راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵ
گه‌نجان هیچ هیوایه‌ك نابینن ته‌نها كۆچكردن نه‌بێت

موسته‌فا حه‌بیب
به‌شێوه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ گه‌نجان بۆ ئه‌وروپا ده‌ستی‌ پێكردووه‌ته‌وه‌، خه‌تاكه‌شی‌ ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی‌ نائارامی‌‌و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و بێكارییه‌وه‌.
6.08.2015  |  به‌غدا
خێزانێكی‌ ئاواره‌ی‌ حه‌ویجه‌ له‌كه‌ركوك هه‌واڵی‌ مه‌رگی‌ رۆڵه‌یه‌كی‌ تری‌ پێده‌گات، زۆرێك له‌گه‌نجه‌كان لێره‌ هیچ هیوایه‌كیان به‌م ژیانه‌ نه‌ماوه‌و بیر له‌كۆچ ده‌كه‌نه‌وه‌ ( :وێنه هاوار خالد ميتروغرافي)
خێزانێكی‌ ئاواره‌ی‌ حه‌ویجه‌ له‌كه‌ركوك هه‌واڵی‌ مه‌رگی‌ رۆڵه‌یه‌كی‌ تری‌ پێده‌گات، زۆرێك له‌گه‌نجه‌كان لێره‌ هیچ هیوایه‌كیان به‌م ژیانه‌ نه‌ماوه‌و بیر له‌كۆچ ده‌كه‌نه‌وه‌ ( :وێنه هاوار خالد ميتروغرافي)

ئه‌م ماوه‌یه‌ هیچ شتێك به‌قه‌د كۆچكردن له‌ناو عێراقییه‌كاندا باس‌و خواسی‌ نییه‌، ئێستا هه‌ر شوێنێك ده‌چیت هه‌ر له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ تا چایخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان، باس باسی‌ كۆچكردن‌و جێهێشتنی‌ وڵاته‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ شه‌پۆلی‌ كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ گه‌نجان تازه‌ نییه‌و هه‌م له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ ساڵی‌ 2006و هه‌م له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌ئارادا بووه‌، به‌ڵام هیچیان وه‌ك شه‌پۆله‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ گه‌وره‌و پڕ ورده‌كاری‌ نییه‌.

 

باری‌ خراپی‌ ئه‌منی‌‌و نه‌بوونی‌ هه‌لی‌ كارو وێرانی‌ خزمه‌تگوزاریی‌، سه‌ره‌كیترین ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ گه‌نجانیان هانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وڵات جێبهێڵن، به‌ڵام به‌م دواییه‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕانی‌ زیاتری‌ به‌سه‌ردا هات، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ خاوه‌ن كارو ژیانێكی‌ باشن، ئه‌وانیش بیر له‌كۆچ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

جیاوازی‌ شه‌پۆله‌كه‌ی‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و وێبسایته‌كانه‌وه‌، گه‌نجان فێرده‌كرێن كه‌ چۆن وڵات جێبهێڵن‌و روو له‌ئه‌وروپا بكه‌ن، رێنماییان ده‌ده‌نێ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ به‌كارهێنانی‌ رێگا نایاساییه‌كانه‌وه‌.

 

رافع خه‌فاجی‌ كه‌ ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ كارگێڕی‌‌و ئابوری‌ زانكۆی‌ به‌غدایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ شتێك له‌عێراقدا نه‌ماوه‌ به‌كه‌ڵكی‌ ژیان بێت، به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و نائارامییه‌وه‌، ژیان له‌م وڵاته‌ ئاسته‌م بووه‌".

 

رافع له‌كۆمپانیایه‌كی‌ بازرگانی‌ كارده‌كات له‌ناوچه‌ی‌ "عه‌ره‌سات"ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا، ده‌شڵێت "نۆ مانگه‌ له‌م كۆمپانیایه‌ كارده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ كۆبكه‌مه‌وه‌و روو له‌ئه‌وروپا بكه‌م، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ربازم ببێت‌و هه‌موو ته‌مه‌نم لێره‌ به‌فیڕۆ نه‌چێت".

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌نێو عێراقییه‌كاندا پارچه‌ ڤیدیۆیه‌ك بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ گه‌نجێكی‌ تیا ده‌رده‌كه‌وێت به‌ناوی‌ "ئیریك" كه‌ له‌هۆنكۆنگه‌وه‌ رووی‌ له‌به‌غدا كردووه‌و له‌سه‌ر یه‌كێك له‌پرده‌كانی‌ روباری‌ دیجله‌وه‌ وه‌ستاوه‌و ده‌ڵێت "بۆ ئه‌وه‌ هاتم تا راستییه‌كان تێبگه‌م، باش ده‌زانم كه‌م كه‌س هه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ بێنه‌ ئێره‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ ئێره‌ جێده‌هێڵن".

 

ئیریك قسه‌ بۆ عێراقییه‌كان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "تكاتان لێده‌كه‌م خه‌ڵكی‌ عێراق وڵاته‌كه‌تان جێمه‌هێڵن، ئه‌م شه‌ڕه‌ كۆتایی‌ دێت، ئه‌بێت یارمه‌تی‌ یه‌كتر بده‌ن بۆ بنیادنانه‌وه‌ی‌ شاره‌كانتان".

 

به‌ڵام ئه‌و كۆمێنتانه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ڤیدیۆكه‌ نوسراوه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م وڵاته‌ چه‌ند بێزارو بێهیوان، هه‌ندێكیان قسه‌كانی‌ ئیریك به‌نالۆژیكی‌ ده‌بینن‌و به‌شێكی‌ تریان ده‌ڵێن توانایان نه‌ماوه‌ له‌مه‌ زیاتر دان به‌خۆدا بگرن، به‌شێكی‌ تریش چه‌ندین نوكته‌یان له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ دروست كردووه‌.

 

قه‌یسه‌ر ئیبراهیم ئه‌ندامی‌ رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نییه‌ بۆ پاڵپشتی‌ گه‌نجانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌راستی‌ ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات خه‌مهێنه‌، عێراق به‌ئاسانی‌ توانای‌ گه‌نجه‌كانی‌ له‌ده‌ست ده‌دات‌و زۆربه‌یان رووده‌كه‌نه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا".

 

قه‌یسه‌ر ده‌شڵێت "هه‌فته‌ی‌ رابردوو شه‌پۆلێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆچكردنی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت گوێ‌ به‌مه‌ بدات، ته‌نانه‌ت ئامارێكیش كۆناكاته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ وڵات جێده‌هێڵن".

 

له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كۆچیان كردووه‌، قه‌یسه‌ر پێی‌ وایه‌ ده‌ستخستنی‌ ئامار كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ گه‌نجه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ له‌رێی‌ تۆڕی‌ قاچاخچییه‌كانه‌وه‌و به‌پاره‌یه‌كی‌ زۆر كۆچ ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت "زۆربه‌ی‌ گه‌نجه‌كان پێیان خۆشه‌ روو له‌ئه‌وروپا بكه‌ن به‌هۆی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ سۆشیاله‌ی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌ست ناكه‌وێت".

 

ئێستا له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ندین په‌یج سه‌باره‌ت به‌كۆچی‌ نایاسایی‌ دروستكراوه‌‌و رێنوێنی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ روو له‌ئه‌روپا بكه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێكیاندا ناوی‌ قاچاخچییه‌كانی‌ توركیا نوسراوه‌، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ربڵاوترین شوێنه‌ كه‌ كۆچی‌ لێوه‌ ده‌كرێت.

 

ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ كه‌ كۆچ ده‌كه‌ن له‌رێی‌ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا وێنه‌ی‌ خۆیان ده‌گرن‌و هانی‌ گه‌نجانی‌ تر ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانیش هه‌مان رێگا بگرنه‌ به‌ر، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌مه‌ترسییه‌كانی‌ كۆچی‌ نایاسایی‌ بده‌ن.

 

یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ی‌ به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا‌و خۆی‌ داوایكرد به‌ناوی‌ ئه‌مجه‌ده‌وه‌ ناوی‌ بهێنرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆربه‌ی‌ گه‌نجه‌كان له‌رێی‌ توركیاوه‌ روو له‌ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌ گه‌یشتیته‌ توركیا ئینجا كاتی‌ ئه‌وه‌ دێت به‌دوای‌ قاچاخچیدا بگه‌ڕێیت".

 

ئه‌مجه‌د فه‌رمانبه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بووه‌و به‌ر له‌كۆچكردن ده‌ستی‌ له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ رۆیشتنی‌ گه‌نجانه‌وه‌ ده‌ڵێت "قاچاخچییه‌كه‌ به‌ده‌یان گه‌نجی‌ سوریاو عێراق كۆده‌كاته‌وه‌و به‌ به‌له‌مێك ره‌وانه‌ی‌ یۆنانیان ده‌كات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارترین قۆناغی‌ كۆچه‌كه‌یه‌، چونكه‌ زۆرجار به‌له‌مه‌كه‌ له‌ده‌ریای‌ نێوان توركیاو یۆناندا نوقم ده‌بێت".

 

پاش گه‌یشتن به‌یۆنان قۆناغی‌ دوه‌می‌ گه‌شته‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات، ئه‌ویش رۆیشتنه‌ به‌رێگای‌ وشكانی‌ بۆ ئه‌سیناو له‌وێوه‌ بۆ مه‌قدۆنیاو هه‌نگاریا، تا ده‌گاته‌ ئه‌ڵمانیا، به‌قسه‌ی‌ ئه‌مجه‌د زۆربه‌ی‌ گه‌نجانی‌ عێراق ئه‌ڵمانیا هه‌ڵده‌بژێرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ سۆشیالی‌ باشه‌و گرنگی‌ به‌په‌ناهه‌نده‌كان ده‌دات.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ڤیدیۆی‌ گه‌نجێكی‌ عێراقییه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌گه‌یشتن به‌و وڵاته‌ی‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت، گه‌نجه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ یۆنانی‌ ده‌ستگیریان كردووه‌و پاش وه‌رگرتنی‌ په‌نجه‌مۆر له‌رێی‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌پۆلیسی‌ توركیاوه‌ ناردویانه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق‌و هه‌رچی‌ پاره‌شی‌ له‌و رێگایه‌دا خه‌رجكردووه‌، هه‌مووی‌ فه‌وتاوه‌.

 

ساڵانی‌ رابردوو گه‌نجانی‌ بێكارو ئه‌وانه‌ش كه‌ رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بوونه‌وه‌ له‌زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ وڵاتیان جێده‌هێشت، به‌ڵام به‌م دواییه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ش كه‌ كاریان هه‌یه‌و له‌شاره‌ ئارامه‌كانی‌ خواروو كوردستان ده‌ژین بڕیاری‌ كۆچكردن ده‌ده‌ن.

 

رائید تائی‌ كه‌ دانیشتووی‌ شاری‌ به‌سره‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌نجان ترسیان له‌ئاینده‌ هه‌یه‌ نه‌ك ئه‌مڕۆ، ئه‌وان ته‌ماشای‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ده‌كه‌ن پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و هه‌ڵكشانی‌ ئاستی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌".

 

رائید كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ زانكۆی‌ به‌سره‌یه‌، ئه‌ویش بیر له‌كۆچكردن ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك له‌رێی‌ قاچاخه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵی‌ وه‌رگرتنی‌ فیزای‌ "شنگن" ده‌دات تا بگاته‌ یه‌كێك له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت رووبه‌رووی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌ته‌وه‌و بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵگه‌ی‌ پێیه‌ كه‌ به‌په‌نابه‌ر وه‌ربگیرێت.

 

فیزای‌ "شنگن" كه‌ له‌وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌رده‌چێت، ئێستا له‌رێی‌ نوسینگه‌كانی‌ گه‌شتكردن له‌به‌غداوه‌ ده‌فرۆشرێت، نرخی‌ هه‌ر فیزایه‌كیش بیست هه‌زار دۆلاره‌، له‌كاتێكدا ماوه‌ی‌ رابردوو ده‌ هه‌زار دۆلار بوو.

 

ئه‌و چیرۆكانه‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ ئه‌وروپا پاش گه‌یشتنیان دروستی‌ ده‌كه‌ن زۆربه‌یان راست نین، ئێستا له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ گه‌نجان فێرده‌كرێن كه‌ چۆن چیرۆكێكی‌ باوه‌ڕهێن دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌تنه‌كرێنه‌وه‌و وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌ربگیرێن.

 

به‌شێك له‌و چیرۆكانه‌ خۆی‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ گه‌نجه‌كه‌ وه‌ك هاوڕه‌گه‌زباز خۆی‌ ده‌ناسێنێت‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌و حكومه‌تیش ده‌ستگیری‌ ده‌كات، بۆیه‌ هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌كی‌ تری‌ نییه‌ جگه‌ له‌كۆچكردن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ده‌یان چیرۆكی‌ تری‌ هاوشێوه‌.

 

بارودۆخه‌كه‌ وایلێهاتووه‌ ئه‌مڕۆ گه‌نجانی‌ عێراق به‌ر له‌گه‌ڕان به‌دوای‌ كارو هاوسه‌رگیری‌، بیر له‌كۆچ بكه‌نه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌خه‌یاڵیاندا بێت كه‌ ئایا ده‌توانن له‌كۆمه‌ڵگای‌ ئه‌وروپیدا بژین، له‌كاتێكدا ده‌یان چیرۆك له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ گه‌نجانێكی‌ زۆر ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ له‌ئه‌وروپا ده‌ژین، نه‌ كاریان ده‌ستكه‌وتووه‌و نه‌ توانیویانه‌ بخوێنن، به‌ڵكو ته‌نها چاویان له‌ده‌ستی‌ حكومه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیانژێنێت.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌