راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مردنێكی‌ هێواش له‌پێناو ژیاندا
گوزه‌ران له‌سه‌ر خۆڵ‌و خاشاكی‌ سلێمانی‌

جوانڕۆ محه‌مه‌د
شه‌ڕێكی‌ قورس له‌گه‌ڵ ژیاندا، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ ناونیشانێكی‌ پڕاو پڕ بێت بۆ ئه‌و ده‌یان كه‌سه‌ی‌ رۆژانه‌ له‌سه‌ر خۆڵ‌و خاشاكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ گوزه‌رانیان په‌یدا ده‌كه‌ن.
6.04.2016  |  سلێمانی‌
به‌ده‌یان كه‌س له‌سه‌ر خۆڵ‌و خاشاكی‌ سلێمانی‌ بژێوی‌ ژیانیان په‌یدا ده‌كه‌ن ( :وێنه جوانرو محمد )
به‌ده‌یان كه‌س له‌سه‌ر خۆڵ‌و خاشاكی‌ سلێمانی‌ بژێوی‌ ژیانیان په‌یدا ده‌كه‌ن ( :وێنه جوانرو محمد )

له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌‌و به‌دووری‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ شاره‌وه‌، رۆژانه‌ چه‌ند ته‌نێك خۆڵ‌و خاشاك له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ لێره‌دا كۆتایی‌ نایه‌ت، چونكه‌ ئه‌و كه‌ل‌و په‌لانه‌ی‌ لای‌ زۆركه‌س كۆتاییان پێهاتووه‌و بووه‌نه‌ته‌ خاشاك، بۆ چه‌ند كه‌سێك كه‌ره‌سته‌ی‌ گرنگن بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ژیان.

 

له‌سه‌ر رووبه‌رێك به‌نزیكه‌ی‌ (50 كم چوارگۆشه‌) هه‌موو رۆژێك نزیكه‌ی‌ په‌نجا كه‌س به‌جلی‌ قوڕاوی‌‌و ده‌م‌و چاوی‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو پاشماوه‌ی‌ خۆڵ‌و خاشاكی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ر شتێك پاره‌ بكات هه‌ڵیده‌گرنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ مس‌و فافۆن‌و باغه‌و ئاسن خواستی‌ زۆریان له‌سه‌ره‌.

 

ئه‌وانه‌ی‌ لێره‌ كارده‌كه‌ن ناكۆكییه‌كی‌ زۆریان له‌گه‌ڵ میدیاكاندا هه‌یه‌و به‌زه‌حمه‌ت قسه‌ بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن، چونكه‌ پێیان وایه‌ كاره‌كه‌یان "پیشه‌یه‌كی‌ پاك" نییه‌و نایانه‌وێ‌ ده‌ركه‌ون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌وه‌ ده‌ترسن باسكردنیان ببێته‌ هۆی‌ رزق بڕین‌و رێگری‌ لێكردنیان، چونكه‌ ناوه‌ ناوه‌ شاره‌وانی‌‌و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانیان له‌و كاره‌ دووریان بخه‌نه‌وه‌.

 

په‌یامنێری‌ "نیقاش" هه‌وڵی‌ زۆریدا تا چه‌ند كه‌سێك له‌وانه‌ رازی‌ بوون قسه‌ی‌ بۆ بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی‌ به‌ناوی‌ خوازراوه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌لێدوانه‌كانیان بكرێت.

 

ئه‌رده‌ڵان یوسف گه‌نجێكی‌ 24 ساڵه‌و به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌یه‌وه‌ باوكی‌ چوار منداڵه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت سه‌ختی‌ ژیان ناچاری‌ كردووه‌ هه‌موو رۆژێك له‌به‌ره‌به‌یانییه‌كی‌ زووه‌وه‌ بچێته‌ ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆو چاوه‌ڕێی‌ خاشاكی‌ نوێی‌ سلێمانی‌ بكات، ئه‌و تا كاتژمێر 4ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ ته‌نها كه‌لوپه‌لی‌ نایلۆن‌و باغه‌ كۆده‌كاته‌وه‌و دواتر ده‌یفرۆشێته‌وه‌ به‌و كارگه‌ بچووكانه‌ی‌ نایلۆن ده‌توێننه‌وه‌و بۆ كه‌ره‌سته‌ی‌ تر به‌كاری‌ ده‌هێنن، له‌م كاره‌ش هه‌موو رۆژێك نزیكه‌ی‌ ده‌ هه‌زار دیناری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

ئه‌رده‌ڵان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژیانمان ئێجگار سه‌خته‌، جگه‌ له‌خه‌می‌ ته‌ندروستی‌، له‌وه‌ش ده‌ترسین رۆژێك یه‌كێك له‌و شۆفڵ‌و ئامێرانه‌ بماشێلێت كه‌ خۆڵی‌ ناوچه‌كه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌".

 

چه‌ند مه‌ترێك له‌دووری‌ ئه‌رده‌ڵان، كوڕِێكی‌ دوانزه‌ ساڵان كه‌ پێی‌ باشبوو به‌ ئاری‌ بانگ بكرێت به‌شوێن ئاسن‌و مسی‌ ناو خۆڵ‌و خاشاكه‌كه‌ ده‌گه‌ڕا، ئه‌و به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌وه‌ ناچاره‌ بژێوی‌ دایك‌و تاقه‌ خوشكه‌كه‌ی‌ دابین بكات، چونكه‌ باوكی‌ له‌ژیاندا نه‌ماوه‌.

 

ئاری‌ كه‌ به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه‌ ده‌ستی‌ له‌كاره‌كه‌ی‌ هه‌ڵنه‌ده‌گرت، ده‌یوت "ئێمه‌ ده‌شزانین ئه‌م خاشاكه‌ زیانی‌ هه‌یه‌و خراپه‌و به‌رده‌وام مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانمان هه‌یه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ ده‌ست‌و قاچمان ده‌بردڕێت‌و ترسی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ببین به‌ژێر ئامێره‌كانه‌وه‌، به‌ڵام  مه‌جبورین ئه‌مكاره‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئیش نیه‌و ئیشیش نه‌كه‌ین ناژین"، ئاری‌ له‌مكاره‌ هه‌موو رۆژێك نزیكه‌ی‌ پانزه‌ هه‌زار دیناری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

هه‌موو رۆژێك پێنج سه‌د ئۆتۆمبێل خۆڵ‌و خاشاكی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ سلێمانی‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆ فڕێی‌ ده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وامیش شه‌ش گرێده‌رو ئامێری‌ تایبه‌ت خۆڵ‌و خاشاكه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ته‌خت ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌نێوان گه‌یشتنی‌ خاشاكه‌كان تا كاركردنی‌ ئامێره‌كانی‌ رێكخستن‌و پانكردنه‌وه‌، كوڕو كچه‌ گه‌نجه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌خێرایی‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ جیا بكه‌نه‌وه‌ كه‌ پاره‌ ده‌كات‌و به‌كه‌ڵكیان دێت.

 

نیان ژنێكی‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا هه‌موو رۆژێك ده‌چنه‌ ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو خۆڵ‌و خاشاك ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌فرۆشرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بژێوی‌ خۆیان‌و سێ‌ منداڵه‌كه‌یانی‌ پێ دابین بكه‌ن.

 

نیان به‌"نیقاش"ی‌ وت "جگه‌ له‌بۆنی‌ ناخۆش‌و مه‌ترسی‌ نه‌خۆشی‌، جاری‌ واهه‌یه‌ ئه‌ترسین ببین به‌ژێر خۆڵ‌و خاشاكه‌وه‌و ژیانمان تیا بچێت".

 

ئه‌م مه‌ترسییه‌ی‌ نیان باسی‌ ده‌كات له‌شوێنی‌ خۆیدایه‌، چونكه‌ به‌رپرسانی‌ شاره‌وانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن تائێستا چه‌ند كه‌سێك بوون به‌ژێر ئۆتۆمبێل‌و ئامێره‌كانی‌ پاككردنه‌وه‌وه‌.

 

ڕزگار ئه‌حمه‌د به‌رپرسی‌ به‌شی‌ خزمه‌تگوزاری‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ساڵانی‌ ڕابردوو كاركردن له‌و كه‌سانه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ ناتوانرێت ڕێگریان لێبكرێت".

 

رزگار ده‌شڵێت "له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ دوو كه‌س له‌وانه‌ی‌ خاشاك كۆده‌كه‌نه‌وه‌ به‌هۆی‌ بونیان به‌ژێر ئامێره‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامن له‌و كاره‌و چه‌ند جارێكیش پێشنیاری‌ دامه‌زراندن خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان كه‌ واز له‌و كاره‌ بێنن‌و وه‌ك پاكه‌ره‌وه‌ له‌شاره‌وانی‌ كاربكه‌ن، به‌ڵام به‌بیانوی‌ كه‌می‌ موچه‌كه‌ نه‌یانكردووه‌".

 

له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ ئه‌م جێگه‌یه‌ كراوه‌ به‌شوێنی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌و خاشاك، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ به‌شی‌ خزمه‌تگوزاری‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ رۆژانه‌ له‌سنوری‌ سلێمانی‌ 1500 كرێكارو 500 ئۆتۆمبێل 1200 ته‌ن خاشاك  كۆده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆ فڕێی‌ ده‌ده‌ن هه‌رچه‌نده‌ شوێن‌و شێوازی‌ فڕێدانی‌ ئه‌و خاشاكه‌ نه‌گونجاوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ ریسایكلینه‌وه‌ خاشاكه‌كه‌ ده‌خرێته‌ ژێر خۆڵه‌وه‌.

 

له‌ساڵی‌ 2014 به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ریسایكلین دانراو بڕیاربوو له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوو ده‌ستبه‌كاربێت، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ به‌رپرسی‌ به‌شی‌ خزمه‌تگوزاری‌ شاره‌وانی‌ به‌هۆی‌ مۆڵه‌تنه‌دانی‌ وه‌به‌رهێنان به‌پرۆژه‌كه‌و دابین نه‌كردنی‌ ئاو كاره‌باو رێگه‌وبانه‌وه‌ كاره‌كه‌ وه‌ستاوه‌.

 

ته‌نها بوون به‌ژێر خۆڵ‌و ئامێره‌كانه‌وه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌ك پسپۆڕانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن مه‌ترسی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ندین نه‌خۆشی‌ له‌و ناوچه‌دا هه‌یه‌.

 

د.نیاز محه‌مه‌د پسپۆری‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ پێست به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ڕۆژانه‌ له‌و خاشاكه‌دا كارده‌كه‌ن پارێزراو نین‌و به‌رده‌وام مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ر ساتێكدا به‌ به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و خاشاكه‌دا دوچاری‌ نه‌خۆشی‌ درێژخایه‌ن‌و كورت خایه‌ن ببنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و مادانه‌ زیان به‌خشن‌و له‌كورترین ماوه‌دا له‌سه‌ر له‌شی‌ مرۆڤ نه‌شونما ده‌كه‌ن‌و دوای‌ ته‌واوكردنی‌ سوڕی‌ گه‌شه‌یان ئه‌و مرۆڤه‌ دوچاری‌ نه‌خۆشی‌ كوشنده‌ ده‌كه‌ن‌و پاشماوه‌ فڕێدراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانیش مه‌ترسیدارترین جۆری‌ خاشاكن".

 

د. نیاز ده‌شڵێت "ئه‌و كه‌سانه‌ ته‌نها مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ خۆیان نیه‌، به‌ڵكو ره‌نگه‌ دواجار هه‌ر خۆیان ببنه‌ هۆكاری‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كان".

 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌م شاره‌وانی‌‌و هه‌م پسپۆڕانی‌ ته‌ندروستی‌ هۆشیاری‌ له‌مه‌ترسی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو پاشماوه‌ی‌ خۆڵ‌و خاشاكدا ده‌گه‌ڕێن، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هیچ چاریان نییه‌و ده‌بێت ئه‌و شه‌ڕه‌ سه‌خته‌ بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌