راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دێوه‌زمه‌ی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ناسرییه‌
دوكه‌ڵ رۆژی‌ رووناكی‌ كردووه‌ به‌شه‌و

رەعد سالم
ئه‌و دوكه‌ڵه‌ ره‌شه‌ی‌ له‌چه‌ند بۆییه‌كی‌ به‌رزه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ته‌واو ئاسمانی ته‌نیوه‌و به‌ری‌ رووناكیان گرتووه‌و هه‌ركه‌س به‌وێدا بڕوات رۆژی‌ لێده‌بێته‌ شه‌و.
12.11.2015  |  زیقار
كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشت له‌ناسڕییه‌
كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشت له‌ناسڕییه‌

ئه‌مه‌ی‌ باسكرا دیمه‌نی‌ نزیك كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشته‌ له‌قه‌زای‌ ئیسلاحی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ پارێزگای‌ زیقار.

 

ئیسماعیل سه‌ڵیبی‌ (25 ساڵ) باوكی‌ دوو منداڵه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌شی‌ زۆری‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ناو كارگه‌یه‌كی‌ خشتی‌ نزیك له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان به‌سه‌ربردووه‌.

 

به‌هۆی‌ ئه‌و دوكه‌ڵ‌و هه‌وا پیسه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌وێ‌ هه‌ڵیمژیوه‌، ئێستا سییه‌كانی‌ تووشی‌ نه‌خۆشی‌ بوون‌و زوو زوو ته‌نگه‌ نه‌فه‌س ده‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ زیاتریش مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر دروستكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌كه‌یی‌‌و هه‌ر له‌ناو ئه‌و ژینگه‌ ناله‌باره‌دا ده‌ژی‌.

 

كرێی‌ كرێكارانی‌ كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشت به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و خشتانه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ به‌رهه‌می‌ ده‌هێنن، ئه‌گه‌ر رۆژێك به‌هۆی‌ هه‌ر بارودۆخێكه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان بێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وا به‌شی‌ نانه‌سكی‌ خۆیان‌و ماڵ‌و منداڵیان په‌یدا ناكه‌ن.

 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئامۆزا ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ ساڵانه‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵمژینی‌ دوكه‌ڵی‌ ئه‌و كارگانه‌وه‌ تووشی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ سییه‌كان هات‌و گیانی‌ سپارد، ئیتر سه‌ڵیبی‌ له‌مه‌ترسی‌ ئه‌و كاره‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ به‌رده‌وامه‌.

 

كاره‌كه‌ی‌ ئیسماعیل له‌خراپترین به‌شی‌ كارگه‌كه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رپرسیاره‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ فڕنه‌كان به‌نه‌وتی‌ ره‌ش، بۆیه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ رووبه‌رووی‌ ئه‌و ده‌بێته‌وه‌.

 

سه‌ڵیبی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوه‌ ناوه‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ په‌ككه‌وته‌ی‌ ناو جێگا ده‌بم، چاره‌سه‌ریش زۆری‌ تێده‌چێت بۆیه‌ هیچم بۆ ناكرێت، ئه‌زانم ئه‌مه‌ كارێكی‌ مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام بڕوانامه‌یه‌كم نییه‌ كه‌ كارێكی‌ باشتری‌ پێبكه‌م‌و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زووش ژنیان بۆ هێناوم، به‌رپرسیارێتی‌ به‌خێوكردنی‌ خێزانێك له‌سه‌ر شانمه‌".

 

سادق جه‌میل گاتع كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشته‌ ده‌یه‌وێت له‌مه‌ترسی‌ پیسپونی‌ هه‌وای‌ ناوچه‌كان به‌هۆی‌ كارگه‌كانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ كه‌م بكاته‌وه‌.

 

گاتع باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و 23 كارگه‌ی‌ خشته‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن سه‌رجه‌میان سیسته‌می‌ ئۆتۆماتیكی‌ سوتان (نۆزڵ) به‌كارده‌هێنن‌و ده‌ڵێت "جاران كارگه‌كان دوكه‌ڵی‌ زۆریان ده‌كرد، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی‌ ژینگه‌ كردی‌ به‌مه‌رج به‌سه‌رمانه‌وه‌ كه‌ سیسته‌می‌ فڕنه‌كان بگۆڕین‌و رێژه‌ی‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گاتع باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بنه‌بڕكردنی‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و كارگانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌دان مێژووی‌ دروستكردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1989و نوێكردن‌و گه‌شه‌پێدانی‌ هه‌ر دانه‌یه‌كیان بۆ بنبڕكردنی‌ مه‌ترسییه‌كان، نزیكه‌ی‌ پێنج ملیار دیناری‌ تێده‌چێت.

 

له‌هه‌ر یه‌كێك له‌و كارگانه‌دا نزیكه‌ی‌ 150 كارمه‌ند كار ده‌كه‌ن‌و بژێوی‌ ئه‌و سه‌دان خێزانه‌ دابین ده‌كه‌ن كه‌ له‌گوندی‌ (سافافحه‌)ی‌ نزیك له‌كارگه‌كان نیشته‌جێن، به‌ڵام به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ مه‌ترسی‌ ئه‌و كارگانه‌ هه‌ر بۆ دانیشتوانی‌ ئه‌و گونده‌یه‌.

 

نازم جاسم موختاری‌ گونده‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا هه‌شت حاڵه‌تی‌ گیان له‌ده‌ستدا به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ دوكه‌ڵی‌ كارگه‌كانه‌وه‌ تۆماركراوه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وانه‌ی‌ لای‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ تۆماركراون بریتین له‌ 16 حاڵه‌تی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك‌و 60 حاڵه‌تی‌ ره‌بۆو 100 حاڵه‌تی‌ هه‌ستیاری‌‌و نه‌خۆشی‌ تری‌ سنگ‌و 30 حاڵه‌تی‌ نه‌زۆكی‌، له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی‌ چه‌ندین منداڵ به‌شێواوی‌".

 

له‌كاتێكدا له‌كۆتایی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ته‌نها چوار كارگه‌ی‌ دروستكردنی‌ خشت هه‌بوون، به‌ڵام ئێستا زیاتر له‌چل كارگه‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ قه‌زای‌ ئیسلاحدا هه‌ن.

 

عه‌لی‌ حسێن ره‌داد قایمقامی‌ قه‌زای‌ ئیسلاح ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ ئۆتۆماتیكییه‌ی‌ كارگه‌كان به‌كاری‌ ده‌هێنن زۆر پێشكه‌وتوو نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ‌ له‌كارگه‌كان شه‌وانیش كارده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر دوكه‌ڵ ده‌كه‌ن به‌ئاسمانداو مه‌ترسی‌ دروست ده‌كه‌ن.

 

ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ ئیسلاح په‌نجا هه‌زار كه‌سه‌و سه‌ره‌ڕای‌ به‌رزی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ شێرپه‌نجه‌ له‌و قه‌زایه‌دا سێ‌ هه‌زار دۆنم زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ ناوچه‌كه‌ ره‌نگی‌ ره‌ش دایپۆشیوه‌و به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ خراپ كردووه‌.

 

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ به‌هۆی‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ له‌ناو ئاژه‌ڵه‌كانیشدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، نرخی‌ مه‌ڕو ماڵاتی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 90% كه‌متره‌ له‌چاو ناوچه‌كانی‌ تردا.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ موحسین عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ژینگه‌ی‌ پارێزگای‌ زیقار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆرێك له‌و كارگانه‌ سزا دراون له‌لێسه‌ندنی‌ غه‌رامه‌ تا پێنج ملیۆن دینارو بڕینی‌ به‌شه‌ سوته‌مه‌نیان، به‌ڵام دان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه‌ كێشه‌ی‌ كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ خشت گه‌وره‌ترین گرفتی‌ ژینگه‌ی‌ پارێزگاكه‌یه‌.

 

موحسین عه‌زیز به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌كۆی‌ پارێزگاری‌ زیقاردا 107 كارگه‌ی‌ خشت هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان مۆڵه‌تی‌ فه‌رمیان هه‌یه‌، 40 له‌وانه‌ له‌قه‌زای‌ ئیسلاحن‌و به‌ته‌واوی‌ ژینگه‌ی‌ ئه‌و قه‌زایه‌یان شێواندووه‌".

 

فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ زیقار ئاماده‌ نییه‌ هیچ ئامارێكی‌ ورد بدات به‌ده‌سته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هۆی‌ دوكه‌ڵی‌ كارگه‌كانه‌وه‌ شووتی‌ نه‌خۆشی‌ بوون، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ زیقار ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ رێژه‌ی‌ توشبووانی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ شێرپه‌نجه‌و كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌دان هه‌ڵكشابێت.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا قایمقامی‌ قه‌زای‌ ئیسلاح جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ منداڵ له‌كارگه‌كاندا كارده‌كه‌ن‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان تووشی‌ نه‌خۆشی‌ بوون.

 

پێشتریش فه‌رمانگه‌ی‌ ژینگه‌ی‌ زیقار ده‌یان كارگه‌ی‌ دروستكردنی‌ خشتی‌ له‌پارێزگاكه‌دا داخشتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌پێوه‌ره‌كانی‌ ژینگه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ چاودێرییه‌وه‌ ئێستاش ئه‌و كارگه‌ داخراوانه‌ كارده‌كه‌ن‌و ژینگه‌ی‌ پارێزگاكه‌ ده‌شوێنن.

 

ده‌مێكه‌ خه‌ڵكی‌ قه‌زای‌ ئیسلاح داوا ده‌كه‌ن چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ی‌ كارگه‌كان بدۆزرێته‌وه‌و ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ له‌كۆڵی‌ ئه‌وان بكرێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدانی‌ پارێزگاكه‌ش به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاوه‌ ناتوانن بڕیارێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بده‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌