راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لانه‌ی‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ به‌غدا
ژیان ده‌كرێته‌وه‌ به‌به‌ری‌ هۆڵی‌ ره‌شیددا

نازلی‌ ته‌رزی‌
له‌به‌غدا ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خش گیان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ به‌ری‌ هۆڵی‌ شانۆگه‌ری‌ ره‌شیددا‌و لێناگه‌ڕێن كێشه‌و ئاسته‌نگه‌ ئه‌منییه‌كان شانۆ له‌بیر عێراقییه‌كان بباته‌وه‌.
6.04.2016
هۆڵه‌ له‌بیركراوه‌كه‌ی‌ به‌غدا زیندوو ده‌كرێته‌وه‌
هۆڵه‌ له‌بیركراوه‌كه‌ی‌ به‌غدا زیندوو ده‌كرێته‌وه‌

هه‌ركه‌سێك بچێته‌ هۆڵی‌ ره‌شید له‌ناوچه‌ی‌ ساڵحییه‌ یه‌كه‌م شت كه‌ ده‌یبینێ‌ كۆمه‌ڵێك كورسی‌ تۆز لێنیشتووه‌، ئه‌مه‌ش دیارترین پێناسه‌یه‌ بۆ ئه‌و وێرانكارییه‌ی‌ شه‌ڕه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان له‌بواری‌ هونه‌رو رۆشنبیری‌ له‌عێراقدا دروستیان كرد.

 

ئه‌م هۆڵه‌ له‌ساڵی‌ 2003 بووه‌ قوربانی‌ هێرشی‌ فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان، هه‌رچه‌نده‌ ده‌رگاكانی‌ داخران، به‌ڵام به‌ته‌واوی‌ وێران نه‌بوو، ئێستاش جارێكی‌ تر له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌ند خۆبه‌خشێك كه‌وتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر پێی‌ خۆی‌.

 

هونه‌رمه‌ندی‌ عێراقی‌ قاسم مه‌له‌ك به‌م دواییه‌ له‌رێی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ به‌غدادییه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌غدا دوو گه‌وره‌ترین هۆڵی‌ شانۆگه‌ری‌ له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وانیش هۆڵی‌ مه‌نسورو هۆڵی‌ بۆنه‌كانه‌ كه‌ هه‌ردووكیان كه‌وتوونه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزه‌وه‌و به‌هۆی‌ رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ تونده‌كانه‌وه‌ ناتوانرێ‌ هیچ بۆنه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌‌و رۆشنبیرییان تیا به‌ڕێوه‌ ببرێت.

 

له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌و دوو هۆڵه‌ وایكرد هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌كان به‌گوڕو تینێكی‌ زیاتره‌وه‌ بیر له‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵی‌ ره‌شید بكه‌نه‌وه‌،  ئه‌حمه‌د موسا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پرۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و زانكۆكان هۆكارێكی‌ گرنگ بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر خۆبه‌خش له‌ده‌وری‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كۆببنه‌وه‌".

 

تیمی‌ سه‌ره‌كی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵی‌ ره‌شید له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوانه‌وه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ كاره‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا، خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ خۆبه‌خش هاوكارییان كردن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خێرا ئه‌و هۆڵه‌ گرنگه‌ی‌ به‌غدا زیندوو بكرێته‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د موسا ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ بیرۆكه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵه‌كه‌ نوێ‌ نییه‌و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سیانزه‌ ساڵ به‌ر له‌ئێستا كاری‌ بۆ كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ بودجه‌وه‌ راگیراوه‌، ده‌ڵێت "چاوه‌ڕێكردنی‌ پاڵپشتی‌ حكومی‌ بۆ ماوه‌ی‌ سیانزه‌ ساڵ وایكرد ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر وێران ببێت‌و خۆڵ‌و خاشاكی‌ لێ‌ كۆببێته‌وه‌".

 

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی‌ 1981 هۆڵی‌ ره‌شید كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌وكات نمایشه‌كانی‌ تیپی‌ سه‌مۆفنیای‌ نیشتیمان‌و ڤیستیڤاڵی‌ شانۆی‌ عه‌ره‌بییان تیا پێشكه‌ش ده‌كرا، دانیشتوویه‌كی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر نمایشێك له‌م هۆڵه‌دا هه‌بوایه‌، كورسییه‌كی‌ خاڵیت تیا نه‌ده‌بینی‌".

 

كاری‌ سه‌ره‌كی‌ تیمی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵه‌كه‌ به‌فڕێدانی‌ خۆڵ‌و خاشاك ده‌ستی‌ پێكرد، دوای‌ ئه‌وه‌ شوشتنی‌ ته‌واوی‌ هۆڵه‌كه‌و چاككردنه‌وه‌ی‌ ته‌ختی‌ شانۆكه‌ی‌، یه‌كێك له‌و خۆبه‌خشانه‌ی‌ كار له‌پرۆژه‌كه‌دا ده‌كات ده‌ڵێت "ئامانجمان ئه‌وه‌ نییه‌ هۆڵه‌كه‌ له‌سفره‌وه‌ دروست بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ بودجه‌ی‌ ئه‌وه‌مان نییه‌، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ‌ ژیانی‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌به‌ردا".

 

یه‌كه‌م كار كه‌ له‌دوای‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌وه‌ له‌و هۆڵه‌دا پێشكه‌ش ده‌كرێت، كارێكی‌ شانۆگه‌ری‌ هونه‌رمه‌ندی‌ شانۆكاری‌ عێراق سامی‌ عه‌بدولحه‌میده‌ كه‌ بڕیار وایه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نمایشه‌كه‌ی‌ ده‌ست پێبكات.

 

هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌ی‌ ساڵحییه‌ كه‌ هۆڵی‌ ره‌شیدی‌ تێدایه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارامه‌، به‌ڵام نازانرێ‌ تا چه‌ند گیانی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ ئه‌م هۆڵه‌ پارێزراو ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌حمه‌د موسا ده‌ڵێت "بارودۆخی‌ ئێستا زۆر باشتره‌ له‌جاران‌و خه‌ڵك له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كان راهاتوون، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش رێوشوێنی‌ زیاتریان گرتووه‌ته‌ به‌ر".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ تیمی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵی‌ ره‌شید باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت هیچ گرنگی‌ به‌هونه‌رو رۆشنبیری‌ نادات، به‌ڵام ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژیان بۆ هۆڵه‌كه‌و بۆ به‌غداش بگێڕنه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌