راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شكاندنی‌ كۆت‌و به‌ند
ژنانی‌ دیوانیه‌ ته‌نها فه‌یسبووك شك ده‌به‌ن

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
گروپه‌ داخراوه‌كانی‌ فه‌یسبووك بۆ ژنانی‌ دیوانییه‌ بووه‌ته‌ شوێنی‌ كۆڕوكۆبوونه‌وه‌و په‌یداكردنی‌ كارو كچ به‌شوودان‌و راوێژو ڕا گۆڕینه‌وه‌.
29.12.2015  |  دیوانیه
احد اسواق الديوانية
احد اسواق الديوانية

قه‌ته‌ر نه‌دا (25 ساڵ) به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێته‌ ئه‌ندام له‌یه‌كێك له‌گروپه‌كانی‌ ژنان له‌فه‌یسبووك، ته‌نها ژماره‌یه‌ك بوو له‌نێو ئه‌و هه‌موو ده‌رچوانه‌ی‌ زانكۆ كه‌ به‌بێ‌ كار ده‌مێننه‌وه‌و زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌ به‌ڕێده‌كرد.

 

ئه‌و كچه‌ رۆژه‌ خۆشه‌كانی‌ زانكۆی‌ باش به‌بیر ماوه‌و ده‌یوت "له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌‌و هاوپۆله‌كانم كاتی‌ زۆر خۆشمان به‌ڕێده‌كردو بیرمان له‌كارو ژیانی‌ پاش خوێندن ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام دوای‌ ده‌رچوون ئیتر كه‌وتمه‌ كونجی‌ ماڵه‌وه‌و كه‌سوكاره‌كه‌م نه‌یانده‌هێشت هاوڕێ‌ كچه‌كانم ببینم، دواجار ئه‌م گروپه‌ی‌ فه‌یسبووك به‌هانامه‌وه‌ هات".

 

ته‌نهایی‌‌و بێكاری‌‌و بێزاربوون ته‌نها به‌رۆكی‌ قه‌ته‌ریان نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو حاڵی‌ زۆربه‌ی‌ ژنانی‌ دانیشتوی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ داخراوی‌ وه‌ك دیوانیه‌ن.

 

ده‌لال كامیل (35 ساڵ) كه‌ ده‌رچووی‌ خانه‌ی‌ مامۆستایانه‌ ئێستا بووه‌ته‌ ژنی‌ ماڵه‌وه‌و ئه‌و كاته‌ به‌تاڵه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌فه‌یسبووك به‌سه‌ری‌ ده‌بات، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆرجار مێرده‌كه‌م ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ كات به‌سه‌ر ببات، بۆ پیاوان دنیایه‌ك قاوه‌خانه‌و شوێنی‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام من ده‌بێت گرێدراوی‌ ماڵه‌وه‌ بم".

 

ده‌لال ده‌پرسێت ئاخۆ ده‌بێت چ كێشه‌یه‌ك هه‌بێت كه‌ شوێنی‌ تایبه‌ت به‌كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ی‌ ژنان دروست بكرێت؟ ناشزانێ‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ چی به‌سه‌رهات كه‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش‌و لاوان بڕیاری‌ لێدابوو بۆ دروستكردنی‌ كۆڕبه‌ندێكی‌ وه‌رزشی‌ بۆ ژنانی‌ دیوانیه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ بیستوویه‌تی‌ بینای‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ته‌واونه‌كراوی‌ جێهێڵدراوه‌.

 

ده‌لال‌و خوشكه‌كانی‌ بۆ گفتوگۆو را گۆڕینه‌وه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر فه‌یسبووك‌و ده‌ڵێت "فه‌یسبووك یارمه‌تی‌ دام له‌رووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئاگام له‌ده‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌وێوه‌ زیاتر فێری‌ هونه‌ره‌كانی‌ چێشتلێنان‌و دیكۆر ده‌بم".

 

گروپه‌ داخراوه‌كان بۆ هه‌ندێ كه‌س بووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێكی‌ بێوێنه‌ له‌ژیانیاندا، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش نه‌هره‌وانه‌.

 

له‌بازاڕێكدا كه‌ پیاوسالاری‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریدا‌و كرێكه‌ی‌ به‌رزه‌، تاكه‌ ده‌رفه‌ت بۆ نه‌هره‌وان‌و هاوشێوه‌كانی‌ گروپه‌ داخراوه‌كانی‌ فه‌یسبووكه‌ تا بره‌و به‌كارو پیشه‌كه‌یان بده‌ن.

 

نه‌هره‌وان مونعیم (30 ساڵ) له‌بواری‌ به‌رگدروو مۆدێلاتی‌ جل‌و به‌رگدا كارده‌كات، به‌ڵام تائێستا نه‌یتوانیوه‌ دوكانێك بۆ كاره‌كه‌ی‌ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ په‌نای‌ بۆ فه‌یسبووك بردووه‌.

 

نه‌هره‌وان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌رێی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ دیزایی‌ جل‌و به‌رگ‌و عه‌باو عه‌زییه‌كان نمایش ده‌كه‌م، به‌و هۆیه‌وه‌ خواستێكی‌ زۆریان له‌سه‌ر په‌یدا بووه‌و ئێستا له‌لای‌ مێردی‌ یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ گروپه‌كه‌مانه‌ ده‌یفرۆشم، چونكه‌ خۆی‌ دوكانی‌ جل‌و به‌رگی‌ هه‌یه‌".

 

ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌و گروپه‌وه‌ مانگانه‌ نه‌هره‌وان نزیكه‌ی‌ شه‌ش سه‌د دۆلاری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م كاره‌ نه‌هره‌وان‌و هاوڕێكانی‌ هانداوه‌ گروپه‌كه‌ی‌ فه‌یسبووك ته‌نها ژنانی‌ دیوانیه‌ نه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكو پارێزگاكانی‌ تریش له‌خۆ بگرێت.

 

گروپی‌ (چێشتخانه‌ی‌ دیوانیه‌) ئێستا یه‌كێكه‌ له‌گروپه‌ گه‌وره‌كان كه‌ ده‌ هه‌زار ژن تیایدا ئه‌ندامن، دایكی‌ عه‌لی‌ ئادمینی‌ گروپه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ داخراوی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان كه‌ ژن ناتوانێت به‌هره‌كانی‌ خۆی‌ تیا ده‌ربخات، ئه‌م گروپه‌مان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ چێشتلێنان‌و جل‌و به‌رگ‌و بازاڕكردن‌و كات به‌سه‌ربردنه‌".

 

دایكی‌ عه‌لی‌ ده‌شڵێت "جوانی‌ ئه‌م گروپه‌ له‌هه‌مه‌ڕه‌نگی‌ بیروبۆچوونی‌ ئه‌ندامه‌كانیدایه‌، ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌ت بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆر كه‌س فێری‌ پیشه‌ی‌ ده‌ستی‌‌و جۆره‌كانی‌ خواردن‌و كاروباری‌ ماڵه‌وه‌ ببێت".

 

به‌هۆی‌ خێرا بڵاوبوونه‌وه‌یان، گروپه‌كان بووه‌نه‌ته‌ مینبه‌رێكی‌ بانگه‌شه‌ی‌ خۆڕایی‌ بۆ كاڵا جۆره‌ به‌جۆره‌كان، ته‌نانه‌ت به‌هۆی‌ یه‌كێك له‌گروپه‌كانه‌وه‌ دوكانێك كراوه‌ته‌وه‌ بۆ فرۆشتنی‌ ئیشی‌ ده‌ستی‌ ژنانی‌ دیوانیه‌.

 

شه‌هلا قاسم (50 ساڵ) كه‌ خاوه‌نی‌ ئارایشتگایه‌ ده‌ڵێت "فه‌یسبووك بازاڕی‌ كاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ گه‌رم كردووه‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی‌ ئه‌و گروپانه‌ شتێكی‌ به‌دڵ بێت له‌بابه‌تی‌ ماكیاژو رازاندنه‌وه‌و كه‌لوپه‌لی‌ جوانكاری‌، یه‌كسه‌ر له‌گروپه‌كاندا بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كات".

 

ئه‌و گروپانه‌ی‌ هه‌ن ته‌نها باسی‌ كاروباری‌ ناوماڵ ناكه‌ن، به‌ڵكو چه‌ندین گروپی‌ تایبه‌ت كراونه‌ته‌وه‌ به‌پێشكه‌شكردنی‌ رێنمایی‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك‌و باسكردنی‌ نه‌خۆشی‌.

 

ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و گروپه‌ داخراوانه‌وه‌ چه‌ندین كچ‌و كوڕ ده‌رفه‌تی‌ هاوسه‌رگیریان بۆ ره‌خساوه‌، چونكه‌ ئه‌ندامانی‌ ناو گروپه‌كان تێكه‌ڵی‌ یه‌كتر بوون.

 

زه‌هره‌ نه‌رجس ئادمینی‌ یه‌كێك له‌گروپه‌ داخراوه‌كانی‌ فه‌یسبووك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات چه‌ند كه‌سێك به‌هۆی‌ گروپه‌كه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ ژیانی‌ هاوسه‌ریی‌ پێكهێناوه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا گروپه‌كانی‌ فه‌یسبووك به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌دیوانییه‌ په‌ره‌یان سه‌ندووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ كه‌س پێیان وایه‌ ده‌بێت به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌یان لێ‌ نه‌كه‌وێته‌وه‌.

 

فریال كه‌عبی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ "ئاوان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان" به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆرجار به‌هۆی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ كڕین‌و فرۆشتندا فێڵ له‌خه‌ڵك كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌دروستكردنی‌ هه‌ندێ‌ كێشه‌ی‌ خێزانی‌‌و به‌كارهێنانی‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و لێسه‌ندنی‌ پاره‌ به‌زۆر".

 

هه‌رچه‌نده‌ فریال‌و هاو بۆچوونه‌كانی‌ زۆر جه‌خت له‌مه‌ترسییه‌كانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ژنانی‌ دیوانییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ته‌نها ئه‌و ده‌رچه‌یه‌ شك ده‌به‌ن ناتوانن ده‌ستبه‌رداری‌ ببن‌و له‌وێوه‌ تێكه‌ڵی‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌