راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بێكاری‌‌و بێهیوایی‌ هۆكاری‌ یه‌كه‌من
له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق زیقار پێشه‌نگه‌ له‌خۆكوشتندا

ئه‌حمه‌د سامر
چه‌ندین لافیته‌ی‌ ره‌ش به‌دیواری‌ ماڵه‌كانی‌ ناسڕییه‌وه‌ هه‌ڵواسراون‌و لێیان نوسراوه‌ "به‌رووداوێكی‌ دڵته‌زێن كۆچی‌ دوایی‌ كرد"، ئیتر تێده‌گه‌یت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ خۆی‌ كوشتووه‌.
28.04.2016  |  زیقار
وێنه‌ی‌ سه‌ر دیوارێك له‌باره‌ی‌ خۆكوشتنه‌وه‌ ( :وێنه Wikimedia Commons / Eduard Maluquer)
وێنه‌ی‌ سه‌ر دیوارێك له‌باره‌ی‌ خۆكوشتنه‌وه‌ ( :وێنه Wikimedia Commons / Eduard Maluquer)

حه‌نان (39 ساڵ) كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ شه‌تره‌ (40كم باكوری‌ ناسڕییه‌) نیشته‌جێیه‌، به‌هۆی‌ ئاسووده‌ نه‌بوونی‌ به‌ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نۆ منداڵی‌ هه‌یه‌، سێجار هه‌وڵی‌ خۆكوشتنی‌ داوه‌.

 

حه‌نان به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ بیست ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ له‌ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ نه‌حه‌ساوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌رسێ‌ هه‌وڵی‌ خۆكوشتنه‌كه‌شدا كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ رزگاریان كردووه‌.

 

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ دوا هه‌وڵی‌ خۆكوشتنیه‌وه‌ حه‌نان به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوسه‌ره‌كه‌م زۆری‌ لێدام پاش ئه‌وه‌ی‌ زانیم په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ژنی‌ تردا هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ سكاڵای‌ به‌رده‌وام كه‌س به‌ده‌ممه‌وه‌ نه‌هات، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم خۆكوشتن حه‌رامه‌، به‌ڵام له‌كاتی‌ بێهوابوندا هیچ ئاگام له‌خۆم نه‌ما".

 

حه‌سه‌نه‌ین كه‌ خزمێكی‌ حه‌نانه‌ دواجار ئه‌و ژنه‌ی‌ رزگاركردووه‌، كاتێك له‌ماڵیان بووه‌ ئاگای‌ له‌شه‌ڕی‌ ژن‌و پیاوه‌كه‌ بووه‌و گومانی‌ كردووه‌ ژنه‌كه‌ كارێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بكات، پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك زانیوێتی‌ كه‌ حه‌نان بێهۆش بووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌ماری‌ ده‌ستی‌ خۆی‌ بڕیوه‌.

 

حه‌نان یه‌كه‌مین یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ناو دانیشتوانه‌ دوو ملیۆنییه‌كه‌ی‌ ناسڕییه‌دا له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا هه‌وڵی‌ خۆكوشتنی‌ داوه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ تۆماره‌كانی‌ پۆلیسی‌ زیقار له‌و ماوه‌یه‌دا 92 كه‌س خۆیان كوشتووه‌و 72 هه‌وڵی‌ شكستخواردووی‌ خۆكوشتن هه‌بووه‌ له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان پانزه‌ بۆ 35 ساڵدا بووه‌.

 

له‌نوێترین حاڵه‌ته‌كان كه‌ لای‌ پۆلیس تۆماركراوه‌ خۆ خنكاندنی‌ كچێكی‌ ته‌مه‌ن شانزه‌ ساڵ بووه‌ له‌گوندێكی‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ (سه‌ید ده‌خیل) له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌، له‌مانگی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵیشدا پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن 53 ساڵ له‌گه‌ڕه‌كی‌ عومالی‌ قه‌زای‌ ریفاعی‌ (80كم باكوری‌ ناسڕییه‌) به‌فیشه‌ك خۆی‌ كوشتووه‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌پۆلیسی‌ زیقار كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ئازاردا سێ‌ ژن له‌ته‌مه‌نی‌ نێوان بیست بۆ 31 ساڵدا به‌خۆخنكاندن به‌په‌ت‌و خۆ سوتاندن گیانیان سپاردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند كه‌سێك له‌هه‌وڵی‌ خۆ فڕیدانه‌ ئاوی‌ فورات رزگاركراون له‌نێویاندا پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵ هه‌بووه‌.

 

كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ زۆرجار كوشتنی‌ ژنان‌و تۆڵه‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌‌و "تاوانی‌ شه‌ره‌ف" له‌ژێر په‌رده‌ی‌ خۆكوشتندا ده‌شاردرێته‌وه‌.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ "نیقاش" له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی‌ خۆكوشتن پۆلیس مامه‌ڵه‌ی‌ تاوانی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كات‌و كوژراوه‌كه‌ ده‌نێرێته‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌‌و ده‌ست به‌لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌هۆكاری‌ راسته‌قینه‌ دڵنیا ده‌بێت".

 

كۆمیسیۆنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌عێراق رایگه‌یاند له‌ساڵی‌ 2013ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دیارده‌ی‌ خۆكوشتن له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا زیادیكردووه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌رونییه‌وه‌، به‌پێی‌ به‌یاننامه‌ی‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ زیقار له‌پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ خۆكوشتندا هاتووه‌ به‌ (119 حاڵه‌ت) له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵدا، ئه‌مه‌ش به‌رزترین ژماره‌یه‌ به‌راورد به‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ تر جگه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ چه‌ند رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ ناوه‌ندێكیان دروستكردووه‌ له‌پێناو پێشكه‌شكردنی‌ راوێژی‌ ده‌روونی‌‌و چاره‌سه‌ری‌ ئه‌وانه‌ی‌ هه‌وڵی‌ خۆ كوشتن ده‌ده‌ن، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ش به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عادل دخێلی‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ پارێزگاری‌ زیقار بوو.

 

دخێلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆر هۆكار هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ دیارده‌ی‌ خۆكوشتن، ره‌نگه‌ كێشه‌كانی‌ ئابوری‌‌و خێزانی‌ له‌پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و هۆكارانه‌ بن".

 

د. عه‌بدولباری‌ حه‌مدانی‌ مامۆستای‌ زانستی‌ ده‌رونناسی‌ زانكۆی‌ زیقار له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا سه‌لماندوویه‌تی‌ كه‌ توندوتییژی‌ خێزانی‌‌و خه‌مۆكی‌‌و دووره‌ وڵاتی‌‌و بێكاری‌‌و لاوازی‌ هه‌ست‌و بارودۆخی‌ سیاسی‌ هۆكاره‌كانی‌ خۆكوشتنن.

 

حه‌مدانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ خۆكوشتنی‌ كچان به‌هۆی‌ فه‌رامۆشكردن یان بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ ئابڕوچوونێك بووه‌، كوڕانیش به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كارو شكستی‌ خوێندن‌و له‌به‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شانی‌ خێزان‌و به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ره‌وه‌ بووه‌".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ رافید ره‌سول توێژه‌ری‌ ئه‌كادیمی‌‌و پسپۆڕی‌ ده‌رونناسی‌ پێی‌ وایه‌ هۆكاره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ هاوچه‌رخ كاریگه‌رییان به‌سه‌ر خۆكوشتنه‌وه‌ هه‌یه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگا كراوه‌كانیش كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكارانه‌ هه‌یه‌، چ جای‌ كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كان، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان خۆكوشتن زۆره‌".

 

به‌ڵام د. عوده‌ی‌ شه‌بیب سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ كۆمه‌ڵناسی‌ زانكۆی‌ زیقار پێی‌ وانییه‌ هۆكاره‌كان په‌یوه‌ست بن به‌سیته‌می‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئاكاری‌‌و فێربوونه‌وه‌، به‌ڵكو گرێی‌ ده‌داته‌وه‌ به‌سروشتی‌ كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌وه‌.

 

زنجیره‌ی‌ خۆكوشتنه‌كانی‌ ناسڕییه‌ به‌رده‌وامن، له‌دواهه‌مین حاڵه‌ته‌كاندا پۆلیسی‌ زیقار له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ نێوان ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو هه‌تا به‌یانی‌ سێشه‌ممه‌ پێنج هه‌وڵی‌ خۆكوشتن تۆماركراوه‌‌و چواریان شكستیان هێناوه‌و یه‌كێكیان خۆی‌ خنكاندووه‌، ئه‌مه‌ش به‌رزترن ئاماره‌ كه‌ له‌رۆژێكدا تۆمار كرابێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌