راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌كوردستان ئاینی‌ زه‌رده‌شت زیندوو ده‌كرێته‌وه‌

ئاڵا لەتیف
نه‌ریته‌كانی‌ ئاینی‌ سه‌رده‌شتی‌ له‌كوردستان زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌و شوێنكه‌وتوانی‌ روویان له‌هه‌ڵكشانه‌، ئەمەش ئەو پرسیارەی دروستکردوە ئەم گەرموگوڕیە بۆ؟
28.05.2015  |  سلێمانی
ژماره‌یه‌ك له‌شوێنكه‌وتوانی‌ ئاینی‌ زه‌رده‌شت ( :وێنه میترۆگرافی‌)
ژماره‌یه‌ك له‌شوێنكه‌وتوانی‌ ئاینی‌ زه‌رده‌شت ( :وێنه میترۆگرافی‌)

ئاینی زەردەشتی یەکێک لەبڵاوترین ئاینە کۆنەکانی کوردستانە، سەرچاوە مێژوییەکان باس لەوە دەکەن کە پەیامبەرەکەی لەنەتەوەی کورد بێت بەوپێیەی لەنزیک شارۆچکەی ورمێ لەکوردستانی ئێران لەدایک بوە، کتێبە پیرۆزەکەشی (ئاوێستا) بەزمانی مێدی نوسراوە کە بەبناغەی زمانی کوردی هەژمار دەکرێت.

 

بەشێوەیەکی گشتی ئەو ئاینە لەناو فارسەکان بڵاو بووەوەو لەسەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بەئایینێکی سەرەکی لەناوچەکەدا، تا سەرھەڵدانی ئیسلام لەسەدەی حەوتەمی زاینیدا ئایینێکی گرنگ بووه‌، بەڵام لەوە بەدوا وردە وردە کاڵ بوتەوەو زۆرێکیش لەپەرستگاکانیان روخێنراون.

ئێستا زەردەشتیەکان جیاواز دەرکەوتونەتەوە، ئەوان یه‌كه‌م رۆژی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئایار) بۆ یەکەمجارو پاش زیاتر له‌1400 ساڵ لەگوندی زێوێی پیرەمەگرون مەراسیمی پشتوێن بەستنیان بۆ شوێنکەوتوەکانیان کرد کە رێورەسمێکی تایبەتەو مەرجە تاکی زەردەشتی لەو رێگەیەوە بەڵێنی روحی بەخۆی بدات کە (بیرو گوتەو کرداری چاک) جێبەجێدەکات، هەفتانەش ئەو جۆرە مەراسیمانە لەناوچەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەدەبەن، ئەمە سەرباری ئەوەی بەفەرمی داوایان پێشکەش کردوە بۆ کردنەوەی پەرستگاو بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بەخۆیان‌و داواش دەکەن کە دەبێت بەفەرمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بناسێنرێن.

 

شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌م ئاینه‌ پەیتا پەیتا سەردانی وەزارەتەکانی هەرێم دەکەن‌و پەیوەندیەکانیان لەگەڵیاندا گرێدەدەن، تا ئەوڕادەیەی مارشی تایبەت بەزەردەشتیانی کوردستانیشیان بڵاوکردەوە.

 

لەم هاتنەوەیەدا زەردەشتیەکان دەڵێن دەمانەوێت "دین‌و کلتور"ی راستەقینە بۆ کورد بگێڕینەوە، وەک ئەوەی لوقمانی حاجی کەریم، ئاسرەوانی زەردەشتیانی کوردستان‌و بەرپرسی ڕێکخراوی زەند بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئەم پرۆسەی زەردەشتییانە شۆڕشێکی سپیی فەرهەنگیە. دەست بۆ هەرە گرنگترین بەشی بیرکردنەوەی تاك دەبات‌و سەرچاوەی ئەندێشەیان لەڕەگەوە هەڵدەکەنێت‌و ئەندێشەیەكیتر بۆ ئاسودەیی‌و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانەو خۆشەویستی پێ دەبەخشێت".

 

ئایینی زەردەشتی جیھان وەکو دووبەرەکیەکی بەردەوام دەبینێت لەنێوان ھێزی چاکەو ھێزی خراپەدا.  رەنگبێ هەر ئەمەش وایکردبێ کە بەلای هەندێ کەسەوە دەرکەوتنەوە گەرموگوڕەکەی زەردەشتیەکان کاردانەوەیەکی کاتی‌و سۆزئامێزانە بێت بەرامبەر بەدروست بونی داعش‌و توندڕەوی هەندێک لەگروپە ئیسلامیە سیاسیەکان کە ئێستا کوردستانی گرتۆتەوە، نەک ئەوەی دەرکەوتنەوەکە پەیوەندی بەرەسەنایەتی‌و پێداویستیەکانی کۆمەڵگەی کوردیەوە هەبێت.

 

وەک ئەوەی مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندیەكان‌و پەرەپێدانی پێكەوەژیانی ئاینی لەوەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم پێیوایە گەڕانەوەی زەردەشتیەكان پەیوەندی بەناكۆكی قوڵ‌و شپرزەیی رەوت‌و مەزهەب‌و بیروباوەڕە ئیسلامیەكان لەكوردستان‌و ناوچەكە هەیە.

 

مەریوان نەقشبەندی بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئێستا خەڵكی كوردستان نازانێ كام رەوتی ئیسلام كام مەزهەب‌و كام فەتوا هەڵبژێرێ بۆیە خەڵكانێكی زۆر ئێستا گرنگی بەزەردەشت‌و زەردەشتیەكان دەدەن‌و دەیانەوێت بزانن ئەم ئاینە چیە کە باسی لێوە دەكرێ."

 

دەشڵێت "ئەو دروشمانەی ئێستا زەردەشتیەكان بەرزیان كردۆتەوە زۆر میانرۆو واقعیە لەلای زۆر لەخەڵكی ئازادیخوازو نەتەوەیی، هەروەها خەڵكانێكیش هەن ئێجگار توڕەن لەداعش‌و ئەو هەڵمەتە نامرۆڤانەیەی کە دژ بەكوردو گەنجانی كوردی بەرپا كردوەو بەهۆیەوە سه‌دان شەهیدمان داوە لەشەڕی داعش."

 

بەڵام بەلای لوقمانەوە دەرکەوتنەوەکە هەرگیز پەیوەندی بەهاتنی داعشەوە نیە. بەڵکو، "بزوتنەوەی زەردەشتی، بزوتنەوەی گۆڕینی کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستانە کەگیرۆدەی فەرهەنگێکی داتەپیوەو ڕێگرە لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا."

 

هەروەک لوقمان بەستنەوەی دەرکەوتنەوەی زەردەشتیەکان بەهاتنی داعشەوە بەهەڵەیەکی مێژووی دادەنێت، دەڵێت "ئەمە تێگەیشتنێکی نامەنتیقییە. چونکە، ئێمە بەتێگەیشتنێکی دیکەوە هاتووینەتەوە بۆ باشترین شێوەی ژیانکردن وەك زەردەشت دەبێژێت".

 

کەسانێکی زۆر بەدەم چالاکی‌و بانگەوازەکانی زەردەشتیەکانەوە رۆشتون، چەندین لاپەڕەش بەناوی زەردەشتیەکانەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کراونەتەوە، شوێنکەوتوەکانیشیان ئەمە وەک خەونێک دەبینن کە ئێستا هاتۆتە دی، هەندێکی دیکەشیان ئاماژە بەوە دەکەن کە "ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کورد ببێتەوە بە خاوەنی ئاینە راستەقینەکەی خۆی کە ئاینی زەردەشتیە."

 

دارا عەزیز، یەکێک لە شوێنکەوتوەکانی زەردەشتیەکان، بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئەوە ئاواتی لەمێژینەی من بوو، خەریکە دێتەدی، هیوادارم پەرستگاکانمان بۆ بکرێتەوەو بگەڕێینەوە سەر ئاینە ئەسڵیەکەی خۆمان."

 

زەردەشتیەکان لەبەرنامەیاندایە ئاتەشگاکانی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە، وەک لوقمان باسی لێوە دەکات لەئێستادا نەخشەی ١٢ پەرستگای زەردەشتی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای زەردەشتیانەوە ئامادەیە بۆ نوێژەنکردنەوە کە دەکەونە باشوری کوردستانەوە.

 

ماوەی رابردوش وەزارەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئاینی هەرێم ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هاوکاریکردنیان، مەریوان نەقشبەندی دەڵێت " وەزارەتی ئەوقاف، بەپێی یاسای ژمارە 11ی پەرلەمانی كوردستان كار دەكات، ئەو یاسایەش مافی عیبادەت‌و ئازادی ئاینی‌و دەستەبەركردنی زەمینەی پەرستش بۆ هەر ئاین‌و مەزهەب‌و بیروباوەڕێك لەچوارچێوەی یاسا فەراهەم دەكات."  لەئایندەیەکی نزیکیشدا نوێنەرایەتی زەردەشتیەکان لە ناو ئەو وەزارەتەدا دەکرێتەوە.

 

زۆرێك له‌وانه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌ماشای‌ په‌یجی‌ زه‌رده‌شتییه‌كان ده‌كه‌ن له‌وه‌ ده‌پرسن ئاخۆ بونە زەردەشتی چ سودێکی هەیە؟، ئایا دەبنە بەدیلی ئیسلام؟، ئەی کورد دەستبەرداری ئاینی ئیسلام دەبێت؟

 

لوقمان دەڵێت "ئێمە نابینە بەدیل بۆ هیچ ئاینێك، بەپێچەوانەوە پێویستییەکانی ناو کۆمەڵگا پڕ دەکەینەوە". هه‌رچه‌ند لوقمان دان به‌وه‌دا نانێت، به‌ڵام له‌راستیدا زه‌رده‌شتی‌ بوون مانای‌ ده‌ستبه‌رداربوونی‌ یه‌كجارییه‌ له‌ئاینی‌ ئیسلام‌و هه‌ڵبژاردنی ئاینێكی‌ تره‌ كه‌ بڕوای‌ به‌یه‌كتا په‌رستی‌ نییه‌.

 

لوقمان هیچ زانیارییه‌كی‌ روون نادات به‌ده‌سته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ شوێنكه‌وتوانی‌ ئاینی‌ زه‌رده‌شت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ چالاكی‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت، ژماره‌یان رووه‌و هه‌ڵكشانه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌جاران زیاتر ناوی‌ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ زه‌رده‌شت دێت، به‌ڵام شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌و ئاینه‌ خۆیان ده‌پارێزن له‌به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ بیروباوه‌لاڕه‌ باوه‌كان‌و دژایه‌تی‌ كردنی‌ ئیسلام، ره‌نگه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێت تائێستا رووبه‌رووی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان‌و پیاوانی‌ ئاینی‌ نه‌بووبن.

 

كانعان نه‌جمه‌دین ناسراو به‌حاجی‌ كاروان په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێی‌ وایه‌ هێشتا شوێنكه‌وتنی‌ ئاینی‌ زه‌رده‌شتی‌ نه‌بووه‌ته‌ دیارده‌و ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن كه‌من، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت "هه‌موو كه‌س سه‌ربه‌سته‌ چ ئاینێك هه‌ڵده‌بژێرێت، چونكه‌ ئیسلام به‌روونی‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ئایندا زۆرلێكردن نییه‌".

 

حاجی‌ كاروان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كه‌سانه‌ ئازادن شوێن چ ئاینێك ده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ دەوترێت ئاینی زەردەشتی ئاینی بنەرەتی كوردییە، چونكه‌ هیچ ئاینێك بۆ هیچ نەتەوەیەك نەهاتووە، بەشێوەیەكی گشتی ئاینەكان بۆ مرۆڤایەتی هاتوون، ئه‌وه‌ش روونه‌ ئاینی زەردەشتی لەبنەرەتدا لەهندستان‌و پاكستان سەریهەڵداوە، بۆیە ئەگەر ئاینی كوردی بێت، زەردەشت بۆ چووەته‌ ئه‌و ناوچانه‌".

 

له‌پاڵ پرسیاره‌كه‌ی‌ حاجی‌ كارواندا ده‌یان پرسیاری‌ تر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و ئاینه‌ ده‌كرێت كه‌ هێشتا به‌ته‌واوی‌ له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ روون نییه‌، رێبه‌رانی‌ ئاینه‌كه‌ش به‌و هیوایه‌ن بواریان پێبدرێت قسه‌ بكه‌ن‌و چالاكییان زۆر بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ بۆ خه‌ڵك روون بكه‌نه‌وه‌، متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن ئه‌و كاته‌ شوێنكه‌وته‌ی‌ زه‌رده‌شت زیاد بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌