راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورسی‌ كۆتاكان هیچیان پێناكرێت
نوێنه‌ری‌ مه‌ندائییه‌كان: عێراق 10 ساڵی‌ تر هیچ كه‌مایه‌تییه‌كی‌ تیا نامێنێت

سه‌عد سه‌للوم
یه‌كێك له‌كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ پێی‌ وایه‌ چاره‌نووسی‌ هه‌موو كه‌مایه‌تییه‌كان له‌عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ گه‌وره‌دایه‌.
14.01.2016  |  به‌غدا
نوێنه‌ری‌ كۆتای‌ مه‌ندائییه‌كان لەئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا
نوێنه‌ری‌ كۆتای‌ مه‌ندائییه‌كان لەئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا

ره‌عد جه‌بار خه‌میس یه‌كێكه‌ له‌كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌، ره‌نگه‌ هیچ یه‌كێكیش له‌كه‌سه‌ایه‌تییه‌كانی‌ ئه‌و كه‌مایه‌تییه‌ به‌قه‌د ره‌عد پۆست‌و پله‌ی‌ جیاجیای‌ نه‌بووبێت، ئه‌و بڕیارده‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌‌و سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ مه‌ندائی‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباری‌ مه‌ندائی‌‌و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ سیاسه‌ته‌ باڵاكانی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائییه‌، هه‌روه‌ها هه‌تا ساڵی‌ 2012 نوێنه‌ری‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ بووه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عێراق، به‌ر له‌وه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ كۆتای‌ مه‌ندائییه‌كان ببێته‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا.

 

له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌‌و به‌شداریان له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و كاروباره‌ گرنگه‌كان، ره‌عد وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیارانه‌ی‌ "نیقاش"ی‌ دایه‌وه‌.

 

نیقاش: چۆن له‌ناو كه‌مایه‌تییه‌كه‌ی‌ خۆتانه‌وه‌ بۆ كورسی‌ كۆتای ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا پاڵێورایت؟

ره‌عد جه‌بار: له‌راستیدا ئێمه‌ پێشوه‌خته‌ له‌نێو خۆماندا هه‌ڵبژاردنی‌ ئاماده‌سازی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ دیاریكردنی‌ پاڵێوراوه‌كان، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ براوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بووم، بۆیه‌ بۆ كورسی‌ كۆتا پاڵێورام.

 

نیقاش: ده‌ته‌وێ‌ بڵێت ئێوه‌ له‌ناو خۆتاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ كاروباره‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن؟

ره‌عد جه‌بار: سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ به‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌ كه‌ رێوشوێنی‌ دیموكراسی‌ ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباره‌كانیان، چونكه‌ سێ‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ناو سائیبه‌ی‌ مه‌ندائیدا هه‌ن كه‌ بریتین له‌ئه‌نجومه‌نی‌ رۆحانی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ گشتی‌ تایفه‌و ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباری‌ گشتی‌ كه‌ مێژووی‌ دروستبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو چین‌و توێژه‌ جیاجیاكان تیایدا به‌شدارن، ئه‌نجومه‌نی‌ رۆحانی‌ هه‌موو پیاوانی‌ ئاینی‌ له‌خۆ ده‌گرێت‌و گرنگی‌ به‌كاروباری‌ ئاینی‌ ده‌ده‌ن‌و سه‌رۆكی‌ تایفه‌ی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ له‌عێراق‌و جیهان (كه‌نزبرا شێخ ستار جه‌بار حلو) سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیش له‌نوێنه‌رانی‌ عه‌شیره‌ته‌كان پێكدێن كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ راسته‌وخۆدا ده‌ستنیشان ده‌كرێن‌و رۆڵی‌ په‌رله‌مان ده‌گێڕێت له‌نێو سائیبه‌كاندا، هه‌رچی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كاروباری‌ گشتییه‌ له‌نێو ئه‌نجومه‌نی‌ گشتییه‌وه‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن‌و كاروباری‌ رۆژانه‌ی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

 

نیقاش: ئێوه‌ حیزبی‌ سیاسیتان نییه‌، چۆن كاروباری‌ خۆتان رێكخستووه‌؟

ره‌عد جه‌بار: هیچ رێكخراوو پارتێكی‌ سیاسی‌ تایبه‌ت به‌خۆمان نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌ندامانی‌ ئه‌م تایفه‌یه‌ چوونه‌ته‌ ناو حیزبه‌ چه‌په‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌نێو كێبڕكێی‌ سیاسیشدا هیچ بۆشاییه‌ك دروست نه‌بێت، سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ ئه‌نجومه‌نێكیان پێكهێناوه‌ به‌ناوی‌ "لیژنه‌ی‌ سیاسه‌ته‌ باڵاكان" كه‌ له‌ 9 بۆ 15 ئه‌ندام پێك دێت‌و رۆڵی‌ گێڕانی‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ده‌رچوونی‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌كاندا.

 

نیقاش: سه‌ركرده‌ سیاسی‌‌و ئاینییه‌كانی‌ تایفه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌؟

ره‌عد جه‌بار: له‌ئاستێكی‌ هه‌ره‌ باڵادا هه‌ماهه‌نگی‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ نامانه‌وێت سه‌رۆك تایفه‌و سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كان سه‌رقاڵ بن به‌ململانێی‌ سیاسییه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان كاروباری‌ ئاینی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌مانكات رۆڵی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌دیاریكردنی‌ پاڵێوراوه‌كان‌و بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا.

 

نیقاش: له‌پاش ساڵی‌ 2003 به‌شداری‌ مه‌ندائییه‌كان چۆن بووه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا؟

ره‌عد جه‌بار: ساڵی‌ 2003 به‌شداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ حوكممان نه‌كرد، به‌ڵام له‌كۆمكاری‌ نیشتیمانیدا به‌شداربوین‌و دوای‌ ئه‌وه‌ش بۆ لیژنه‌ی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستور نوێنه‌ری‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ بۆ یه‌كێك له‌لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان زیادكرا، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ ساڵی‌ 2010 پاڵێوراومان هه‌بوو بۆ كورسی‌ كۆتای په‌رله‌مان، چوار ساڵ دواتر پێنج پاڵێوراومان بۆ هه‌مان كورسی‌ هه‌بوو، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانیش كورسیه‌كمان بۆ زیادكرا‌و له‌ ساڵی‌ 2009ه‌وه‌ له‌وێش نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه‌.

 

نیقاش: ئاستی‌ به‌شداری‌ سیاسی‌ خۆتان له‌دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

ره‌عد جه‌بار: له‌راستیدا به‌شداری‌ ئێمه‌ به‌شدارییه‌كی‌ ره‌مزییه‌و رۆڵ‌و كاریگه‌ری‌ نییه‌، نه‌ وه‌زاره‌ت‌و نه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیمان نه‌دراوه‌تێ‌، به‌رزترین پۆست كه‌ وه‌رمان گرتووه‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئه‌وقافی‌ سائیبه‌ی‌ مه‌ندائییه‌ له‌دیوانی‌ وه‌قفی‌ مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ كۆنترین گروپی‌ ئاینین له‌عێراقدا.

 

نیقاش: دیارترین داخوازییه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئێوه‌ چین؟

ره‌عد جه‌بار: سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ ئومێدیان به‌وه‌یه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا فه‌رامۆش‌و كه‌نارگیر نه‌كرێن‌و مافی‌ ده‌ستوری‌‌و یاسایی‌ خۆیان پێبدرێت، به‌ڵام دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كان له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا وایكردووه‌ كه‌مایه‌تییه‌كان بخرێنه‌ لاوه‌و هه‌موو شت به‌ده‌ستی‌ شیعه‌و سوننه‌و كورد بێت، به‌راستی‌ ئێمه‌ فه‌رامۆشكراوین‌و ساده‌ترین مافی‌ خۆمان پێ نادرێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ كارا به‌شدار نین له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا، به‌بڕوای‌ من پێدانی‌ وه‌زاره‌تێكی‌ خزمه‌تگوزاری‌ به‌سائیبه‌ی‌ مه‌ندائی‌ رێگه‌مان بۆ خۆش ده‌كات خزمه‌تی‌ وڵات بكه‌ین، هه‌رچی‌ كورسی‌ كۆتاكانه‌ پێم وانییه‌ هیچ شتێك له‌بڕیاری‌ سیاسی‌ بگۆڕن.

 

نیقاش: چۆن له‌ئاینده‌ی‌ مه‌ندائییه‌كان ده‌ڕوانی‌ له‌عێراقدا؟

ره‌عد جه‌بار: به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك به‌گومان بووین له‌وه‌ی‌ عێراق خاڵی‌ ده‌بێت له‌مه‌ندائییه‌كان، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ی‌ ده‌یبینین ورده‌ ورده‌ عێراق هیچ كه‌مایه‌تییه‌كی‌ تیا نامێنێت‌و له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ داهااتوودا هه‌موویان وڵات جێده‌هێڵن، ئه‌گه‌ر به‌دیاریكراویش باسی‌ مه‌ندائییه‌كان بكه‌ین، ئه‌وا ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كانیشمان كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی‌ كۆچ، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌وانه‌ی‌ ماون خۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ جێهێشتنی‌ عێراق.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌