راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سلێمانی‌ چالاكی‌ لێنابڕێت
پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ نه‌یوه‌ستاندووه‌

هێمن حەسەن
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ قووڵه‌ دارییه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شاری‌ سلێمانی‌ رۆژ نییه‌ چالاكی‌ رۆشنبیری‌‌و هونه‌ری‌ تیا به‌ڕێوه‌ نه‌چێت.
19.05.2016  |  سلێمانی
پێشانگای‌ كتێب له‌سلێمانی‌ ( :وێنه دائرة الثقافة في السليمانية )
پێشانگای‌ كتێب له‌سلێمانی‌ ( :وێنه دائرة الثقافة في السليمانية )

ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و ناكۆكی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا له‌كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌ری‌‌و رۆشنبیرییه‌كانی‌ له‌شاره‌كانی‌ كوردستان ته‌واو لاواز كردووه‌، به‌ڵام سلێمانی‌ تاكه‌ شاره‌ نه‌چووه‌ته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌وه‌.

 

رۆژی‌ 14ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستپێكردنی‌ چالاكییه‌كانی‌ فیستیڤاڵی‌ فیلمی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا راگه‌یه‌ندرا، فیستیڤاڵه‌كه‌ كه‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت تیایدا 15 فیلمی‌ ئه‌وروپی‌‌و شه‌ش فیلمی‌ كوردی‌ نمایش ده‌كرێت.

 

ئه‌مه‌ی‌ رووده‌دات به‌شێكه‌ له‌و زنجیره‌ چالاكییه‌ به‌رده‌وامه‌ی‌ له‌سلێمانی‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌و شاره‌ی‌ له‌ساڵی‌ (2012)ه‌وه‌ به‌فه‌رمانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نازناوی‌ "پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌" هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌رپرسه‌كانی‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئاسته‌نگه‌ زۆره‌كان، توانیویانه‌ شاره‌كه‌ وا لێبكه‌ن له‌ئاست ئه‌و نازناوه‌دا بێت.

 

د.نه‌وزاد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی‌ بنكه‌ی‌ روناكبیری‌ گه‌لاوێژ له‌سلێمانی‌ ده‌ڵێت "چالاكییه‌ هونه‌ریی‌و رۆشنبیرییه‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ تائێستاش به‌رده‌وامن‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆرباش پێشكه‌ش ده‌كرێن، بۆیه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ كاریگه‌ریه‌كی‌ زۆری‌ نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ چالاكیه‌ رۆشنبیری‌‌و هونه‌ری‌‌و فیكرییه‌كان".

 

گه‌لاوێژ ناوه‌ندێكی‌ رۆشنبیری‌‌و فیكرییه‌، هه‌موو ساڵێك فیستیڤاڵێكی‌ گه‌وره‌ رێكده‌خات كه‌ رۆشنبیرو نوسه‌رانی‌ كوردستان‌و عێراق‌و وڵاتانی‌ تر ئاماده‌ی‌ ده‌بن، نه‌وزاد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ ده‌ڵێت "به‌پێچه‌وانه‌وه‌و به‌راورد به‌قه‌یرانه‌كه‌، چالاكییه‌كان زۆر زیادیان كردووه‌".

 

سلێمانی‌ له‌ ساڵی‌ 1784 له‌لایه‌ن ئیبراهیم پادشای‌ بابانه‌وه‌ دروستكراوه‌و هه‌ر له‌و رۆژگاره‌وه‌و به‌مێژووی‌ خۆی‌ چه‌ندین گه‌وره‌ شاعیرو نوسه‌رو رۆشنبیری‌ هه‌بووه‌، له‌وانه‌ (نالی‌‌و سالم‌و كورد‌و مه‌حودی‌‌و گۆران‌و مه‌ولانه‌ خالید‌و فایه‌ق بێكه‌س‌و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو ئه‌حمه‌د هه‌ردی‌‌و شێركۆ بێكه‌س‌و چه‌ندانی‌ تر).

 

به‌پێی‌ ئامارو وته‌ی‌ رۆشنبیران‌و هونه‌رمه‌ندان ئه‌م قه‌یرانه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌م شاره‌دا په‌ك بخات، به‌راورد به‌دوو ساڵی‌ رابردوو زۆرترین چالاكی‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ رۆشنبیری‌‌و هونه‌رییانه‌ی‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌كرێن هیچ ده‌زگاو ناوه‌ندێك نییه‌ كۆیان بكاته‌وه‌و تۆماریان بكات، بۆیه‌ تائێستا ژماره‌یه‌ك له‌به‌ر ده‌ست نییه‌.

 

هه‌رچی‌ لایه‌نی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیشه‌ كه‌ خۆی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ ده‌بینێته‌وه‌ ته‌نیا كارو چالاكییه‌كانی‌ خۆی‌ تۆمار ده‌كات، به‌پێی‌ ئامارێكی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2015 دا 372 چالاكی‌ ئه‌نجامدراوه‌، واته‌ هه‌موو رۆژێك زیاتر له‌چالاكییه‌ك.

 

بابكر دڕه‌یی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سلێمانی‌ شاری‌ رۆشنبیرییه‌و هونه‌رمه‌ند‌و رۆشنبیره‌كانیشی‌ خۆبه‌خشانه‌ پرۆسه‌كه‌یان درێژه‌ پێداوه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ ئه‌م شاره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وان وه‌كو ته‌حه‌دایه‌ك بۆ قه‌یرانه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كان رۆڵی‌ خۆیان درێژه‌ پێداوه‌و كار ده‌كه‌ن".

 

دڕه‌یی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی‌ یه‌ك له‌هه‌زاری‌ پاره‌ی‌ جارانیان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ خۆی‌ كاری‌ زۆر باشیان ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك لایه‌نی‌ حكومه‌ت جۆرێك له‌هارمۆنیه‌تیان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان‌و رۆشنبیران دروست كردوه‌ ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت‌و نه‌وه‌ستێت.

 

سه‌باره‌ت به‌كاریگه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌ له‌سه‌ر بواری‌ رۆشنبیری‌ له‌سلێمانی‌ دڕه‌یی‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ ته‌نیا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر چالاكییه‌ گه‌وره‌كان هه‌بووه‌ وه‌كو فیستڤاڵی‌ گه‌وره‌و زه‌به‌لاح، نه‌ك پرۆژه‌‌و كاری‌ بچوك‌و مامناوه‌ند.

 

له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵیشه‌وه‌ هه‌تا مانگی‌ ئایار هه‌شتا چالاكی‌ جۆراوجۆر ئه‌نجامدراوه‌، دوان له‌و چالاكیانه‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو به‌ڕێوه‌چوون كه‌ كۆنسێرتی‌ دوو هونه‌رمه‌ندی‌ گۆرانیبێژی‌ به‌ناوبانگ بوون، هه‌رچه‌نده‌ نرخی‌ بلیته‌كانیشیان هه‌رزان نه‌بوو، به‌ڵام هۆڵی‌ هه‌ردوو كۆنسێرته‌كه‌ پڕبوون له‌خه‌ڵك.

 

حكومه‌تی‌ هه‌رێم جێ په‌نجه‌یه‌كی‌ لاواز‌و بچوكی‌ به‌بواری‌ رۆشنبیری‌ شاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌كارو پرۆژه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ناوه‌ند‌و رێكخراو كۆمپانیا‌و سه‌رمایه‌داره‌كان جوڵه‌یه‌كی‌ به‌هێزیان به‌شاره‌كه‌ به‌خشییوه‌ چه‌ندان به‌رابه‌ری‌ حكومه‌ت چالاكی‌ رۆشنبیری‌‌و هونه‌ری‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و ساڵانه‌ چه‌ند شوێنی‌ تایبه‌ت به‌بواری‌ رۆشنبیری‌ ده‌كرێنه‌وه‌و كارده‌كه‌ن.

 

له‌گرنگترین ئه‌و چالاكیانه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵدا ئه‌نجامدراون بریتین له‌كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگای‌ كتێب‌و نماشكردنی‌ شانۆ‌و فیلم، كۆنسێرت‌و كۆڕ‌و سمینارو دیبه‌ت، هه‌روه‌ها فیستیڤاڵ‌و نمایشكردنی‌ كاری‌ ده‌ستی‌‌و خواردنه‌ خۆماڵییه‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ندین جۆری‌ چالاكی‌ دیكه‌.

 

به‌پێی‌ وته‌ی‌ هونه‌رمه‌ندان‌و رۆشنبیران كاروچالاكییه‌ هونه‌ریه‌كان له‌ئه‌مساڵدا ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بن ئه‌وا وه‌كو ساڵانی‌ رابردووه‌‌و به‌ڵكو باشتریشن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌كردوه‌ته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی‌ رۆشنبیری‌ له‌شاره‌كه‌دا.

 

د.مارف گوڵ نوسه‌ر‌و مامۆستای‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"هه‌تاكو ئێستا سلێمانی‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ رۆشنبیری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌هێزی‌ تێدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌ختییه‌شدا خه‌ڵك له‌په‌لوپۆ نه‌كه‌وتووه‌ به‌رگه‌ی‌ گرتووه‌، ئه‌م چالاكییه‌ رۆشنبیری‌‌و فكریانه‌ی‌ ده‌یانبینین له‌م شاره‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك خۆڕاگره‌".

 

ئه‌و نوسه‌ره‌ روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ حیزبی‌ به‌عس نه‌یتوانی‌ بزاوتی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ بوه‌ستێنێت، بۆیه‌ به‌بڕوای‌ ئه‌و هیچ بارودۆخێكی‌ تر سلێمانی‌ له‌چالاكییه‌كانی‌ خۆی‌ ناوه‌ستێنێت‌و ده‌شڵێت "به‌داخه‌وه‌ من گله‌یه‌كی‌ گه‌وره‌م له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆماڵی‌ كوردی‌ هه‌یه‌ كه‌ منیش‌و خه‌ڵكی‌ كوردستانیشی‌ بێئومێد كردوه‌و ئه‌م شاره‌ی له‌بواری‌ رۆشنبیری‌‌و بواره‌كانی‌ دیكه‌ش په‌راوێز خستووه‌".

 

ساڵی‌ 2012 په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ شاری‌ سلێمانی‌ وه‌ك پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ناساند، حكومه‌تیش پلانێكی‌ بۆ بواری‌ رۆشنبیری‌ داناو بڕی‌ 20 ملیار دیناری‌ بۆ ئه‌و پلانه‌ ته‌رخان كرد، ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شێكی‌ بۆ بواره‌كه‌ خه‌رجكراوه‌و به‌شه‌كه‌ی‌ تریشی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ راگیراوه‌و خه‌رج ناكرێت.

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاسته‌نگ‌و رێگرییه‌كان، هێشتا رۆشنبیرو هونه‌ردۆستانی‌ ئه‌مشاره‌ كۆڵیان نه‌داوه‌و به‌چالاكی‌ خۆبه‌خشانه‌ نازناوی‌ "پایته‌ختی‌ رۆشنبیری"یان بوژاندووه‌ته‌وه‌.

 

نیاز نوری‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆری‌ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ سلێمانی‌ نازناوی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ شایه‌نی‌ خۆیه‌تی‌، به‌وته‌ی‌ ئه‌و له‌ماوه‌ی‌ بوونی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌دا ئه‌و هه‌موو چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌ هه‌یه‌ چالاكی‌ خۆبه‌خشن‌و هونه‌رمه‌ند‌و رۆشنبیران ئه‌ركی‌ خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

 

نیاز نوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر دیراسه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ رۆشنبیری‌ ته‌واو بكه‌ین ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت چالاكییه‌كانی‌ ئه‌مساڵ زۆر له‌چالاكی ئه‌وكاته‌ باشترن كه‌ بودجه‌یه‌كی‌ زۆر له‌به‌رده‌ستدابوو".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌