راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كێبڕكێی‌ بێ‌ گۆڕه‌پان
له‌به‌غدا نمایش‌و پێشبڕكێی‌ ئۆتۆمبێل په‌ره‌ ده‌ستێنێ‌

ئه‌یمه‌ن فارس
له‌كه‌ناری‌ روباری‌ دیجله‌ ژماره‌یه‌ك له‌گه‌نجانی‌ به‌غدا بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌ت‌و گۆڕه‌پانی‌ تایبه‌تیان هه‌بێت، پێشبڕكێی‌ ئۆتۆمبێل‌و ماتۆڕسكیل به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.
7.04.2016  |  به‌غدا
نمایشی‌ یه‌كێك له‌ئۆتۆمبێله‌كان ( :وێنه Wikimedia Commons)
نمایشی‌ یه‌كێك له‌ئۆتۆمبێله‌كان ( :وێنه Wikimedia Commons)

هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ده‌یان ئۆتۆمبێلی‌ گرانبه‌ها له‌ناوچه‌ی‌ جادرییه‌ی‌ باشووری‌ به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ پێشبڕكێ‌، كاتێك ده‌كه‌ونه‌ رێ‌ ئه‌ڵێی‌ به‌هۆی‌ بۆنه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.

 

ساڵی‌ 2011 كاتێك "یانه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ وه‌رزشی‌ ئۆتۆمبێل" یه‌كه‌م كێبڕكێی‌ له‌ناوچه‌ی‌ جادرییه‌ رێكخست، ئیتر له‌لای‌ چه‌ند شۆفێرێك ئه‌و پێشبڕكێیه‌ بووه‌ خوو هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك دووباره‌ی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

محه‌مه‌د سالم (24 ساڵ) له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا زوو زوو ده‌چێته‌ ناوچه‌ی‌ جادرییه‌ ده‌ڵێت "گۆڕه‌پانی‌ جادرییه‌ هه‌رچه‌نده‌ زۆر دوورو درێژ نین، به‌ڵام باشترین شوێنه‌ بۆ ئه‌م كێبڕكێیه‌".

 

محه‌مه‌د كه‌ له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ هاوڕێكانی‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچن بۆ ته‌ماشای‌ ئه‌و پێشبڕكێیه‌ی‌ هیچ خه‌ڵاتێكی‌ تیا وه‌رناگیرێت، ده‌ڵێت "هیوادارم حكومه‌ت‌و لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ پشتی‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ بگرن، چونكه‌ هه‌زاران ته‌ماشاكاری‌ ده‌بێت‌و ده‌توانرێت داهاتێكی‌ زۆری‌ لێ‌ ده‌ست بخرێت".

 

گۆڕه‌پانی‌ پێشبڕكێی‌ جادرییه‌ پێش ساڵی‌ 2003 ته‌رخانكرابوو بۆ پێشبڕكێی‌ ئۆتۆمبێل كه‌ عوده‌ی‌ كوڕی‌ سه‌دام حسێن سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌و ده‌وروبه‌ره‌ كران، درێژی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ كورت بووه‌وه‌ بۆ چوار سه‌د مه‌تر‌و سیفه‌تی‌ گۆڕه‌پانی‌ پێشبڕكێی‌ له‌ده‌ستدا.

 

ده‌نگی‌ به‌هێزی‌ بزوێنه‌ره‌كان تێكه‌ڵ به‌ده‌نگ‌و هاواری‌ گه‌نجان ده‌بێت كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌میان كچن هانی‌ شۆفێره‌كان ده‌ده‌ن، له‌نێویاندا محه‌مه‌د هه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی‌ له‌بزوێنه‌ری‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ئه‌نجامداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خێراتر بێت، ئه‌م چالاكیانه‌ش له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌.

 

هه‌موو ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ به‌شداری‌ پێشبڕكێكه‌ ده‌كه‌ن به‌ره‌نگی‌ دیارو زه‌ق بۆیه‌ كراون، ئه‌وان له‌وێ‌ ته‌نها پێشبڕكێی‌ خێرایی‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو فه‌ڕته‌رناش‌و خولانه‌وه‌ به‌شێكی‌ چالاكییه‌كانیانه‌.

 

ئه‌و چالاكیانه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌لێخوڕینی‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌ ته‌نها له‌جادرییه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو زۆرجار ماتۆڕسكیل‌و ئۆتۆمبێله‌ هاوشێوه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و له‌رۆژانی‌ پشوودا به‌كاروان به‌ناو شه‌قامه‌كانی‌ پایته‌ختدا رێده‌كه‌ن، دواهه‌مین نمایشیش ئه‌وه‌ بوو كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ئۆتۆمبێلی‌ (BMW) كه‌ مۆدێلیان جیاواز بوو به‌ناو شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدادا پێكه‌وه‌ ده‌سوڕانه‌وه‌.

 

ماجید كه‌ریم (33 ساڵ) كه‌یه‌كێك بوو له‌به‌شداربوانی‌ ئه‌و نمایشه‌ ده‌ڵێت "بیرۆكه‌كه‌ له‌په‌یجێكی‌ فه‌یسبووكی‌ هه‌وادارانی‌ بی‌ ئێم ده‌بلیو سه‌ریهه‌ڵدا‌و بڕیارماندا پێكه‌وه‌ نمایش بكه‌ین".

 

ده‌شڵێت "بڕیارمانداوه‌ هه‌موو مانگێك ئه‌و نمایشه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێگه‌مان لێنه‌گیرێت، له‌خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌شداین پێشبڕكێی‌ تایبه‌ت به‌خۆمان له‌جێیه‌كی‌ تر ئه‌نجام بده‌ین، چونكه‌ گۆڕه‌پانی‌ جادرییه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغ بووه‌".

 

ماجید پێی‌ وایه‌ ئه‌م جۆره‌ كێبڕكێیه‌ له‌عێراقدا جه‌ماوه‌ری‌ زۆره‌و به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌وه‌دا ده‌كاته‌ پێوه‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌چنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان كاتێك نمایش ده‌كرێت، هه‌م له‌به‌غداو هه‌م له‌پارێزگاكانی‌ بابل‌و به‌سره‌و كه‌ركوك، بۆیه‌ داوا ده‌كات ئه‌و پێشبڕكێیانه‌ به‌ره‌سمی‌ بناسێنرێت.

 

ئه‌م جۆره‌ له‌نمایش‌و كێبڕكێ‌ بێ‌ مه‌ترسی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ نمایشی‌ سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كان زۆرجار بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ بێزاری‌ هاوڵاتیان.

 

ئه‌ركان عه‌بدولخاق ئه‌فسه‌ری‌ هاتوچۆ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ به‌غدا ده‌ڵێت "به‌پێی‌ یاسا ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌و هاتوچۆ پێی‌ بزانێ‌ سزایان ده‌دات".

 

به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی‌ هاتوچۆ ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناتوانن رێگری‌ له‌نمایشی‌ ئۆتۆمبێل بكه‌ن له‌ناوشاردا به‌مه‌رجێك له‌سنوری‌ خێرایی‌ تێپه‌ڕ نه‌كات‌و سه‌غڵه‌تی‌ بۆ هاوڵاتیان دروست نه‌كات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌