راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حه‌وانه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ڕێ‌
شارێكی‌ بێوێنه‌ كه‌ بڕوا ناكه‌یت له‌عێراقدا بێت

عه‌باس سه‌رحان
ئه‌وانه‌ی‌ روو له‌كه‌ربه‌لا ده‌كه‌ن له‌رێگا رێیان ده‌كه‌وێته‌ شارێكی‌ نموونه‌یی‌ كه‌ كه‌م كه‌س باوه‌ڕده‌كات ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌عێراق جێبه‌جێ كرابێت.
14.10.2015  |  كه‌ربه‌لا
مدينة الحسن المجتبى
مدينة الحسن المجتبى

به‌دووری‌ حه‌ڤده‌ كیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی‌ شاری‌ كه‌ربه‌لاو له‌سه‌ر رێگای‌ كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف كۆمه‌ڵێك باڵه‌خانه‌و باخچه‌و شوێنی‌ یاری‌ منداڵان هه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ ببێته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ گه‌شتیاری‌، ئێره‌ ناونراوه‌ "شاری‌ ئیمام حه‌سه‌ن بۆ زیاره‌تكاران".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ كه‌مێك دووره‌ له‌ناوه‌ندی‌ كه‌ربه‌لاوه‌، به‌ڵام زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ ئه‌وشاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن‌و كاته‌كانیان له‌وێ‌ به‌سه‌رده‌به‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌سه‌ردانی‌ ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ له‌نزیك جێگه‌كه‌وه‌ نیشته‌جێ‌ بوون.

 

شاره‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری‌ 22 دۆنم بنیادنراوه‌، پێكهاتووه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ كارگێڕی‌ دوو نهۆمی‌‌و چێشتخانه‌یه‌ك كه‌ شوێنی‌ هه‌زار كه‌سی‌ تیا ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها شانزه‌ هۆڵی‌ تیا كراوه‌ بۆ پێشوازی‌ خه‌ڵكی‌ له‌كاتی‌ فێستیڤاڵه‌ ئاینی‌‌و رۆشنبیرییه‌كان له‌گه‌ڵ هۆتێل‌و بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و پاڵاوگه‌ی‌ ئاو‌و مزگه‌وتێك به‌رووبه‌ری‌ هه‌زار مه‌ترو 32 باخچه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ پڕ له‌نافوره‌.

 

نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵكو له‌پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووه‌وه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن له‌وكاته‌ی‌ به‌وێدا تێپه‌ڕ ده‌بن بۆ سه‌ردانی‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌م شاره‌ 24 كاتژمێر كراوه‌یه‌و به‌ده‌یان فه‌رمانبه‌رو كارگوزاری‌ پاككه‌ره‌وه‌ كاری‌ تیا ده‌كه‌ن.

 

عه‌بدولحه‌بیب خه‌فاجی‌ (46 ساڵ) كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌ حه‌وت كه‌سییه‌كه‌یدا له‌پارێزگای‌ به‌سره‌وه‌ رووی‌ كردووه‌ته‌ كه‌ربه‌لا، بڕیاریداوه‌ شه‌وێك له‌و شاره‌ بمێننه‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ خۆیان بگه‌ێننه‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا.

 

به‌هۆی‌ نزمبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رماوه‌ هه‌ر كه‌ ئێواره‌ دادێت كارمه‌نده‌كانی‌ ئه‌وێ‌ به‌ده‌یان فه‌رشی‌ ئێرانی‌ له‌ناو باخچه‌كاندا داده‌خه‌ن تا سه‌ردانكه‌ره‌كان له‌سه‌ری‌ بحه‌وێنه‌وه‌.

 

پێده‌چێت شنه‌بای‌ به‌ره‌به‌یان‌و ئێوارانی‌ سه‌ره‌تای‌ پایز‌و پاكو خاوێنی‌ جێگاكه‌ هۆكارێك بێت وای‌ له‌خه‌فاجی‌ كردبێت بڕیاری‌ مانه‌وه‌ بدات.

 

سه‌ردانكه‌ران ده‌توانن له‌هۆتێلێكی‌ فێنكی‌ نزیك له‌باخچه‌كان بمێننه‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان ناو باخچه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن، چونكه‌ هه‌م خۆیان هه‌وایه‌كی‌ پاك‌و سازگار هه‌ڵده‌مژن‌و هه‌م منداڵه‌كانیشیان ده‌كه‌ونه‌ یاری‌ كردن.

 

ئه‌ندازیار محه‌مه‌د حه‌سه‌ن سه‌رۆكی‌ هۆبه‌ی‌ پرۆژه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كانی‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ ته‌نها شاری‌ سه‌ر رێگاكه‌ نییه‌، به‌ڵكو سێ‌ شاری‌ تری‌ هاوشێوه‌ له‌نێوان كه‌ربه‌لاو به‌غداو بابل‌و نه‌جه‌فدا هه‌ن، هه‌ندێكیان هێشتا ته‌واو نه‌بوون‌و دوو ساڵه‌ ئاواره‌كانی‌ ئه‌نباریان له‌خۆگرتووه‌".

 

شاری‌ سه‌ردانكه‌ران له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ئیتیحادی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ وه‌قفی‌ شیعه‌ بنیادنراوه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا سه‌رپه‌رشتی‌ بنیادنانیان كردووه‌.

 

زۆرێك له‌وانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ ناوه‌ندێكی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ بیانی‌ نه‌خشه‌ی‌ جێگاكه‌ی‌ كێشاوه‌، به‌و پێیه‌ی‌ زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌و وه‌ك پرۆژه‌ حكومییه‌كانی‌ تر شكستی‌ نه‌هێناوه‌، به‌ڵام له‌راستیدا نوسینگه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌ ناوخۆییه‌كان ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یان كێشاوه‌و وه‌ك ئه‌ندازیار محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كۆمپانیایه‌كی‌ لۆكاڵی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ جێبه‌جێ‌ كردووه‌.

 

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵداو به‌بودجه‌ی‌ 35 ملیۆن دۆلار دروستكراوه‌و ئه‌ندازیاره‌كانیش ده‌ڵێن به‌راورد به‌گه‌وره‌یی‌ پرۆژه‌كه‌ ئه‌وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر نییه‌.

 

ئه‌ندازیار زیا ته‌عمه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ پرۆژه‌ حكومییه‌كان "وه‌همین" بۆیه‌ ناگه‌نه‌ ئه‌نجام، ئه‌گه‌رنا ده‌توانرێت پرۆژه‌ی‌ وه‌ها گه‌وره‌ به‌رهه‌م بهێنرێت.

 

له‌به‌ره‌به‌یانێكی‌ زوودا عه‌بدولحه‌بیب خه‌فاجی‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ ئه‌و جێگه‌یه‌یان جێهێشت‌و روویان له‌كه‌ربه‌لا كرد، به‌ر له‌وه‌ی‌ بڕوات وتی‌ "خۆزگه‌ هه‌موو پرۆژه‌كانی‌ تر پاره‌كه‌یان به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌دراو به‌رهه‌می‌ وه‌ها گه‌وره‌یان لێده‌كه‌وته‌وه‌".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌