راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌نها ده‌ستێك جل به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببیته‌ سه‌رباز

موستەفا سەعدون
له‌عێراقدا ئێستا ئاسانترین شت ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستێك جلی‌ سه‌ربازی‌ بپۆشیت‌و به‌ئاشكرا بسوڕێیته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو كه‌ی‌ ویستت چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كیش بخه‌ره‌ سه‌ر شان.
20.08.2015  |  به‌غدا
جندي عراقي يقف عند حاجز كونكريتي ( :وێنه كامران نجم )
جندي عراقي يقف عند حاجز كونكريتي ( :وێنه كامران نجم )

محه‌مه‌د وه‌لید كه‌ عه‌ریفێكی‌ پۆلیسی‌ ئیتیحادییه‌ هه‌موو كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كان له‌بازاڕێكی‌ به‌غدا ده‌كرێت، هه‌ر له‌جل‌و به‌رگ‌و پۆستاڵ‌و كڵاو تا ده‌گاته‌ ئه‌و گولله‌نه‌بڕه‌ ساده‌یه‌ی‌ له‌هیچ گولله‌یه‌ك نایپارێزێت.

 

نرخی‌ جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازی‌ كه‌ قوماشه‌كه‌ی‌ دروستكراوی‌ چین بێت نزیكه‌ی‌ په‌نجا هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ بێكه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌خاڵێكی‌ پشكنین یان له‌كاتی‌ راهێنان‌و شه‌ڕ له‌به‌ر هه‌تاو بمێنێته‌وه‌ ره‌نگه‌كه‌ی‌ وای‌ لێدێت كه‌ ناناسرێته‌وه‌.

 

له‌ناوچه‌ی‌ بابشه‌رجی‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت به‌ده‌یان دوكانی‌ فرۆشتنی‌ جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازی‌ هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ش پاش فه‌تواكه‌ی‌ سیستانی‌ بۆ شه‌ڕكردن دژی‌ داعش، به‌باشی‌ بازاڕیان بوژاوه‌ته‌وه‌.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و دوكانه‌ بچوكانه‌ نزیكن له‌باره‌گای‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌و رۆژانه‌ به‌ده‌یان به‌رپرسی‌ حكومی‌ به‌به‌رده‌میاندا تێپه‌ڕ ده‌بن كه‌ به‌رپرسن له‌مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌، دیارترینیشیان وه‌زیری‌ ناوخۆیه‌.

 

عه‌مید سه‌عد معه‌ن وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌زاره‌ت به‌شێكی‌ تایبه‌تی‌ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ دوكانه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌كان، ناوی‌ فرۆشیارانی‌ تۆماركردووه‌و رێنمایی‌ پێداون كه‌ ته‌نها به‌كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌ بیفرۆشن‌و به‌وردیش چاودێری‌ ده‌كرێن".

 

ده‌شڵێت "هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌و دوكانانه‌و ده‌زگا حكومییه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ توانراوه‌ كۆنترۆڵ بكرێن‌و به‌باشی‌ ئاگاداری‌ كاره‌كانیان بین".

 

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌و جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازیانه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریست‌و تاوانبارانه‌وه‌ به‌كارناهێنرێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ بازاڕه‌كه‌ی‌ عه‌لاوییه‌ له‌ناوه‌ندی‌ به‌غدا كه‌ هیچ گوێ‌ به‌وه‌ نادات كڕیاره‌كه‌ كێیه‌.

 

عه‌لی‌ ئه‌بو وه‌لید كه‌ له‌یه‌كێك له‌دوكانه‌كانی‌ فرۆشتنی‌ جل‌وبه‌رگ‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازیی كارده‌كات ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ فرۆشتنه‌، له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێویسته‌ چاودێری‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خراپ به‌كاری‌ نه‌هێنن، من ناتوانم له‌یه‌ك كاتدا رۆڵی‌ پۆلیس‌و دوكانداریش ببینم".

 

عه‌لی‌ جاران زۆر له‌وه‌ی‌ ده‌كۆڵییه‌وه‌ كه‌ كێ‌ جل‌و به‌رگه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام دوو ساڵه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بێزار بووه‌ له‌و رێوشوێنه‌ "بێزاركه‌رانه‌".

 

نه‌ك هه‌ر جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازی‌، به‌ڵكو هه‌موو كه‌سێك له‌و دوكانانه‌ ده‌توانێت كه‌ره‌سته‌ی‌ تریش بكڕێت، وه‌ك كه‌له‌پچه‌و دارو چاویلكه‌ی‌ سه‌ربازی‌‌و شوێنی‌ هه‌ڵگرتنی‌ ده‌مانچه‌و ده‌ستكێشی‌ تایبه‌ت‌و چه‌ندین پارچه‌ی‌ تر.

 

به‌هۆی‌ ئه‌و دوكانانه‌وه‌ ئێستا جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازی‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك له‌به‌رده‌سته‌‌و هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ی‌ ویستی‌ ده‌توانێت به‌رگی‌ سه‌ربازی‌ بپۆشێ‌، پێده‌چێت حكومه‌تیش تازه‌ له‌وه‌ گه‌یشتبێت كه‌ خه‌ریكه‌ دیارده‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت.

 

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا كاری‌ فڕاندن‌و دزی‌ به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر زیادی‌ كردووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ئاسانی‌ ناسنامه‌ی‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازی‌ ده‌ستده‌خه‌ن.

 

كه‌ریم نوری‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌كانی‌ رێكخراوی‌ به‌در به‌"نیقاش"ی‌ وت: هێزه‌كانی‌ ئه‌وان هیچ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوكاندارانه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێداویستییه‌كانیان له‌رێی‌ حكومه‌ته‌وه‌ بۆ دابین ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ئێستا دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ فه‌رمییه‌.

 

به‌ڵام به‌دووری‌ نازانێت هه‌ندێ‌ له‌چه‌كداره‌كانیان بۆ كڕینی‌ ورده‌ پێداویستی‌ روو له‌و دوكانانه‌ بكه‌ن‌و له‌وێ‌ به‌ئاسانی‌ ده‌ستیان بكه‌وێت.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ هیشام هاشمی‌ پسپۆڕی‌ كاروباری‌ ئه‌منی‌ هۆكاری‌ زیادبوونی‌ ئه‌و دوكانانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ "بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ سه‌ربازی‌ كه‌ له‌سه‌ریه‌تی‌ ته‌نها خۆی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازی‌ بهێنێت‌و نه‌هێڵێت بكه‌وێته‌ ده‌ست هیچ كه‌سێكی‌ تر تا بۆ كاری‌ نایاسایی‌ به‌كار نه‌هێنرێن".

 

هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بوونی‌ ئه‌م دوكانانه‌ كارئاسانی‌ بۆ تیرۆریست‌و تاوانباران ده‌كات خۆیان به‌كارمه‌ندی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نیشان بده‌ن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌یان كه‌ مۆڵه‌تیان نییه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ پێویسته‌ له‌مڕووه‌وه‌ رێوشوێنی‌ توند بگرێته‌ به‌ر".

 

هاشمی‌ پێی‌ وایه‌ هه‌ندێ‌ له‌و دوكانانه‌ ئه‌فسه‌رو به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ خاوه‌نین یان به‌رژه‌وه‌ندییان تێدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌دوور نازانێت به‌شێكی‌ تریان له‌رێی‌ پێدانی‌ به‌رتیله‌وه‌ توانیبێتیان مۆڵه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌ده‌ست بهێنن.

 

هه‌رچه‌نده‌ دوكانداره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان ئه‌و جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌ستانه‌ بۆ سه‌ربازو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام عه‌لا عبور سه‌ركرده‌ی‌ (سه‌رایا سه‌لام)ی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌وان ئه‌و جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌ستانه‌ به‌كارناهێنن، چونكه‌ زۆر خراپن‌و به‌رگه‌ی‌ گه‌رما ناگرن، به‌ڵام هه‌ندێجار بڕی‌ كه‌م له‌بازرگانه‌كان ده‌كڕن.

 

ده‌شڵێت "هه‌ر چه‌كدارێكی‌ سه‌رایا سه‌لام له‌و دوكانانه‌ جل‌و به‌رگ‌و كه‌ره‌سته‌یان كڕیبێت، پێیان وابووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌ مۆڵه‌ت پێدراون‌و له‌ژێر چاودێریدان".

 

ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناجێگیره‌ی‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ترسی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ كارئاسانی‌ بۆ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان بكات كه‌ خۆیان وه‌ك هێزی‌ فه‌رمی‌ نیشان بده‌ن‌و له‌غه‌فڵه‌تدا ده‌ست بوه‌شێنن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌