راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ ساڵه‌ رووینه‌داوه‌
به‌غدادییه‌كان ئه‌مساڵ ره‌مه‌زانێكی‌ تایبه‌ت به‌ڕێده‌كه‌ن

موستەفا سەعدون
بۆ یه‌كه‌مجاره‌ دوای‌ چه‌ندین ساڵ به‌غدا ره‌مه‌زان به‌بێ‌ كۆت‌و به‌ند‌و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتووچۆ به‌ڕێده‌كات، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ هه‌موو رێگرییه‌كانی‌ پێشووی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.
9.07.2015  |  به‌غدا
بەروونی جیاوازی رەمەزانی ئەمساڵ دەردەکەوێ
بەروونی جیاوازی رەمەزانی ئەمساڵ دەردەکەوێ

جادرییه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ به‌غداو پڕیه‌تی‌ له‌چێشتخانه‌و قاوه‌خانه‌ كه‌ تا به‌ره‌به‌یان جمه‌یان دێت له‌خه‌ڵكی‌، دواتر خه‌ڵكه‌كه‌ چ به‌ته‌نها بن یان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ رێ‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ هاتوچۆیان لێ بگیرێت‌و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ خۆشییه‌كه‌یان لێ‌ تێك بدرێت.

 

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ كه‌راده‌ی‌ خۆرهه‌ڵات له‌ناوه‌ندی‌ به‌غدا قاوه‌خانه‌ی‌ "ره‌زا عه‌لوان" پڕیه‌تی‌ له‌نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس‌و هونه‌رمه‌ندان‌و خه‌ڵكانی‌ تر، جاران ئه‌م قاوه‌خانه‌یه‌ له‌كاتژمێر یانزه‌و نیوی‌ شه‌و داده‌خرا، به‌ڵام له‌ره‌مه‌زاندا هه‌تا به‌ره‌به‌یان كراوه‌یه‌و چه‌ندین پرۆگرامی‌ جۆراوجۆر پێشكه‌ش ده‌كات وه‌ك كۆڕی‌ شیعری‌‌و ئاهه‌نگ‌و گۆرانی‌.

 

عه‌لا ئه‌بو ئه‌حمه‌د خاوه‌نی‌ قاوه‌خانه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ر له‌ره‌مه‌زان بڕیارماندا كاتی‌ كردنه‌وه‌ی‌ قاوه‌خانه‌كه‌ بگۆڕین، جاران له‌به‌یانیانه‌وه‌ ده‌كرایه‌وه‌ هه‌تا شه‌و، به‌ڵام له‌ره‌مه‌زاندا له‌نیوه‌ڕوانه‌وه‌ ده‌یكه‌ینه‌وه‌ هه‌تا به‌ره‌به‌یان بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌رفه‌تی‌ كۆبوونه‌وه‌یان هه‌بێ‌ لێره‌".

 

ده‌شڵێت "ره‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵ جیاوازه‌ له‌ساڵانی‌ رابردوو، بۆیه‌ گرنگه‌ پلانه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ هاوڵاتیان به‌باشی‌ رێكبخرێت‌و كاری‌ ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هیوا بگێڕینه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ به‌غدا".

 

هه‌رچی‌ ناوچه‌ میلییه‌كانیشه‌ فرۆشیارانی‌ شیرینی‌‌و چه‌ره‌س‌و شه‌ربه‌تی‌ لێ‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، منداڵانیش تا به‌ره‌به‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ن‌و له‌به‌رده‌رگای‌ ماڵه‌كانیان خه‌ریكی‌ یاریی‌ كردنن.

 

له‌ناوچه‌ی‌ سه‌در كه‌ میللیترین ناوچه‌ی‌ به‌غدایه‌، غانم كه‌ریم پاش به‌ربانگ له‌به‌رده‌م چایخانه‌كاندا ده‌وه‌ستێت بۆ فرۆشتنی‌ پاقلاوه‌و زه‌لابیا، ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی‌ قه‌ره‌باڵغییه‌وه‌ هه‌رزوو هه‌رچی‌ شیرینی‌ هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت.

 

غانم بۆ "نیقاش" دواو وتی‌ "كه‌شی‌ ناوچه‌ میلییه‌كان زۆر خۆشتره‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ تر، قه‌ره‌باڵغییه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌و خه‌ڵكی‌ تا دره‌نگ له‌ده‌ره‌وه‌ن‌و سه‌ردان‌و هاموشۆ زیاد ده‌كات".

 

هه‌ندێ له‌چێشتخانه‌كان سودیان له‌بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ بینیوه‌و پارشێوان خواردن پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئێستا به‌غدا تام‌و چێژێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ به‌راورد به‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوو.

 

عه‌لی‌ به‌غدادی‌ كه‌ كارمه‌ندی‌ چێشتخانه‌ی‌ "عیوان به‌غداد"ه‌ له‌ناوچه‌ی‌ عه‌ره‌سات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خێزان دره‌نگانێكی‌ شه‌و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و تا به‌ره‌به‌یان ده‌مێننه‌وه‌، كرانه‌وه‌ی‌ رێگاوبانه‌كان رێی‌ بۆ خۆشكردوون خۆشی‌ له‌شاره‌كه‌یان ببینن".

 

ده‌شڵێت "خه‌ڵكی‌ زۆر حه‌زیان به‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ له‌شه‌ودا، چونكه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بێبه‌شكراون، چێشتخانه‌كانیش ژه‌می‌ باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن‌و خه‌ڵكی‌ بۆ خۆیان راده‌كێشن".

 

قاوه‌خانه‌ی‌ (PAUNTI) له‌ناوچه‌ی‌ حوڕییه‌ی‌ باكوری‌ به‌غدا هه‌تا به‌ره‌به‌یان ده‌رگای‌ كراوه‌ته‌وه‌، خاوه‌نه‌كه‌شی‌ پێی‌ وایه‌ ئێستا باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌ جاری‌ جارانی‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ كۆت‌و به‌ندی‌ ده‌ ساڵه‌ی‌ هاتوچۆی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه‌.

 

عه‌لی‌ فه‌تلاوی‌ لێپرسراوی‌ قاوه‌خانه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند یاری‌ "گوڵ‌و فت (كڵاو كڵاوێنه‌)"‌و چه‌ندین پرۆگرامی‌ كاتبه‌سه‌ربردنی‌ بۆ میوانه‌كانی‌ ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتێكی‌ خۆشیان بۆ بڕه‌خسێنێت.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ی‌ سه‌عه‌د معه‌ن وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پلانێكی‌ تایبه‌تیان بۆ مانگی‌ ره‌مه‌زان ئاماده‌كردووه‌، به‌جۆرێك رێی‌ هاتوچۆو قه‌ره‌باڵغی‌ بۆ هاوڵاتیان ئاسان بكات‌و بتوانن به‌ئارامی‌ بژین".

 

ده‌شڵێت "هیوادارین هاوڵاتیان هاوكاریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ پلانه‌كه‌ به‌تۆكمه‌یی‌ به‌ڕێوه‌ بچێت‌و هه‌ر زانیارییه‌كیان ده‌ستكه‌وت له‌باره‌ی‌ گومانلێكراوانه‌وه‌و بیده‌ن به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، چونكه‌ پاراستنی‌ ئارامی‌ ئه‌ركێكه‌ له‌سه‌ر شانی‌ هه‌مووان".

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییانه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌موو عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌شی‌ ره‌مه‌زانی‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌رو جگه‌ له‌قه‌ره‌باڵغی‌، شه‌قام‌و رێوبانه‌كان پڕكراون له‌مۆم‌و ره‌نگاو ره‌نگ كراون.

 

زۆركه‌س پێیان وایه‌ ره‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تێكی‌ ره‌خساندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا سه‌ر له‌نوێ‌ شاره‌كه‌یان بناسنه‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند ساڵێك بوو دێوه‌زمه‌ی‌ توندوتیژی‌ كه‌شی‌ ره‌مه‌زانی‌ له‌بیر ئه‌و شاره‌ بردبۆوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌