راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پله‌ی‌ سه‌ربازی‌ به‌پاره‌.. شێوه‌یه‌كی‌ نوێی‌ فێڵبازی‌ له‌كه‌ربه‌لا

محه‌ممه‌د حه‌مید سه‌واف
23.04.2015  |  كه‌ربه‌لا
Despite the danger, many young Iraqis see the army as a chance for a regular wage.
Despite the danger, many young Iraqis see the army as a chance for a regular wage.

به‌خه‌م‌و خه‌فه‌تێكی‌ زۆره‌وه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌و جل‌و به‌رگه‌ سه‌ربازییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌دۆڵابی‌ ماڵه‌كه‌یدا هه‌ڵواسراوه‌، ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ مێردكه‌ی‌ به‌خه‌ونی‌ بوونه‌ ئه‌فسه‌ر ناگات‌و كۆڵیان داوه‌.

ئه‌مه‌ چیرۆكی‌ ژنێكه‌ به‌ناوی‌ "سجی‌" كه‌ تازه‌ بوكێكی‌ یه‌ك ساڵه‌یه‌و هه‌رچی‌ ئاڵتونی‌ هه‌یه‌ به‌بڕی‌ دووهه‌زار دۆلار فرۆشتویه‌تی‌‌و داویانه‌ته‌ كه‌سێك تا مێرده‌كه‌ی‌ به‌پله‌ی‌ مولازمی‌ پله‌ یه‌ك له‌یه‌كێك له‌پێكهاته‌ سه‌ربازییه‌كاندا دابمه‌زرێنێت.

ئه‌م ژن‌و مێرده‌ سه‌ركێشه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی‌ كه‌سێكی‌ ساخته‌چی‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌م پاره‌و پوله‌كه‌یان فه‌وتاوه‌و هه‌م پیاوه‌كه‌ نه‌بووه‌ته‌ ئه‌فسه‌ر.

یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ بێتاپۆكانی‌ كه‌ربه‌لا شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ ئه‌م ژن‌و پیاوه‌یه‌، پیاوه‌كه‌ (مونته‌زه‌ر) به‌كرێی‌ رۆژانه‌و نانه‌ سكی‌ له‌یه‌كێك له‌پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا كارده‌كات.

مونته‌زه‌ر باسی‌ رووداوی‌ فێڵلێكردنه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "بڕوام به‌ژنه‌كه‌م هێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاڵتونه‌كانی‌ بفرۆشێت به‌و هیوایه‌ی‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی‌ موچه‌ بۆی‌ بكڕمه‌وه‌، چونكه‌ موچه‌ی‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپا به‌رزه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئاواتم ئه‌وه‌ بوو بچمه‌ سوپاوه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ زۆره‌ی‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ ئێستا له‌هه‌موو شوێنێك شه‌ڕی‌ تیرۆر ده‌كات".

هه‌رچی‌ پاره‌و پولی‌ هه‌یه‌، مونته‌زه‌ر خستویه‌تیه‌ ده‌ستی‌ كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ وه‌ك ژه‌نه‌راڵی‌ سوپا خۆی‌ ناساندووه‌‌و به‌ڵێنی‌ پێداوه‌ بیكاته‌ ئه‌فسه‌ر، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ مه‌رجێكی‌ زانستی‌‌و ئه‌كادیمی‌ نایگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ كه‌ مونته‌زه‌ر به‌هۆی‌ ناسیاوێكیه‌وه‌ پێی‌ گه‌یشتووه‌، ئێستا دیار نه‌ماوه‌و مۆبایله‌كه‌شی‌ داخراوه‌.

له‌م بارودۆخه‌ نائارامه‌ی‌ عێراق تێی‌ كه‌وتووه‌، ژه‌نه‌راڵه‌كه‌ سوودی‌ له‌بۆشایی‌ ئه‌منی‌ بینیوه‌و وه‌ها خۆی‌ نیشانداوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵی‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌و هه‌رچییه‌ك بیه‌وێت پێی‌ ده‌كرێت له‌دامه‌زراندنی‌ خه‌ڵك‌و بڕینه‌وه‌ی‌ موچه‌وه‌.

هاوشێوه‌ی‌ مونته‌زه‌ر به‌ده‌یان كه‌سی‌ تر بوونه‌ته‌ قوربانی‌ بانده‌ ساخته‌چییه‌كان، له‌وانه‌ حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میر كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵیداوه‌ زۆر وریا بێت، كه‌چی‌ پاره‌كه‌ی‌ لێ‌ خوراوه‌، وه‌ك خۆیشی‌ ده‌ڵێت چه‌ند كه‌سێكی‌ تریش ده‌ناسێت هه‌مان چاره‌نووس رووبه‌روویان بووه‌ته‌وه‌.

حه‌یده‌ر ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌ماندا ناسراوه‌ پێی‌ وتم ده‌توانێ‌ پله‌ی‌ نه‌قیبم بداتێ‌ له‌یه‌كێك له‌پێكهاته‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌ ناوی‌ فه‌وجی‌ به‌رگری‌ نیشتیمانی‌ كه‌ربه‌لایه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "مه‌رجم بۆ كه‌سه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بڕی‌ چوار هه‌زار دۆلاری‌ ئه‌و كاته‌ ده‌ده‌مێ‌ كه‌ به‌ره‌سمی‌ ده‌چمه‌ ناو یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌وه‌"، هه‌ر خۆی‌ به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ بردوێتیه‌ ناو یه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ له‌بیابانی‌ كه‌ربه‌لاو به‌چاوی‌ خۆی‌ ده‌یان سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری‌ بینیوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ گومانی‌ نه‌ماوه‌، ده‌شڵێت "هیچ گومانی‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو كه‌ ئه‌و هه‌موو كه‌سه‌ فێلێیان لێكرابێت".

دوای‌ دوو مانگ حه‌یده‌ر بۆی‌ روون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ هه‌ر بوونی‌ نییه‌و به‌شێك نییه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌، هه‌رچی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌وێ‌ بوون فێڵیان لێكراوه‌و پاره‌كه‌یان خوراوه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌یش كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ سه‌ربازگه‌كه‌یان ده‌كرد خه‌ڵكی‌ ساخته‌چی‌ بوون‌و ورده‌و ورده‌ خۆیان ونكردووه‌".

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌زارگه‌ ئاینییه‌كانی‌ شیعه‌ ده‌كه‌ونه‌ كه‌ربه‌لاو سه‌ردانكه‌رێكی‌ زۆریان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌رووی‌ ئه‌منییه‌وه‌ زۆر توندوتۆڵه‌، زۆر كه‌س ده‌پرسن چۆن ئه‌و رێوشوێنانه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ له‌دروستبوونی‌ باندی‌ ساخته‌كار بگرێت.

عه‌قیل مه‌سعودی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ ئه‌وان ئاگاداری‌ ئه‌و جۆره‌ فێڵكردنه‌ نین‌و هیچ زانیارییه‌كیان نییه‌ له‌باره‌ی‌ سه‌ربازگه‌كه‌وه‌و وتی‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بڕیاریداوه‌ رێوشوێنی‌ پێویست بگرێته‌ به‌ر".

مه‌سعودی‌ وتیشی‌ "لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ به‌په‌له‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منی‌‌و سیاسییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ دۆسێی‌ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌"، داواشی‌ له‌و كه‌سانه‌ كرد كه‌ فێلێیان لێكراوه‌ داوای‌ یاسایی‌ تۆمار بكه‌ن.

حه‌سه‌ن عوبێد عه‌مید روكنی‌ خانه‌نشین‌و پسپۆڕی‌ سه‌ربازی‌ هۆكاری‌ دروستبوونی‌ ئه‌م ساخته‌كارییه‌ی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ فه‌تواكه‌ی‌ مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌ بۆ "جیهادكردن"‌و وتی‌ "پاش كه‌وتنی‌ سوپا له‌موسڵ‌و سه‌لاحه‌دینی‌‌و رومادی‌، ئیتر ده‌رگا به‌رووی‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌شدا ده‌كرێته‌وه‌".

حه‌سه‌ن ده‌شڵێت "ئه‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ شێواندووه‌و ئاستی‌ بێده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت ده‌رده‌خات له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كاندا".

تا ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌وڵی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كه‌ربه‌لا ده‌گاته‌ ئه‌نجام بۆ دۆزرینه‌وه‌ی‌ ساخته‌كاره‌كان، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بگاته‌ ئه‌نجام، "سجی‌" ده‌ست به‌دوعایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوا ره‌حمێكیان پێبكات‌و پاره‌ی‌ له‌ده‌ستچووی‌ ئاڵتونه‌كانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.