راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بیركاری‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدا
پێنج سه‌ربازی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ زیاتره‌ یان شه‌شی‌ كافران؟

تایبه‌ت
به‌مدواییه‌ دیوانی‌ فێركردنی‌ داعش پرۆگرامی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و ناوه‌ندی‌ بڵاوكرده‌وه‌و كه‌ چه‌ندین بابه‌تی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی‌ تێدایه‌.
29.10.2015  |  موسڵ
یه‌كێك له‌كتێبه‌كانی‌ داعش
یه‌كێك له‌كتێبه‌كانی‌ داعش

"له‌یه‌كێك له‌شه‌ڕه‌كاندا ژماره‌ی‌ سه‌ربازانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ 275220 سه‌ربازبوون، له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌ی‌ سه‌ربازانی‌ كافران 356230 سه‌ربازی‌ ترسنۆك بوون، كامیان ژماره‌یان زیاتره‌؟" ئه‌مه‌ پرسیاری‌ وانه‌ی‌ بیركارییه‌ كه‌ له‌خوێندكارانی‌ قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی‌ شاری‌ موسڵ كراوه‌.

 

ئه‌بو عه‌مران باوكی‌ سێ‌ منداڵه‌ كه‌ تائێستاش له‌موسڵ ده‌ژین، به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ بوو زوو بارودۆخ ئارام ببێته‌وه‌و منداڵه‌كانی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ر خوێندن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پرۆگرامه‌ نوێیه‌كه‌ تووشی‌ بێهیوایی‌ بوو.

 

ئه‌بو عه‌مران له‌رێی‌ ڤایبه‌ره‌وه‌ به‌په‌یامنێری‌ "نیقاش"ی‌ وت "منداڵه‌كانم دوو ساڵی‌ خوێندنیان له‌كیس چوو، پێده‌چێت سێهه‌میشیان بفه‌وتێ‌، چونكه‌ رێگه‌ ناده‌م له‌بری‌ خوێندن فێری‌ كوشتن‌و توندڕه‌ویی‌ بكرێن‌و دواجاریش كه‌س دان به‌بڕوانامه‌كانیاندا نه‌نێت".

 

 

به‌خه‌مبارییه‌وه‌ ده‌ڵێت "منداڵه‌كانم زیره‌كن، خۆزگه‌ بمتوانیبایه‌ له‌موسڵ بیاننێرمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن".

 

كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌نێوان سێ سه‌د بۆ چوارسه‌د هه‌زار خوێندكار تووشی‌ هه‌مان قه‌یرانی‌ منداڵه‌كانی‌ ئه‌بو عه‌مران بوونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ عێراق زیاتر له‌ساڵێكه‌ رایگه‌یاندووه‌ دان به‌بڕوانامه‌ی‌ خوێندكارانی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا نانرێت.

 

حه‌جی‌ سه‌یدۆ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ موسڵ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند هه‌ر ئه‌نجامێكی‌ خوێندن له‌ژێر سایه‌ی‌ داعشدا به‌ده‌ست بێت، پوچه‌ڵه‌.

 

كۆپیه‌كی‌ ئه‌لكترۆنی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندنی‌ قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، هه‌ركه‌سێك بیخوێنێته‌وه‌ یه‌كڕاست تێده‌گات ئه‌م پرۆگرامانه‌ كاری‌ سه‌ره‌كیان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌‌و بیرۆكه‌ی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌ت"ه‌ له‌نێو منداڵانی‌ ته‌مه‌ن شه‌ش بۆ دوانزه‌ ساڵ.

 

بۆ نموونه‌ له‌كتێبی‌ وه‌رزشی‌ پۆلی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ره‌تایی‌، هه‌ردوو وشه‌ی‌ (باقیه‌)و (ته‌ته‌مه‌ده‌د) وه‌كو هێمای‌ وه‌رزشكردن ده‌وترێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دروشمی‌ سه‌ره‌كی‌ داعشه‌ كه‌ ده‌ڵێن "ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌... ده‌مێنێته‌وه‌و گه‌شه‌ ده‌كات".

 

ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ وێنه‌ی‌ رونكاریی‌ كتێبی‌ "په‌روه‌رده‌ی‌ جیهادی‌" له‌شێوه‌ی‌ چه‌ند منداڵێكدایه‌ كه‌ جلی‌ ئه‌فغانی‌ داعشیان له‌به‌ردایه‌و چه‌ند جۆره‌ چه‌كێكی‌ وه‌ك ده‌مانچه‌و كڵاشینكۆفیان پێیه‌.

 

ئه‌مه‌ل حامید كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ په‌روه‌رده‌ییه‌، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌و پرۆگرامانه‌ی‌ ده‌كردو وتی‌ "ئه‌مه‌ شێتییه‌، دایك‌و باوكی‌ خوێندكاره‌كان نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بهێڵن منداڵه‌كانیان بچنه‌ به‌ر خوێندن، چونكه‌ دواجار ده‌بن به‌داعش، نه‌ك پزیشك‌و ئه‌ندازیار".

 

ئه‌مه‌ل كه‌ ئێستا له‌شاری‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌ به‌ر له‌ساڵێك پێشبینی‌ كرد بارودۆخی‌ خوێندنی‌ موسڵ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ لێبێت، چونكه‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن سی‌ ساڵ كه‌ هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ره‌ له‌زانستی‌ ئیسلامی‌‌و ناوی‌ خالید عفرینییه‌ بووه‌ته‌ به‌رپرسی‌ كه‌رتی‌ خوێندنی‌ داعش، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌توندڕه‌وه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی‌ ئه‌و گروپه‌.

 

ئه‌م پرۆگرامانه‌ به‌ر له‌دوو هه‌فته‌ به‌سیدی‌ دابه‌شكرا، به‌قسه‌ی‌ خالید عه‌تار كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگایه‌كه‌، داعش ئه‌و سیدییه‌ی‌ داوه‌ به‌خوێندنگا سه‌ره‌تایی‌‌و ئاماده‌ییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێندكاره‌كان له‌سه‌ر گیرفانی‌ خۆیان چاپی‌ بكه‌ن، یاخود له‌و چاپخانانه‌ بیكڕنه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌چاپكردنی‌.

 

ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ حه‌جی‌ سیدۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پرۆگرامانه‌ كار بكاته‌ سه‌ر منداڵ‌و هه‌رزه‌كاران، به‌ڵام به‌زه‌حمه‌تی‌ ده‌زانێت داعش بتوانێت كه‌رتی‌ خوێندن به‌ڕێوه‌ ببات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ تائێستا ده‌رگای‌ خوێندنگاكان نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ دواكه‌وتنی‌ خوێندن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش پاره‌ی‌ خوێندن له‌خوێندكاران ده‌سه‌نێت به‌و بیانووه‌ی‌ بیداته‌ مامۆستایان كه‌ شه‌ش مانگه‌ موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌وام ناكه‌ن.

 

بیانووی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ بڕینی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رو مامۆستایانی‌ موسڵ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ داعش وشك بكات، چونكه‌ داعش به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆخۆی‌ ده‌برد، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ نیوه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایانی‌ خوێندنگاو زانكۆكان كه‌ (53) هه‌زار فه‌رمانبه‌رن، هێشتا له‌ژێر ده‌ستی‌ داعشدا ماونه‌ته‌وه‌.

 

فه‌رمانبه‌رێكی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ نه‌ینه‌وا كه‌ خۆی‌ داوای‌ كرد به‌ئه‌بو عائیشه‌ ناوی‌ ببرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "كرێی‌ خوێندن بۆ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵ له‌سه‌ر خوێندكارانی‌ سه‌ره‌تایی‌ 12 دۆلارو له‌سه‌ر ناوه‌ندی‌ 18 دۆلارو له‌سه‌ر زانكۆ 50 دۆلاره‌".

 

ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش هه‌بن رازی‌ بن منداڵه‌كانیان بنێرنه‌ خوێندنگا له‌ژێر سایه‌ی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامیدا، ئه‌وا ئه‌م بڕیاره‌ وایان لێده‌كات پاشگه‌ز ببنه‌وه‌".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ مانگێك به‌سه‌ر واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ خوێندندا تێپه‌ڕیوه‌، كه‌چی‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ خوێندنگاكان خاڵین له‌مامۆستاو خوێندكار، جا یان ئه‌وه‌تا پرۆگرامه‌كه‌ی‌ داعش پروپاگه‌نده‌یه‌كه‌ وه‌ك پاره‌ ئاڵتونییه‌كه‌ی‌، یاخود به‌جدی‌ گرتویه‌ت‌و له‌ئێستاوه‌ كۆڵه‌كه‌كه‌ی‌ بۆ داناوه‌.

 

تێبینی‌: سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ناو موسڵه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ ناوی‌ خوازراویان بۆ داندراوه‌ له‌به‌ر پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ گیانیان.

 

لینكی‌ پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندنی‌ داعش لێره‌دا ببینه‌:

 

 

The IS group's history textbook.

The IS group's religious education textbook.

The IS group's physical education textbook.

The IS group's mathematics textbook.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌