راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قوربانییه‌كانی‌ دادگای‌ شه‌رعی‌
به‌سه‌دان منداڵی‌ باوك داعش له‌دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ دابڕاون

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
به‌هۆی‌ داعشه‌وه‌ رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ زیاد ده‌بێ‌ كه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ ناسنامه‌وه‌ تووشی‌ دنیایه‌ك كێشه‌و سه‌رئێشه‌ ده‌بنه‌وه‌.
11.05.2016  |  تكریت
منداڵانی‌ ئاواره‌ له‌تكریت ( :وێنه محمود صالح )
منداڵانی‌ ئاواره‌ له‌تكریت ( :وێنه محمود صالح )

ته‌مه‌نی‌ نور عادل گه‌یشتووته‌ ساڵێك‌و چه‌ند مانگێك، به‌ڵام كه‌س دان به‌بوونیدا نانێ‌، چونكه‌ خاوه‌نی‌ ناسنامه‌ نییه‌، دایك‌و باوكی‌ عادل به‌پێی‌ یاساكانی‌ داعش له‌دادگای‌ شه‌رعی‌ ماره‌ بڕاون، بۆیه‌ له‌لای‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ نه‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ دان پیادانراوه‌، نه‌ ناویان له‌تۆماری‌ مه‌ده‌نیدا هه‌یه‌.

 

وه‌فا، دایكی‌ نور كه‌ دانیشتووی‌ شاری‌ تكریته‌ كاتێك داعش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شاره‌كه‌یان له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2014و شاره‌كه‌ بۆردومان ده‌كرێت، له‌ترسی‌ گیانی‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌چنه‌ حه‌ویجه‌، دوای‌ چه‌ند مانگێك له‌وێ‌ شوو ده‌كات به‌پیاوێك به‌ناوی‌ عادل كه‌ ناسراوی‌ خۆیانه‌‌و له‌گه‌ڵ داعش كارده‌كات، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆر لێی‌ پاڕامه‌وه‌ واز له‌داعش بهێنێ‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كردم، دواتر زانیم كه‌ چووه‌ته‌ بێجی‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش بۆ رومادی‌، ئیتر له‌وه‌ به‌دواوه‌ نازانم چی‌ به‌سه‌رهاتووه‌".

 

دوای‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ تكریت له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ رابردوو (2015) وه‌فا كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ كۆرپه‌یه‌كی‌ كچ له‌سكیدایه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ شوكردنی‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش دووچاری‌ چه‌ندین كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئه‌منی‌ ده‌كاته‌وه‌و لای‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان رووگیر ده‌بن.

 

حاڵی‌ (مه‌حجوب) كه‌ ئه‌میش منداڵێكی‌ تره‌و باوكی‌ داعشه‌، باشتره‌ له‌نور، چونكه‌ مه‌حجوب لانی‌ كه‌م خاوه‌نی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ره‌سمییه‌، ئه‌ویش له‌فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ تكریته‌وه‌ ده‌رچووه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات منداڵه‌كه‌ كوتره‌وه‌، ئه‌مه‌ تاكه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ به‌(فازڵ)ی‌ باوكیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌چه‌ند مانگێك له‌شه‌ڕی‌ بێجیدا كوژراوه‌.

 

مه‌حجوب ئێستا له‌گه‌ڵ ماڵه‌ مامه‌كانیدا ده‌ژی‌، چونكه‌ دایكیشی‌ له‌خوارووی‌ موسڵ گیری‌ خواردووه‌و ناتوانێت ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش جێبهێڵێت، كێشه‌ی‌ ماڵه‌ مامه‌كانیشی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچییه‌ك كردووه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ناسنامه‌ی‌ بۆ ده‌ربهێنن، بۆیه‌ له‌ئاینده‌ی‌ ناڕۆشنی‌ منداڵه‌كه‌ ده‌ترسن.

 

له‌دادگا شه‌رعییه‌كانی‌ داعش له‌حه‌ویجه‌و شرگات‌و موسڵ سه‌دان حاڵه‌تی‌ هاوسه‌رگیری‌ به‌پێی‌ بنه‌ماكانی‌ داعش ئه‌نجامدراون، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ دوو شایه‌ت ناویان خراوه‌ته‌ تۆماری‌ تایبه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و هاوسه‌رگیرییانه‌ لای‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ دان پیادانراو نین، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌دادگاكان كه‌ له‌باره‌گای‌ سوپاو پۆلیسدا بوون بۆدرومان كراون‌و به‌ڵگه‌نامه‌كان فه‌وتاون.

 

ئه‌م حاڵه‌تانه‌ كێشه‌ی‌ زۆری‌ دادوه‌ری‌‌و كارگێڕی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییان دروستكردووه‌و چاره‌ نه‌كراون، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ پێشتر هاوشێوه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می‌ چالاكبوونی‌ قاعیده‌ له‌ماوه‌ی‌ نێوان 2004 بۆ 2009 چه‌ندین چه‌كداری‌ بیانی‌ ژنی‌ عێراقیان هێناوه‌و منداڵیان بووه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ناسنامه‌یه‌كیان هه‌بێت.

 

به‌لابل ئه‌بوبه‌را سعودی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و منداڵانه‌ی‌ باوكی‌ چه‌كداری‌ قاعیده‌ بووه‌، كاتێك گه‌یشتووه‌ته‌ ته‌مه‌نی‌ خوێندن نه‌توانرا بخرێته‌ خوێندنگا، چونكه‌ هیچ ناسنامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نه‌بووه‌، باوكیشی‌ له‌ساڵی‌ 2008 له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین كوژراوه‌.

 

باوكی‌ به‌لابل كچی‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ قاعیده‌ی‌ هێناوه‌ له‌شاری‌ سامه‌ڕا، به‌ڵام به‌هۆی‌ قاچاغی‌ باوكیه‌وه‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ منداڵه‌كه‌ نه‌كراوه‌، ئێستاش به‌فه‌رمی‌ له‌عێراق منداڵێكی‌ بێ‌ باوك‌و بێ‌ ناسنامه‌یه‌و له‌هه‌موو كارێكی‌ ره‌سمی‌ دابڕاوه‌.

 

دایكی‌ منداڵه‌كه‌ دوای‌ حه‌وت ساڵ توانیوێتی‌ په‌یوه‌ندی‌ بكات به‌كه‌سوكاری‌ مێرده‌كه‌یه‌وه‌ له‌سعودییه‌و دواتر به‌پاسپۆرت‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ساخته‌ به‌لابل‌و دایكیان بردووه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.

 

به‌هۆی‌ دیارنه‌بوونی‌ باوكیان‌و نه‌بوونی‌ ناسنامه‌وه‌ چه‌ندین ناوو ناتۆر له‌و منداڵانه‌ نراوه‌و خۆیان‌و دایكیان به‌رده‌وام ناچار خۆ له‌چاوی‌ خه‌ڵكی‌ بشارنه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هه‌واڵگری‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و كه‌ركوك‌و دیاله‌و ئه‌نبار ئه‌نجامیداوه‌و په‌یامنێری‌ "نیقاش" به‌شێكیانی‌ بینیوه‌ تیایدا هاتووه‌ "30% له‌و كچان‌و ژنانه‌ی‌ له‌و ناوچانه‌ شویان به‌داعش كردووه‌، مێرده‌كانیان عێراقی‌ نین".

 

به‌پێی‌ توێژینه‌وه‌كه‌ هۆكاری‌ ئاینی‌ پاڵنه‌ری‌ یه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌، چونكه‌ ئه‌و ژنانه‌ی‌ باوه‌ڕیان به‌سه‌له‌فیه‌ت هه‌یه‌ پێیان خۆشه‌ شوو به‌داعشییه‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ سۆزداریش كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بووه‌.

 

له‌توێژینه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ راست‌و دروست له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت 250 بۆ 300 منداڵ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدا له‌دایكبوون.

 

سه‌عد مه‌حمود عیساوی‌ مافناس‌و پسپۆڕی‌ یاسایی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌پێی‌ یاسای‌ عێراقی‌ ره‌گه‌زنامه‌ له‌تیرۆریست‌و تاوانباران ناسه‌نرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری‌ منداڵه‌كه‌ توانیان ره‌گه‌زنامه‌ی‌ باوكی‌ بسه‌لمێنن، ئه‌وا ده‌كرێت به‌ڵگه‌نامه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ش ده‌ربكرێت.

 

عیساوی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م كێشه‌یه‌ زۆر درێژه‌ ده‌كێشێت، چونكه‌ داعشییه‌كان بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ له‌به‌رده‌م دادگای‌ باری‌ شارستانی‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن‌و منداڵه‌كه‌یان به‌فه‌رمی‌ بناسێنرێت".

 

ئێستاش وه‌فا له‌بێستانه‌كه‌ی‌ ماڵی‌ باوكی‌ له‌گونده‌كه‌ی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ نوری‌ كچیدا ده‌ژی‌‌و ده‌ڵێت "تاكه‌ ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ بژیم، بتوانم له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌م بچمه‌ ده‌ره‌وه‌و خه‌ڵك به‌چاوی‌ سووك‌و توڕه‌ییه‌وه‌ ته‌ماشام نه‌كه‌ن".

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌