راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ فه‌یسبووك
راستی‌ وێنه‌و ڤیدیۆكان شتێكی‌ تر ده‌ڵێن

تایبه‌ت
له‌رێی‌ چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ بنكۆڵكارییه‌وه‌ نیقاش راستی‌ هه‌ندێ‌ وێنه‌و ڤیدیۆ ده‌رده‌خات كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شتێكی‌ تریان له‌باره‌وه‌ ده‌وترێ‌.
20.01.2016  |  به‌غداو سلێمانی‌
چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و وێنانه‌ی‌ زۆرترین مقۆمقۆیان له‌سه‌ر بووه‌
چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و وێنانه‌ی‌ زۆرترین مقۆمقۆیان له‌سه‌ر بووه‌

به‌هۆی‌ ئه‌و باره‌ نائارامه‌ی‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌، زۆر خێرا عێراقییه‌كان باوه‌ڕ به‌و وێنه‌و كۆمێنت‌و ڤیدیۆیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن، لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانه‌وه‌ سوودی‌ لێبینراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ ناڕاست له‌سه‌ر یه‌كتر بڵاوبكه‌نه‌وه‌و كێرڤی‌ رق‌و توڕه‌یی‌ خه‌ڵك به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبكشێنن.

 

له‌نێو خه‌ڵكی‌ عێراقداو به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان گه‌نجاندا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ فه‌یسبووك‌و تویته‌رو یوتیوب ره‌واجێكی‌ زۆریان هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ هه‌واڵ‌و زانیاری‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و زیاتر له‌میدیا كلاسیكییه‌كان پشتی‌ پێده‌به‌ستن.

 

به‌و پێیه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناچنه‌ ژێر هیچ پێوه‌رێكی‌ دیاریكراوه‌و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ ده‌توانێ‌ وێنه‌و ڤیدیۆو زانیارییان لێ‌ بڵاوبكاته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ جار ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌واڵی‌ ناڕاست.

 

به‌ده‌یان پۆستی‌ ناڕاست بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ وه‌ك ئاگری‌ ناو پوش‌و په‌ڵاش خێرا ته‌شه‌نه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر وه‌رده‌گیرێ‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێك ئه‌رك بكێشێت‌و له‌راست‌و دروستیان بكۆڵێته‌وه‌.

 

تیمی‌ "نیقاش"‌و رێكخراوی‌ "MICT" ئه‌ڵمانی‌ له‌چه‌ند نموونه‌یه‌كی‌ پۆست‌و ڤیدیۆی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان كۆڵییه‌وه‌ كه‌ بووه‌نه‌ته‌ مایه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رق‌و كینه‌و توڕه‌یی‌ له‌نێو پێكهاته‌ جۆر به‌جۆره‌كاندا، ته‌نها به‌كارهێنانی‌ چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ بنكۆڵكاری‌ ئه‌لكترۆنی‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان پشت راست بكرێنه‌وه‌.

 

رۆژی‌ 2ی‌ ئه‌م مانگه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودییه‌ (نه‌مر ئه‌لنه‌مر)ی‌ پیاوی‌ ئاینی‌ شیعه‌یان له‌سێداره‌دا، چه‌ند كاتژمێرێك دوای‌ ئه‌وه‌ له‌شاره‌ شیعه‌نشینه‌كانی‌ عێراق شه‌پۆلێكی‌ توڕه‌یی‌ گه‌وره‌ سه‌ریانهه‌ڵداو له‌به‌غدا خۆپیشاندان دژی‌ له‌سێداره‌دانی‌ نه‌مر رێكخراو خۆپیشانده‌ران دروشمیان دژی‌ سعودییه‌ ده‌وته‌وه‌.

 

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیارترین شوێن بوون كه‌ به‌هه‌واڵی‌ ناڕاست توڕه‌یی‌ خه‌ڵكیان تیا په‌خش بكرێت‌و هه‌موو ئه‌و تۆڕانه‌ش ده‌یانویست له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆوه‌ زانیارییه‌كانی‌ خۆیان بسه‌لمێنن‌و سۆزی‌ خه‌ڵك راكێشن، به‌ڵام به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ژماره‌یی‌ ده‌رخرا كه‌ ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ راست نین.

 

یه‌كێك له‌و ڤیدیۆیانه‌ی‌ له‌یوتیوب بڵاوبووه‌وه‌ گوایه‌ ساتی‌ له‌سێداره‌دانی‌ نه‌مره‌و به‌هه‌زاران بینه‌ری‌ هه‌بوو، دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌راستیدا ئه‌و ڤیدیۆیه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوبووه‌ته‌وه‌و تیایدا ئیشكه‌رێكی‌ ئه‌نده‌نوسی‌ له‌سێداره‌ ده‌درێت.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌ڤیدیۆكان وه‌ها باسی‌ لێوه‌ ده‌كرا كه‌ فڕێدانه‌ خواره‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ نه‌مره‌ له‌فرۆكه‌یه‌ك، ئه‌ویش پاش له‌سێداره‌دانی‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ده‌ركه‌وت راستی‌ ڤیدیۆكه‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ كارمه‌ندێكی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ سعودییه‌ له‌رووداوێكدا.

 

شه‌ڕو ناكۆكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ عێراق‌و سوریا ده‌یان پاڵه‌وانی‌ خه‌یاڵییان دروستكردووه‌، سه‌ربازێك له‌وپه‌ڕی‌ دنیاوه‌ گولله‌ هاوه‌ن له‌قۆڵی‌ چه‌قیوه‌، كه‌چی‌ لێره‌ ده‌یان خاوه‌ن بۆ چیرۆكه‌كه‌ی‌ په‌یدا بووه‌.

 

سه‌ربازه‌كه‌ له‌ژوورێكی‌ نه‌خۆشخانه‌ كزو مات دانیشتووه‌و به‌دیار چاره‌نووسی‌ ئه‌و گولله‌ هاوه‌نه‌ی‌ له‌باڵیدا جێی‌ خۆی‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین سیفه‌تی‌ وه‌ك "پاڵه‌وانی‌ نه‌به‌زیو، پیاوی‌ ئاسنین، خۆڕاگری‌ بێوێنه‌"ی‌ بدرێته‌ پاڵ.

 

وێنه‌ی‌ ئه‌م "پاڵه‌وانه‌ فره‌ خاوه‌نه‌" له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌گه‌رمترین باس‌و خواسه‌كان، به‌ڵام بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئاگاداری‌ بێت جارێك بووه‌ته‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و جارێك شۆڕشگێڕی‌ سوریاو جارێكیش پێشمه‌رگه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ داعش‌و له‌وه‌ش زیاتر په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی‌ رۆژهه‌ڵات بۆ تایله‌ند.

 

ره‌نگه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌به‌ره‌ جیاوازه‌كانی‌ ناكۆكی‌ له‌عێراق‌و سوریا پێویستیان به‌پاڵه‌وانێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندازه‌ی‌ قاره‌مانێتی‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانیانی‌ پێ بپێون، له‌دنیای‌ كراوه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا ئاسانترین كار ئه‌وه‌یه‌ خۆت بكه‌یته‌ خاوه‌نی‌ پاڵه‌وانێكی‌ بێخاوه‌ن.

 

كاتێك وێنه‌ی‌ ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ له‌فه‌یسبووكی‌ عێراقییه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌، ناساندنه‌كه‌ی‌ ته‌واو جیاواز بوو له‌رووداوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ وێنه‌كه‌، چونكه‌ نوسراوه‌ "ئه‌مه‌ پاڵه‌وانێكی‌ سوپای‌ عێراقییه‌ كه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا گولله‌ هاوه‌نه‌كه‌ به‌ر قۆڵی‌ كه‌وتووه‌".

 

زۆری‌ نه‌خایاند چیرۆكی‌ وێنه‌كه‌ گۆڕدرا، هه‌مان پاڵه‌وان له‌فه‌یسبووكێكی‌ تر بووه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، به‌ڵام بۆ ره‌وایه‌تی‌ به‌خشین به‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ وێنه‌ی‌ چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ داندرا كه‌ به‌گولله‌ پێكرابوو، له‌سه‌ری‌ نوسرا "پاڵه‌وانێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یا عه‌لی‌ له‌سه‌ر قۆڵی‌ نوسراوه‌، گولله‌ هاوه‌نه‌كه‌ نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌".

 

چیرۆكه‌كه‌ له‌عێراقه‌وه‌ په‌ڕییه‌وه‌ بۆ سوریا، ئه‌مجاره‌ بووه‌ پاڵه‌وانێكی‌ شۆڕشگێڕانی‌ سوریا كه‌ له‌شه‌ڕی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د گولله‌كه‌ی‌ به‌ركه‌وتووه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو بۆ كورده‌كان ئه‌مه‌ باشترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیكه‌نه‌ قاره‌مانێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پێكراو به‌گولله‌ی‌ داعش، دواتر هه‌مان پاڵه‌وان چووه‌ به‌ره‌كه‌ی‌ تری‌ شه‌ڕ، ئه‌مجاره‌ بوو به‌داعشێكی‌ نه‌به‌زیوی‌ هاوه‌ن له‌قۆڵ.

 

ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ سه‌ودای‌ گه‌ڕان‌و كنه‌كردن له‌خه‌یاڵیاندا بوو دیاربوو گه‌ڕاون بۆ راستی‌ وێنه‌كه‌، باشترین ئه‌نجامیش كه‌ پێی‌ گه‌یشتوون قاره‌مانه‌كه‌ سه‌ربازێكی‌ تایله‌ندییه‌‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ چاوه‌ڕێی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

 

به‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ورده‌كارییه‌كانی‌ ناو وێنه‌كه‌ ئه‌و راستییه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ برینداره‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ نییه‌ به‌و چیرۆكانه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌ر به‌سوپای‌ كۆڵۆمبیا بووه‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ 2000 له‌شه‌ڕی‌ ئه‌و سوپایه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ (فارك) بریندار بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ساغ نه‌كراوه‌ كه‌ ئاخۆ له‌ژیاندا ماوه‌ یان نا، یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌دوای‌ برینداربوونی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ بۆ كراوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، بلۆگه‌رێكیش باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌ربازه‌كه‌ ناوی‌ (خێسۆس ئالیریۆ)یه‌و له‌ناوچه‌ی‌ (كیومبایا)ی‌ كۆڵۆمبیا پێكراوه‌.

 

ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان پشتی‌ پێبه‌ستراوه‌ سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ورده‌كاری‌ ناو وێنه‌كه‌، له‌سه‌ر قۆڵی‌ سه‌ربازه‌كه‌ (كیومبایا) نوسراوه‌، له‌سه‌ر شانیشی‌ پله‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ واده‌نوێنێ‌ ئه‌فسه‌ر بێت له‌گه‌ڵ جۆری‌ جل‌و به‌رگه‌كه‌ی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌ریخست چیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ عێراقییه‌كان باسی‌ ده‌كه‌ن.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌و وێنه‌نه‌ی‌ مقۆمقۆی‌ زۆری‌ هێنایه‌ ئاراوه‌ وێنه‌یه‌ك بوو كه‌ گوایه‌ ئه‌فسه‌رێكی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكی‌ داعش، وه‌ها قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرا كه‌ پێشمه‌رگه‌و داعش ده‌ستیان تێكه‌ڵ كردووه‌.

 

به‌ڵام پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی‌ وێنه‌كه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌فیلمێكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و ده‌ركه‌وتووه‌كان چه‌ند ئه‌كته‌رێكن كه‌ فیلمێك له‌سه‌ر تاوانه‌كانی‌ داعش ده‌رده‌كه‌ن‌و فیلمه‌كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ ره‌بیعه‌ وێنه‌ گیراوه‌و پێشمه‌رگه‌ش گیانی‌ ئه‌كته‌ره‌كان ده‌پارێزێت.

 

خراپییه‌كانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ ڤیدیۆو وێنانه‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر بێ لێكۆڵینه‌وه‌ خێرا باوه‌ڕیان پێده‌كه‌ن‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هێنده‌ی‌ تر رق‌و كینه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا زیاد ده‌كه‌ن.

 

ئه‌میر فه‌یسه‌ڵ مامۆستای‌ كۆلێژی‌ راگه‌یاندنی‌ زانكۆی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌پاش ته‌شه‌نه‌كردنی‌ هۆكاره‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا، پڕوپاگه‌نده‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای‌ عێراقی‌ خێرا گه‌شه‌ی‌ كرد، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌و زانیارییه‌ی‌ ده‌یه‌وێت بڵاوی‌ بكاته‌وه‌ بێ‌ دڵنیابوون له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌".

 

ده‌شڵێت "ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هۆشیاری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی‌ رۆڵی‌ خراپ ده‌گێڕن له‌كۆمه‌ڵگادا".

 

كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆرێك له‌میدیا لۆكاڵییه‌كانیش له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ تێوه‌ده‌گلێن‌و وێنه‌و ڤیدیۆو زانیاری‌ ناڕاست بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌نه‌شاره‌زایی‌ كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێكی‌ تریش به‌مه‌به‌سته‌و ده‌یانه‌وێت ژماره‌ی‌ سه‌ردانكه‌رانیان زیاد بكه‌ن.

 

هاشم حه‌سه‌ن راگری‌ كۆلێژی‌ راگه‌یاندن له‌زانكۆی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "باشترین رێگا بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ ناڕاست، شاره‌زایی‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ بۆ دڵنیابوون له‌زانیارییه‌كان‌و پشت به‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ی‌ باوه‌ڕ پێكراو".

 

ده‌شڵێت "عێراقییه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌خێرایی‌ هه‌واڵ له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسییه‌وه‌ ببیستن، ده‌بێت میدیاكان خێرا زانیارییه‌ راسته‌كان بڵاوبكه‌نه‌وه‌و رێگه‌ بۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌هێڵنه‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ به‌هه‌واڵی‌ ناڕاست پڕ بكه‌نه‌وه‌".

 

تێبینی‌: ئه‌م راپۆرته‌ به‌رهه‌می‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ تیمی‌ "نیقاش"‌و رێكخراوی‌ "MICT"ی‌ ئه‌ڵمانی‌‌و چه‌ند بلۆگه‌رێكی‌ عێراقییه‌.


ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌دا سوود له‌تواناكانی‌ گروپی‌ جیهانی‌ (bellingcat)و په‌یجی‌ بڵاوكراوه‌ ساخته‌كان وه‌رگیراوه‌

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌