راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌ڵاو سه‌رای‌ له‌بیركراو
شوێنه‌واره‌كانی كه‌لارو كفری‌ ته‌واو ده‌رده‌دار بوون

دەشتی عەلی
ناوچه‌ شوێنه‌واریی‌و كه‌له‌پورییه‌كانی كه‌لارو كفری‌ به‌هۆی نۆژه‌ننه‌كردنه‌وه‌و نه‌پاراستنیان، به‌شێكیان رووخاون‌و ئه‌وانه‌شی ماونه‌ته‌وه‌ مه‌ترسی له‌ناوچوون‌و رووخانیان له‌سه‌ره‌.
26.05.2016  |  سلێمانی‌
قه‌ڵای‌ شێروانه‌ ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا )
قه‌ڵای‌ شێروانه‌ ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا )

به‌پێی تۆماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری گه‌رمیان له‌سنوری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان (كه‌لار، كفری‌، چه‌مچه‌ماڵ، خانه‌قین) زیاتر له‌(500) ناوچه‌ی‌ شوێنه‌واری‌و كه‌له‌پووری هه‌ن‌و ئێستا به‌شێكی‌ زۆریان مه‌ترسی‌ فه‌وتانیان له‌سه‌ره‌.

 

به‌شێكی زۆر له‌ بینا شوێنه‌وار‌و كه‌له‌پوورییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ قه‌زای كفرییه‌وه‌ (180كلم خوارووی سلێمانی)، كه‌ به‌یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌ دێریینه‌كانی كوردستان داده‌نرێت‌و تائێستاش سیما دێریینه‌كه‌ی‌ به‌زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانییه‌وه‌ دیاره‌، هه‌ندێك له‌و شوێنه‌وارو ناوچه‌ كه‌له‌پووریانه‌ بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی‌ كفری كه‌ دیارترینیان (بازاڕی قه‌یسه‌ری، سه‌رای كفری، خانووی مه‌جید پادشای بابان‌و قه‌ڵای پاشا)یه‌ كه‌ به‌ به‌رد‌و گه‌چی ناوچه‌كه‌ بنیادنراون.

 

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی رابردوودا به‌شێكی زۆری (قه‌یسه‌ری‌و سه‌رای كفری‌و خانووی مه‌جید پادشای بابان) رووخاون، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری گه‌رمیانیش هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ زۆری بڕی بارانبارین گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌مساڵدا ناوچه‌كه‌ی‌ به‌چڕی گرتبووه‌وه‌.

 

شكور حه‌مه‌ی‌ هه‌یه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری گه‌رمیان به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی ئه‌نجامنه‌دانی كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌، باران كاریگه‌ری راسته‌وخۆی كردووه‌ته‌ سه‌ریان".

 

نه‌هرۆ نوره‌دین گه‌نجێكی دانیشتووی كفرییه‌، نیگه‌ره‌نه‌ له‌تێكچوونی‌ شوێنه‌واری‌ ناوچه‌كه‌یان‌و ده‌ڵێت "قه‌یسه‌ری كفری ناسنامه‌ی‌ ئێمه‌بوو، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی بێباكی حكومه‌ت‌و كه‌مته‌رخه‌می لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وا خه‌ریكه‌ هێواش هێواش ناسنامه‌كه‌مان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین".

 

 به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، مێژووی (قه‌یسه‌ری‌و سه‌رای كفری‌و خانووی مه‌جید پادشای بابان) ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ده‌كانی هه‌ژده‌و نۆزده‌ی‌ زاینی، كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌‌و ساڵانێكی‌ زۆره‌ هیچ چاكسازییه‌كیان تیا نه‌كراوه‌.

 

هه‌روه‌ها قه‌ڵای‌ شێروانه‌ له‌كه‌لار (140 كم باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) یه‌كێكه‌ له‌به‌ناوبانگترین قه‌ڵاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و مێژووی‌ دروستكردنی‌ بۆ ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆی‌ هه‌وره‌ بروسكه‌وه‌ درزكه‌وتووه‌ته‌ دیواره‌كانیه‌وه‌و ترسی‌ له‌سه‌ر دروست بووه‌.

 

شكور حه‌مه‌ی‌ هه‌یه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری گه‌رمیان بۆ "نیقاش" وتی‌ "قه‌ڵای شێروانه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ و شوێنه‌واره‌ مێژوویی‌‌و كه‌له‌پوورییه‌كان پێویستی به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر دروستبووه‌".

 

"حه‌وش كوڕو" كۆشكێكی‌ دێرینی‌ شاهانه‌یه‌و یه‌كێكیتره‌ له‌ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌ مێژووییه‌كانی گه‌رمیان‌و ده‌كه‌وێته‌ سنووری ناحیه‌ی‌ "قۆره‌توو"ی‌ سه‌ربه‌قه‌زای‌ خانه‌قینی‌ پارێزگای‌ دیاله‌، مێژووی دروستبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زانینی‌و له‌ئێستادا مه‌ترسی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ دروستبووه‌، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا توانرا په‌رژینێكی‌ بۆ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ بپارێزرێت.

 

له‌ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2012 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌ كه‌له‌پوریی‌و شوێنه‌وارییه‌كانی كفری كردو به‌ڵێنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌یانیدا، به‌ڵام چوار ساڵ به‌سه‌ر به‌ڵێنی سه‌رۆكی حكومه‌تدا تێپه‌ڕیی‌و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان نه‌چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری گه‌رمیان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پاش به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رای كفری بڕیاردرا بڕی (750) ملیۆن دینارو بۆ قه‌یسه‌ری بازاڕی كفریش بڕی (21) ملیار دینار ته‌رخانبكرێن، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پرۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان راگیران.

 

یه‌كێكیتر له‌گرفته‌كانی به‌رده‌م شوێنه‌واری گه‌رمیان، به‌شێك له‌ باڵه‌خانه‌و خانووه‌ كه‌له‌پوورییه‌كان موڵكی خه‌ڵكن‌و نه‌ك موڵكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ دروستكردووه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ بتوانن كار له‌سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ پاراستنیان بكه‌ن.

 

محه‌مه‌د عه‌لی، پسپۆڕو شاره‌زا له‌شوێنه‌واری گه‌رمیان، له‌باره‌ی‌ پاراستنی شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری ناوچه‌كه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ بینا كه‌له‌پورییه‌كان وه‌ربگیرێن‌و دواتر به‌پێی پێویستی بیناكه‌ كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌‌و پاراستنیان بۆ بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوونی لیژنه‌كانی شوێنه‌وار بۆ تۆماركردنی ته‌واوی شوێنه‌واره‌كان، تاوه‌كو له‌كاتی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كانی خه‌ڵك‌و حكومه‌ت به‌رتێكدان‌و شێواندن نه‌كه‌ون".

 

چه‌ند جارێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار به‌نوسراوی‌ فه‌رمی‌ داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ بۆ كڕینه‌وه‌و ته‌ملیككردنی ئه‌و بیناو خانووه‌ كه‌له‌پووریانه‌ی‌ موڵكی خه‌ڵكن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ ئه‌نجامبووه‌.

 

محه‌مه‌د عه‌لی، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی ته‌رخانكردنی بودجه‌ی‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆكاری هه‌ڵكۆڵینی شوێنه‌واری‌و بڕواشی وایه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ جیاوازی ده‌كرێت له‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌و پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی ناوچه‌كان‌و ده‌ڵێت "گرنگی‌و بایه‌خی زیاتر به‌شوێنی ترده‌درێت‌و گه‌رمیان په‌راوێزخراوه‌".

 

به‌رپرسانی شوێنه‌واری گه‌رمیان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌می بودجه‌و كادری شاره‌زاو پسپۆڕ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان، كاریگه‌ری‌ نێگه‌تیڤی كردووه‌ته‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانیان‌و نه‌یانتوانیوه‌ شوێنه‌ دێرینه‌كان نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌.

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ د.رافیده‌ عه‌بدوڵا، مامۆستا له‌به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی سلێمانی به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاراستن‌و مانه‌وه‌ی‌ شوێنه‌وار له‌هه‌موو جیهان په‌یوه‌سته‌ به‌دۆخی سیاسی‌و ئاسایشی وڵاته‌وه‌، هه‌ر كاتێك سیسته‌می سیاسی‌و ئاسایش له‌وڵات جێگیر بێت ئه‌وا شوێنه‌واریش پارێزراو ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ شوێنه‌وار ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

 

له‌عێراقدا یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌شوێنه‌وار هه‌یه‌ به‌ناوی (یاسای شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور ژماره‌ 55ی ساڵی 2002) تێیدا شوێنه‌واری وه‌ك سامانێكی نیشتمانی ناساندووه‌، به‌ڵام تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌شوێنه‌وار نیه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ عومه‌ر عینایه‌ت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ شوێنه‌وارو خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان نه‌بوونی یاسا به‌هۆكار نازانێت بۆ پاراستنی شوێنه‌واره‌كان‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌بواره‌كانی تردا یاسامان هه‌یه‌ كه‌چی كاری پێناكرێت، بۆیه‌ بوون‌و نه‌بوونی یاسای شوێنه‌وار گرنگی‌و كاریگه‌ری نابێت".

 

ئه‌م ره‌شبینییه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌و زه‌ره‌مه‌ندبوونی‌ شوێنه‌ دێرینه‌كانی‌ كه‌لارو كفری‌ وایكردووه‌ مه‌ترسی‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر شوێنه‌واره‌كان دروست ببێت‌و ئه‌گه‌ری‌ روخان‌و داڕمانیان زیاتر ببێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌