راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاژاوه‌ی‌ ناو یاریگاكان
یارییه‌كانی‌ تۆپی‌ پێ له‌عێراق بوونه‌ته‌ یاری‌ مشته‌كۆڵه‌

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌‌و دارایی‌‌و كارگێڕییه‌وه‌، توندوتیژی‌ بۆ ناو گۆڕه‌پانه‌كانی‌ تۆپی‌ پێ گواستراوه‌ته‌وه‌و هیچ رێوشوێنێكی‌ ئه‌منی‌ پێویستیش له‌و رووه‌وه‌ له‌ئارادا نییه‌.
14.04.2016  |  دیوانییه‌
ئاژاوه‌ی‌ ناو یاریگاكان له‌كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت ( :وێنه تصوير احمد العراقي)
ئاژاوه‌ی‌ ناو یاریگاكان له‌كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت ( :وێنه تصوير احمد العراقي)

له‌یاری‌ نێوان یانه‌ی‌ دیوانییه‌و ئال بدرێر له‌خولی‌ پله‌یه‌كی‌ عێراق بۆ تۆپی‌ پێ كه‌ رۆژی‌ 16ی‌ ئازاری‌ رابردوو به‌ڕێوه‌ چوو، موهه‌نه‌د عه‌لا (25 ساڵ) كه‌ به‌"موهه‌نه‌د كاوبۆ" ناسراوه‌ گوڵ‌و شیرینی‌ بۆ یاریزانان‌و جه‌ماوه‌ر ده‌بات، كاتێك ده‌زانێت چوارده‌وری‌ ده‌گیرێت‌و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری‌ یانه‌ی‌ ئال بدێره‌وه‌ ده‌درێته‌ به‌ر به‌ردو تێهه‌ڵدان.

 

كاوبۆ له‌باره‌ی‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌ ده‌ڵێت "وامده‌زانی‌ داعش په‌لاماری‌ داوم، كێ‌ باوه‌ڕ ده‌كات خه‌ڵكی‌ یه‌ك شار ئاوها به‌سه‌ر یه‌ك بهێنن".

 

موهه‌نه‌د ورده‌كاری‌ رووداوه‌كه‌ی‌ بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌و باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌ردوو تیپ له‌دوو شوێنی‌ جیاواز دانیشتوون، به‌ڵام له‌خوله‌كی‌ (84) جه‌ماوه‌ری‌ ئال بدێر به‌به‌ردو تێڵاوه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو جه‌ماوه‌رو یاریزانه‌كان‌و تا هێزه‌كانی‌ سوات نه‌چوون بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌.

 

ئه‌م رووداوه‌ ئاژاوه‌گێڕیانه‌ ته‌نها به‌یانه‌ بچوكه‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵكو په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو یارییه‌كانی‌ خولی‌ بژارده‌و یانه‌كانی‌ جه‌ویه‌و سامه‌ڕاو هه‌ولێرو نه‌وتی‌ باشوور.

 

به‌سام عه‌لا ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ راوێژكاری‌ باڵا بۆ ئاژاوه‌ی‌ یاریگاكان له‌یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات حه‌زی‌ بردنه‌وه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت وایكردووه‌ هه‌ندێ‌ له‌جه‌ماوه‌ری‌ یانه‌كان په‌نا بۆ توندوتیژی‌ ببه‌ن‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا جه‌ماوه‌ری‌ یانه‌كان زیاتر بن، كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن، هانده‌ره‌ گه‌نجه‌كان یارییه‌كان به‌بۆنه‌ ده‌زانن بۆ ده‌ربڕینی‌ توڕه‌یی‌ خۆیان".

 

بیبه‌ره‌وه‌و تێهه‌ڵدان بخۆ، بدۆڕێ‌‌و سه‌لامه‌ت به‌

كه‌رار جاسم یاریزانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق‌و یانه‌ی‌ نه‌وتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ براوه‌ی‌ خولی‌ عێراقی‌ بوو بۆ ساڵی‌ 2015، رووبه‌رووی‌ په‌لاماردانێكی‌ كتوپڕ بووه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌هانده‌رانه‌وه‌.

 

كه‌رار رووداوه‌كه‌ی‌ باسكردو وتی‌ "یانه‌كه‌مان به‌گۆڵێك له‌پێشه‌وه‌ بوو، كاتێك زانیم یه‌كێك له‌ناو هانده‌رانه‌وه‌ هاته‌ ناو یاریگا‌و كێشای‌ به‌سه‌رما".

 

ئه‌م په‌لاماردانه‌ ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌ك یونس مه‌حمودیشی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و یاریزانانه‌و له‌نێویشیاندا كه‌رار خولی‌ عێراقی‌ جێبهێڵن، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌نیاز بووم له‌ده‌ره‌وه‌ یاری‌ نه‌كه‌م‌و ئیتر هه‌ر له‌خولی‌ عێراقی‌ بمێنمه‌وه‌، به‌ڵام پاشگه‌ز بوومه‌وه‌، چونكه‌ لێره‌ رێزی‌ یاریزانه‌كان ناگیرێت، به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌میش لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ پاراستنی‌ یاریگاكان به‌رپرسن".

 

ئێستا شه‌ڕو په‌لاماردانی‌ نێو یاریگاكان بووه‌ته‌ دیارده‌و له‌یاری‌ نێوان یانه‌ی‌ سامه‌ڕاو زڵوعیه‌، پاش پێكانی‌ یاریزانێكی‌ زڵوعییه‌، كارمه‌ندێكی‌ یانه‌كه‌ به‌ئۆتۆمبێل به‌خێرایی‌ چووه‌ ناو یاریگاو به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ دروست بوو، تیمی‌ سامه‌ڕاش له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ په‌لاماردران‌و یارییه‌كه‌ راگیرا.

 

سه‌دام عه‌زیز سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ سامه‌ڕا به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێ پشت به‌راپۆرتی‌ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ یارییه‌كان ده‌به‌ستێت كه‌ ئه‌وانیش زۆر بێ ئه‌زموونن‌و خولی‌ پێویستیان نه‌بینیوه‌".

 

هانده‌ران یانه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن

حه‌مید مخیف ئه‌ندامی‌ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ عێراق ده‌ڵێت "ئه‌و ئاژاوانه‌ی‌ دروست بووه‌ به‌هۆی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ جه‌ماوه‌رو هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ ده‌ستڕۆیشتووی‌ ناو یانه‌كانن".

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ داراییه‌وه‌ رۆحی‌ وه‌رزشی‌‌و كێبڕكێی‌ دۆستانه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ندێ‌ له‌ده‌سته‌ كارگێڕییه‌كانی‌ پیتاك له‌جه‌ماوه‌ر كۆده‌كه‌نه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر رای‌ خۆیان به‌سه‌ر یانه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنن‌و یانه‌كان ناتوانن هیچ بڕیارێك به‌بێ‌ جه‌ماوه‌ر ده‌ربكه‌ن".

 

ده‌شڵێت "هه‌ندێجار به‌ئه‌نقه‌ست ئاژاوه‌ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ترس له‌لای‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر دروست بكه‌ن‌و ئه‌نجامی‌ یاری‌ بگۆڕن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار دادوه‌رانیش ده‌كه‌ونه‌ ژێر ترس‌و كاریگه‌ریی‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌، من ئاگادارم تیپ هه‌بووه‌ له‌به‌ر سه‌لاماتیان، خۆیان به‌دۆڕاندن داوه‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ تاڵب زوهێری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ هانده‌رانی‌ یانه‌ی‌ قوه‌ جه‌ویه‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێجار لایه‌نداری‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كڕدرێت، كاتێكیش ویستمان رووبه‌رووی‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ببینه‌وه‌ كه‌وتینه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌ترسی‌ كێشه‌ی‌ عه‌شایه‌ری‌ ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ردا بوه‌ستن، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ خۆمان جۆری‌ جه‌ماوه‌ره‌كانمان دابه‌ش كردووه‌ تا كێشه‌ كه‌م ببێته‌وه‌".

 

لیژنه‌ی‌ وه‌رزش‌و لاوانی‌ په‌رله‌مان هه‌ستی‌ به‌م حاڵه‌تانه‌ كردووه‌و پاش ئاژاوه‌ی‌ یاریگاكانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر پێشنیاری‌ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ ئاژاوه‌ی‌ كردووه‌، ماجید شه‌نكالی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پرۆژه‌كه‌ له‌تاوتوێدایه‌و جۆری‌ سزاكانیش به‌ده‌ستگیركردن‌و غه‌رامه‌و تا سزای‌ تاوانكاریش ده‌ستنیشان كراوه‌... لیژنه‌كه‌مان پێشنیاری‌ كردووه‌ هێزی‌ تایبه‌ت له‌یاریگاكاندا هه‌بێت‌و شوێنی‌ چونه‌ ژووره‌وه‌و ده‌رچوون جیاواز بێت".

 

تا ئه‌و كاته‌ی‌ یاساكه‌ ده‌رده‌چێت لیژنه‌ی‌ توندوتۆڵی‌ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێ ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رو ئه‌ندامانی‌ ئه‌و یانانه‌ی‌ له‌شوێنی‌ یاریزان‌و راهێنه‌ران داده‌نیشتن‌و جه‌ماوه‌ر توڕه‌ ده‌كه‌ن.

 

یه‌حیا كه‌ریم سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێ ده‌ڵێت "نه‌بوونی‌ سزا وایكردووه‌ دیارده‌ی‌ ئاژاوه‌ به‌رده‌وام بێت، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین یانه‌و یاریزان‌و ئه‌ندامی‌ یانه‌مان سزا داوه‌، به‌ڵام یاریگاكان پارێزراو نین‌و ته‌نها ته‌لی‌ ده‌وری‌ گۆڕه‌پانه‌كان به‌س نییه‌".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ ئه‌حمه‌د موسه‌وی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان پێی‌ وایه‌ چاره‌سه‌ر خۆی‌ له‌بوونی‌ هێزی‌ تایبه‌تی‌ پاراستنی‌ یاریگاكاندا ده‌بینێته‌وه‌.

 

موسه‌وی‌ پێشنیار ده‌كات كه‌ پێوه‌رێك ده‌بنرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ رێژه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر هێزی‌ ئه‌منی‌ له‌یاریگاكاندا ده‌بنرێن‌و ده‌شڵێت "هه‌ندێ‌ یاریگا هه‌ن یانه‌كان خاوه‌نیانن‌و له‌ژێر ركێفی‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاواندا نین‌و پێوه‌ره‌كانی‌ فیفایان تیا نییه‌، وه‌ك چۆن له‌یاریگاكانی‌ شه‌عب‌و به‌سره‌و هه‌ولێرو زاخۆدا هه‌یه‌".

 

یاریگای‌ شه‌عب هه‌رچه‌نده‌ به‌ده‌وری‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌یدا خه‌نده‌قێك هه‌ڵكه‌ندراوه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ خه‌لدون عه‌بادی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یاریگاكه‌ به‌هۆی‌ قسه‌ی‌ توندی‌ هه‌ندێ‌ له‌راهێنه‌رو كارگێڕی‌ یانه‌كان له‌میدیاو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، دوور نییه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا ئه‌و "بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر" بته‌قێته‌وه‌.

 

خه‌لدون ده‌شڵێت "ئێمه‌ پشت به‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌به‌ستین بۆ پاراستنی‌ یاریگاكه‌، چونكه‌ كارمه‌نده‌ ئه‌منییه‌كان به‌ش ناكه‌ن به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتی‌ یاری‌ یانه‌ گه‌وره‌كاندا كه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت".

 

ئه‌م دیارده‌یه‌ وا نه‌بێت له‌یاریگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بوونی‌ نه‌بێت، عه‌بدوڵا مه‌جید سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێر پێی‌ وایه‌ ئاژاوه‌ گێڕییه‌كان هۆكاری‌ ره‌گه‌زپه‌رستیان له‌پشته‌وه‌ نییه‌‌و زۆربه‌ی‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ سیاسییه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك نێوانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا باش نابێت.

 

سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێر به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاژاوه‌ له‌ناو یاریگاكه‌ی‌ ئێمه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌پارێزگاكانی‌ تر، به‌ڵام كاتێك تیپه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌چنه‌ یاریگاكان به‌غدا دروشمی‌ زۆر ناشیرینیان به‌رامبه‌ر ده‌وترێته‌وه‌ كه‌ هۆكاری‌ سیاسیان له‌پشته‌وه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌زانین هه‌ندێ‌ له‌كارگێڕی‌ یانه‌كان سه‌ر به‌حیزبه‌كانن‌و بۆ گۆڕینی‌ ئه‌نجامی‌ یارییه‌كان ئاژاوه‌ دروست ده‌كه‌ن".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و رووداوانه‌ی‌ پێشوو ئێستاش هه‌ر یارییه‌ك له‌یاریگاكانی‌ عێراقدا ده‌كرێن مه‌ترسی‌ ئاژاوه‌و توندوتیژییان له‌سه‌ره‌و دوور نییه‌ دیارده‌كه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌