راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵاتن له‌ترس‌و بێدادی
كۆچكردن.. هۆكاری‌ جیاواز به‌ڵام یه‌ك ئامانج

مەروان جەبار
شه‌پۆلی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ كۆچی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق هۆكاره‌كانی‌ زۆرن، به‌ڵام ره‌نگه‌ ترس له‌بارودۆخی‌ ئه‌منی‌‌و بێهیوایی‌ له‌ئاینده‌ دیارترین پاڵنه‌ره‌كان بن.
10.09.2015  |  به‌غدا
ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر ( :وێنه Getty / Christopher Furlong)
ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر ( :وێنه Getty / Christopher Furlong)

له‌به‌غداو به‌شێك له‌شاره‌كانی‌ تر جڵه‌وی‌ حوكمڕانی‌ له‌ده‌ستی‌ حكومه‌تدا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی‌ بڕیار به‌ده‌ستن میلیشیا شیعه‌كانن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ داعش ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ داگیركردووه‌و هه‌میشه‌ وه‌ك مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌بینرێت‌و دنیایه‌ك قه‌یرانی‌ تر له‌عێراقدا بوونی‌ هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایانكردووه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر بارگه‌و بنه‌ بپێچنه‌وه‌و روو له‌ئه‌وروپا بكه‌ن.

 

جیاوازی‌ كۆچی‌ ئه‌مجاره‌ له‌وه‌دایه‌ ته‌نها گه‌نجه‌ بێكاره‌كان ملی‌ ڕی‌ ناگرنه‌ به‌ر، به‌ڵكو به‌ده‌یان كه‌سی‌ خاوه‌ن سامان‌و كاری‌ باش عێراقیان جێهێشتووه‌، په‌یامنێری‌ "نیقاش" گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكدا كردوو هۆكاری‌ كۆچكردنی‌ لێ‌ پرسین.

 

كۆچی‌ به‌لێشاوی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاتانی‌ سوریاو ئه‌فغانستان‌و ئه‌ریتریا بۆ ئه‌وروپا به‌رده‌وامه‌و ئه‌مجاره‌ خه‌ڵكی‌ عێراقیشی‌ چووه‌ سه‌ر، وڵاتانی‌ ئه‌وروپا پێشبینی‌ ده‌كه‌ن كۆچی‌ به‌لێشاوی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق زۆر زیاتر له‌وه‌ هه‌ڵبكشێ‌.

 

له‌پاش رووخانی‌ به‌عسه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ عێراق چاوه‌ڕێی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌شیان ده‌كرد، به‌ڵام پێده‌چێت قه‌یرانه‌كان رۆژ به‌رۆژ روو له‌هه‌ڵكشان بن‌و خه‌ڵكیان ته‌واو بێهیوا كردبێت، ده‌رفه‌تی‌ كاریش بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كانن نین ته‌واو لاوازه‌‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن تروسكاییه‌ك شك نابه‌ن.

 

ئه‌وانه‌ی‌ كۆچ ده‌كه‌ن پێیان وایه‌ عێراق هیچ شتێكی‌ تیا نه‌ماوه‌ بۆ ژیان‌و هه‌موو هیوایان به‌ئه‌وروپادا هه‌ڵواسیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ دواجار ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌گه‌ن ئه‌و وێنه‌یه‌ نه‌بێت كه‌ له‌خه‌یاڵی‌ خۆیاندا وێنایان كردووه‌.

 

عه‌لی‌ حه‌سه‌ن (29 ساڵ) دانیشتووی‌ به‌سره‌یه‌و پیشه‌كه‌ی‌ كرێكاره‌‌و بۆخۆی‌ باگراوندێكی‌ شیعه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێی‌ وایه‌ به‌هۆی‌ باڵاده‌ستی‌ میلیشیاكانه‌وه‌ هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ژیانیان، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌روونی‌ دیاره‌ پێكدادانێكی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان میلیشیا شیعه‌كان‌و هێزه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا رووده‌دات، ده‌یان كه‌س كوژراون كه‌ ئه‌گه‌ر له‌عێراقدا نه‌بوونایه‌ ئێستا مابوون، منیش نامه‌وێت هه‌مان چاره‌نووسم هه‌بێت".

 

عه‌لی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كارییه‌ بۆ كۆچكردن، دوای‌ چه‌ند رۆژێك فه‌یسبووكه‌كه‌ی‌ داخراو هیچی‌ تازه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ نازانرێت.

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ عه‌لی‌ ئه‌حمه‌د (21) ساڵ كه‌ هێشتا له‌خوێندن به‌رده‌وامه‌، سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ بڕێك پاره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت عێراق رووه‌و ئه‌وروپا جێبهێڵێت، ئه‌حمه‌د كه‌ به‌ئینگلزییه‌كی‌ باش قسه‌ ده‌كات خه‌مباره‌ به‌وه‌ی‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م هاوینه‌ كارێكی‌ باش بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی‌ كۆبكاته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ سه‌فه‌ر بكات كه‌ ئێستا ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا.

 

ئه‌حمه‌د له‌خێزانێكی‌ موسوڵمانی‌ سوننه‌یه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌موو رۆژێك هه‌ست به‌مه‌ترسی‌ ده‌كات له‌سه‌ر ژیانی‌‌و هیچ شتێك له‌عێراقدا گه‌ره‌نتی‌ نییه‌.

 

گه‌نجێكی‌ تری‌ عێراقی‌ كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا بكات، به‌و بیانووه‌ی‌ هاوڕه‌گه‌زبازه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو ساتێك له‌ژیانی‌ خۆی‌ ده‌ترسێت‌و ده‌ڵێت "پێم وانییه‌ خه‌ڵكی‌ خۆرئاوا له‌وه‌ تێنه‌گه‌ن بوونی‌ هاوڕه‌گه‌زبازێك له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئاینی‌ توندڕه‌ودا به‌مانای‌ چی‌ دێت".

 

ده‌شڵێت "ته‌نانه‌ت كه‌سوكاره‌كه‌شمان ئه‌مه‌ قبوڵ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌یان كه‌س له‌سه‌ر هاوڕه‌گه‌زبازی‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ كوژراون‌و خه‌ڵكیش ده‌ست خۆشییان لێده‌كه‌ن".

 

ئه‌و گه‌نجه‌ به‌گاڵته‌جاڕی‌ ئه‌پڵكه‌یشنێكی‌ مۆبایل ده‌كاته‌ پێوه‌ر كه‌ هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان له‌جیهاندا به‌یه‌ك ده‌ناسێنێت‌و ده‌ڵێت "كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ له‌به‌غدا هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ورده‌ ورده‌ هه‌موو هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان عێراق جێده‌هێڵن".

 

وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت باری‌ داراییان زۆر باشه‌و خۆی‌ له‌كۆمپانیایه‌ك كارده‌كات‌و كه‌سوكاره‌كه‌شی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ هیچ بۆ ئه‌و ناگه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر ژیانی‌ له‌مه‌ترسیدا بێت.

 

كوڕێكی‌ تری‌ ته‌مه‌ن سی‌ ساڵ كه‌ له‌به‌ر هۆكاری‌ ئه‌منی‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ناكات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتنی‌ له‌سه‌ره‌و ناوێرێت له‌ماڵه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و كوڕه‌ كه‌سێكی‌ خوێنده‌واره‌و له‌گه‌ڵ چه‌ندین رێكخراوی‌ ناحكومیدا كاری‌ كردووه‌‌و موچه‌یه‌كی‌ باشیشی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ترسی‌ ژیانی‌ هه‌ڵدێت.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌زانم ئه‌و رۆژه‌ی‌ به‌كارمه‌ندی‌ په‌نابه‌رێتی‌ ده‌گه‌م له‌مه‌ترسییه‌كه‌ی‌ من تێناگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دره‌نگیش ئه‌گه‌م ئیتر چانسم بۆ وه‌رگرتنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێت له‌به‌غدا بكوژرێم".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌