راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژووی‌ زۆره‌ملێ‌
ره‌مه‌زانی‌ موسڵییه‌كان له‌هه‌موو شتێك ده‌چێت له‌ره‌مه‌زان نه‌بێت

خاڵس جومعە
موسڵییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ره‌مه‌زانه‌كه‌ی‌ ئه‌مساڵیان له‌هه‌موو شتێك ده‌چێت له‌ره‌مه‌زان نه‌بێت، ئه‌م كه‌ش‌و هه‌وایه‌ش به‌هۆی‌ داعشه‌وه‌ دروست بووه‌.
25.06.2015  |  موسڵ
أنواع الحلويات التي تشتهر بها الموصل في رمضان
أنواع الحلويات التي تشتهر بها الموصل في رمضان

له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ یاده‌وه‌ری‌ موسڵییه‌كان له‌گه‌ڵ ره‌مه‌زان پڕیه‌تی‌ له‌توندوتیژی‌، چونكه‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان ئه‌م مانگه‌یان به‌ده‌رفه‌ت زانیوه‌ بۆ په‌لاماردانی‌ داموده‌زگا گشتی‌‌و ئه‌منییه‌كان، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ به‌قه‌د ئابڵوقه‌كه‌ی‌ ئه‌مساڵ كاری‌ نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر ره‌مه‌زانی‌ موسڵییه‌كان، چونكه‌ خراپترین ساڵیان له‌گه‌ڵ خراپترین باری‌ ئابوریدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

 

یه‌كه‌مین قوربانی‌ رۆژووه‌وانه‌كان سفره‌و خوانه‌كه‌یانه‌، چونكه‌ هیچ كاتێك به‌قه‌د ئه‌مساڵ سفره‌ی‌ موسڵییه‌كان هه‌ژار نه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو خێزانی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و كارمه‌ندانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ئێستا هه‌ژارترین چینی‌ شاره‌كه‌ن.

 

ئیبراهیم مه‌حمود كه‌ پۆلیسێكی‌ پێشووی‌ نه‌ینه‌وایه‌ له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "خۆشی‌ ره‌مه‌زان لای‌ من ئه‌وه‌ بوو كه‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌و شیرینی‌‌و ترشیاتێكی‌ زۆرم ده‌كڕی‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خوانه‌كه‌مان ته‌نها خۆراكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌و هیچی‌ تر".

 

مه‌حمودی‌ ته‌مه‌ن (35) كه‌ باوكی‌ پێنج منداڵه‌ ده‌شڵێت "ره‌مه‌زانه‌كانی‌ رابردوو به‌راورد به‌مانگه‌كانی‌ تر دوو هێنده‌ پاره‌م بۆ ته‌رخان ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌وكات موچه‌كه‌م نزیك ده‌بووه‌وه‌ له‌هه‌زار دۆلار، كه‌چی‌ ئێستا به‌زه‌حمه‌ت مانگانه‌ سه‌د دۆلارم ده‌ست ده‌كه‌وێت به‌هۆی‌ شۆفێری‌ تاكسییه‌وه‌، كه‌ پاره‌شم پێ نه‌ما له‌براكانمی‌ داوا ده‌كه‌م".

 

مه‌حمود درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات: "هه‌رچه‌نده‌ به‌رۆژووین، به‌ڵام كه‌ش‌و هه‌واكه‌ له‌ره‌مه‌زانێكی‌ راسته‌قینه‌ ناچێت، له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌م ته‌نها خه‌می‌ ئه‌وه‌مانه‌ ژه‌می‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ منداڵه‌كان دابین بكه‌ین".

 

گۆڕانكاری‌ هه‌ره‌ ناخۆش‌و نه‌خوازراو ئه‌وانه‌ن كه‌ داعش سه‌پاندوونی‌ به‌سه‌ر ره‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵدا، هه‌رچه‌نده‌ میدیاكان چه‌ند زانیارییه‌كی‌ ناڕاستیان بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ره‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵ داعش فه‌رمانی‌ ده‌ركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژنان له‌ماڵ نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و كچانیش جیهادی‌ نیكاح بكه‌ن، به‌ڵام رێنماییه‌ زاره‌كییه‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ لای‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌.

 

رێنماییه‌ نوێیه‌كانی‌ داعش له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ نوێژی‌ ته‌راویح له‌ 21 ركاعه‌ته‌وه‌ كراوه‌ به‌ 8 ركاعه‌ت‌و هه‌موو جۆره‌ ته‌زبیحات‌و زیكرێك له‌مزگه‌وته‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌و نوێژخوێنه‌كان ناچارن گوێ‌ له‌ وانه‌و قسه‌ی‌ پیاوانی‌ داعش بگرن.

 

فه‌رمانی‌ هه‌ره‌ توندیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ته‌مه‌نی‌ 14 ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌، رۆژووی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌و بواری‌ لادان نییه‌ لێی‌.

 

ره‌مه‌زانه‌كانی‌ رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ موسڵ رێگه‌یان نه‌ده‌دا به‌ئاشكرا له‌رۆژدا نان بخورێت‌و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ چێشتخانه‌و چایخانه‌كان داده‌خران، به‌ڵام وه‌ك رێزێك بۆ مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و ئه‌و موسوڵمانانه‌ی‌ به‌ڕۆژوو نه‌ده‌بوو، به‌چه‌ند مه‌رجێك رێگای‌ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند چێشتخانه‌یه‌ك ده‌درا، كه‌چی‌ فه‌رمانه‌كه‌ی‌ داعش هیچ جێگایه‌كی‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌و ده‌بێت هه‌موو چێشتخانه‌كان دابخرێن.

 

سه‌عید زه‌نون كه‌ هاوڵاتییه‌كی‌ موسوڵمانیی موسڵییه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت پێشتر هیچ به‌ڕۆژوو نه‌بووه‌، ره‌مه‌زانه‌كانی‌ پێشوو په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ چێشتخانه‌ی‌ "فورات" هه‌بووه‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاردا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌رگایه‌ی‌ لێ داخراوه‌، زه‌نون به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانم چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌، ئه‌مساڵیش چوومه‌وه‌ بۆ هه‌مان چێشتخانه‌ له‌شه‌قامی‌ حه‌له‌بی‌ ناوه‌ندی‌ موسڵ، بینیم وه‌كو هه‌موو چێشتخانه‌كانی‌ تر داخراوه‌و له‌سه‌ری‌ نوسراوه‌ (موڵك‌و ماڵی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌) له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ مه‌سیحی‌ بووه‌".

 

زه‌نون ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داعش به‌ته‌واوی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ توند كردووه‌ته‌وه‌و هه‌ر كه‌سێك شكات له‌كه‌سێك بكات كه‌ به‌ڕۆژوو نییه‌، بڕی‌ هه‌شتا دۆلار پاداشت ده‌كرێت، به‌ڵام نازانرێ‌ جۆری‌ سزای‌ به‌ڕۆژوو نه‌بووه‌كه‌ چه‌نده‌، ده‌شڵێت "به‌ئاشكرا من وه‌كو هه‌موو كه‌سێكی‌ تر به‌ڕۆژووم".

 

ساڵانی‌ پێشوو له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌موسڵه‌وه‌ ده‌چوون بۆ عه‌مره‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌و دیارده‌یه‌ باوی‌ نه‌ماوه‌، چونكه‌ كاروانی‌ عه‌مره‌كاران ده‌بێت له‌موسڵه‌وه‌ بچێته‌ سوریاو له‌وێوه‌ بۆ ئه‌رده‌ن‌و ئینجا عه‌ره‌بستانی‌ سعودییه‌، به‌ڵام ئێستا موسڵ له‌هه‌موو دنیا دابڕاوه‌. به‌قسه‌ی‌ نوسینگه‌كانی‌ حه‌ج‌و عه‌مره‌ش، ئه‌م گه‌شته‌ زیاتر له‌دوو هه‌زار دۆلاری‌ ده‌وێت.

 

كۆمه‌ڵێك هاوڕێ‌ كه‌ له‌به‌ر گه‌رما خۆیان گه‌یاندبووه‌ كه‌ناری‌ رووباری‌ دیجله‌، هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك قسه‌ كۆك بوون، ئه‌ویش: "ره‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵ قورسترین ره‌مه‌زانه‌"، چونكه‌ رۆژانه‌ ته‌نها دوو كاتژمێر كاره‌بای‌ حكومی‌‌و 12 كاتژمێر كاره‌بای‌ مۆلیدا هه‌یه‌، ماوه‌ی‌ به‌ڕۆژوبوونیش 16 كاتژمێره‌، بۆیه‌ زۆرێك له‌موسڵییه‌كان ده‌چنه‌ كه‌ناری‌ دیجله‌ كه‌ شاره‌كه‌یان ده‌كات به‌دوو به‌شه‌وه‌و له‌وێ‌ كه‌ش‌و هه‌وا فێنكتره‌.

 

خه‌یری‌ ده‌باغ مامۆستای‌ زانكۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسیوێتی‌ "زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر رووباره‌كه‌و له‌ژێر سێبه‌ری‌ پردی‌ پێنجه‌مدان، شه‌ڕه‌ ئاو ده‌كه‌ن‌و خۆیان فێنك ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وێ‌ هه‌وایه‌كی‌ سازگاری‌ هه‌یه‌".

 

ده‌باغ كه‌ له‌كه‌ناری‌ رووباره‌كه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو بازاڕ ئه‌وه‌ی‌ بینیوه‌ كه‌ به‌ده‌یان كه‌س له‌ده‌وری‌ شه‌ربه‌تخانه‌‌و شیرینی‌ فرۆشه‌كان به‌ناوبانگه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ كڕینی‌ شه‌ربه‌تی‌ مێوژو ترشیات‌و شیرینی‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش تاكه‌ ده‌ستكه‌وت بێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاواره‌كان ئیره‌یی‌ به‌و موسڵییانه‌ ببه‌ن كه‌ له‌شاره‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌.

 

دوور له‌و هه‌ڵڵا میدیاییه‌ له‌سه‌ر ره‌مه‌زانی‌ موسڵ هه‌یه‌، موسڵییه‌كانی‌ شاره‌كه‌ هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك قسه‌ كۆكن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ "هیچ كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی‌ ره‌مه‌زان ئه‌مساڵ له‌موسڵدا نییه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌