راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قڕكردنی‌ به‌كۆمه‌ڵ
له‌گه‌رمیان ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌

دەشتی عەلی
راوكردن له‌گه‌رمیاندا ئه‌وه‌نده‌ زۆربووه‌ كه‌ چالاكوانان‌و ئاژه‌ڵدۆستانی‌ هێناوه‌ته‌ ده‌نگ‌و مه‌ترسی‌ له‌ناوچوونی‌ ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانی‌ لێده‌كه‌ن.‌
10.03.2016  |  سلێمانی
خۆپیشاندانی‌ چالاكوانان له‌كه‌لار دژی‌ راوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان ( :وێنه Dashty Ali)
خۆپیشاندانی‌ چالاكوانان له‌كه‌لار دژی‌ راوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان ( :وێنه Dashty Ali)

گه‌رمیان، یه‌كێكه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌كانی‌ كوردستان له‌رووی‌ بوونی‌ ئاژه‌ڵی‌ كێوییه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ راوه‌وه‌ مه‌ترسی‌ له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌.

 

گەرمیان ناوچەیەکی بەرفراوانە دەکەوێتە باشوورو باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی‌‌و ئاووھەوایەکی گەرم‌و وشکی ھەیە، ناوچەیەکی تەخاتان‌و ڕووتەنە، شارەکانی کەرکووک، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، دووزخورماتوو، خانەقین، جەلەولا، مەندەلی و بەدرە دەگرێتەوە.

 

ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ جێگه‌یه‌كی‌ له‌باره‌ بۆ ژیانی‌ ئاژه‌ڵی‌ كێوی‌، له‌پاش نه‌وته‌وه‌ ره‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نترین سامانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌ كێوییه‌كان بن.

 

ئه‌و به‌شه‌ی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر ركێفی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، راوچییه‌كان سوودی‌ لێده‌بینن بۆ راوكردنی‌ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.

 

ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی‌ زیاتر له‌گه‌رمیان راوده‌كرێت بریتین له‌ئاسك‌و كه‌روێشك‌و سوێسك‌و پۆڕ، راوكردنیشیان به‌ژماره‌یه‌كی‌ زۆر وایكردووه‌ به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌و رێكخراوه‌ ژینگه‌ پارێزه‌كان لێی‌ بێنه‌ ده‌نگ‌و مه‌ترسی‌ خۆیان رابگه‌یه‌نن.

 

هه‌رچه‌نده‌ یاساكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رێ‌ به‌راوكردنی‌ ئاژه‌ڵی‌ كێوی‌ ناده‌ن، به‌ڵام راوكه‌ره‌كان له‌پشتی‌ یاساوه‌ كاری‌ خۆیان ده‌كه‌ن‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش دیارده‌كه‌یان بۆ بنه‌بڕ ناكرێت.

 

پۆلیسی دارستان‌و ژینگه‌ی‌ گه‌رمیان كه‌ به‌رپرسن له‌رێگریكردن له‌راوكردنی‌ ئاژه‌ڵی‌ كێوی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرجار كارمه‌نده‌كانیان ده‌بنه‌ نێچیری‌ راوچیه‌كان.

 

عه‌مید شوان حه‌مه‌ڕه‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان‌و ژینگه‌ی‌ گه‌رمیان بۆ "نیقاش" ئاشكرایكرد، چه‌ندجارێك مه‌فره‌زه‌كانیان له‌كاتی هه‌وڵدانیان بۆ ده‌ستگیركردنی راوچیه‌كان رووبه‌ڕووی ته‌قه‌كردن بوونه‌ته‌وه‌و وتی‌ "ساڵی رابردوودا ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندمان له‌لایه‌ن راوچیه‌وه‌ به‌فیشه‌ك برینداركراون".

 

راوچیه‌كان زیاتر له‌شه‌واندا سه‌رقاڵی راوكردنن تاوه‌كو پۆلیسی دارستان به‌ئه‌سته‌م بتوانن بیاندۆزنه‌وه‌‌و رێگرییان لێبكه‌ن.

 

به‌پێی‌ ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ ته‌نها له‌ ساڵی رابردووا (2015)دا، (279) راوچی ده‌ستگیركراون‌و (115) چه‌كی جۆراوجۆریش ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، به‌پێی‌ ئامارێكی رێكخراوی (پرۆژه‌) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌چاودێری‌ ژینگه‌ هه‌ر له‌و ساڵه‌دا زیاتر له‌(500) ئاسك له‌لایه‌ن راوچیه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌رمیان كوژراون، جگه‌ له‌چه‌ندین ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌ی‌ تر.

 

عه‌مید شوان نیگه‌رانه‌ له‌به‌رده‌وامی‌و زیادبوونی راوكردن‌و وتی‌ "شه‌و نییه‌ چه‌ند راوژییه‌ك ده‌ستگیر نه‌كه‌ین‌و ئۆتۆمبێله‌كانیان راو نه‌نێین، راوچی‌ هه‌یه‌ زیاتر له‌نۆ جار ده‌ستگیركراوه‌".

 

وه‌ك به‌رپرسانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان‌و ژینگه‌ی‌ گه‌رمیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، ئه‌وان خاوه‌نی‌ (550) ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندن‌و چوار به‌ش‌و 14 بنكه‌یان هه‌یه‌ كه‌ دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر قه‌زاكانی كه‌لارو خانه‌قین‌و كفری‌و ناحیه‌كانی قه‌ره‌هه‌نجیر‌و شوان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ش فراوانه‌ بۆیه‌ به‌و ژماره‌ كارمه‌نده‌وه‌ ناتوانن كۆنترۆڵی‌ بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ دارستان ده‌شڵێت "راوچیه‌كان ئۆتۆمبیلی نوێ‌و گونجاویان پێیه‌، ئۆتۆمبیله‌كانی ئێمه‌ش كۆن‌و ئیمكانیاتمان سنورداره‌، بۆیه‌ له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیركردنیان به‌ئاسانی له‌ده‌ستی مه‌فره‌زه‌كانمان هه‌ڵدێن".

 

زۆربوونی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ وای‌ له‌رێكخراوه‌كانی‌ بواری‌ ژینگه‌و چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌ كرد كه‌ له‌ناو شاری‌ كه‌لاردا خۆپیشاندانێك ئه‌نجام بده‌ن‌و داوای‌ رێگری‌ له‌هه‌ڵكشانی‌ دیارده‌كه‌ بكه‌ن.

 

ئازاد ئه‌حمه‌د به‌رپرسی رێكخراوی ژینگه‌دۆستانی گه‌رمیان به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌داخه‌وه‌ راوكردن پێی‌ ناوه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدارو چیتر نابێ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌قڕكردنی ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان‌و به‌تایبه‌تی‌ ئاسك بێده‌نگبن".

 

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 2008دا یاسای ژماره‌ (8)ی تایبه‌ت به‌پاراستن‌و چاككردنی ژینگه‌ی ده‌ركرد، له‌ژێر رۆشنایی‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌سته‌ی‌ پاراستن‌و چاككردنی ژینگه‌ له‌مانگی (نیسانی 2015)دا رێنمایی‌ تایبه‌تی به‌راوكردن‌و سزادانی راوچی ده‌ركردووه‌، به‌پێی‌ ئه‌و رێنماییه‌ له‌به‌رامبه‌ر كوشتنی ئاسكێكدا بڕی (10)ملیۆن دینار غه‌رامه‌ دانراوه‌و له‌كاتی دوباره‌بوونه‌وه‌شدا سزاكه‌ دووهێنده‌ ده‌بێته‌وه‌.

 

سه‌ر‌باری بوونی ئه‌و یاساو رێنماییانه‌، تائێستا به‌شێك له‌دادگاو به‌رپرسانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی گه‌رمیان به‌یاساكانی عێراق‌و یاسای سزادان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ راوچییه‌كان ده‌كه‌ن.

 

ئه‌كره‌م ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی‌ ژینگه‌ی‌ گه‌رمیان به‌"نیقاش"ی وت "به‌شێك له‌دادوه‌رو به‌رپرسانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی گه‌رمیان كار به‌و رێنماییه‌ ناكه‌ن‌و به‌سزایه‌كی سوك راوچیه‌كان ئازاد ده‌كه‌ن". ئه‌و دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر كار به‌رێنماییه‌ نوێیه‌كان بكرێت ئه‌وا راوكردن به‌ته‌واوی‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

 

چالاكوانێكی‌ ژینگه‌ دۆست كه‌ پسپۆڕه‌ له‌بواری ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌ی‌ كێوی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی توێژینه‌وه‌‌و روپێوی له‌ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامده‌دات، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ هه‌ندێك ئاژه‌ڵ‌و باڵنده‌ی‌ كێوی له‌گه‌رمیاندا هه‌ن كه‌ له‌ته‌واوی جیهاندا به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌و له‌ناوچوون رۆیشتوون، وه‌ك جۆره‌كانی‌ (Marbled teal - Goose - Egyptian vulture).

 

د.خالید پاڵانی مامۆستای به‌شی‌ بایۆلۆجی‌ زانكۆی‌ گه‌رمیان‌و چالاكوانی‌ ژینگه‌یی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌رابردوودا چه‌ندینجار پێشنیاری دروستكردنی ناوچه‌ی پارێزراوی سروشتیمان بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت هیچ بایه‌خ‌و گرنگیه‌كی بۆ پاراستنی ژینگه‌ نیه‌".

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ هۆكاری‌ بنه‌بڕنه‌كردنی‌ راو له‌گه‌رمیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی‌ راوچیییه‌كان به‌رپرسی‌ باڵای‌ حیزبه‌كانن‌و پۆلیس‌و دادگا پێیان ناوێرن.

 

بێستون ژاڵه‌یی‌ چالاكوانی مه‌ده‌نی‌و یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ هه‌ڵمه‌تی‌ دژه‌ راوكردنی‌ كردووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "راوچیه‌كان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و كوڕی‌ به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كانن‌و قڕیان خستووه‌ته‌ ناو ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانه‌وه‌".

 

ئه‌گه‌ر چی‌ چالاكوانان‌و ژینگه‌ دۆستان ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ ده‌ستیان داوه‌تێ‌ بۆ بنه‌بڕكردنی‌ راو ده‌زانن كارێكی‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا به‌ر به‌دیارده‌كه‌ نه‌گیرێت، ئه‌وا چه‌ند ساڵێكی‌ تر بوونی‌ ئاژه‌ڵی‌ كێوی‌ له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان ده‌بێت به‌به‌شێك له‌رابردوو هه‌موویان قڕ ده‌بن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌