راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان له‌گه‌ڵ گورگدا
گورگه‌وانه‌كه‌ی‌ كوت: گورگ له‌دزو جنۆكه‌ ده‌مپارێزن

محه‌ممه‌د زه‌یدی
به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ترس‌و تێڕوانینی‌ باوی‌ خه‌ڵكه‌وه‌، پیاوێكی‌ خه‌ڵكی‌ كوت زۆربه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ له‌گه‌ڵ به‌خێوكردنی‌ گورگدا بردووه‌ته‌ سه‌ر.
17.09.2015  |  واسیت
گورگه‌وانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دوو به‌چكه‌ گورگدا
گورگه‌وانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دوو به‌چكه‌ گورگدا

ئه‌ركان حر شیاع پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵی‌ دانیشتووی‌ ناحیه‌ی‌ جسانه‌ (90كم خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ كوت) زۆربه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ له‌گه‌ڵ به‌خێوكردنی‌ گورگدا بردووه‌ته‌ سه‌رو له‌باره‌ی‌ گورگه‌وه‌ ده‌ڵێت "بونه‌وه‌رێكی‌ به‌وه‌فاو ئازایه‌، من‌و گورگ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ سه‌یرمان هه‌یه‌، بڕوا بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌و تواناو سوربوونه‌ی‌ له‌واندا بینیومه‌، له‌مرۆڤدا نه‌مبینیوه‌".

 

نیقاش له‌باره‌ی‌ ئه‌و ئاره‌زووه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ركاندا ئه‌نجامدا كه‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ "گورگه‌وانه‌كه‌ی‌ كوت" ناسراوه‌.

 

نیقاش: ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵه‌ گورگ به‌خێو ده‌كه‌یت؟

گورگه‌وان: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گونده‌كه‌مان ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ندی‌ بیابانێكی‌ پان‌و به‌رینه‌وه‌‌و به‌و پێیه‌ش كه‌ خۆم شوانم، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ رۆژانه‌ گورگم ده‌بینی‌، ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ راهاتم‌و ئیتر ترسم لێی‌ نه‌ما، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ عاشقی‌ گورگ بووم، به‌ر له‌سی‌ ساڵ كه‌وتمه‌ گرنگیدان به‌م ئاژه‌ڵه‌، پێت سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم بوونی‌ گورگ له‌ماڵه‌كه‌مدا له‌جنۆكه‌ ده‌مپارێزێت‌و كه‌س ناوێرێت دزیم لێ‌ بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ وه‌فایه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌

له‌ناو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كاندا له‌هه‌موویان زیاتر ده‌سته‌مۆ ده‌كرێ‌.

 

نیقاش: تائێستا چه‌ند گورگت به‌خێو كردووه‌و چۆن ده‌ستت ده‌كه‌ون؟

گورگه‌وان: یه‌كه‌مجار نۆ گورگم پێكه‌وه‌ به‌خێوكرد كه‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌ر یه‌كێكیان چوار مانگ بوو، سه‌ره‌تا به‌زه‌حمه‌ت ئه‌و كاره‌م بۆ كرا، چونكه‌ را نه‌ده‌هاتن له‌گه‌ڵما، بیرم دێت ئه‌كات له‌راوێكدا ده‌ستم كه‌وتن، به‌دووربین ته‌ماشام كرد دایكه‌كه‌یان شیری‌ ده‌دانێ‌، هه‌موو رۆژێك دایكیان به‌یانیان ده‌چوو بۆ راوو شه‌و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، جارێكیان كه‌ جێی‌ هێشتن به‌هاوكاری‌ هاوڕێكانم چاڵێكم هه‌ڵكه‌ند به‌قوڵی‌ یه‌ك مه‌ترو هه‌موو گورگه‌كانم گرت‌و هێنامنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و شوێنێكی‌ باشم بۆ دروست كردن، ئیتر ورده‌ ورده‌ خۆم له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌كردنیان راهێنا، ئێستا نێره‌ی‌ سه‌گ‌و مێینه‌ی‌ گورگ له‌یه‌ك جووت ده‌كه‌م، به‌ڵام تا ته‌مه‌نێكی‌ دیاریكراو ده‌توانم رایان بگرم، پاش ئه‌وه‌ ده‌یاننێرم بۆ باخچه‌ی‌ ئاژه‌ڵان، نه‌وه‌ك په‌لاماری‌ خه‌ڵك بده‌ن.

 

نیقاش: ئه‌ی‌ رای‌ خێزان‌و دراوسێكانت چییه‌؟

گورگه‌وان: خێزانه‌كه‌م‌و دراوسێكانم‌و هاوڕێكانم به‌مه‌ دڵخۆشن، چونكه‌ باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌م وه‌ك باخچه‌ی‌ ئاژه‌ڵان لێكردووه‌، زۆرێك له‌خێزانه‌كان دێن وێنه‌ له‌گه‌ڵ جۆره‌ جیاوازه‌كانی‌ گورگدا ده‌گرن، بۆ نموونه‌ گورگی‌ عێراقی‌ ره‌نگی‌ زه‌ردو گورگی‌ روسی‌ ره‌نگیان شین‌و چاو گه‌وره‌ن، هه‌موو ئه‌م جۆرانه‌ش له‌ژێر چاودێری‌ وردی‌ ته‌ندروستیدان‌و خواردنی‌ جۆراو جۆریان پێ‌ ده‌ده‌م، زۆر دڵخۆشم به‌م ئاره‌زووه‌.

 

نیقاش: جۆره‌كانی‌ گورگ زۆرن؟ بۆ زیاتر عێراقی‌‌و روسیت هه‌یه‌؟

گورگه‌وان: به‌ڵێ‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جۆره‌كانی‌ زۆرن، وه‌كو زه‌ردو ره‌ش‌و سوورو به‌ڵه‌ك‌و مه‌كسیكی‌‌و گورگی‌ دۆڵ‌و چه‌ند جۆرێكی‌ تر كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌شوێنی‌ تایبه‌ت ده‌ژین، گورگی‌ روسی‌ له‌روسیاوه‌ دێته‌ ئێران‌و له‌وێوه‌ ده‌گاته‌ عێراق، ساڵانێك بوو به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌و گورگانه‌ كۆچیان بۆ عێراق راگرتبوو، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیان پێ‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باوكم باسی‌ گورگی‌ ره‌شی‌ روسی‌ ده‌كرد باوه‌ڕم نه‌ده‌كردو پێم وابوو ئه‌فسانه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك یه‌كێكم راوكرد ئینجا زانیم راسته‌.

 

نیقاش: جێگای‌ تایبه‌تت هه‌یه‌ بۆ به‌خێوكردنی‌ گورگ؟

گورگه‌وان: به‌ڵێ‌، له‌ماڵه‌وه‌ جێیه‌كم بۆ دروستكردوون كه‌ كاره‌باو هۆكاری‌ فێنككه‌ره‌وه‌ تێدایه‌، شه‌وانه‌ گورگه‌ دوو مانگانه‌كان له‌مله‌وه‌ ده‌به‌ستمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سته‌مۆیان بكه‌م‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌مدا رابێن، ئینجا ئازادیان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ماڵه‌كه‌دا بسوڕێنه‌وه‌.

 

نیقاش: ئه‌ی‌ چۆن خواردنیان بۆ دابین ده‌كه‌یت؟

گورگه‌وان: رۆژانه‌ راوی‌ كه‌روێشك ئه‌كه‌م، ئه‌مه‌ش ته‌نها پاره‌ی‌ فیشه‌كه‌كانی‌ تێده‌چێت، پاكه‌تێك فیشه‌ك به‌ ده‌ هه‌زار دیناره‌و به‌شی‌ دوانزه‌ رۆژم ئه‌كات.

 

نیقاش: سه‌یرترین رووداو چییه‌ كه‌ له‌به‌خێوكردنی‌ گورگدا به‌سه‌رتدا هاتووه‌؟

گورگه‌وان: رۆژێكیان گورگێكی‌ بچووكی‌ دوو مانگ‌و نیوم گرت‌و خستمه‌ سندوقی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌مه‌وه‌، دوایی‌ بردمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و دوای‌ سه‌عاتێك خواردنم پێدا، كه‌چی‌ له‌پڕ په‌لاماری‌ دام‌و جله‌كانی‌ دڕاندم، ئه‌گه‌ر شاره‌زایی‌ خۆم نه‌بوایه‌ ره‌نگ بوو خراپم به‌سه‌ر بهاتایه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌