راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بۆ نه‌خۆش به‌پاره‌و بۆ داعش به‌به‌لاش
موسڵ له‌قه‌یرانێكی‌ قوڵی‌ نه‌بوونی‌ ده‌رمان‌و چاره‌سه‌ری‌ پزیشكیدایه‌

تایبه‌ت
نه‌خۆشخانه‌كانی‌ موسڵ له‌خراپترین دۆخی‌ نه‌بوونی‌ ده‌رمان‌و چاره‌سه‌ردان، به‌هۆی‌ گرانكردنی‌ تێچوونیش له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، هێنده‌ی‌ تر باری‌ سه‌ر شانی‌ خه‌ڵك قورس بووه‌.
20.01.2016
پزیشكێك له‌كه‌ركوك چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆش ده‌كات ( :وێنه Wikicommons)
پزیشكێك له‌كه‌ركوك چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆش ده‌كات ( :وێنه Wikicommons)

هه‌ژده‌ مانگی‌ ره‌به‌قه‌ داعش نه‌خۆشخانه‌كانی‌ موسڵ بۆ چاره‌سه‌ری‌ چه‌كدارانی‌ خۆی‌ به‌كارده‌هێنێت‌و پزیشك‌و په‌رستاره‌كانی‌ به‌بارمته‌ گرتووه‌، فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان په‌كیان بكه‌وێت، ئه‌وا رۆژانه‌ سێسه‌د نه‌خۆش گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

 

فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌ینه‌وا راپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ پارێزگاكه‌وه‌ ئاماده‌كردووه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان له‌كار بكه‌ون، ئه‌وا مه‌ترسی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات‌و به‌هۆیه‌وه‌ رۆژانه‌ (250 - 300) هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

 

مێژووی‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌رو فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌ینه‌وا كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كارده‌كات زانیارییه‌كانی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ ده‌قی‌ راپۆرته‌كه‌ له‌هیچ میدیایه‌كدا بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌و به‌م دواییه‌ "نیقاش" كۆپییه‌كی‌ ده‌ست كه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ زۆرێك له‌ورده‌كارییه‌كانی‌ ناو راپۆرته‌كه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام "نیقاش" له‌رێی‌ دواندنی‌ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ناو موسڵه‌وه‌ توانی‌ به‌شێكیان پشت راست بكاته‌وه‌.

 

خالید موسڵی‌ (ناوی‌ خوازراوی‌ پزیشكێكه‌) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ موسڵ له‌كار نه‌وه‌ستاون، به‌ڵام گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر جۆری‌ كاره‌كه‌یاندا هاتووه‌، ئێستا له‌وێ‌ نه‌ ڤاكسینی‌ كوتانی‌ منداڵان‌و نه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ برینپێچان ده‌ست ناكه‌ون.

 

خالید ده‌ڵێ‌ "زۆربه‌ی‌ پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان ده‌ست ناكه‌ون‌و رۆژانه‌ نه‌خۆشخانه‌كان بۆ ماوه‌ی‌ بیست كاتژمێر كاره‌بایان نییه‌‌و ژووره‌كان به‌لایتی‌ شه‌حن رووناك ده‌كرێنه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌شی‌ فریاگوزاری‌ خێرا كاره‌با هه‌یه‌".

 

به‌قسه‌ی‌ ئه‌و پزیشكه‌و پزیشكه‌كانی‌ تر به‌راورد به‌ساڵانی‌ رابردوو ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانی‌ نه‌خۆشخانه‌كان بۆ نیوه‌ دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ داعش سیسته‌می‌ چاره‌سه‌ری‌ خۆڕایی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

 

فه‌رمانبه‌رێك له‌شاری‌ پزیشكی‌ موسڵ لیستی‌ تێچوونی‌ چاره‌سه‌ره‌ پزیشكییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" خوێنده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ مانه‌وه‌ی‌ یه‌ك شه‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌پێنج هه‌زار دیناره‌و له‌ژوورێكی‌ تایبه‌ت ده‌بێته‌ سی‌ هه‌زار دینار، پشكنینی‌ پزیشكی‌ له‌نێوان بیست‌و پێنج بۆ دووسه‌د هه‌زار دیناردایه‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ نرخه‌كه‌ی‌ له‌نێوان بیست‌و پێنج هه‌زار بۆ یه‌ك ملیۆن دیناردایه‌، بۆ نموونه‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ منداڵبوون نرخه‌كه‌ی‌ پێنج سه‌د هه‌زار دیناره‌.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان نرخیان خراوه‌ته‌ سه‌ر، نه‌خۆش ناچاره‌ دوو مانگ بوه‌ستێت تا سه‌ره‌ی‌ پشكنین‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ به‌رده‌كه‌وێت.

 

ره‌نگه‌ ئه‌م نرخانه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق ئێجگار زۆر نه‌بن، به‌ڵام بۆ موسڵ كه‌ نۆ مانگه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌و نرخانه‌ زۆر زۆرن.

 

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌ڵێت "بۆ ده‌رمانێك گه‌ڕام بۆ دایكم، بیست ده‌رمانخانه‌ گه‌ڕام ده‌ستم نه‌كه‌وت، له‌كاتێكدا چه‌ند مانگێك پێش ئێستا له‌هه‌موو شوێنێك ده‌ست ده‌كه‌وت، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا روو ده‌دات زۆر خراپتره‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابوری‌ نێوان ساڵانی‌ 1991 بۆ 2003".

 

قه‌یرانی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتنی‌ داوو ده‌رمان له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، محه‌مه‌دی‌ ده‌رمانساز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌ده‌گی‌ ستراتیژی‌ هه‌موو نه‌خۆشخانه‌و ده‌رمانخانه‌كان ته‌واوبوون‌و به‌غداش هیچ بڕه‌ ده‌رمانێكی‌ نه‌ناردووه‌، چونكه‌ هه‌ر ده‌رمانێك بگات داعش ده‌یباته‌ شاری‌ ره‌ققه‌ی‌ سوریا.

 

محه‌مه‌د روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌رمان له‌سوریاوه‌یه‌، ئه‌ویش چه‌ند جۆرێكی‌ ده‌رمانی‌ كوالێتی‌ خراپی‌ چینی‌‌و هیندی‌‌و توركی‌‌و سورین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند جۆره‌ ده‌رمانێكی‌ گرنگ هه‌ر ده‌ست ناكه‌ون.

 

پێویستی‌ نه‌خۆشه‌كان بۆ داعش بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باشی‌ داهات، چونكه‌ دیوانی‌ ته‌ندروستی‌ داعش له‌سه‌دا 65ی‌ داهاتی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست‌و ئه‌وه‌ی‌ تری‌ دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر كارمه‌ندانی‌ پزیشكیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌غدا موچه‌كه‌ی‌ بڕیون.

 

هه‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ گرتنه‌ ده‌ستی‌ موسڵ داعش چه‌ند مه‌رجێكی‌ قورسی‌ به‌سه‌ر پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌و شاره‌دا سه‌پاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆیان نییه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌و ده‌بێت ده‌وامه‌كانیان زیاد بكه‌ن، ئه‌وانه‌شی‌ سه‌رپێچی‌ بكه‌ن چه‌ند سزایه‌كیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت وه‌ك داخستنی‌ عیاده‌ تایبه‌ته‌كانیان‌و سزای‌ قورستر.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ دوو هه‌زار پزیشك‌و پانزه‌ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له‌دوانزه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌‌و ده‌یان ناوه‌ندی‌ ته‌ندروستی‌‌و نۆڕینگه‌ی‌ میللی‌ له‌موسڵ‌و قه‌زاو ناحییه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ كارده‌كه‌ن كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش.

 

ئه‌م ئاماره‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ته‌نها یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌و كه‌رته‌ توانیویانه‌ له‌ده‌ست داعش ده‌ربازیان ببێت‌و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌.

 

ئه‌و موچه‌یه‌ی‌ كه‌ داعش به‌ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌دات ئێجگار كه‌مه‌، بۆ نموونه‌ كه‌سێكی‌ وه‌ك ئه‌حمه‌د جبوری‌ په‌رستار له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌لام مانگانه‌ ته‌نها (75) هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، له‌كاتێكدا موچه‌كه‌ی‌ جارانی‌ یه‌ك ملیۆن دینار بوو.

 

ئه‌حمه‌د جبوری‌ (ناوێكی‌ خوازراوه‌) به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌رزترین موچه‌ی‌ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌سه‌د هه‌زار دینار تێپه‌ڕ ناكات، ئێمه‌ به‌و پاره‌یه‌ ده‌ژین كه‌ له‌نۆڕینگه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌ستمان ده‌كه‌وێت".

 

دیوانی‌ ته‌ندروستی‌ داعش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵبوونی‌ ره‌گه‌زی‌ نێرو مێی‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، هیچ پزیشكێكی‌ پیاو بۆی‌ نییه‌ پشكنین بۆ ژن بكات‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

 

ئێستا نه‌خۆشخانه‌كان بوونه‌ته‌ گرتوخانه‌ بۆ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌‌و له‌هه‌مان كاتیشدا بوونه‌ته‌ هۆتێلی‌ پێنج ئه‌ستێره‌ بۆ چه‌كدارانی‌ داعش.

 

دكتۆر خالید موسڵی‌ ده‌ڵێت "پێش هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت چه‌كدارانی‌ داعش تیمار بكرێن‌و هه‌رچی‌ جۆری‌ ده‌رمان هه‌یه‌ له‌ده‌رمانخانه‌ تایبه‌ته‌كان به‌خۆڕایی‌ بۆیان دابین بكرێت، پزیشكه‌كانیش به‌زۆره‌ملێ ده‌بێت تیماریان بكه‌ن".

 

خالید ده‌شڵێت "ته‌نانه‌ت كه‌سوكاری‌ داعشییه‌كانیش مامه‌ڵه‌ی‌ تایبه‌تیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت‌و ده‌بێت به‌خۆڕایی‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، كه‌چی‌ له‌ولاوه‌ به‌سه‌دان نه‌خۆشی‌ تر هیچ چاره‌سه‌رێكیان پێ نادرێ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ پشكنین‌و داوو ده‌رمانیان پێ نییه‌".

 

 

زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ موسڵ به‌زۆره‌ملێ‌و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و فشاردا ناچارن كاره‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام چه‌ند پزیشك‌و كارمه‌ندێكیش هه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ خۆیان به‌یعه‌تیان به‌داعش داوه‌، له‌دیارترینیان پزیشكێكی‌ به‌ناوبانگی‌ موسڵه‌ به‌ناوی‌ فارس عه‌لی‌ بیلال كه‌ ئێستا راگری‌ كۆلێژی‌ پزیشكییه‌ له‌موسڵ.

 

ئه‌م پزیشكه‌ هه‌ر زوو به‌یعه‌تی‌ به‌داعش دا، ته‌نانه‌ت هاشم هاشمی‌ پسپۆڕ له‌كاروباری‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت كه‌ فارس خۆی‌ تیماری‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ خه‌لیفه‌ی‌ داعشی‌ كردووه‌ كاتێك له‌مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ رابردوو به‌بۆردومانی‌ فرۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان بریندار بووه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌