راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پارێزه‌ره‌كان له‌موسڵ‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ په‌رێشانن

تایبه‌ت
پارێزه‌رانی‌ نه‌ینه‌وا یه‌كه‌م توێژ بوون كه‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خه‌لافه‌تدا بوونه‌ قوربانی‌، چونكه‌ هه‌ر…
31.10.2014  |  موسڵ
Mosul's law courts - now closed by extremists who took over the city.
Mosul's law courts - now closed by extremists who took over the city.

له‌تۆماری‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌رانی‌ نه‌ینه‌وا نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زارو پێنج سه‌د پارێزه‌ر ناویان تۆماركراوه‌‌و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا به‌خۆیان‌و كاغه‌زه‌كانیانه‌وه‌ دادگاكانیان قه‌ره‌باڵغ كردبوو بۆ داواكردنی‌ مافی‌ خه‌ڵكی‌، به‌ڵام كاتێك خۆیان له‌گه‌ڵ‌ داعش رووبه‌رووی‌ كێشه‌بوونه‌وه‌ كه‌س به‌رگری‌ لێنه‌كردن، ته‌نانه‌ت سه‌ندیكاكه‌شیان كه‌ باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ له‌به‌غدایه‌ به‌ڵێنی‌ زۆری‌ پێدان، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێ‌ نه‌بوون.

ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی‌ ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ قه‌فه‌سی‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌ت"ی‌ داعشه‌وه‌ له‌موسڵ‌، چیرۆكی‌ خه‌فه‌تبار له‌هاوڕێكانیان ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌جۆرێك به‌شێكیان هه‌رچی‌ سه‌روه‌ت‌و سامان هه‌یه‌ له‌ده‌ستیان داوه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ‌ ماڵ‌‌و منداڵه‌كه‌یان ته‌نوری‌ نان دروست ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی‌ تریان سه‌وزه‌ یان بوتڵی‌ غاز ده‌فرۆشن، به‌شێكی‌ تریان كه‌وتوونه‌ته‌ فرۆشتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ناوماڵه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی‌ نانێك هه‌بێت بیخۆن.

یه‌كێك له‌و پارێزه‌رانه‌ كه‌ له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ "نیقاش" كرد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ داعش خه‌ریكی‌ ده‌ركردنی‌ فه‌توایه‌كه‌ بۆ به‌"كافر" ناساندنی‌ پارێزه‌ران، ئه‌وانه‌ی‌ ماونه‌ته‌وه‌ ده‌بێت ته‌وبه‌ بكه‌ن‌و بڕێك پاره‌ی‌ زۆریش بده‌ن.

پارێزه‌ره‌كه‌ وتی‌ "ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌پاره‌یه‌، به‌ڵام ناوێرین هیچ بڕه‌ هاوكارییه‌ك له‌سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران وه‌ربگرین، چونكه‌ ره‌نگه‌ له‌سه‌ری‌ سزا بدرێین".

پارێزه‌رێكی‌ تر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ وتاربێژی‌ یه‌كێك له‌مزگه‌وته‌كانی‌ لای‌ راستی‌ موسڵ‌ له‌وتاری‌ هه‌ینی‌ رابردوودا پارێزه‌رانی‌ به‌هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ناوبردووه‌و ده‌ڵێت "ئه‌م قسه‌یه‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ پارێزه‌ران له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئاینی‌ ئیسلامن‌و ده‌بێت جارێكی‌ تر له‌رێی‌ ته‌وبه‌كردنه‌وه‌ بچنه‌وه‌ ناوی‌، كه‌س نازانێت ئه‌مه‌ به‌چی‌ كۆتایی‌ دێت".

پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ جێگیری‌ والی‌ موسڵ‌ له‌ناو داعشدا بۆخۆی‌ پارێزه‌ره‌" (ناوه‌كه‌ی‌ له‌لای‌ نیقاش پارێزراوه‌).

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ پارێزه‌ر جه‌بر مدحه‌ت كه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه‌ بارودۆخی‌ پارێزه‌ره‌ هه‌ڵاتووه‌كان به‌كاره‌ساتبار ناوده‌بات‌و ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران ده‌گرێت كه‌ "سوكایه‌تی‌" به‌پارێزه‌ران ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێم وایه‌ گونجاو نییه‌ چه‌ند سه‌د ملیۆن دینارێك له‌باڵه‌خانه‌ی‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌راندا خه‌رج بكرێت‌و ئه‌ندامانی‌ به‌ڕێوه‌بردن بنێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، كه‌چی‌ له‌ولاوه‌ به‌سه‌دان پارێزه‌ری‌ تر بێ‌ ماڵ‌‌و حاڵن‌و نانێك نییه‌ بیده‌ن به‌منداڵه‌كانیان".

له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 2003وه‌ تائێستا قاعیده‌و داعش به‌ده‌یان پارێزه‌ریان له‌موسڵدا كوشتووه‌، جارێك به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تباریان كردوون‌و جارێكی‌ تر به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رگرییان له‌هه‌ندێ كه‌س كردووه‌و جارێكیش به‌بیانووی‌ ده‌ستێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند كه‌ داعش به‌سه‌فه‌وی‌ ناوده‌بات، گوایه‌ ئه‌وانه‌ سه‌ردانی‌ داگاكانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سوپاو پۆلیسیان كردووه‌.

سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ریشدا سوپای‌ ئه‌مه‌ریكاو سوپاو پۆلیسی‌ عێراقیش چه‌ند جارێك پارێزه‌رانیان تۆمه‌تباركردووه‌ به‌ده‌ستێكه‌ڵاوكردن له‌گه‌ڵ‌ تیرۆریستان‌و تائێستا چه‌ند پارێزه‌رێك به‌یاسای‌ چواری‌ تیرۆر ده‌ستگیركراون.

داعش كه‌ ئێستا موسڵی‌ كردووه‌ته‌ ناوه‌ندی‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی‌، كاری‌ پارێزه‌ری‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و كارانه‌دا هه‌ژماركردووه‌ كه‌ دژی‌ شه‌ریعه‌تن‌و به‌وهۆیه‌وه‌ دادگاكانی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و كۆلێژی‌ یاسای‌ داخستووه‌‌و رێگه‌شی‌ نه‌داوه‌ پارێزه‌ران له‌دادگا شه‌رعییه‌كانی‌ خۆی‌ نزیك ببنه‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردووشدا دوو پارێزه‌ری‌ به‌ناوه‌كانی‌ (نه‌جلا عه‌مری‌‌و سه‌میره‌ نعێمی‌) كوشتووه‌ كه‌ هه‌ردووكیان پێش هاتنی‌ داعش خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان پاڵاوتبوو.

به‌راورد به‌دادوه‌ره‌كانی‌ نه‌ینه‌وا پێده‌چێت هێشتا داعش ده‌ستی‌ له‌پارێزه‌ره‌كان پاراستبێت، چونكه‌ یه‌كێك له‌و دادوه‌رانه‌ی‌ ئێستا له‌دهۆك نیشته‌جێیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داعش دادوه‌ره‌كانی‌ وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ئاین ناساندووه‌و فه‌رمانی‌ كوشتنی‌ بۆ ده‌ركردوون‌و ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر موڵك‌و ماڵه‌كه‌یاندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ (ئیبتیهال حه‌یالی‌) یاریده‌ده‌ری‌ داواكاری‌ گشتی‌‌و دادوه‌ر (عامر ره‌شید)ی‌ كوشتووه‌، ئه‌مه‌ی‌ دووهه‌میان له‌باكوری‌ به‌غدا كوژرا، به‌ڵام پێشتر له‌موسڵ‌ كاریده‌كرد.

ئه‌و دادوه‌ره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك داعش عه‌بدوڵا نامسی‌ داواكاری‌ گشتییان ده‌ستگیركردووه‌و (44) ملیۆن دینار له‌ماڵه‌كه‌یدا بووه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ریدا گرتووه‌و ژن‌و منداڵه‌كه‌شیان ده‌ركردووه‌و ماڵه‌كه‌یان وه‌ك موڵك‌و ماڵی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناساندووه‌".

ئێستا ژووری‌ پارێزه‌رانی‌ نه‌ینه‌وا بێده‌نگه‌و كه‌س ناچێت به‌لایدا، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداری‌ نزیك له‌و ژووره‌ به‌"نیقاش"یان راگه‌یاند نزیكه‌ی‌ هه‌زار پارێزه‌ر ئاواره‌ی‌ كه‌ربه‌لاو به‌غداو كه‌ركوك‌و هه‌ولێر بوون‌و له‌بارێكی‌ خراپدا ده‌ژین، ئه‌و 1500 پارێزه‌ره‌ش كه‌ له‌موسڵدا ماونه‌ته‌وه‌ هه‌ژاری‌ به‌رۆكی‌ گرتوون‌و بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و چینه‌ هه‌ژاره‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ژیان‌و گوزه‌رانیان گه‌ڕایه‌وه‌ دواوه‌.