راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هاوسه‌رگیری‌ داعشی‌
له‌موسڵ ریشی‌ درێژو جلی‌ كورت مه‌رجی‌ ژنهێنانه‌

نەوزەت شەمدین
وه‌كو هه‌موو بواره‌كانی‌ تر داعش مه‌رجی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ بۆ ماره‌كردنی‌ ژن‌و پیاو، بۆ پیاو ریشی‌ درێژو جلی‌ كورت، بۆ ژنیش نیقاب‌و پۆشته‌یی‌ پێوه‌رن.
7.04.2016  |  به‌رلین
ژنێكی‌ نیقاب پۆش ( :وێنه Wikimedia Commons)
ژنێكی‌ نیقاب پۆش ( :وێنه Wikimedia Commons)

عادل سه‌عید ناچار بوو سێ‌ مانگ رێوره‌سمی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی‌ دوابخات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ ریشی‌ درێژ بێت كه‌ بتوانێت له‌به‌رده‌م قازی‌ دادگای‌ شه‌رعی‌ داعشدا بوه‌ستێت‌و ژنه‌كه‌ی‌ ماره‌ بكه‌ت، هه‌رچی‌ بوكێشه‌ ده‌بێت به‌ته‌واوی‌ له‌ژێر نیقابه‌وه‌ خۆی‌ شاردبێته‌وه‌و نێرینه‌یه‌كی‌ به‌خێوكه‌ری‌ ئاماده‌ بێت، ئه‌م كه‌سه‌و هه‌ردوو شایه‌ته‌كه‌ش ده‌بێت ریشیان هه‌بێت‌و دشداشه‌یه‌كی‌ كورتیان له‌به‌ردا بێت.

 

زاوا ده‌بێت به‌زمانێكی‌ عه‌ره‌بی‌ پاراو ئه‌و رستانه‌ بڵێته‌وه‌ كه‌ قازی‌ ده‌یانڵێت، دوای‌ ئه‌وه‌ش باوك یان برای‌ بوكێ هه‌مان رسته‌كانی‌ قازی‌ ده‌ڵێته‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بوكێ‌ خۆی‌ مافی‌ هه‌بێت هیچ وشه‌یه‌ك بڵێت.

 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ قازی‌ وه‌ك ژن‌و مێرد ناساندنی‌، چه‌ند جارێك ناوی‌ خه‌لیفه‌كه‌ی‌ داعشی‌ پێ وتنه‌وه‌، كاتێكیش عادل له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی‌ چووه‌ ماڵه‌وه‌ پێوت "وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو بچین به‌یعه‌ت به‌خه‌لیفه‌ بده‌ین".

 

له‌یاساكانی‌ داعشدا به‌م شێوه‌یه‌ گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیری‌ سازده‌كرێت، بۆ ئه‌و كاره‌ش حه‌وت دادگا له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ موسڵ كراونه‌ته‌وه‌و قازی‌ عه‌ره‌ب‌و بیانی‌ كچ‌و كوڕ له‌یه‌كتر ماره‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ی‌ پابه‌ند نه‌بێت پێوه‌ی‌ سزای‌ ده‌ده‌ن تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ بگاته‌ كوشتن به‌ره‌جمكردن.

 

له‌رێی‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ "نیقاش" زانیاری‌ ده‌ستكه‌وت له‌سه‌ر ئه‌و دادگایانه‌ی‌ بوونه‌ته‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ دادگای‌ باری‌ شارستانی‌، چونكه‌ ئه‌و دادگایه‌ له‌گه‌ڵ دادگاكانی‌ كه‌تن‌و تاوان‌و به‌رایی‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌رجه‌میان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌و كاری‌ پارێزه‌ری‌ قه‌ده‌غه‌ كراو كۆلێژه‌كانی‌ یاسا له‌موسڵ داخران.

 

له‌دادگای‌ داعشدا مه‌رج نییه‌ كچ‌و كوڕ گه‌یشتبنه‌ ته‌مه‌نی‌ یاسایی‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌خێوكه‌ریان رازی‌ بێت ئه‌وا قازی‌ بۆی‌ هه‌یه‌ له‌یه‌كیان ماره‌ بكات، به‌ڵام مه‌رجه‌ دوو شایه‌ته‌كه‌ ته‌مه‌نی‌ یاساییان ته‌واو كردبێت.

 

له‌رووی‌ شكڵییه‌وه‌ دادگاكان چه‌ند مه‌رجێكیان داناوه‌، ئه‌ویش ده‌بێت پیاوه‌كه‌ ریشی‌ هه‌بێت‌و به‌رگێكی‌ كورتی‌ له‌به‌ردا بێت، ژنه‌كه‌ش داپۆشراو بێت‌و نیقابی‌ پۆشیبێت.

 

هه‌ر ژن‌و مێردێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و دادگایانه‌ گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیری‌ ببه‌ستن، له‌لای‌ داعش وه‌ك "زیناكار" ده‌ناسرێن‌و سزاكه‌یان ره‌جمكردنه‌ به‌به‌رد له‌شوێنێكی‌ گشتیدا.

 

له‌ژێر ئه‌م گوشارانه‌داو له‌سه‌ر داوای‌ دایكی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مان چاره‌نووسی‌ باوكی‌ نه‌بێت كه‌ داعش ساڵی‌ 2012 له‌بارودۆخێكی‌ نا رۆشندا كوشتیان، عادل سه‌عید ناچار بوو بچێته‌ دادگاكه‌و مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ‌ بكات ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی‌ گرێبه‌ستێكی‌ هاوسه‌رگیری‌ به‌مۆری‌ داعشه‌وه‌ پێبێت.

 

دانیشتوانی‌ موسڵ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆرجار دامه‌زراوه‌ی‌ حسبه‌ (پۆلیس)و پێكهاته‌كانی‌ تری‌ داعش له‌په‌یوه‌ندی‌ ئه‌و ژن‌و پیاوانه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نها پێكه‌وه‌ن، ئه‌و كاته‌ ده‌بێت گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌دادگای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ پێشكه‌ش بكه‌ن به‌مێژووی‌ به‌ر له‌چوونی‌ داعش، یان گرێبه‌ستی‌ دادگای‌ داعشیان پێبێت به‌مۆرو ئیمزای‌ قازیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا راپێچی‌ دادگا ده‌كرێن بۆ سزادان.

 

ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی‌ داعش رێگه‌ ناده‌ن هیچ جۆره‌ ئاهه‌نگێكی‌ هاوسه‌رگیری‌ ئه‌نجام بدرێت‌و هه‌موو مه‌راسیمه‌كانی‌ پێشووی‌ هاوسه‌رگیریان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، وه‌ك وێنه‌گرتنی‌ بوك‌و زاواو رۆیشتنی‌ كه‌ژاوه‌ی‌ ئۆتۆمبێل‌و ئاهه‌نگگێڕان، ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ خوانێك بۆ كه‌سوكاره‌كه‌یان بكه‌ن ئه‌ویش به‌بێده‌نگی‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

خه‌ڵكی‌ موسڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش له‌رێی‌ هه‌واڵنێره‌كانیه‌وه‌ چاودێری‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان نێرو مێ ده‌كات‌و هه‌ر ژنێكیش منداڵی‌ ببێت ئه‌بێ‌ گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیری‌ بخاته‌ روو، بۆ منداڵی‌ كوڕ 100 هه‌زار دینارو بۆ كچ 50 هه‌زار دینار باج ده‌سه‌نرێت.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌راورد به‌ساڵانی‌ رابردوو رێژه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ زۆر دابه‌زیوه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ ده‌كه‌ن له‌ترسا ده‌چنه‌ دادگاكانی‌ داعش نه‌وه‌ك رووبه‌رووی‌ سزا ببنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك بوونه‌ قوربانی‌ كاتێك رۆژی‌ 19ی‌ ئازار فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان دادگای‌ داعش‌و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ تریان له‌نزیك زانكۆی‌ موسڵ بۆردومان كرد.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ داعشدا ده‌رده‌چن پسپۆڕانی‌ یاسایی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن "هه‌ر شتێك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ پوچ دابنرێ‌، ئه‌وا خۆیشی‌ پوچه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌گرێبه‌سته‌كانی‌ هاوسه‌رگیریش د. بیلال محه‌مه‌د پسپۆڕی‌ یاسایی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دادگاكانی‌ عێراق ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هه‌ڵناوه‌شێننه‌وه‌ مادام هه‌ردوو لایه‌ن پێی‌ رازین شایه‌ت له‌نێواندا هه‌یه‌.

 

به‌ڵام پێی‌ وایه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ده‌گۆڕدرێن‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ گرێبه‌ستی‌ نوێ‌ ئه‌نجام ده‌درێن "ناوه‌ڕۆكی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌".

 

هه‌رچی‌ ئه‌و هاوسه‌رگیریانه‌شه‌ كه‌ به‌نهێنی‌‌و به‌زاره‌كی‌ كراون، به‌قسه‌ی‌ ئه‌و پسپۆڕه‌ دواتر دادگای‌ باری‌ كه‌سێتی‌ داوای‌ "جێگیركردنی‌ هاوسه‌رێتی‌"یان بۆ جێبه‌جێ‌ ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌كه‌ به‌قسه‌ی‌ د. بیلال له‌و هاوسه‌رگیریانه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ دادگای‌ عێراقی‌ دانیان پیا نانێت، وه‌ك هێنانی‌ ژنی‌ دووه‌م به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ ژنی‌ یه‌كه‌م، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ "ته‌ڵاق" به‌بێ‌ بوونی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ له‌یاسای‌ عێراقیدا هاتوون.

 

تێبینی‌: به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌ی‌ هاتوون ناوی‌ خوازراون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌