێوان ئێران عێراق گورزی گەورە بەر هۆڕەكان كەوت، لەبەر ئەوەی شوێنی خۆحشاردانی نەیارەكانی سەدام حسێن بوون، ساڵی 1991یش لەدوای راپەڕینی خەڵكی باشوورەوە رژێمەكەی سەدام كەوتە وشككردنی هۆڕەكان‌و گۆڕینی رێرەوی ئاوەكەی بۆ ئەوەی لەلایەن نەیارەكانیەوە سوودی لێ نەبینرێت، بەو هۆیەوە شەپۆلێكی گەورەی كۆچی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەستی پێكردو بەشێوەیەكی نیمچە تەواو چۆڵكران.

 

حەمید ئەلغزی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای زیقار بە"نیقاش"ی وت "ئەنجومەنی پارێزگا بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی هۆڕو شارە مێژووییەكان بخرێنە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە، لەم پێناوەشدا لیژنەی تایبەت لەپارێزگاكانی زیقارو میسان‌و موسەنناو بەسرە پێكهێنراوە".

 

لەهەمان رووەوە حسێن وائیلی سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری‌و راگەیاند بە"نیقاش"ی وت "لێك تێگەیشتن لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی هۆڕەكان پاڵپشتی نێودەوڵەتی بكرێن، چونكە خاكێكی گرنگی سروشتین‌و لانكەی شارستانی دۆڵی دوو رووبار بوون".

 

ئەم هەنگاوەی عێراق رووبەرووی ناڕەزایی ئێران‌و توركیا بووەتەوە، ئێرانییەكان داوا دەكەن یەكلاكردنەوەی دۆسێكە دوابخرێت بۆ ساڵی 2017 بۆ ئەوەی شارە دێرینەكانی ئێران‌و هۆڕەكانیان بگرێتەوە، توركیاش ناڕازییە تا لەرووی نێودەوڵەتییەوە ناچار نەكرێت بڕێكی زیاتری ئاو بۆ هۆڕەكانی باشوور بەربداتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی بەنداوی ئالیسۆ لەسەر رووباری دیجلە كۆتایی پێهاتووەو كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی عێراق.

 

لەگەڵا ئەمانەشدا پارێزگاری زیقار یەحیا ناسر پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی ئێران لەبەسرە رایگەیاند لایەنی ئێرانی بەڵێنیداوە پاڵپشتی ناساندنی هۆڕو ناوچە شوێنەوارەكانی عێراق بكات وەك ناوچەی پارێزراو.

 

د. عەبدولئەمیر حەمدانی پسپۆڕی بواری شوێنەوار بە"نیقاش"ی راگەیاند ئەگەر هۆڕەكان وەك ناوچەی پارێزراو بناسێنرێن ئەوا سوودی هەرە گرنگی ئەوە دەبێت وڵاتانی ئێران‌و توركیا ناچار دەكرێن بڕێكی زۆری ئاو بۆ ئەو ناوچانە بەربدەنەوە، ئەمە جگە لەوەی بەهۆیەوە خەڵكەكەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان‌و كشتوكاڵ دەبوژێتەوە.

 

عێراق دۆسێی هۆڕەكان‌و شارە دێرینەكانی بەیەك دەستە پێشكەشی یونسكۆ كردووە، بۆ ئەوەی ببنە ناوچەی پارێزراو، ئەگەر پەسەند بكرێت ئەوا دەیان ناوچەی شوێنەواری پارێزگاكانی ناسرییەو میسان دەگرێتەوە.

 

لەمڕووەوە حەمدانی ئاماژە بەوە دەكات كە لەعێراقدا حەڤدە هەزار ناوچەی شوێنەوار هەن، بەڵام تەنها چواریان خراونەتە لیستی شوێنەوارەكانی جیهانەوە كە ئەوانیش بریتین لەشاری حەزرو شاری ئاشورو عەباسییە لەسامەڕاو قەڵای هەولێر.

 

ئەگەر دەنگ بەدۆسێی هۆڕەكانیش بدرێت، ئەوا وەك جاسم ئەسەدی پسپۆڕی بواری ژینگە ئاماژەی پێدەكات، كارو كاتی زۆر پێویست دەبێ‌ بۆ بوژاندنەوەی هۆڕەكان، چونكە سەرەڕای ئەوەی هەر چوار هۆڕی (حەوێزەو ساوەو ناوەندو حمار) بەپێی پەیماننامەی رامساری ئێران بەناوچەی پارێزراو ناسێنراون، كەچی هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ تیایاندا رووینەداوە.

 

ئەسەدی پێی وایە ئەركی سەرەكی لەبوژاندنەوەی هۆڕەكان دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتەكانی ژینگەو سەرچاوەكانی ئاوو دەڵێت "هۆڕەكان رۆژ بەرۆژ بارودۆخیان خراپتر دەبێت‌و لەلایەن ئێرانەوە ئاوی بێكەڵك‌و خوێیاوییان تێ‌ دەڕژێنرێت، بۆیە خەڵكەكەی هەمووی جێی دەهێڵن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌