راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌پوتۆزی‌ سه‌ر ئور ده‌ڕه‌وێته‌وه‌
تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان شوێنه‌واره‌كانی‌ ناسرییه‌ زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌

ئه‌حمه‌د سامر
دوای‌ ده‌یان ساڵ له‌فه‌رامۆشكردن‌و وێرانكاری‌، ئاهێك دێته‌وه‌ به‌به‌ری‌ شوێنه‌واری‌ دێرینی‌ ئور له‌ناسرییه‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دێن به‌ده‌میه‌وه‌.
24.12.2015  |  زیقار
شارستانێتی‌ ئور ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا)
شارستانێتی‌ ئور ( :وێنه موسوعة ويكوبيديا)

له‌نزیك به‌شێك له‌شوێنه‌واره‌كانی‌ ئور له‌پارێزگای‌ ناسرییه‌ی‌ خوارووی‌ عێراق، د. عه‌بدولئه‌میر حه‌مدانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشووی‌ پشكنه‌رانی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ زیقار زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌سه‌ر ده‌بات كه‌ دووه‌م وه‌رزه‌ له‌سه‌ر یه‌ك خه‌ریكی‌ پشكنینی‌ شوێنه‌واره‌كانن.

 

تێكدانی‌ شوێنه‌واری‌ ئاشوورییه‌كان له‌نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ وای‌ له‌م پیاوه‌ كرد نیویۆرك جێبهێڵێ‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ له‌بواری‌ شوێنه‌وارو ئینسرۆپۆلۆجیا تیا به‌ده‌ست هێنابوو، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ناسرییه‌و توانای‌ زانستییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌وێ‌ خسته‌ گه‌ڕ.

 

حه‌مدانی‌ پێی‌ وایه‌ باشترین وه‌ڵام بۆ هێرشه‌كانی‌ داعش بۆ سه‌ر شارستانێتی‌ عێراقی‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كان‌و دۆزینه‌وه‌و چاكسازییان.

 

ناسرییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگاكانی‌ عێراق له‌رووی‌ شوێنه‌واره‌وه‌، به‌جۆرێك (850) شوێنه‌واری‌ جیاجیای‌ سۆمه‌ری‌‌و ئه‌كه‌دی‌‌و فرسیه‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌، هه‌روه‌ها ماڵی‌ پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم‌و قه‌ڵای‌ به‌ناوبانگی‌ ئورو گۆڕستانی‌ پادشایی‌‌و كۆشكی‌ شولكی‌‌و په‌رستگای‌ (دب لال ماخ) كه‌ دێرینترین كه‌وانه‌ی‌ بیناسازی‌ جیهانی‌ له‌خۆگرتووه‌.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ (ئه‌مه‌ریكی‌‌و ئیتاڵی‌‌و فه‌ره‌نسی‌) به‌رده‌وامن له‌كاره‌كه‌یان، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانیان زۆر له‌سه‌رخۆ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌و شوێنه‌وارێكی‌ كه‌میان دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ حه‌مدانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ هه‌ژده‌ دانه‌ن، ئه‌مه‌ش رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا دووی‌ كۆی‌ شوێنه‌واره‌كان پێك ده‌هێنێت".

 

كاری‌ تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌زیقار له‌چوارچێوه‌ی‌ رێكه‌وتنێكدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنه‌وار بۆ كات‌و ئه‌ركێكی‌ دیاریكراو، له‌رێكه‌وتنه‌كه‌شدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌بێت لانی‌ كه‌م له‌هه‌ر وه‌رزێكی‌ پشكنیندا چوار كادێری‌ ناوخۆیی‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ شاره‌زاییان لێوه‌ وه‌ربگرن.

 

ویساڵ نه‌عیم یه‌كێكه‌ له‌و پشكنه‌ره‌ ناوخۆییانه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "سوودی‌ زۆرم له‌م تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌رووی‌ چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا بۆ دۆزینه‌وه‌و پشكنین، هه‌روه‌ها چۆنێتی‌ ئیداره‌دانی‌ شوێنه‌كانی‌ پشكنین".

 

سه‌ره‌تایه‌كی‌ باش

تیمه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ وه‌رزی‌ یه‌كه‌می‌ پشكنینه‌كانیان له‌شاری‌ (تلو)ی‌ دێرین كۆتایی‌ هات، بڕیار وایه‌ ساڵی‌ داهاتوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی‌ هه‌مان كارو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێت، له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئه‌و تیمه‌ 150 شوێنه‌واریان دۆزیوه‌ته‌وه‌ له‌مۆرو هه‌ڵكۆڵدراوه‌كان كه‌ مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 2500 ساڵ پێش زایین.

 

هه‌رچی‌ تیمه‌ به‌ریتانیه‌كه‌یه‌ سێ‌ وه‌رزه‌ له‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی‌ (جێن مون)ی‌ پسپۆڕی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ناوچه‌ی‌ (قه‌ڵای‌ خه‌یبه‌ر) له‌دووری‌ (30 كم) له‌باكوری‌ خۆرئاوای‌ ئور له‌سه‌ر كه‌ناری‌ روباری‌ فورات كارده‌كه‌ن، مێژووی‌ ئه‌م شوێنه‌واره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی‌ حه‌ڤده‌ی‌ پێش زایین.

 

له‌گرنگترین ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ له‌م جێگه‌یه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌یه‌كی‌ كارگێڕییه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ كۆی‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ سه‌رجه‌می‌ هه‌شت دۆنمه‌، ئه‌و جێگه‌یه‌ به‌كارهاتووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ گواستنه‌وه‌ له‌رێی‌ ئاوه‌وه‌و ئاڵوگۆڕی‌ شمه‌ك له‌نێوان ئورو ئه‌و شارانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ باكوری‌، وه‌ك لارساو ئوروك.

 

تیمه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ش كه‌ سه‌ر به‌زانكۆی‌ رۆمان‌و پێنج وه‌رزه‌ له‌پێگه‌ی‌ ئه‌بو ته‌بیره‌ له‌باشوری‌ ناسرییه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ سه‌رده‌می‌ شا سه‌رجونی‌ ئه‌كه‌ده‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، واته‌ 2500 ساڵ پێش زایین، ئه‌م جێگه‌یه‌ له‌چوارسه‌د هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌ پێكهاتووه‌.

 

د. فرانكۆ دی‌ ئۆگستینۆ سه‌رۆكی‌ تیمه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی‌ پشكنینه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین جێگه‌ی‌ گرنگیان ئاشكرا كردووه‌و ده‌ڵێت "یه‌كه‌یه‌كی‌ بیناسازیمان دۆزییه‌وه‌ به‌ڕووبه‌ری‌ حه‌وت سه‌د مه‌تر، كه‌ زیاتر له‌بیست ژووری‌ تێدایه‌ له‌گه‌ڵ 25 گۆڕ، ئه‌مه‌ش جیاكاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابوری‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌رده‌خات".

 

ده‌شڵێت "هیواخوازین پاش پشكنینی‌ ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ له‌تاقیگه‌كان، قۆناغێكی‌ گرنگی‌ شارستانی‌ سۆمه‌ریمان بۆ روون ببێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ورده‌كاری‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌كه‌دییه‌كانه‌وه‌ (یه‌كه‌م ئیمپراتۆرییه‌تی‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تی‌)".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن د. فرانكۆ ده‌ڵێت "یه‌كه‌مجاره‌ چه‌ند ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی‌ نوێ‌ به‌كار ده‌هێنین بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌وارو شیكردنه‌وه‌ی‌ ئێسكی‌ مرۆڤ‌و ئاژه‌ڵه‌كان‌و پاشماوه‌ی‌ رووه‌ك‌و پیشه‌سازی‌ به‌ردین".

 

تیمی‌ زانكۆی‌ نیویۆركیش كه‌ له‌ساڵی‌ 2011ه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ كارده‌كه‌ن، كاره‌كه‌ی‌ پێشووی‌ زانای‌ به‌ریتانی‌ سێر لیۆناردۆ یلی‌ (1934) ته‌واو ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و كات له‌سه‌دا پێنجی‌ شوێنه‌واری‌ ئوری‌ ئاشكرا كردبوو.

 

ئه‌م تیمه‌ له‌لایه‌ن د. ئه‌لیزابێس ستۆن سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت كه‌ پێشتر له‌ناوچه‌ی‌ ته‌ل سه‌خر كاری‌ كردووه‌.

 

د. عه‌بدولئه‌میر حه‌مدانی‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ شوێنه‌وار كه‌ له‌م تیمه‌دا كار ده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "دۆزینه‌وه‌كان ره‌نگه‌ چۆنێتی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان خه‌ڵك‌و فه‌رمانڕه‌واكان ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ پێشتر كراوه‌ ته‌نها گه‌ڕان بووه‌ به‌شوێن كۆشك‌و په‌رستگاكان، نه‌ك شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌".

 

شوناسی‌ یه‌كگرتووی‌ مرۆڤایه‌تی‌

بۆ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ جیهان‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ شوێنه‌واره‌كانی‌ زیقار كه‌ یونسكۆ داوای‌ پاراستنی‌ كردوون، ژماره‌یه‌ك چالاكوانی‌ دانیشتوی‌ زیقار ده‌سته‌یه‌كیان بۆ به‌رگری‌ له‌شوێنه‌واری‌ ئور پێكهێناوه‌.

 

عه‌لی‌ شه‌بیب ئه‌ندامی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پارێزگار پێشتر رایگه‌یاند كه‌ شارێكی‌ گه‌شتیاری‌ له‌نزیك شوێنه‌واره‌كه‌ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك سه‌ردانی‌ بكه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچمان نه‌بینیوه‌".

 

قه‌یرانی‌ دارایی‌ وه‌ك چۆن كاری‌ له‌زۆربه‌ی‌ كه‌رته‌ جۆربه‌جۆره‌كان كردووه‌ له‌عێراقدا، بۆ شوێنه‌واره‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بووه‌، كۆتایی‌ ساڵی‌ 2014 په‌یمانگای‌ هۆتێلسازی‌‌و گه‌شتیاری‌ كرایه‌وه‌و ره‌زامه‌ندی‌ وه‌رگیرا بۆ كردنه‌وه‌ی‌ كۆلێژی‌ شوێنه‌وار له‌زانكۆی‌ زیقار، به‌ڵام دوایی‌ كاره‌كه‌ راگیرا.

 

حه‌سه‌ن وائیلی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌‌و راگه‌یاندن له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ زیقار، بڕیار حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ یه‌كگرتنی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وارو رۆشنبیری‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌زانێت‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و بڕیاره‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ فه‌رامۆشكردنی‌ كه‌رته‌كانی‌ گه‌شتیاری‌‌و شوێنه‌وار كه‌ دوو كانگای‌ زێڕن، به‌و هۆیه‌وه‌ بودجه‌ی‌ كه‌متریان بۆ ته‌رخانكراوه‌".

 

ساڵی‌ 2003 كاتێك سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا هاته‌ عێراق، بۆشاییه‌كی‌ ئه‌منی‌ دروست بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كان یاخود تاڵانكران بۆ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ یان شێوێندران.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ د. حه‌مدانی‌ ده‌ڵێت "ئه‌و زیانانه‌ی‌ ئه‌و كاته‌ له‌سه‌دا چلی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ پارێزگاكه‌ی‌ گرته‌وه‌"، رونیشی‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ نزیك له‌و ناوچه‌یه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ر شوێنه‌واره‌كان كه‌وتووه‌.

 

به‌بڕوای‌ شاره‌زایان دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ شوناسێكی‌ یه‌كڕه‌نگ‌و یه‌كگرتووی‌ بۆ عێراقییه‌كان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌موویان له‌شارستانی‌‌و رابردوویاندا هاوبه‌شن.

 

ئه‌میر دوشی‌ راوێژكاری‌ راگه‌یاندنی‌ تیمه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گرنگه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ناكۆكی‌ تایفیدا به‌دوای‌ خاڵی‌ هاوبه‌شی‌ عێراقییه‌كاندا بگه‌ڕێین، شوناسی‌ رافیده‌ین شوناسێكه‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان".

 

هه‌موو جارێك كه‌ د. فرانكۆ سه‌رۆكی‌ تیمه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆما، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆشنبیری‌ ناسرییه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌و وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌یان ده‌داته‌وه‌ كه‌ لێی‌ ده‌كه‌ن.

 

فرانكۆ بۆیان روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجیان له‌و پشكنینانه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ رابردووه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌موومان له‌ریزی‌ پێشه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كاندایه‌ بریتین له‌مرۆڤ‌و مێژووه‌كه‌ی‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌