راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مردن له‌پێناو جگه‌ره‌دا
موسڵییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ رووبه‌رووی‌ داعش ده‌بنه‌وه‌

نەوزەت شەمدین
به‌چاوی‌ به‌ستراوه‌وه‌ زیاد له‌ناو ئاپۆرای‌ خه‌ڵكدا بۆ ناوچه‌ی‌ باب توبی‌ موسڵ ده‌برا بۆ ئه‌وه‌ی‌ سزای‌ سه‌رپێچی‌ یاساو رێنماییه‌كانی‌ داعشی‌ به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
26.11.2015  |  به‌رلین
سوتاندنی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ جگه‌ره‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش
سوتاندنی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ جگه‌ره‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش

ماوه‌یه‌ك رێی‌ كردو له‌وه‌ زیاتر خۆی‌ پێنه‌گیراو كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆكانی‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و دوو ده‌سته‌ به‌هێزه‌ی‌ له‌شانه‌وه‌ گرتبوویان نه‌یانتوانی‌ به‌پێوه‌ بیهێڵنه‌وه‌، له‌پڕ له‌لای‌ راسته‌وه‌ گوێی‌ له‌ده‌نگێكی‌ گڕ بوو كه‌ رایگه‌یاند تاوانی‌ ئه‌م كه‌سه‌ سه‌رپێچی‌ بڕیاره‌كانی‌ ده‌وڵه‌ته‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ پاكه‌تێكی‌ جگه‌ره‌و چه‌رخێكی‌ پێ گیراوه‌.

 

زیاد هه‌وڵیدا به‌لای‌ راستدا ئاوڕ بداته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌نگه‌كه‌، به‌ڵام یه‌كێك توند شانی‌ گرت‌و نه‌یهێشت بجوڵێته‌وه‌، ده‌نگه‌كه‌ش ورده‌ ورده‌ به‌رز بووه‌وه‌و رایگه‌یاند به‌فه‌رمانی‌ دادگای‌ شه‌رعی‌ 40 جه‌ڵدی‌ لێده‌درێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پاكه‌تی‌ جگه‌ره‌ی‌ پێبووه‌و 15 جه‌ڵدیش بۆ چه‌رخه‌كه‌ی‌.

 

ئه‌م دیمه‌نه‌ رۆژانه‌ له‌شاری‌ موسڵی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، زیاد كه‌ ئه‌مجاره‌ بووه‌ته‌ قوربانی‌، جگه‌ له‌جه‌ڵد لێدان به‌بڕێك پاره‌ش غه‌رامه‌ ده‌كرێت‌و ده‌نێردرێته‌ خولێكی‌ راهێنان كه‌تیایدا ئه‌ندامانی‌ داعش زیانه‌كانی‌ جگه‌ره‌كێشان‌و هۆكاری‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ده‌خه‌نه‌ روو.

 

ساڵی‌ رابردوو داعش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كێشانی‌ جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ خۆی‌ قه‌ده‌غه‌ كردو كاتێكی‌ كه‌میشی‌ دانا بۆ بازرگانه‌كانی‌ جگه‌ره‌ له‌بازاڕی‌ بۆرسه‌و شه‌قامی‌ كۆڕنیش تا كاڵاكانیان ساغ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش خێرا له‌چه‌ند كۆگایه‌كی‌ نهێنیدا شاردیانه‌وه‌و نرخه‌كه‌یان ده‌ هێنده‌ زیاد كرد.

 

هه‌ر دوای‌ ئه‌و بڕیاره‌ داعش هێزه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌ رۆڵی‌ پۆلیس‌و ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ دابینن راسپارد به‌شوێن سه‌رچاوه‌كانی‌ جگه‌ره‌دا بگه‌ڕێن‌و فه‌رمانیدا هه‌ر كه‌سێك جگه‌ره‌ی‌ پێ بگیرێت 40 جه‌ڵدی‌ لێبدرێت، بۆ هه‌ر بازرگانێكیش بڕی‌ یه‌ك ملیۆن دینار غه‌رامه‌و 10 جه‌ڵد بۆ هه‌ر پاكه‌تێك كه‌ هه‌ڵیگرتبێت.

 

ئێستا موسڵییه‌كان ته‌نها له‌ماڵه‌وه‌و شوێنه‌ نهێنییه‌كاندا جگه‌ره‌ ده‌كێشن، كاتێكیش هاتوچۆ ده‌كه‌ن تاكه‌ تاكه‌ جگه‌ره‌ ده‌خه‌نه‌ گیرفانیان یان له‌ناو كه‌لوپه‌لی‌ تردا ده‌یشارنه‌وه‌.

 

كه‌سێكی‌ دانیشتوی‌ موسڵ كه‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" له‌رێی‌ ڤایبه‌ره‌وه‌ نامه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا گۆڕییه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ زۆركه‌س وازیان له‌كێشانی‌ جگه‌ره‌ هێناوه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ترسی‌ سزاكانی‌ داعش، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ نرخی‌ زۆر گران بووه‌و خراپترین جۆری‌ جگه‌ره‌ پاكه‌تی‌ بووه‌ به‌ 2500 دینار.

 

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ زۆركه‌س شه‌وان به‌دزییه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رۆژ بۆنیان نه‌یه‌ت، چونكه‌ كه‌سانێك ته‌نها له‌سه‌ر بۆن لێهاتن گیراوه‌و ده‌شلێت "زۆركه‌س ئه‌و جۆره‌ بۆنه‌ زه‌یتییه‌ هه‌رزانبه‌هایانه‌ ده‌كڕن كه‌ به‌بۆنی‌ ئیسلامی‌ ناسراوه‌و ئیسلامییه‌كان له‌شه‌قامی‌ نوجێفی‌ ده‌یفرۆشن‌و به‌كاری‌ ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆنی‌ جگه‌ره‌یان لێ نه‌یه‌ت".

 

كه‌سێكی‌ توندڕه‌وی‌ سه‌ر به‌داعش له‌سه‌ر حیسابێكی‌ وه‌همی‌ فه‌یسبووك نوسیوێتی‌ "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ئایه‌ت‌و فه‌رمووده‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ پێغه‌مبه‌ردا نه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ر شتێك زیان بگه‌یه‌نێت به‌مرۆڤ‌و پاره‌ به‌هه‌ده‌ر ببات قه‌ده‌غه‌یه‌، جگه‌ره‌ش هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی‌ تیایه‌".

 

مه‌لایه‌كی‌ موسڵیش كه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ ئاناژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ده‌بێت ده‌قی‌ روون هه‌بێت بۆ حه‌رامكردنی‌ هه‌ر بابه‌تێك، راسته‌ جگه‌ره‌ خراپه‌ به‌هۆی‌ زیانی‌ دارایی‌‌و ته‌ندروستییه‌وه‌، به‌ڵام حه‌رام نییه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئاسته‌مه‌ بتوانیت جگه‌ره‌ له‌هه‌موو كه‌سێك قه‌ده‌غه‌ بكه‌یت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌رامیش بێت".

 

بازرگانه‌كانی‌ جگه‌ره‌ كه‌به‌هۆی‌ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی‌ كاڵاكانیانه‌وه‌ زیانی‌ زۆریان به‌ركه‌وتووه‌، زۆر گوێ به‌و مشتومڕه‌ ناده‌ن كه‌ له‌سه‌ر جگه‌ره‌ هه‌یه‌و له‌شه‌ڕێكی‌ نهێنیدان بۆ پاراستنی‌ ئه‌و بازرگانییه‌ی‌ خه‌ریكه‌ به‌ره‌و له‌ناچوون ده‌چێت.

 

یه‌كێك له‌و بازرگانانه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ سی‌ ساڵه‌و خۆی‌ به‌عه‌بدولغه‌نی‌ ناساند به‌"نیقاش"ی‌ وت "بازرگانه‌ گه‌وره‌كان له‌تانكه‌ری‌ نه‌وتدا جگه‌ره‌ له‌سوریاوه‌ ده‌هێننه‌وه‌و به‌سه‌ر بازرگانه‌ بچوكه‌كاندا دابه‌شی‌ ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی‌ ئه‌م كاره‌ش له‌شه‌ودا ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ جموجۆڵی‌ چه‌كدارانی‌ داعش كه‌م ده‌بێته‌وه‌".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌وانیش جگه‌ره‌ ته‌نها به‌و كه‌سانه‌ ده‌فرۆشن كه‌ ده‌یان ناسن‌و هیچ كاتێكیش زیاتر له‌ ده‌ پاكه‌ت جگه‌ره‌ له‌شوێنێكدا ناشارنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر گیراشن سزاكه‌یان زۆر قورس نه‌بێت‌و ده‌ڵێت "من هیچ كارێكی‌ تر نازانم جگه‌ له‌مه‌، به‌سه‌دان كه‌س له‌وانه‌ی‌ جگه‌ره‌ فرۆش بوون ئێستا بێكار ماونه‌ته‌وه‌و گوزه‌رانیان زۆر خراپه‌".

 

جێبه‌جێكردنی‌ یاساكانی‌ داعش له‌باره‌ی‌ جگه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌به‌هێزی‌‌و لاوازی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی‌، بۆ نموونه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خوارووی‌ موسڵ وه‌ك گیاره‌و گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌، خه‌ڵكی‌ زۆر گوێ‌ به‌یاساكانی‌ داعش ناده‌ن‌و به‌ئاشكرا جگه‌ره‌ ده‌كێشن، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌و شكسته‌ی‌ داعش له‌بێجی‌ تووشی‌ هات، خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ جگه‌ره‌ كێشان وه‌ك جۆرێك له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش هه‌ژمار ده‌كه‌ن.

 

له‌موسڵیش هه‌ندێ‌ كه‌س ویستیان هه‌مان ئه‌زموون دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام پۆلیسی‌ داعش (حسبه‌) به‌توندی‌ له‌دژیان وه‌ستایه‌وه‌و ته‌نانه‌ت ته‌قه‌شی‌ لێكردن، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ ئاماده‌ نه‌بوو خۆی‌ بدات به‌ده‌سته‌وه‌، فیشه‌كی‌ به‌ركه‌وت‌و خه‌ریكبوو له‌پێناو جگه‌ره‌یه‌كدا بمرێت.

 

هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر (زیاد)دا هات ناوه‌ ناوه‌ داعش خه‌ڵكی‌ له‌بازاڕ كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دیمه‌نی‌ سزادانی‌ كه‌سێكیان نیشان بدات له‌سه‌ر كێشانی‌ جگه‌ره‌، له‌و رێیه‌شه‌وه‌ هێزو توانای‌ خۆی‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌رده‌خات.

 

به‌هۆی‌ بڕیاره‌ قورسه‌كانی‌ داعش‌و خراپبوونی‌ باری‌ ئابوری‌‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بێكارییه‌وه‌، ئێستا جگه‌ره‌ كێشه‌كان په‌نایان بردووه‌ته‌وه‌ به‌ر رێگا كۆن‌و له‌بیركراوه‌كانی‌ كێشانی‌ جگه‌ره‌.

 

عاید ئایودی‌ كه‌ چل ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ سه‌رقاڵی‌ بازرگانی‌ جگه‌ره‌ بووه‌، پاش بڕیاره‌كه‌ی‌ داعش بووه‌ته‌ بازرگانی‌ خوارده‌مه‌نی‌ وشكه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌ناسێت كیس‌و توتن‌و په‌ڕه‌ سیغار به‌كارده‌هێنن، به‌جۆرێك خۆیان جگه‌ره‌كه‌ ده‌پێچنه‌وه‌و ده‌یكێشن.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات به‌هۆی‌ ده‌ستنه‌كه‌وتنی‌ په‌ڕه‌ سیغاره‌وه‌ هه‌ندێ كه‌سی‌ تر كاغه‌زی‌ ئاسایی‌ به‌كارده‌هێنن بۆ پێچانه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌، به‌مه‌ش جگه‌ره‌یه‌كی‌ لێ ده‌رده‌چێت كه‌ تێچوونی‌ كه‌م‌و زیانێكی‌ زۆری‌ ده‌بێت.

 

هه‌ندێ‌ كه‌سی‌ تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ سه‌بیل‌و دارجگه‌ره‌، بگره‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تر هه‌ن ئێستا له‌بری‌ جگه‌ره‌ حه‌شیشه‌ به‌كارده‌هێنن، عاید باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پاش ئه‌و ئابڵوقه‌ ئابورییه‌ی‌ له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ته‌كان خرایه‌ سه‌ر عێراق، خه‌ڵكی‌ هه‌مان ئه‌م شێوازانه‌ی‌ ئێستایان به‌كارده‌هێنا بۆ جگه‌ره‌ كێشان "به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو ئه‌وكات به‌ئاشكرا ده‌یانكێشاو ئێستاش به‌دزییه‌وه‌ له‌ناو ماڵه‌كانی‌ خۆیاندا ده‌یكێشن

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌