راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ توندوتیژی‌ به‌بیركردنه‌وه‌
چه‌ند گه‌نجێك له‌بری‌ ئاین به‌زانست ده‌یانه‌وێت عێراق رزگار بكه‌ن

مەروان جەبار
سه‌ره‌ڕای‌ ئاسته‌نگه‌كان چه‌ند گه‌نجێكی‌ عێراقی‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ باوه‌وه‌ كار له‌سه‌ر بابه‌ته‌ زانستییه‌كان ده‌كه‌ن‌و هه‌ر بیروباوه‌ڕێك بنه‌مای‌ زانستی‌ نه‌بێت دژی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
1.10.2015  |  به‌غدا
وێنه‌یه‌كی‌ دروستكراوی‌ زانایانی‌ عه‌ره‌ب كه‌ سه‌رقاڵی‌ بابه‌ته‌ زانستییه‌كانن
وێنه‌یه‌كی‌ دروستكراوی‌ زانایانی‌ عه‌ره‌ب كه‌ سه‌رقاڵی‌ بابه‌ته‌ زانستییه‌كانن

له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵڵاو كێشه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی‌ عێراقدا كه‌سانێك هه‌ن پێیان وایه‌ بارودۆخی‌ وڵات كاتێك چانسی‌ باشبوونی‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رتاپای‌ كۆمه‌ڵگا بگۆڕێت‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ لیبرال دروست بكرێت.

 

یه‌كێك له‌و گروپانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ چالاكییه‌كی‌ زۆریان هه‌یه‌، ده‌سته‌یه‌كن خۆیان ناوناوه‌ "گروپی‌ زانستی‌ راسته‌قینه‌"‌و له‌پاڵ ده‌سته‌یه‌كی‌ تردا به‌ناوی‌ پرۆژه‌ی‌ عێرقی‌ بۆ وه‌رگێڕان چالاكی‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌.

 

هه‌ریه‌ك له‌م دوو گروپه‌ وێبسایت‌و په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا 130 هه‌زار لایكیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێك‌و پێك به‌به‌رده‌وامی‌ وتاری‌ زانستی‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ گه‌شه‌كردنی‌ مرۆڤ تا ئه‌وه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌گه‌ری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاو له‌سه‌ر رووی‌ هه‌ساره‌ی‌ مه‌ریخ.

 

https://www.facebook.com/realsciences1/timeline 

 

http://real-sciences.com/

 

https://www.facebook.com/Iraqi.Translation/timeline

 

http://www.iqtp.org/

 

بانگه‌شه‌كردن بۆ بیرۆكه‌یه‌كی‌ له‌م جۆره‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ وه‌كو كۆمه‌ڵگای‌ عێراقدا كارێكی‌ ئاسان نییه‌‌و ره‌نگه‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ رووبه‌رووی‌ چه‌ندین مه‌ترسی‌ بكاته‌وه‌.

 

حه‌یان خه‌یات (25 ساڵ) ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ یاسایه‌و پێشكه‌شكاری‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌، یه‌كێكه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ "گروپی‌ زانستی‌ راسته‌قینه‌"‌و به‌م دواییه‌ كتێبێكی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ "زانست بۆ هه‌موان"، ئه‌مه‌ش ناوی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ كه‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌عێراق پێشكه‌ش ده‌كرا.

 

ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگدا چاپی‌ یه‌كه‌می‌ كتێبه‌كه‌ له‌بازاڕدا نه‌ماو ئێستاش خواستێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆكراوه‌ی‌ وتاری‌ (25) وه‌رگێڕی‌ عێراقییه‌ له‌باره‌ی‌ زانسته‌وه‌.

 

خه‌یات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌به‌رده‌وامی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێده‌كرێت‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ دژی‌ ئه‌وانه‌ وه‌ستاوینه‌ته‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ له‌رێی‌ ده‌سه‌ڵات‌و پاره‌وه‌ ده‌توانن موعجیزه‌ بخولقێنن".

 

ده‌شڵێت "له‌كۆمه‌ڵگای‌ عێراقیدا باوه‌ڕێكی‌ زۆر به‌موعجیزه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه‌ به‌ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ ئاینییه‌وه‌، بۆخۆم ناوه‌ ناوه‌ نوسینه‌كانم راده‌گرم كه‌ ده‌زانم هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌م له‌سه‌ره‌".

 

بابه‌ته‌كانی‌ ئه‌م گروپانه‌ كاری‌ سه‌ر ده‌كه‌ن زایاتر په‌یوه‌سته‌ به‌به‌ڵگه‌ی‌ زانستی‌‌و چۆنێتی‌ گه‌شه‌كردنی‌ مرۆڤ، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ی‌ لای‌ هه‌ندێ‌ كه‌س هێڵی‌ سووره‌، وه‌ك بیردۆزی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ داروین.

 

یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌م گروپانه‌ چه‌ندین كتێبی‌ وه‌رگێڕاوه‌ له‌كتێبه‌كانی‌ فه‌یله‌سوفی‌ به‌ناوبانگی‌ به‌ریتانی‌ ئای‌ سی‌ گرایلینگ‌و فه‌یله‌سوفی‌ فیزیایی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ڤیكتۆر شتینگه‌ر كه‌ گومانی‌ له‌ئاین هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ مێژوو نووسی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ریچارد كاریر، به‌ڵام ناوێرێت ناوی‌ خۆی‌ بخاته‌ سه‌ر كتێبه‌كانی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ دروست ده‌بێت، بۆیه‌ ناوی‌ خوازراو به‌كارده‌هێنێت.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ ده‌ڵێت "گروپه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر شاره‌ زۆر داخراوو كۆنه‌پارێزه‌كانیش"، ده‌شڵێت "زۆرجار تێبینیمان ده‌درێتێ‌‌و ده‌ستخۆشیمان لێده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشكرا نین".

 

ئه‌م گروپه‌ ساڵی‌ 2012 دروستبووه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئامانجی‌ سه‌ره‌كیییان پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ بووه‌ كه‌ له‌كتێبخانه‌كانی‌ عێراقدا هه‌بوون، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ كتێبخانه‌كان ته‌نها كتێبی‌ ئاینی‌‌و هه‌ندێ‌ كتێبی‌ كۆنی‌ شیوعییان تێدایه‌.

 

ساڵی‌ 2013 به‌شێك له‌ئه‌ندامانی‌ گروپی‌ عێراقی‌ بۆ وه‌رگێڕان كه‌ زمانی‌ ئینگلیزییان ده‌زانی‌ خۆیان یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌ بۆ وه‌رگێڕانی‌ كتێب‌و وتاری‌ زانستی‌‌و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌خوشكه‌كه‌یان له‌گروپی‌ زانستی‌ راسته‌قینه‌ چه‌ندین به‌رهه‌میان خسته‌ به‌رده‌ست.

 

له‌كۆتاییه‌كانی‌ هه‌مان ساڵدا هه‌ردوو گروپ له‌شه‌قامی‌ به‌ناوبانگی‌ موته‌نه‌بی‌ له‌به‌غدای‌ پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ "من عێراقیم.. من ده‌خوێنمه‌وه‌"یان راگه‌یاند، به‌ڵام دواتر ئه‌ندامانی‌ هه‌ردوو گروپ خرانه‌ په‌راوێزه‌وه‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ تر بوونه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌.

 

ئه‌سیل فه‌وزی‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ گروپی‌ زانستی‌ راسته‌قینه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگن له‌به‌رده‌م پرۆژه‌كانی‌ ئێمه‌دا"، ده‌شڵێت "هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ به‌شێك له‌ئه‌ندامه‌كانمان عێراقیان جێهێشت".

 

ئه‌م گروپه‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانیانه‌وه‌ به‌گروپێكی‌ "بێ‌ باوه‌ڕی‌ دژه‌ ئایین" ده‌ناسێنرێن، به‌ڵام ئه‌ندامانی‌ گروپه‌كه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و رایده‌گه‌ینن ئه‌وان دژه‌ ئایین نین، به‌ڵام دژی‌ هه‌ر شتێكن كه‌ زانستی‌ نه‌بێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م دوو گروپه‌ نه‌یاریان زۆره‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سانێكی‌ زۆریش هه‌ن پشتیوان‌و هاوكاریانن، ئه‌سیر عه‌تار كه‌ ده‌رچووی‌ زانكۆی‌ لویزیانای‌ ئه‌مه‌ریكایه‌و له‌به‌سره‌ نیشته‌جێیه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

 

عه‌تار ده‌ڵێت "ئه‌و گروپانه‌ كه‌سانی‌ ئازاو بوێرن، دژه‌ ئایین نین، به‌ڵكو ته‌نها به‌رگری‌ له‌ڕٍاستی‌ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت گاڵته‌شیان به‌كۆپی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ناڵی‌ ناشیۆنال جیۆگرافی‌‌و گۆڤاره‌كه‌یان دێت له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، چونكه‌ هه‌ندێ‌ راستی‌ زانستی‌ ده‌شارنه‌وه‌".

 

عه‌تار به‌م دواییه‌ كتێبێكی‌ زانستی‌ منداڵانی‌ وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌شوێن یه‌كێكدا ده‌گه‌ڕێت هاوكاری‌ بكات بۆ چاپكردن‌و ده‌ڵێت "ده‌مه‌وێت نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ ئاشنا بكه‌م به‌بنه‌ما زانستییه‌كان".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س بڕیاری‌ چاپكردنیان داوه‌، به‌ڵام كاتێك ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بینیوه‌ پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ چه‌ند ئایدیۆلۆجیایه‌كی‌ نا باو ده‌كات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌