راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كامپی‌ ئاواره‌كان له‌خانه‌قین.. ژیانێك پڕ له‌ده‌رده‌سه‌ری‌

ئیبراهیم ساڵح
بۆ ئه‌وه‌ی‌ عه‌لی‌ به‌یاتی‌ بتوانێت له‌كامپی‌ به‌هاری‌ تازه‌ی‌ خانه‌قین بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌بێت به‌شوێن…
27.11.2014  |  دياله‌
Tents at the Bahari Taza displaced persons camp in Diyala.
Tents at the Bahari Taza displaced persons camp in Diyala.

عه‌لی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "كه‌ هاتمه‌ ئێره‌ بڕێكی‌ باش پاره‌م پێبوو، به‌ڵام نه‌مده‌توانی‌ هیچ بۆ خێزانه‌كه‌م بكڕم، چونكه‌ لێره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ زیندانی‌ كرابێتین، ناتوانین بچینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر چووشین ناتوانین بگه‌ڕێنه‌وه‌، مه‌گه‌ر كه‌فیلێكمان هه‌بێت، ئێمه‌ لێره‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانین نه‌ك پارێزگای‌ دیاله‌".

خانه‌قین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ باقوبه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ دیاله‌وه‌، ئێستا له‌لایه‌ن هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت، به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانیش له‌و كامپه‌و چوار كامپی‌ تر زیاتر له‌سه‌د هه‌زار ئاواره‌ نیشته‌جێن كه‌ نزیكه‌ی‌ بیست هه‌زار خێزان پێكده‌هێنن.

زۆر ده‌مێكه‌ عه‌لی‌ هه‌وڵده‌دات زۆرپایه‌ك‌و چه‌ند به‌تانییه‌ك بكڕێت، به‌ڵام هه‌رجارێك هه‌وڵی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دابێت بۆ بازاڕ رێگه‌ی‌ لێگیراوه‌، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "به‌ده‌ست سه‌رماوه‌ گیرۆده‌ بووین، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ لێین زه‌وییه‌كی‌ ته‌خته‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌، با رووی‌ تێده‌كات، تاكه‌ زۆرپایه‌كیش شك نابه‌ین، بۆیه‌ به‌هۆی‌ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ به‌دار تائێستا چه‌ند جارێك ئاگر له‌كامپه‌كه‌ به‌ربووه‌".

له‌نزیك چادره‌كه‌ی‌ عه‌لییه‌وه‌ چادرێكی‌ سوتاو هه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك به‌هۆی‌ كه‌وتنی‌ چرایه‌كه‌وه‌ ئاگری‌ تیا كه‌وتووه‌ته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ دوو منداڵ‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌‌و دوو منداڵی‌ تری‌ هه‌مان خێزان به‌شێكی‌ جه‌سته‌یان سووتاوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئاواره‌كان گله‌ییان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ رێگه‌یان پێنادرێت كه‌ له‌كامپه‌كان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ناوچه‌كه‌ش بیانووی‌ خۆیان هه‌یه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌گۆڕینی‌ دیمۆگرافیای‌ ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ رێ‌ به‌جموجۆڵی‌ ئاواره‌كان ناده‌ن.

ئه‌وان روونی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ وه‌ك خانه‌قین‌و ده‌وروبه‌ری‌ زۆر ببن، ئه‌وا مه‌ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ ناوچه‌كه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ رێگری‌ له‌هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێكهاته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ شاره‌كه‌ بگۆڕێت.

به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ تائێستا چه‌ند جارێك به‌رپرسانی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین داوایان له‌هه‌ردوو حكومه‌تی‌ به‌غداو هه‌رێم كردووه‌ كه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌دابینكردنی‌ پێداویستی‌ ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌یاندنی‌ یارمه‌تییه‌ مرۆیی‌‌و ته‌ندروستییه‌كان، چونكه‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان پێنج ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و پێداوییستیانه‌یه‌ كه‌ دابینكراون، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا تائێستا وه‌ڵامێكی‌ روون‌و ره‌وان له‌هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌وه‌.

ئاواره‌كانی‌ كامپه‌كانی‌ خانه‌قین ته‌نها گیرۆده‌ی‌ سه‌رماو سۆڵه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تریان هه‌یه‌، ئه‌و زه‌وییه‌ی‌ كامپه‌كانی‌ له‌سه‌ر بنیادنراوه‌ پڕیه‌تی‌ له‌مارو دووپشك‌و مێرووی‌ ژه‌هراوی‌، ئه‌مه‌ش بووته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر منداڵه‌كان.

سامیه‌ حاته‌م كه‌ دایكی‌ منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵه‌ ده‌ڵێت "ناتوانم شه‌وو رۆژ چاودێری‌ منداڵه‌كه‌م بكه‌م، ئه‌ویش منداڵه‌و ده‌یه‌وێت بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ یاری‌ بكات، ترسم له‌وه‌ش هه‌یه‌ مارێك یان دووپشكێك پێوه‌ی‌ بدات، چونكه‌ چه‌ند جارێك حاڵه‌تی‌ له‌م شێوه‌یه‌ روویداوه‌". خه‌ڵكی‌ كامپه‌كه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تائێستا چه‌ند جارێك مارو دوپشك به‌منداڵیانه‌وه‌ داوه‌.

به‌پێی‌ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان نزیكه‌ی‌ له‌سه‌دا چلی‌ دانیشتوانی‌ كامپه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ خانه‌قین منداڵن، به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌شه‌وه‌ كه‌ تێی‌ كه‌وتوون له‌هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ ته‌ندروستی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و په‌روه‌رده‌یی‌ بێبه‌ش بوون، چاوه‌ڕێش ناكه‌ن به‌مزوانه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان له‌پارێزگاكانی‌ دیاله‌و سه‌لاحه‌دین‌و خوارووی‌ كه‌ركوك.

مونته‌زه‌ر عه‌لی‌ كه‌ منداڵێكی‌ ئاواره‌ی‌ ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵه‌، هه‌رچه‌نده‌ په‌رۆشییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ خوێندنگا، به‌ڵام له‌زاری‌ باوكییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ لێبووه‌ كه‌ نابێت به‌نیازی‌ خوێندن بێت.

خه‌مه‌كانی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م كامپانه‌ كه‌م نین، به‌شێك له‌رۆڵه‌كانی‌ ئه‌و خێزانانه‌ ئێستا له‌شه‌ڕی‌ داعشدان، كه‌سوكاره‌كانیشیان ئاماده‌ن دان به‌خۆیاندا بگرن‌و رووبه‌رووی‌ نه‌هامه‌تیه‌كان ببنه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی‌ كوڕه‌كانیان به‌سه‌لامه‌تی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

دایكی‌ عه‌لی‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ كوڕه‌ سه‌ربازه‌كه‌ی‌ له‌شه‌ڕی‌ دژه‌ داعشدایه‌ ده‌ڵێت "هیچم ناوێت جگه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كوڕه‌كه‌م، ئه‌و جاران هه‌موو شتێكی‌ بۆ دابین ده‌كردم، تاكه‌ ئومێدم ئه‌وه‌یه‌ به‌سه‌لامه‌تی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ كامپی‌ به‌هاری‌ تازه‌ ئه‌گه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا بێت ده‌بێت ئاسووده‌یی‌ به‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ببه‌خشێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان بینیویانه‌، به‌هار نییه‌ به‌ڵكو زستانێكی‌ پڕ له‌تۆفانه‌و نازانن چاره‌نووسیان به‌چی‌ ده‌گه‌یه‌نێت.