راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نمایشی‌ مه‌رگ
ئاهه‌نگه‌كانی‌ ده‌رچوونی‌ خوێندكاران یه‌كپارچه‌ خوێنیان‌ لێ‌ ده‌چۆڕێت

سار ا قاهیره‌
له‌ئاهه‌نگه‌كانی‌ ده‌رچوونی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆ له‌به‌غدا، دیارترین دیمه‌ن ئێستا دیمه‌نه‌كانی‌ خوێن‌و سه‌رو ده‌ستی‌ په‌ڕیوو نمایشی‌ مه‌رگه‌.
21.04.2016  |  به‌غدا
وێنه‌یه‌كی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ ده‌رچوون له‌زانكۆكانی‌ به‌غدا
وێنه‌یه‌كی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ ده‌رچوون له‌زانكۆكانی‌ به‌غدا

گه‌نجێك كفنی‌ له‌به‌ركردووه‌و چه‌قۆیه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌موو ئاماده‌بوون ده‌تۆقێنێت، له‌پڕ له‌سه‌ر ئاوازی‌ سرودێكی‌ سه‌ربازی‌ ده‌ست ده‌كات به‌سه‌ماو له‌ولاوه‌ كه‌سێكی‌ ده‌ست په‌ڕیو به‌خوێنه‌وه‌ به‌شداری‌ سه‌ماكه‌ ده‌كات.

 

ئه‌م دیمه‌نه‌ له‌ناو فیلمه‌ ترسناكه‌كاندا نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌ئاهه‌نگی‌ ده‌رچووانی‌ یه‌كێك له‌كۆلێژه‌كانی‌ زانكۆی‌ به‌غدا، ئه‌م جۆره‌ نمایشیانه‌ له‌و ئاهه‌نگانه‌دا بوونه‌ته‌ باو.

 

حسێن فارس كه‌ خوێندكاری‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیارییه‌‌و ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كفنه‌كه‌ی‌ له‌به‌ردا بوو، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رنجی‌ هاوڕێكانی‌ رابكێشێت.

 

حسێن كه‌ جارێك پێده‌كه‌نێت‌و جارێكیش خه‌م دایده‌گرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆیه‌ كفنم هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌م دیمه‌نێكی‌ سه‌رنج راكێش بێت‌و هه‌م بیری‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌مان بخاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو تیا چوون".

 

جاران خوێندكارانی‌ زانكۆكانی‌ به‌غدا له‌ئاهه‌نگه‌ نمایشئامێزه‌كاندا به‌رگی‌ كه‌سایه‌تییه‌ مێژوویی‌‌و كه‌سه‌ گرنگه‌كان‌و فیلم كارتۆن‌و كۆمیدیان له‌به‌رده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ یه‌ك پارچه‌ بوونه‌ته‌ دیمه‌نی‌ خوێن‌و كوشتن.

 

له‌كۆلێژی‌ رافیده‌ینی‌ ئه‌هلی‌ له‌به‌غدا خوێندكارێك به‌رگی‌ په‌رستارێكی‌ له‌به‌ركردووه‌و مقه‌ستێكی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خوێندكارێكی‌ تریش ماسكێكی‌ پێوه‌یه‌ كه‌ چاوێكی‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و خوێنی‌ لێ‌ ده‌چۆڕێت، خوێندكاره‌كانیش خێرا خێرا به‌ره‌و پیری‌ ده‌چن بۆ ئه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بگرن.

 

ئه‌حمه‌د كامیل ئه‌و خوێندكاره‌ی‌ به‌رگی‌ په‌رستاره‌كه‌ی‌ پۆشیبوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆخۆشی‌ ئه‌و جله‌م له‌به‌ركرد، به‌ڵام دیمه‌نی‌ په‌رستاره‌كه‌م به‌ڕاستی‌ ئه‌و كاته‌ بینی‌ كه‌ له‌پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ چووم ته‌رمی‌ براكه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌".

 

دیمه‌نی‌ خوێندكاره‌كان هه‌ر به‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو خوێندكارێكی‌ كۆلێژی‌ كه‌له‌پور شمشێرێكی‌ له‌سه‌ری‌ چه‌قاندووه‌و جه‌سته‌یه‌كی‌ بێ‌ سه‌ری‌ به‌پشتی‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌.

 

ئه‌و خوێندكاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رگه‌كانی‌، نمایشه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ سه‌ری‌ خه‌ڵك ده‌په‌ڕی‌‌و خوێنیان لێ‌ ده‌چۆڕا.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌دیمه‌نه‌ باوه‌كانی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ ده‌رچوون جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌م له‌زانكۆ ئه‌هلییه‌كان‌و هه‌م له‌زانكۆ حكومییه‌كانیش ده‌بینرا، زۆرترین حاڵه‌تی‌ له‌م جۆره‌ش له‌زانكۆی‌ به‌ناوبانگی‌ موسته‌نسه‌رییه‌ هه‌بوو كه‌ زۆربه‌ی‌ خوێندكاره‌كانی‌ به‌شی‌ كۆمپیوته‌ر به‌رگی‌ سه‌ربازیان بۆ پشتیوانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و سوپا پۆشیبوو.

 

سجاد عه‌لی‌ خوێندكاری‌ كۆلێژی‌ ئه‌ندازیاری‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی‌ جلی‌ سه‌ربازی‌ پۆشیبوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم وه‌ك رێزلێنانێك ئه‌م جله‌مان پۆشی‌ بۆ قوربانی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شد‌و سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ژیانی‌ ئێمه‌یان پاراستووه‌".

 

محه‌مه‌د دلێمی‌ مامۆستای‌ به‌شی‌ كۆمه‌ڵناسی‌ زانكۆی‌ به‌غدا پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ خوێندكاران ده‌یكه‌ن به‌رجه‌سته‌كردنی‌ واقیعی‌ ژیانی‌ خۆیانه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م وێنانه‌ له‌به‌رچاوی‌ خوێندكاران‌و له‌میدیاو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایكردووه‌ ببێته‌  به‌شێك له‌ژیانیان".

 

دلێمی‌ پێی‌ وایه‌ خه‌تای‌ گه‌وره‌ له‌دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ئه‌ستۆی‌ به‌رپرسانی‌ زانكۆو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندایه‌ كه‌ رێ ده‌ده‌ن له‌بۆنه‌ گشتییه‌كاندا خوێندكاران ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ترس‌و تۆقاندن بڵاو بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كات به‌یاسا رێ له‌و حاڵتانه‌ بگیرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌