راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ینییه‌ بازاڕ
بۆنی‌ به‌هاراتی‌ نیپاڵ‌و به‌نگلادیش ده‌گاته‌ سلێمانی‌

ئاڵا لەتیف
له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ ده‌یان كرێكاری‌ نیپاڵی‌‌و به‌نگلادیشی‌‌و هیندی‌ سوود له‌رۆژی‌ پشووه‌كه‌یان ده‌بینن بۆ په‌یداكردنی‌ داهاتی‌ زیاتر له‌رێی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خواردنی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌.
5.05.2016  |  سلێمانی
فرۆشیاره‌ نیپاڵی‌‌و به‌نگلادیشی‌‌و هیندییه‌كان له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ سلێمانی‌ ( :وێنه آلا لطيف )
فرۆشیاره‌ نیپاڵی‌‌و به‌نگلادیشی‌‌و هیندییه‌كان له‌به‌رده‌م باخی‌ گشتی‌ سلێمانی‌ ( :وێنه آلا لطيف )

به‌هۆی‌ دووری‌ جوگرافیاوه‌، جاران زه‌حمه‌ت بوو كه‌سێك له‌شاری‌ سلێمانی‌ بتوانێت تامی‌ خواردنێكی‌ هیندی‌ یان نیپاڵی‌ یا به‌نگلادیشی‌ بكات به‌ده‌ستی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، به‌ڵام ئه‌و كرێكارانه‌ی‌ بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌مشاره‌، ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ره‌خساندووه‌.

 

بەردەم باخی گشتی لەناوجەرگەی شاری سلێمانی کە شاڕێی چونە بۆ ناو سەنتەری شار هەموو هەینییەک ئەو کرێکارە بیانیانە لێی‌ كۆده‌بنه‌وه‌، جاران ئەوان تەنها بۆ پشوودان‌و بینینەوەی هاوزمان‌و هاوشارییەکانی خۆیان لەوێ کۆده‌بونه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هەرچی بەخەیاڵیاندا دێت لەخواردنە کلتورییەکانی خۆیان لەوێ دروستی دەکەن‌و دەیفرۆشن.

 

ئەو کرێکارانە لەمسەر بۆ ئەو سەری شۆستەی بەردەم پارکەکە عەرەبانەیان داناوە، ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن دەمێ بەناچاری بەبۆنی خواردنەکە دەگەڕێنەوەو دەمێکیش دەیانەوێ بزانن تامی خواردنێک چۆنە کە كرێكارای‌ ئه‌و وڵاتانه‌ دروستی‌ ده‌كه‌ن.

 

قرچە قرچی رۆن، بۆنی پیازو بەهارات‌و تەماتەو بیبەر کە بۆ خواردنەکانیان بەکاریدێنن هەرزوو بەرەو لای عەرەبانەکان راتدەکێشن، هەرچیت بوێ لەوێ بەفرێشی بۆت دروستدەکەن.

 

ئانوج یەکێکە لەو کرێکارە نیپاڵییانەی کە بۆ سێ ساڵ دەچێ هاتۆتە سلێمانی ئەو مانگانە لەکۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کاری پاککردنەوە دەکات، لەو ئیشەی تەنها ٣٠٠ دۆلاری دەست دەکەوێ، بەڵام لەم ئیشەی تریدا کە لەهەینیدا دەیکات نزیکەی هەمان پارەی مانگانەکەی دەست دەکەوێ.

 

عەرەبانەکەی ئانوج سپاگێتی لەسەر بوو بەدەم قسەکردنەوە تاوەکەی هەڵدەتەکاندو بۆنی ئەو تەماتەو پیازو بیبەرە کە لەگەڵ سپاگێتییەکە تێکەڵ دەبوو لەگەڵ بەهارات‌و بیبەری رەش ئەوەندەی تر كێشی‌ ده‌كردیت، ئەو بەکوردییەکی دەیوت "خەڵکی ئێرە زۆر حەزیان لەو سپاگێتییەیە کە بەشێوازی نیپاڵی دروستی دەکەم، بەس ئەو موشکیلەیەمان هەیە کە ئێمە زۆر خواردنەکانمان تونەو خەڵکی ئێرەش کەمتر حەز بەتوونی دەکەن."

 

ئەو کرێکارانە لەماوەی مانەوەیاندا لێرە شتێک لەزمانی کوردی فێر بوون کە دەتوانن کڕیارەکانی خۆیان تێبگەیەنن، بەڵام لەناویشیاندا هەیە هەر زۆر بەباشی قسە بەکوردی دەکات، بەجۆرێک تەنانەت سەرسام دەبیت وەختێک گوێبیستی هەندێ دەستەواژەی کوردی پەتی دەبیت لێیانەوە کە لەدەربڕینی ئاساییدا بەکارناهێنرێن مەگەر لەنوسیندا نەبێ.

 

هەر لەگەڵ ئانوجدا ژنێکیش ئیشی دەکرد کە ناوی نۆرگن بوو ئەویش نیپاڵی بوو بێجگە لەوەی بەردەستی بۆ ئانوج دەکرد خۆشی ئەو جۆرە گیا وشککراوانەی دانابوو دەیفرۆشت کە لەنیپاڵەوە هێنابوونی لەگەڵ ئەو پسکیتانەش کە لێرە بەدەستی خۆی دروستی کردبوون‌و هەر کیسەیەکی لێ دەفرۆشت بەپێنچ هەزار دینار.

 

نۆرگن دایکی دوو کچ‌و کوڕێکە، دوو کچەکەی لەزانکۆ دەخوێنن‌و کوڕەکەشی هێشتا لەقوتابخانەیە، ئەو لێرەوە ئەوەی دەستی دەکەوێت مانگانە دەینێرێتەوە بۆ نیپاڵ بۆئەوەی مناڵەکانی بتوانن پێی بخوێنن، نۆرگن به‌"نیقاش"ی‌ وت  "بەو ٣٠٠ دۆلارەی مانگانە دەینێرم کرێی خانوەکەمان‌و خەرجی خوێندنی زانکۆی کچەکانم‌و قوتابخانەی کوڕەکەم، هەروەها بژێوی ژیانی رۆژانەی ئەوان‌و دایک‌و باوکی خۆشم دابین دەکەم کە ئاگاداری مناڵەکانم دەکەن."

 

ئەو ٣٠٠ دۆلارەی کە نۆرگن لەنیپاڵ دەتوانێ ئەو هەموو خەرجییەی پێ دابین بکات بە بەراورد بەکوردستان خەیاڵییە، گەر نۆرگن لەکوردستان بژیایە لەگەڵ مناڵەکانیدا ئەوا دەیتوانی بەس کرێی خانوەکەی بەو بڕە پارەیە دابین بکات ئەویش ئەگەر خانویەکی ئاسایی بوایە.

 

ئەوەی زۆر یارمەتی نۆرگنی داوە بتوانێت هەموو هەفتەیەک لەرۆژی هەینیدا بێت لەپاڵ ئیشەکەی تریدا ئەم ئیشەش بکات هاوکاری ئەو خاوەن ماڵەیە کە نۆرگن کاری پاککردنەوەیان بۆ دەکات، زۆرێکیتر لەو کرێکارانەی کە لەکوردستان کاردەکەن هەمان چانسی ئەویان نییە بەوپێیەی خاوەن ماڵەکان لەمانگێکدا تەنها یەک رۆژ پشوو دەدەنە کرێکارەکان ئەوانیش ناچار دەبن ئەو رۆژە بۆ بینینی هاونیشتیمانییەکانیان‌و بازاڕکردن بەکاربێنن.

 

ئەمساڵانەی دوایی زۆرترین کرێکاری نیپاڵی‌و بەنگلادیشی‌و هیندی رویان کردە کوردستان بەمەبەستی دەستکەوتنی هەلی کار، ئەوان لەرێگەی کۆمپانیای تایبەت لەوڵاتەکانیانەوە ناونووس دەکرێن‌و کە دێنە کوردستان لەناو ماڵ‌و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا کاری پاککردنەوەو بەخێوکردنی مناڵ دەکەن.

 

کرێکارەکان لەکوردستان لەرێگەی کۆمپانیاکەوە گرێبەستی کاریان لەگەڵ ئەو ماڵ‌و شوێنانەدا بۆ دەکرێت کە ئیشی تێدا دەکەن بەجۆرێک ماڵەکە سێ هەزار دۆلار دەداتە کۆمپانیاکە لەبەرامبەر بەوەی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ کرێکارەکە لەلای بمێنێتەوەو مانگانەش ماڵەکە دەبێ بڕی سێ سەد دۆلار بداتە کرێکارەکە، خەرجی گواستنەوەی کرێکارەکەش لەوڵاتەکەیانەوە بۆ کوردستان‌و گەڕانەوەیان لەئەستۆی کۆمپانیاکەدایە. ئەو کرێکارانە لەماوەی مانەوەیاندا لەکوردستان بەپێی گرێبەستەکە پەیوەست دەبن بەوەی لەگەڵ ئەو ماڵەدا بمێننەوە کە هەتا گرێبەستەکەیان تەواو دەبێ‌و لەو ماوەیەشدا پاسپۆرتەکەیان لەلای خاوەن ماڵەکە دەبێت، کە زۆرجار لەکاتی بوونی کێشە‌و مامەڵەی خراپدا کرێکارەکان باجی گلدانەوەی پاسپۆرتەکانیان دەدەن، چونکە نە دەتوانن کوردستان بەجێ بێڵن‌و نە هیچ دەزگایەکی چاودێریش هەیە بەسەر جێبەجێکردنی خالەکانی نێو گرێبەستەکانەوە.

 

لەحاڵەتی درێژکردنەوەی ماوەی ئیقامەشدا دوای تەواوبوونی گرێبەستە دوو ساڵییەکە ئەو کرێکارانە دووچاری کێشەیەکی دیکە دەبنەوە کە نشینگەی هەرێم هەروا بەئاسانی کارەکانیان بۆ جێبەجێ ناکات.

 

بەتەنیشت عەرەبانەکەی ئانوجەوە، عەرەبانەیەکی تر مەنجەڵێکی گەورەی لەسەر بوو، خواردنێكی‌ دروست ده‌كرد كه‌ بەرگی دەرەوەی هەویرەو لەناوەوە تێکەڵەیەک لەمریشک‌و هێلکەو پیاز‌و تێکەڵکراوە لەگەڵ هاڕاوە بۆنخۆشەکانی نیپاڵ، ئەو خواردنە ناوی "مۆمۆ" بوو.

 

ئەمیشیان کچ‌و کوڕێکی نیپاڵی لەسەر بوو عەرەبانەکەی ئەوان بێجگە لەرێبوارە کوردەکان زۆرتر ئەو نیپاڵییانەشی لێ وەستابوو کە هاتبوونە پارکەکە بۆ ئەوەی لەوێ پشوو بدەن.

 

ئارون نیپاڵی بوو قاپێ مۆمۆی کڕی بەدەم خۆیەوە ئەو گۆرانییە نیپاڵییەی دەوتەوە کە دەنگی یەکێ لەگۆرانیبێژە رەسەنەکانی وڵاتەکەی بوو، یەکێ لەو کورسییانەی هێنا کە لەبەردەم عەرەبانەکەدا دانرابوو لەسەری دانیشتوو دەستی کرد بەخواردنی، بەڵام وەک ئەوەی خواردنەکەو گۆرانییە نیپاڵییەکە ئەویان بردبێتەوە بۆ نیشتیمان، ئارون چاوەکانی پڕ بوو لەگریان، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر ئەمڕۆ ئێرە نەبوایە کە نیپاڵم بیردەخاتەوە زۆر بێتاقەتتر دەبووم، لێرە هەم خواردنە کلتورییەکانی خۆمان تامدەکەم‌و هەم ئەو کەسانەش دەبینم کە خەڵکی لای خۆمانن."

 

ئیتر ئەو ناوە هەریەکەو لەئاوازێک دەخوێنێ، عەرەبانەیەک خوارتر خواردنی هیندی لەسەرەو ئەوان هێلکەی خۆشکراو بەبەهارات‌و باڵی مریشک‌و برنجی سورەوەکراوو گۆشتی سوور بەدۆشاوو تەماتەیان دەفرۆشت.

 

لەخوارتریش عەرەبانەی بەنگلادیشییەکان هەبوو كه‌ پێنچ کرێکار ئیشیان لەسەر ئەم عەرەبانەیە دەکرد ئەوان زیاتر لەشەش جۆری خواردن‌و شیرینییان هەبوو، لەسەر سینییەک "رۆشۆگۆڵە"یان دانابوو کە له‌هه‌ویرو شیرینی‌ خڕكراوه‌ته‌وه‌و له‌ناو تاوه‌یه‌ك رۆندا سوور ده‌كرێته‌وه‌، یەک دانە رۆشۆگۆڵە بە ٢٥٠ دینارە ئیتر خەڵک هەبوو دەهاتن لێیان دەخوارد لەزۆرینەیان پارە وەرنەدەگیرا بەتایبەتی لەمناڵان، ئەوان دەیانوت "قەیناکە با خەڵکەکە بزانێ رۆشۆگۆڵەکەی ئێمە خۆشە یان لوقمەقازییەکەی لای خۆتان." – لوقمه‌قازی‌ شیرینییه‌كی‌ كوردییه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ دروست ده‌كرێت-.

 

بەهمەن خالیدی (٣٨ ساڵ) خۆی‌و براکەی‌و سێ مناڵی بەدیار تاوەی سەر ئاگرەکەوە وەستابوون لەچاوەڕوانی وەرگرتنی جۆرە خواردنێکدا کە ناوی پیازیی بوو ئەو خواردنە لەبۆرەک دەچوو لەناوەکەیدا پیازو پەتاتەو گێزەرو رشکە هەبوو. بەهمەن دەیوت "بەراستی بڕوام نەدەکرد خواردنی ئەمان ئەوەندە بەتام بێ."

 

ئەوەی ئەو کرێکارانە لەدروست کردنی خواردنەکانیاندا بەکاریدەێنن هەمان ئەو کەرەستانەن کە لەبازاڕەکانی کوردستاندا هەن، بۆیە کڕیارە کوردەکان هیچ قسەیەکیان لەسەر حەڵاڵەو حەرامەی پێکهاتەی خواردنەکان نییە، هۆكارێكی‌ تریش كه‌ واده‌كات خه‌ڵكی‌ زۆر سه‌ریان بكاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ نرخیان هه‌رزانه‌و ژه‌مێكی‌ ته‌واو كه‌متر له‌پێنج هه‌زار دینار ده‌كه‌وێت.

 

تەنها ئەوە ماوەتەوە کە ئەو کرێکارانە لەم ئەزمونە نوێیەیاندا نیگەرانی هاوپیشە کوردەکانیان تێپەڕێنن کە وا دەردەکەوێ بەهۆی تازەیی خواردنەکانی ئەمانەوە ئەوان بێ بازاڕ بووبن، هەرچەندە  کەیوان (٢٣ ساڵ) کە لەبەرامبەر بەعەرەبانەکەی ئه‌واندا لەفە دەفرۆشێ کەمتر نیگەران بوو لەبێ بازاڕییەکەی دەیوت "رزق خوا دەینێرێ."

 

کەسیش نازانێ کە ئایا هەینییەکانی داهاتوو ئەو کرێکارانە دەتوانن لەسەر ئیشەکەیان بەردەوام بن یان نا، چونکە پێشتر عەرەبانەچییەکانی شەقامی سالم بەهۆکاری جوانی دیمەنی شارو پاراستی ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن شارەوانییەوە کۆکرانەوە، هەرچەندە هەتا ئێستا ئەو کرێکارانە پێیان نەوتراوە کە نابێت ئەو ئیشە بکەن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌