راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هونه‌رمه‌ندانی‌ دهۆك به‌كاره‌كانیان رووبه‌رووی‌ داعش ده‌بنه‌وه‌

عەبدولخالق دۆسکی
زیاتر له‌ سی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كار له‌شاری‌ دهۆك پێشانگایه‌كی‌ هاوبه‌شیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كانی‌ داعش…
31.10.2014  |  دهۆك
One of the images at the Dohuk exhibition.
One of the images at the Dohuk exhibition.

پێشانگاكه‌ 45 كاری‌ هونه‌ری‌ جۆراوجۆری‌ له‌په‌یكه‌رو تابلۆو سیرامیك له‌خۆگرتووه‌و به‌قسه‌ی‌ شیراز عه‌زیز به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ هونه‌ری‌ شێوه‌كاری‌ دهۆك ئامانج لێی‌ پشتیوانی‌ پێشمه‌گه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش.

شیراز به‌"نیقاش"ی‌ وت "هونه‌ریش وه‌ك سیاسه‌ت رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی‌ داعش ده‌یانكاته‌ سه‌ر هاوڵاتیانی‌ بێگوناه كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان منداڵ‌ كوژراون‌و به‌ده‌یان ژن رفێندراون".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌فور یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداره‌كانی‌ پێشانگاكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ویستوویه‌تی‌ له‌رێی‌ ئه‌و پێشانگایه‌وه‌ په‌یامێك بگه‌یه‌نێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ "ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ له‌پێناو ئێمه‌دا گیانی‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانی‌ شایه‌نی‌ رێزو پێزانینی‌ گه‌وره‌ن".

حه‌سه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌رێی‌ كاره‌كه‌مانه‌وه‌ مێژووی‌ به‌رخودان‌و پڕ له‌ده‌رده‌سه‌ری‌ كوردمان نیشانداوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا ویستومانه‌ دیوی‌ دڕندانه‌ی‌ داعش بخه‌ینه‌ روو كه‌ كار بۆ تێكدانی‌ شارستانێتی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌كات‌و شوێنه‌ دێرینه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج".

یه‌كێك له‌تابلۆكانی‌ ناو پێشانگاكه‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ پێكهاته‌كانی‌ عێراقی‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد، ئه‌م تابلۆیه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند فه‌تاح محه‌مه‌ده‌وه‌ كێشراوه‌، ئه‌ویش له‌باره‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ وتی‌ "وڵاته‌كه‌مان له‌رابردوو ئێستادا وڵاتی‌ برایه‌تی‌‌و پێكه‌واژیانی‌ ئاشتیانه‌ بووه‌‌و ئێستا داعش ده‌یه‌وێت ئه‌و واقیعه‌ بشێوێنێت‌و ئاڵا ره‌شه‌كه‌ی‌ باڵ‌ به‌سه‌ر هه‌مواندا بكێشێت".

فه‌تاح ده‌شڵێت "ئێمه‌ی‌ هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ له‌رێی‌ كاره‌كانمانه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ پێكه‌وه‌ ژیان، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئێستا زۆربه‌ی‌ كه‌مایه‌تییه‌كان روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌و له‌ده‌ست داعش هه‌ڵهاتوون".

هه‌رچی‌ هونه‌رمه‌ند فه‌مان ئیسماعیله‌ كاره‌كه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌وه‌یه‌‌و له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر مرۆڤێك بۆ ژیان پێویستی‌ به‌خاك‌و نان‌و ئاوو هه‌وایه‌، هه‌ر مۆرڤێكیش سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ژیانی‌ خۆی‌ هه‌ڵبژێرێت، بۆیه‌ من ویستوومه‌ له‌رێی‌ كاره‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌م".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ دلۆڤان محه‌مه‌د ئه‌مین ره‌خنه‌گری‌ هونه‌ری‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌ردانكه‌رانی‌ پێشانگاكه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م جۆره‌ پێشانگایانه‌ زۆر گرنگن، به‌تایبه‌تی‌ له‌م كاته‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو خه‌ڵك تاوانه‌كانی‌ داعشیان بۆ ده‌ربكه‌وێت كه‌ ده‌ست له‌كوشتنی‌ هیچ كه‌سێك ناپارێزن".

دلۆڤان ده‌شڵێت "پێشانگاكه‌ توانی‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ نه‌هامه‌تی مه‌سیحی‌‌و ئێزدی‌‌و شه‌به‌ك به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌وان به‌به‌رچاوی‌ خۆیانه‌وه‌ ئازیزترین كه‌سه‌كانیان له‌ده‌ستدا، بۆیه‌ زۆر لایه‌نی‌ مرۆڤایه‌تی‌ تێدابوو كه‌ ئه‌مه‌ش رۆڵی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هونه‌ره‌ له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌".