راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمێك له‌ناو هه‌رێمدا
شه‌قڵاوه‌ به‌هۆی‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ بووه‌ته‌ شه‌قلوجه‌

ئاواره حه‌مید
شه‌قڵاوه‌ ئێستا رێك ده‌ڵێی‌ هه‌رێمێكه‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستاندا، چونكه‌ نه‌ وه‌ك جاران دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوردی‌ زمانن، نه‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ كوردستانیش كاری‌ تێكردووه‌.
9.12.2015  |  هه‌ولێر
ناوبازاڕی‌ شه‌قڵاوه‌ ( :وێنه آواره حميد)
ناوبازاڕی‌ شه‌قڵاوه‌ ( :وێنه آواره حميد)

قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ (50كم باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر) به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ گرنگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، جاران ته‌نها له‌وه‌رزی‌ گه‌شت‌و سه‌یراندا قه‌ره‌باڵغی‌ پێوه‌ دیاربوو، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاواره‌ له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌ روویان تێكردووه‌، شه‌وو رۆژ قه‌زاكه‌ جمه‌ی‌ دێت.

 

شه‌قڵاوه‌ بۆخۆی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ فره‌ پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، له‌پاڵ موسوڵمانه‌كاندا به‌شێكی‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ مه‌سیحین، ئێستاش به‌هۆی‌ چوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئاواره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر هه‌مه‌ڕه‌نگ بووه‌، چونكه‌ عه‌ره‌ب‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك‌و چه‌ند كه‌مایه‌تییه‌كی‌ تریشی‌ بۆ زیادبوون.

 

ئێستا شاره‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ عه‌ره‌ب تێدایه‌، به‌نزیكه‌یی‌ هه‌رچی‌ فرۆشیارانی‌ شاره‌كه‌یه‌ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ قسه‌ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌زانێت كاری‌ ناڕوات، ته‌نانه‌ت بۆ نوكته‌ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌"شه‌قڵوجه‌" ناوی‌ ده‌به‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش لێكدراوی‌ هه‌ردوو ناوی‌ "شه‌قڵاوه‌"و "فه‌لوجه‌"یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ فه‌لوجه‌ی‌ ئه‌نبار چوونه‌ته‌ شه‌قڵاوه‌.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان به‌ر له‌هاتنی‌ داعش له‌حوزه‌یرانی‌ 2014 دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ له‌ 28 هه‌زار خێزان پێكهاتبوون، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ نۆ هه‌زار خێزان بۆ سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ زیادی‌ كردووه‌ كه‌ 150 خێزانیان ئاواره‌ی‌ سوریان.

 

كه‌یفی‌ ئه‌نوه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ شه‌قڵاوه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كاروباری‌ ئاواره‌كان ده‌كات له‌و شاره‌، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ته‌نها له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ نزیكه‌ی‌ 350 خێزانی‌ ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك نیشته‌جێن".

 

هه‌رچه‌نده‌ زۆری‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان بارگرانی‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌وه‌ دروستكردووه‌ له‌كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و هه‌رزانبوونی‌ هێزی‌ كار، به‌ڵام ئێستا شه‌قڵاوه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌و شارانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ پێوه‌ دیار نییه‌، چونكه‌ ئاواره‌كان كڕیارێكی‌ به‌رده‌وامن‌و جموجۆڵیان خستووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌.

 

خۆشناو محمد كه‌ گه‌نجێگی‌ دوكانداره‌و ئه‌و شیرینیانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كرێت ده‌یان فرۆشێته‌وه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بازاڕی‌ ئه‌و هیچ كز نه‌بووه‌و ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تی‌ عه‌ره‌به‌كانیان پاره‌یه‌كی‌ زۆریان پێیه‌و له‌وێ‌ خه‌رجی‌ ده‌كه‌ن، خۆشناو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كڕیاره‌كانی‌ من‌و ئه‌م بازاڕه‌ له‌عه‌ره‌به‌ پێكهاتوون".

 

هه‌رێمی‌ كوردستان به‌قه‌یرانێكی‌ سه‌ختی‌ ئابوریدا تێپه‌ڕده‌بێت‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ هێزی‌ كڕینیان كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان له‌كاتی‌ خۆیدا موچه‌ وه‌رده‌گرن، كه‌متر ئه‌و قه‌یرانه‌یان پێوه‌ دیاره‌و پاره‌كه‌شیان له‌و ناوچانه‌ خه‌رج ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تیایدا نیشته‌جێن.

 

سه‌لمان ره‌شاد دانیشتوی‌ گه‌ره‌كی‌ (سه‌رمه‌یدان)ی‌  قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌یه‌‌و بۆخۆی‌ وه‌ستای‌ بیناكارییه‌و ئه‌و شاگردانه‌ی‌ كاری‌ له‌لا ده‌كه‌ن عه‌ره‌بن، سه‌لمان به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاتنی‌ ئه‌و رێژه‌ی‌ ئاواره‌كان كاریگه‌ری‌ باشی‌ له‌سه‌ر بازار دروست كردوه‌، چونكه‌ له‌قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ هۆتێله‌كان له‌وه‌رزی‌ زستان‌و هاوین جمه‌یان دێت، نه‌ باڵه‌خانه‌و نه‌ خانوو بۆ كرێ‌ ده‌ست ناكه‌وێت".

 

سه‌لمان به‌گریمانه‌ لێكی‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌خێزانه‌ ئاواره‌كان چه‌ند سه‌د دۆلارێك به‌كرێی‌ خانوو پێداویستی‌ رۆژانه‌ بده‌ن، ئه‌وا مانگانه‌ به‌ده‌یان هه‌زار دۆلار ده‌ڕژێته‌ ئه‌و شاره‌وه‌.

 

پێده‌چێت شه‌قڵاوه‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌دا گونجاندبێت‌و ئاواره‌كانیش به‌نیاز نه‌بن به‌م زوانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌ جۆری‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیش گۆڕاون.

 

ئێستا ته‌نها له‌سه‌نته‌ری‌ قه‌زاكه‌ پێنج قوتابخانه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ زمان بۆ منداڵانی‌ ئاواره‌كان كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خوێندكارانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان ناچارن سه‌ردانی‌ هه‌ولێرو كه‌ركوك بكه‌ن بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی‌ ئاواره‌ بۆ فرۆشیاران‌و دوكانداره‌كان مانای‌ گه‌رمی‌ بازاڕو قازانجێكی‌ باشه‌، به‌ڵام ئه‌ركێكی‌ قورسی‌ بۆ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ شاره‌كه‌ دروست كردووه‌.

 

رزگار حه‌سه‌ن قایمقامی‌ قه‌زای‌ شه‌قڵاوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆری‌ ئاواره‌كان له‌رووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ئاسته‌نگی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ دروستكردوین، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ خاوێنكردنه‌وه‌و ته‌ندروستی‌‌و داوو ده‌رمان"، هه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر حكومه‌ت‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارییان نه‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌یان پێ هه‌ڵناگیرێت.

 

هه‌موو دانیشتوانی‌ ئه‌م شاره‌ وه‌ك فرۆشیاران‌و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان ئاسووده‌ نین به‌هاتنی‌ ژماره‌ی‌ زۆری‌ ئاواره‌كان، به‌ڵكو به‌شێكیان ترسیان له‌گۆڕینی‌ دیمۆگرافیای‌ شاره‌كه‌ هه‌یه‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ده‌ترسن رۆژێك بێت له‌بری‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر، داوا بكه‌ن شه‌قڵاوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌