راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جل‌و به‌رگی‌ ئه‌ڵمانه‌كان ئاواره‌كانی‌ كۆبانی‌‌و شه‌نگال گه‌رمده‌كاته‌وه‌

شاڵاو محەمەد
له‌كاتێكدا پله‌كانی‌ گه‌رما بۆ پێنج پله‌ له‌خوار سفره‌وه‌ دابه‌زیبوو، كاروانێكی‌ جل‌و به‌رگ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و…
11.12.2014  |  دهۆك
Displaced Iraqis in one of the Dohuk camps.
Displaced Iraqis in one of the Dohuk camps.

تا دێت گوزه‌رانی‌ ئاواره‌كان به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ پله‌كانی‌ گه‌رماوه‌ سه‌ختتر ده‌بێت، ئێستا له‌كامپی‌ ئاواره‌كان له‌هه‌رسێ‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (هه‌ولێر – دهۆك - سلێمانی‌) ئه‌وه‌ی‌ به‌قه‌د خۆراك بۆ ئاواره‌كان گرنگه‌، جل‌و به‌رگ‌و كه‌لوپه‌لی‌ گه‌رمكه‌ره‌وه‌یه‌، گوژمه‌ی‌ هاوكاری‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌ڵمانیاش به‌شێكی‌ پێداویستی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ دابینكرد.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو (150) ته‌ن جل‌و به‌رگی‌ زستانه‌ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌یشته‌ ئاواره‌كانی‌ شه‌نگال‌و كۆبانی‌ كه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیشته‌جێن، به‌قسه‌ی‌ ئاواره‌كانیش ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ یارمه‌تییه‌كی‌ زۆریان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رمای‌ سه‌ختی‌ زستان تێبپه‌ڕێنن.

جل‌و به‌رگه‌كان له‌ماوه‌ی‌ دوومانگدا له‌هه‌شت شاری‌ ئه‌ڵمانی‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كه‌مپینێكی‌ هاوبه‌شی‌ رێكخراوی سنورو كۆمیته‌ی هاوكاری په‌نابه‌رانی كورد له‌ئه‌ڵمانیا به‌هاوكاری یه‌كێتی پزیشكانی كورد له‌به‌رلین‌و قوتابخانه‌ی رۆژین له‌میوشن‌و پارتی یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ كریستیان (C.D.U) له‌كۆبڵز كه‌ له‌لایه‌ن مێركڵ راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت‌و رێكخراوی ئیڤن‌و ناوه‌ندی كلتوری كوردی له‌نویرینبرگ.

ئه‌و جل‌و به‌رگانه‌ی‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌ به‌قسه‌ی‌ رێكخه‌رانی‌ كامپینه‌كه‌ (110) ته‌نیان دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر كه‌مپی ئاواره‌ی قه‌زاكانی (زاخۆو شێخان‌و سێمێڵ) له‌سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆك، به‌و هۆیه‌وه‌ 9 هه‌زارو 725 ئاواره‌ی‌ كوبانێ‌‌و شه‌نگال پێداویستی زستانه‌یان پێگه‌یشتووه‌، هه‌روه‌ها 40 ته‌نه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی عه‌ربه‌ت له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

تاهیر ڕه‌حیم ئه‌ندامی‌ ڕێكخراوی‌ سنور (رێكخراوێكی‌ كوردییه‌) به‌"نیقاش" وت "خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌ڵمانیا وه‌ك نه‌ریتی‌ مرۆڤ دۆستانه‌ی‌ خۆیان زوو هاتن به‌ده‌م كامپینه‌كه‌وه‌و ئه‌و بڕه‌ باشه‌ له‌جل‌و به‌رگی‌ زستانه‌ كۆكرایه‌وه‌".

وتیشی‌ "له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆر خێزانی ئاواره‌ی تێدایه‌، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كۆمه‌ك‌و هاوكاری پێشكه‌ش به‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ بكه‌ین چ له‌رێگه‌ی ڕێكخراوه‌ كورده‌كانی‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بێت یان پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا".

هه‌ڵمه‌تی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هاوكارییه‌كه‌ ته‌نها به‌جل‌و به‌رگه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو كه‌نیسه‌ی‌ لوسه‌ری‌ ئه‌ڵمانیا به‌بڕی‌ یه‌ك ملیۆن یۆرۆ هاوكاری‌ پێشكه‌شی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ كردووه‌ كه‌ ئێستا روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌.

ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ رابردوو له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا مه‌ترانی‌ كه‌نیسه‌ی‌ لوسه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێكخراوی‌ كاپنی‌ خێرخوازیی‌ له‌دهۆك پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و هاوكارییه‌یان راگه‌یاند.

ئاواره‌كان خۆیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و هاوكارییه‌ی‌ پێیان گه‌یشتووه‌ سوودی‌ ئێجگار زۆری‌ هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا له‌وه‌رزی‌ باران‌و كڕێوه‌دا ده‌ژین‌و ژیانیان ئێجگار سه‌خته‌.

حه‌سۆ ئیبراهیم پیاوێكی ته‌مه‌ن 51 ساڵه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ شه‌نگاله‌و ئێستا له‌كامپێكی‌ ئاواره‌كان له‌دهۆك نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر ئه‌م جل‌و به‌رگانه‌ نه‌بوایه‌ ره‌نگه‌ زۆرێكمان له‌سه‌رما ره‌ق ببوینایه‌وه‌".

حه‌سۆ زۆر گوێی‌ به‌ناوی ڕێكخراوه‌كان نه‌ده‌دا ئه‌و هێشتا له‌مانای‌ كاری ڕێكخراوه‌ی تێناگات‌و وتی‌ "ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆم‌و منداڵه‌كانم له‌سه‌رما به‌دوور بین، ئیتر كێ‌ هاوكاری‌ ده‌نێرێ‌ خێری‌ بنوسێ‌".

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا یه‌ك ملیۆن‌و 800 هه‌زار ئاواره‌ له‌ناو هه‌رێمدان‌و زۆربه‌شیان له‌پارێزگای‌ دهۆك نیشته‌جێ‌ كراون، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و ئاوارانه‌ی له‌ كه‌مپی چه‌مشكۆ له‌ قه‌زای زاخۆو گونده‌كانی قه‌زای شێخان‌و كه‌مپی خانكی له‌قه‌زای سێمێڵ نیشته‌جێبوون كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌كه‌ونه‌ سنوری پارێزگای دهۆكه‌وه‌.

شێركۆ سندی‌ به‌رپرسی‌ كه‌مپی‌ چه‌مشكۆی‌ قه‌زای‌ زاخۆ شێوازی‌ دابه‌شكردنی‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاواره‌كان‌و به‌(نیقاش)ی‌ وت "هاوكاریه‌كان له‌رێگای‌ فۆرمه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا، تا هه‌موویان به‌ریان بكه‌وێت‌و له‌سه‌رمای‌ زستان پارێزراو بن".

سندی‌ وتیشی‌‌ "ژماره‌ی‌ په‌نابه‌ران‌ ته‌نیا له‌كه‌مپی‌ چه‌مشكۆ زیاتر له‌ 5 هه‌زار خێزانه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وام پێویستیمان به‌هاوكاری‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌بێت تاكو ژیانیان له‌مه‌ترسی‌ ڕزگار بكه‌ین".

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئه‌ڵمانیا جل‌و به‌رگه‌كانیان كۆكرده‌وه‌، كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كییان چۆنێتی‌ گه‌یاندنی‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ بوو بۆ ئاواره‌كان، چونكه‌ كرێی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ جل‌و به‌رگه‌كان گران ده‌كه‌وتن، بۆیه‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ له‌شاری‌ كۆبڵنزی‌ ئه‌ڵمانیا كۆنسێرتێكی‌ خێرخوازییان ئه‌نجامدا تا كرێی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ دابین بكه‌ن بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.

خه‌نده‌ بابان كچه‌ چالاكوانێكی‌ كوردی‌ ئه‌ڵمانیایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حه‌وت هونه‌رمه‌ندی‌ كوردی‌‌و ئه‌ڵمانی‌و ئیسپانی‌‌و فارسی‌‌و ئینگلیزی‌‌و یۆنانی‌ كۆنسێرتێكی‌ گۆرانیان ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێشانگایه‌كی‌ جلوبه‌رگ‌و خواردنی‌ كوردی‌ كرایه‌وه‌و ئه‌و داهاته‌ی‌ ده‌ستكه‌وت بۆ كرێی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ جل‌و به‌رگه‌كان بوو تا بگاته‌ ده‌ست ئاواره‌كانی‌ شه‌نگال‌و كۆبانی‌".

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ گه‌یشتنی‌ جل‌و به‌رگی‌ ئه‌ڵمانه‌كان هاوكاری‌ زۆری‌ كردوون، به‌ڵام پێویستیان به‌وه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ له‌مجۆره‌ له‌وڵاتانی‌ تریش به‌ڕێوه‌ بچێت تا به‌شێك له‌قورسایی‌ سه‌ر شانیان سووك بكرێت.