راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رێكخه‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ په‌نابه‌رانی‌ جیهانی له‌هه‌رێمی‌ كوردستان
كار وا بڕوات ناچار ده‌بین داوای‌ هاوكاری‌ له‌وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان بكه‌ین

هێمن عەبدوڵڵا
رێكخه‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ په‌نابه‌رانی‌ جیهانی‌ (UNHCR) له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تیشكده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وشی‌ ئه‌و په‌نابه‌رو…
16.10.2014  |  هه‌ولێر
"There could be better coordination": Emmanuel Gignac, UNHCR coordinator in Iraqi Kurdistan.

ئیمانوێل ژینیاك رێكخه‌ری‌ كۆمسیۆنی‌ په‌نابه‌رانی‌ جیهان (UNHCR) له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ (نیقاش) زانیاری‌ زیاتر له‌باره‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراق‌و په‌نابه‌رانی‌ سوریا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌خاته‌روو.

نیقاش: ژماره‌ی‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقه‌وه‌ روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ به‌وردی‌ چه‌ندن؟

ژینیاك: به‌گوێره‌ی‌ دوا ئاماری‌ رێكخراوه‌كه‌مان ئێستا زیاتر له‌ 210 هه‌زار په‌نابه‌ری‌ سوریا كه‌ زۆربه‌یان له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق نیشته‌جێكراون، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ زیاتر ده‌بێت ئه‌ویش به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ شاری‌ كۆبانی‌ له‌سوریا، بۆئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌په‌نابه‌ری‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت پێشبینی‌ هاتنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر ده‌كرێت.

نیقاش: ئاماده‌باشیه‌یه‌كی‌ رێكخراوی‌ UNHCR چیه‌ تاكو كاری‌ پێویست بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بكرێ؟

ژینیاك: ئه‌وه‌ی‌ تاكو ئێستا هه‌یه‌ تواندراوه‌ پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین‌و پلانمان هه‌یه‌ چه‌ندین كه‌مپی تر له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دروست بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كار وابڕوات‌و ژماره‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر بێت ئه‌وا ناچار ده‌بین په‌نا بۆ وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان ببه‌ین تاكو هاوكاری‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ بكرێت، چونكه‌ ناتواندرێ له‌یه‌ك كاتدا پێشوازی‌ له‌ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ په‌نابه‌ر بكرێت.

نیقاش: ئه‌و پێداویستیانه‌ چین كه‌ سه‌ره‌تا ده‌یبه‌خشنه‌ په‌نابه‌ران؟

ژینیاك: ئێمه‌ وه‌ك رێكخراوی‌ UNHCR كاتێك په‌نابه‌ر دێنه‌ ناوه‌وه‌ پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ وه‌ك چادرو خواردنی‌ گه‌رم‌و ئاویان بۆ دابین ده‌كه‌ین، دواتر له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی‌ تری‌ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌رووی‌ خۆراكی‌ ساردو به‌رده‌وام‌و ته‌ندروستی‌‌و په‌روه‌رده‌ هاوكاری‌ ده‌كرێن.

نیقاش: سه‌باره‌ت به‌ئاواره‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراق كه‌ ئه‌وانیش روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ چیتان كردووه‌؟

ژینیاك: هه‌رچه‌نده‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ ناوخۆ كه‌ له‌موسڵ‌و ئه‌نبارو ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی‌ به‌هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غداوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌گوێره‌ی‌ توانا كارمان كردووه‌و بۆ ئه‌وانیش پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابینكراوه‌و 350 هه‌زار كه‌س سوودیان له‌و هاوكاریانه‌ی‌ UNHGRوه‌رگرتووه‌ ، بڕیاریشه‌ 10 كه‌مپی تریان بۆ بكه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌وانیش 4 له‌دهۆك‌و 3 له‌سلێمانی‌‌و 3 له‌هه‌ولێر.

نیقاش: هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ له‌وه‌رزی‌ زستان نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی‌ ئێوه‌ چییه‌ بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ره‌كان؟

ژینیاك: به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌رنامه‌و پلانمان هه‌یه‌، له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌باشی‌ كراوه‌ تاكو شوێن‌و كه‌لوپه‌لی‌ زستانه‌یان بۆ دابین بكه‌ین، له‌وانه‌ نه‌وت‌و ئامێری‌ گه‌رمكه‌ره‌وه‌و پێخه‌ف‌و شتی‌ تر، ئه‌و هاوكاریانه‌ش ته‌نها به‌نابه‌رانی‌ سوریا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئاواره‌كانی‌ ناوخۆش سوودمه‌ند ده‌بن.

نیقاش: هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن، ره‌وشی‌ په‌نابه‌ران له‌هه‌رێم ناله‌باره‌و به‌رپرسانیش رایه‌كی‌ پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌، ئێوه‌ به‌گشتی‌ ره‌وشی‌ ئاواره‌و په‌نابه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن ده‌بینن؟

ژینیاك: هه‌رچه‌نده‌ ژیانی‌ ئاواره‌یی‌و په‌نابه‌ری‌ ناكاته‌ ژیانی‌ ئاسایی خێزانه‌كان له‌ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان ، به‌ڵام ره‌وشی‌ په‌نابه‌ران‌و ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان به‌راورد به‌شوێنی‌ تر تاڕاده‌یه‌ك باشه‌، راسته‌ كه‌موكوڕی‌ هه‌یه‌و پێدویستی‌ به‌هاوكاری‌ تر ده‌بێت، به‌ڵام كه‌س له‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ به‌هۆی‌ توندوتیژه‌كانه‌وه‌ روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردوو برسی نین، یان نه‌خۆشیه‌كی‌ كوشنده‌ له‌نێویان بڵاونه‌بۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌كاتێكی‌ كه‌مدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر خه‌ڵكی‌ لێقه‌وماو روو له‌شوێنێك بكات، بۆیه‌ بێگومان كێشه‌و كه‌موكوڕی‌ هه‌یه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین.

نیقاش: رۆڵی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا له‌هاوكاریكردنی‌ په‌نابه‌رو ئاواره‌ی‌ ناوخۆ چۆن ده‌بینی؟

ژینیاك: هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو حكومه‌ت كاریان بۆ لێقه‌وماوان كردووه‌، له‌وانه‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا 35 ملیار دیناری‌ به‌خشیوه‌ تاكو شه‌ش كه‌مپ له‌دهۆك دروست بكرێت‌و بڕیاریداوه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌و خێزانانه‌ بدات، به‌ڵام ئه‌وی‌ ده‌بینین سیسته‌مێك نیه‌ بۆ رێكخستنی‌ ئه‌و كارانه‌و پێویسته‌ زیاتر رێكبخرێت، بۆیه‌ زۆر كار ماوه‌ ئه‌نجامی‌ بده‌ن تاكو كێشه‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ كه‌متر بێته‌وه‌، له‌وانه‌ پێویسته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ تر هاتوون موچه‌كانیان بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان بگوزارێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وان زۆر باش ده‌بێت.

ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌قه‌یرانێكی‌ داراییدایه‌و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ دواده‌كه‌وێت، كه‌چی‌ كاری باشیان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌ .

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌