راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌نها له‌عێراق
له‌ئاهه‌نگی‌ بووك گواستنه‌وه‌دا گۆرانی‌ بۆ شه‌ڕو كوشتن ده‌وترێت

ئیبراهیم ساڵح
سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌عێراق به‌رده‌وامه‌، ئێستا ده‌چیته‌ هه‌ر ئاهه‌نگێك له‌بری‌ گۆرانی‌ كه‌یف‌و خۆشی‌، گوێت له‌و گۆرانیانه‌ ده‌بێت كه‌ باسی‌ كوشتن‌و كاولكاریی‌ ده‌كه‌ن.
15.10.2015  |  به‌غدا
دیمه‌نێك له‌گۆرانی‌ یا سه‌تتار
دیمه‌نێك له‌گۆرانی‌ یا سه‌تتار

جاران كۆمه‌ڵێك گۆرانی‌ باو هه‌بوون كه‌ له‌ئاهه‌نگه‌كانی‌ ماره‌بڕین‌و بووك گواستنه‌وه‌و خه‌نه‌به‌ندان‌و منداڵبووندا دووباره‌ ده‌كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا له‌و بۆنانه‌دا چه‌ند گۆرانییه‌كی‌ تر ده‌وترێنه‌وه‌ كه‌ له‌راستیدا شوێنیان ته‌نها به‌ره‌كانی‌ جه‌نگه‌.

 

یه‌كێك له‌و گۆرانییه‌ به‌ناوبانگه‌ی‌ بۆنه‌ نییه‌ دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌، گۆرانییه‌كه‌ كه‌ به‌وشه‌ی‌ (یا سه‌تتار) ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌مانای‌ "خوا په‌نامان بات" دێت كه‌ له‌راستیدا ئه‌م وشه‌یه‌ ته‌نها له‌كاتی‌ ناخۆشی‌‌و ته‌نگانه‌دا به‌كاردێت.

 

ئه‌م گۆرانیانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ داعش به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو ده‌ركه‌وتوون كه‌ ئامانج لێیان به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وره‌ی‌ خه‌ڵكییه‌، له‌گۆرانییه‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ردانی‌ گۆڕستان بۆ عێراقییه‌كان بووه‌ته‌ پیاسه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌‌و هه‌موو شه‌ڕكه‌رێكی‌ عێراقی‌ خۆی‌ بۆ مردن ئاماده‌ كردووه‌.

 

به‌شێكی‌ تر له‌و گۆرانییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاتژمێری‌ سفر نزیكه‌و كه‌سی‌ عێراقی‌ له‌گه‌ڵ مردندا وێنه‌ ده‌گرێت‌و پێشوازی‌ لێده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ ئه‌م جۆره‌ وشانه‌ له‌ئاهه‌نگی‌ بووك گواستنه‌وه‌دا ده‌وترێنه‌وه‌و له‌خۆشترین رۆژیدا به‌بوكێ‌ ده‌وترێ‌ "سڵاو له‌مردن" هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌عێراقییه‌كان وه‌ك جۆرێك له‌گاڵته‌جاڕی‌ ژنهێنان به‌مردن حیساب ده‌كه‌ن.

 

ره‌نگه‌ هۆكاری‌ وتنه‌وه‌ی‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ له‌ئاهه‌نگه‌كاندا ئه‌وه‌ بێت كه‌ شاعیرو ئاوازدانه‌ره‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاریان له‌سه‌ر  كردبێت كه‌ بۆ هه‌موو بۆنه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بگونجێت‌و كه‌شێكی‌ شادی‌ دروست بكات.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ بۆ پشتیوانی‌ سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا نه‌ك بۆ هیچ بۆنه‌یه‌كی‌ تر، به‌ڵام ئاوازو هۆنراوه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ بۆ هه‌موو چین‌و توێژێك ببێت.

 

ئه‌م گۆرانیانه‌ ئێستا له‌وه‌ ده‌رچوون ته‌نها گۆرانی‌ شه‌ڕو وره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ بن، به‌ڵكو بۆ هه‌موو كات‌و هه‌موو بۆنه‌یه‌ك به‌كاردێن، به‌ڵام وتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌ بۆخۆی‌ جۆرێكی‌ تره‌ له‌پشتیوانی‌ بۆ ئه‌و هێزانه‌.

 

سه‌ره‌تا دیارده‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ گۆرانییه‌ حه‌ماسییه‌كان بۆ ناو ئاهه‌نگه‌كان‌و بۆنه‌كان له‌ئاهه‌نگی‌ چه‌كدارانی‌ سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، به‌ڵام دواتر ته‌شه‌نه‌ی‌ سه‌ند بۆ ناو هه‌موو ئاهه‌نگه‌كانی‌ تر، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ بۆنه‌ نییه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌ی‌ تیا نه‌وترێت.

 

مه‌حمود محه‌مه‌د كه‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵه‌‌و ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌شداری‌ زۆر بۆنه‌و ئاهه‌نگی‌ كردووه‌ ده‌ڵێت "ئه‌م گۆرانییانه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌پێداویستی‌ ئاهه‌نگه‌كان، چونكه‌ به‌باشی‌ سه‌مایان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".

 

هه‌رچی‌ رێكخه‌رانی‌ ئاهه‌نگه‌كانیشه‌ ئێستا ناچاربوون دوای‌ ئه‌م خواسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌ بكه‌ون‌و له‌هه‌موو ئاهه‌نگێكدا ئه‌و جۆره‌ گۆرانییانه‌ په‌خش بكه‌ن.

 

ئه‌حمه‌د به‌در كه‌ دی‌ جه‌ی‌ یه‌كێك له‌هۆڵی‌ بۆنه‌كانه‌ له‌به‌غدا ده‌ڵێت "له‌راستیدا وای‌ لێهاتووه‌ كه‌س داوای‌ ئه‌و گۆرانیانه‌ ناكات، هه‌ر خۆمان كردوومانه‌ به‌به‌شێك له‌پرۆگرامه‌كه‌و په‌خشی‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌زانین ئاماده‌بوون حه‌زیان پێیه‌تی‌".

 

ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت "ئه‌م گۆرانییانه‌ به‌ته‌واوی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ گه‌رم ده‌كه‌ن‌و دوای‌ لێدانیان كه‌سێك نابینیت له‌شوێنه‌كه‌ی‌ خۆی‌ دابنیشێت".

 

بگره‌ واشی‌ لێهاتووه‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ سنوری‌ عێراقیان بڕیوه‌و ئێستا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی‌ له‌ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا ره‌وه‌ندی‌ عێراقی‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن، گۆرانییه‌كان بووه‌نه‌ته‌ به‌شێكی‌ جێگیر له‌ئاهه‌نگه‌كاندا.

 

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پڕی‌ بووه‌ له‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی‌ كچانی‌ به‌لجیكاو سویدو ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئاوازی‌ ئه‌و گۆرانیانه‌ سه‌ما ده‌كه‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بزانن مانایان چییه‌.

 

ئه‌كره‌م عیتابی‌ كه‌ شاعیرێكی‌ عێراقییه‌و ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ده‌ژی‌ ده‌ڵێت "جاران له‌ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵك ته‌نها گۆرانی‌ كازم ساهیریان ده‌ناسی‌، به‌ڵام ئێستا چه‌ند گۆرانییه‌كی‌ تر هه‌ن كه‌ سنوریان بڕیوه‌و له‌هه‌موو شوێنێك بڵاوبوونه‌ته‌وه‌".

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ هانی‌ ئاوازدانه‌ره‌كانی‌ تریشیان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مان رێچكه‌ بگرنه‌ به‌ر به‌و هیوایه‌ی‌ گۆرانییه‌كانی‌ ئه‌وانیش هه‌مان ناوبانگ په‌یدا بكات، هه‌رچه‌نده‌ تێبینی‌ زۆر له‌سه‌ر ئاستی‌ هونه‌ریی‌ گۆرانییه‌كان هه‌یه‌.

 

عه‌باس فازڵ ره‌خه‌نگری‌ هونه‌ریی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌رووی‌ هونه‌رییه‌وه‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ هیچ مه‌رجی‌ سه‌ركه‌وتنیان تێدا نییه‌، چونكه‌ نه‌ ئاوازو نه‌ وشه‌كان زانستی‌‌و هونه‌رین‌و نه‌ ده‌نگی‌ گۆرانیبیژه‌كه‌ش خۆشه‌، به‌ڵام ئیتر زه‌وقی‌ گشتی‌ وایكردووه‌ به‌به‌هێزی‌ ئاماده‌بن".

 

فازڵ ده‌شڵێت "به‌ربڵاوی‌ ئه‌م گۆرانیانه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ ئیتر ئاوازو هۆنراوه‌و ده‌نگ نابنه‌ پێوه‌ری‌ سه‌ركه‌وتن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ زه‌وقی‌ خه‌ڵكییه‌ دیاری‌ ده‌كات كام گۆرانییه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌و مانایه‌ی‌ خه‌ڵك حه‌زیان به‌وه‌یه‌ گوێیان له‌و جۆره‌ ئاوازانه‌ بێت‌و سه‌مای‌ له‌سه‌ر بكه‌ن‌و خۆشی‌ ده‌رببڕن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گرنگی‌ به‌ده‌نگ‌و وشه‌و پێوه‌ره‌ هونه‌رییه‌كانی‌ تر بده‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌