راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خولیای‌ پارچه‌ ده‌گمه‌نه‌كان
سه‌عات‌و كه‌لوپه‌له‌كانی‌ هیتله‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ كوت

محەمەد زەیدی
پیاوێك له‌كوت خولیای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ كۆنی‌ هه‌یه‌و پارچه‌ی‌ وه‌های‌ لاده‌ست ده‌كه‌وێت زه‌حمه‌ته‌ لای‌ كه‌سی‌ تر هه‌بن، ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لی‌ هیتله‌ریشی‌ له‌لایه‌.
19.05.2016  |  واست
پایسكیله‌كه‌ی‌ شا فه‌یسه‌ڵ
پایسكیله‌كه‌ی‌ شا فه‌یسه‌ڵ

زیا خه‌تیب پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵه‌و له‌مێژه‌ خه‌ریكی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ كۆنه‌و چه‌ندین پارچه‌ شوێنه‌وارو پول‌و پارچه‌ی‌ دێرینی‌ له‌دوكانه‌ گه‌وره‌كه‌یدا داناوه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ له‌فه‌وتان بپارێزێت.

 

له‌ناو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌دا دیاری‌ زۆر ده‌گمه‌ن‌و وێنه‌ی‌ سه‌رۆك‌و پادشاكانی‌ جیهان‌و چه‌ند ملیۆنێك پولی‌ پۆسته‌ هه‌ن، خه‌تیب له‌كاتی‌ چاوپێكه‌وتنی‌ "نیقاش"دا به‌په‌یامنێره‌كه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ هه‌موو له‌سندوقی‌ تایبه‌تدا هه‌ڵگرتوون تا ئه‌و كاته‌ی‌ شوێنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێت كه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ بنیادی‌ ده‌نێت.

 

نیقاش: له‌كه‌یه‌وه‌ خولیای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پارچه‌نه‌ت هه‌یه‌؟

خه‌تیب: كاتێك كه‌ له‌قۆناغی‌ سه‌ره‌تاییدا بووم پولی‌ پۆسته‌ی‌ ره‌نگاو ره‌نگ ده‌هاتنه‌ عێراق‌و به‌شێك له‌خه‌رجی‌ رۆژانه‌م بۆ كڕینی‌ ئه‌و پولانه‌ داده‌نا، سه‌ره‌تا هه‌ر بۆ خۆشی‌‌و بۆ بینینی‌ شارستانی‌ وڵاتان ئه‌و كاره‌م ده‌كرد، ورده‌ ورده‌ زیادیان كردو بوونه‌ سه‌دان، پاش ئه‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ چه‌ندین وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌‌و جیهانم كرد، بوومه‌ ئه‌ندامی‌ ژماره‌یه‌ك له‌و گروپه‌ جیهانیانه‌ی‌ خولیای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پولیان هه‌یه‌، ئێستا به‌ملیۆنان پولی‌ پۆسته‌ی‌ جیهانم له‌لا ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

نیقاش: چۆن ئه‌م كه‌لوپه‌ل‌و پولانه‌ له‌فه‌وتان‌و تێكچوون ئه‌پارێزیت؟

خه‌تیب: به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌ كاریان له‌سه‌ر ناكه‌م، به‌ڵكو به‌پێی‌ بنه‌مای‌ زانستی‌ رێكیان ده‌خه‌م، سوودی‌ زۆرم له‌شاره‌زایی‌ هاوڕێكانم بینی‌ له‌م بواره‌دا، بۆدره‌ی‌ تایبه‌تیان پیا ده‌كه‌م‌و به‌ده‌ستكێش ده‌ستیان ده‌ده‌مێ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌سندوقی‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌و له‌پله‌ی‌ گه‌رمای‌ گونجاودا هه‌ڵمگرتوون.

 

نیقاش: گرنگترین ئه‌و پارچانه‌ چین كه‌ له‌لات ده‌ست ده‌كه‌ون؟

خه‌تیب: كه‌لوپه‌لی‌ زۆر ده‌گمه‌نم هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ندێ‌ میدالیای‌ مسی‌ تایبه‌تم هه‌یه‌ كه‌ هیتله‌ر خاوه‌نی‌ بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كاتژمێره‌م له‌لا ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ هیتله‌ر دابووی‌ به‌مه‌لیك غازی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ بووه‌ پادشای‌ عێراق، كاتژمێرێكی‌ زۆر به‌نرخه‌و هه‌تا ئه‌مڕۆش كارده‌كات، هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئۆتۆمبێلی‌ (ڤۆڵكس واگن)م لایه‌ كه‌ ئه‌ویش هیتله‌ر خۆی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشانداوه‌، جگه‌ له‌كه‌لوپه‌لی‌ به‌نرخی‌ خێزانی‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌عێراقدا.

 

له‌مانه‌ زیاتر پایسكیل‌و كه‌لوپه‌لی‌ یاریی‌ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی‌ یه‌كه‌می‌ پادشای‌ عێراقم لایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و دیاریانه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتان بۆیان ناردووه‌، یه‌كه‌مین میدالیا كه‌ ساڵی‌ 1924 دراوه‌ به‌ئه‌میر غازی‌ له‌لای‌ منه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و جامه‌ی‌ ساڵی‌ 1935 پێی‌ دراوه‌، هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌لی‌ ناو ئۆفیسی‌ تایبه‌تی‌ پادشای‌ عێراق وه‌ك مۆرو پێنوس‌و چه‌ندین پارچه‌ی‌ تر، جگه‌ له‌مانه‌ش یه‌كه‌م قفڵ كه‌ له‌عێراق دروستكراوه‌و ته‌مه‌نی‌ 317 ساڵه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م سندوق كه‌ ته‌مه‌نی‌ 323 ساڵه‌.

 

نیقاش: ئه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ به‌شداری‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ چیت كردووه‌؟

خه‌تیب: به‌شداری‌ (54) پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تیم كردووه‌ دیارترینیان له‌(ئه‌مه‌ریكاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو فاتیكان‌و چین‌و یابان‌و كوه‌یت‌و جه‌زائیرو تونس‌و عه‌مان‌و لوبنان‌و میسر) بوون،  به‌ڵام له‌هه‌موویان ئازیزتر ئه‌و پێشانگایه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 1950 له‌كوت كردمه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ئاماده‌ی‌ بوون.

 

له‌و كاته‌وه‌ له‌وڵاتانی‌ جیاوازی‌ جیهان بانگهێشت ده‌كرێم‌و یه‌كه‌مین پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ به‌شداریم تێدا كرد ساڵی‌ 1962 بوو له‌كوه‌یت، ئه‌وكات عه‌بدوڵا سالم سوباحی‌ پادشای‌ كوه‌یت پێشانگاكه‌ی‌ كرده‌وه‌و تائێستاش ئیمزاكه‌یم له‌لا ماوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌شداری‌ پێشانگایه‌كی‌ هاوشێوه‌م كرد كه‌ شاژنه‌ ئه‌لیزابێس له‌به‌ریتانیا كردییه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1965 ئێستاش بیرم ماوه‌ كه‌ چۆن رێزی‌ له‌هه‌وڵه‌كانم گرت،

یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ی‌ كه‌ بیرم ناچێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو رژێمی‌ پێشوو رێگای‌ لێگرتم به‌شداری‌ پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌غدا بكه‌م له‌ساڵی‌ 1979 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ سه‌رده‌می‌ پادشایه‌تیم نمایش ده‌كرد.

 

نیقاش: باشه‌ ئه‌و سندوقی‌ گۆرانییه‌ چییه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ باسی‌ ده‌كه‌ن؟

خه‌تیب: ئه‌وه‌ سندوقێكه‌ كه‌ گۆرانی‌ تۆمار ده‌كات‌و ساڵی‌ 1880 كۆمپانیای‌ ئۆدۆیۆنی‌ ئه‌ڵمانی‌ دروستی‌ كردووه‌، چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك چوومه‌ ئه‌ڵمانیا دانه‌یه‌كم ده‌ستكه‌وت‌و تائێستاش كارده‌كات.

 

نیقاش: هیچ هه‌وڵێك هه‌بووه‌ بۆ كڕینی‌ ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌؟

خه‌تیب: به‌ڵێ‌ له‌ناوخۆو له‌ده‌ره‌وه‌ش چه‌ندین داوای‌ له‌و شێوه‌یه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام من ره‌تم كردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ئێستا هه‌وڵ ئه‌ده‌م مۆزه‌خانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت بۆ كاره‌كانم بكه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك كه‌ باپیرانم خاوه‌نی‌ بوون، چونكه‌ داوام له‌زۆربه‌ی‌ به‌رپرسان كردووه‌ هاوكار بن له‌پاراستنی‌ ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌، به‌ڵام بێسوود بووه‌.

 

نیقاش: ده‌وترێ‌ پاپای‌ فاتیكانت بینیوه‌، ئه‌وه‌ چۆن بوو؟

خه‌تیب: به‌ڵێ‌ له‌كاتی‌ به‌شداریم له‌پێشانگایه‌ك له‌ساڵی‌ 1968 بینیم، سندوقێكی‌ دامێ كه‌ وێنه‌ی‌ مه‌سیحی‌ له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئینجیلێك، ئه‌وكات منیش قورئانێكم پێدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌