راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش موسڵی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ ته‌نوری‌ قوڕ

خاڵس جومعە
چوار مانگ فه‌رمانڕه‌وایی‌ داعش له‌موسڵ‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌رخی‌ زه‌مان چه‌ند شه‌قاوێك بباته‌ دواوه‌، ئێستا خه‌ڵكی‌…
16.10.2014  |  موسڵ
One of the metal ovens locals in Mosul are using for cooking and heating now.
One of the metal ovens locals in Mosul are using for cooking and heating now.

جارێكی‌ تر ماڵی‌ ئوم محه‌مه‌د بۆ چێشتلێنان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ته‌نوری‌ قوڕ، چونكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ هه‌یه‌ نه‌ غاز ده‌ستده‌كه‌وێ‌ نه‌ نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی‌ خواردنی‌ پێ‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌ ناچاره‌ خواردنی‌ خێزانێكی‌ ده‌ كه‌سی‌ دروست بكات، كه‌ زانی‌ هیچ سوته‌مه‌نییه‌كی‌ ده‌ست ناكه‌وێت، له‌گه‌ڵ‌ دراوسێكه‌یدا بڕیاریاندا ته‌نورێكی‌ قوڕ دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر كات بیانه‌وێت نان‌و خواردن ئاماده‌ بكه‌ن.

له‌شارێكدا كه‌ یه‌ك ملیۆن‌و حه‌وت سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌ژین، خه‌ڵكی‌ به‌قه‌د تاوانه‌كانی‌ داعش‌و شه‌ڕی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، بیرو خه‌یاڵیان له‌لای‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ نان‌و خواردنه‌، له‌م پێناوه‌شدا چه‌ندین شێوازی‌ نوێیان داهێناوه‌ بۆ ئاماده‌كردنی‌ خواردن.

حه‌سه‌ن مه‌لا كه‌ ئه‌ندازیارێكی‌ ته‌لارسازه‌، ئێستا بووه‌ته‌ شاره‌زا له‌دروستكردنی‌ ته‌نور، تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ به‌گاڵته‌وه‌ پێی‌ ده‌ڵێن ئه‌ندازیاری‌ نان، له‌كاتێكدا به‌ر له‌حوزه‌یران ئه‌ندازیاری‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌كان بوو.

مه‌لا باس له‌و جۆره‌ ته‌نورانه‌ ده‌كات كه‌ دروست ده‌كرێن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌ربڵاوترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌سوته‌مه‌نی‌ نییه‌ (نه‌وت‌و غاز) ئه‌مجۆره‌ زۆر سه‌ره‌تایییه‌و له‌قوڕ دروست ده‌كرێت، ته‌نها ئه‌و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ش ده‌توانن دروستی‌ بكه‌ن كه‌ پێشتر ئه‌وه‌ كاریان بووه‌.

مه‌لا ئێستا سه‌رپه‌رشتی‌ دروستكردنی‌ ته‌نور ده‌كات بۆ دراوسێ‌‌و ناسیاوه‌كانی‌، هه‌میشه‌ چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ باشترین شوێن بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نوره‌كه‌ به‌ئاسانترین شێوه‌و به‌كه‌مترین دار گه‌رم ببێت.

باس له‌وه‌ش ده‌كات جۆرێكی‌ تری‌ ته‌نور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رمیل دروستكراوه‌و به‌ 70 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، ئه‌مه‌یان له‌به‌ر نرخه‌كه‌یی‌‌و ئاسان به‌كارهێنانی‌ خه‌ڵك زۆر ده‌یكڕن.

كاتێك نرخی‌ بوتڵێك غاز گه‌یشته‌ چل هه‌زار دینار، یونس حه‌مید وه‌ك زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كانی‌ تر ناچار بوو به‌دوای‌ چاره‌سه‌رێكی‌ تردا بگه‌ڕێت بۆ چێشلێنان، بۆیه‌ له‌بازاڕ (چۆله‌)یه‌كی‌ كڕی‌‌و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌باخێكی‌ بچووكه‌ كه‌ به‌نه‌وت كارده‌كات، هه‌ر له‌بازاڕ ته‌نورێكی‌ سوری‌ بینی‌ كه‌ ئه‌ویش به‌نه‌وت كارده‌كات‌و نرخه‌كه‌ی‌ 150 هه‌زار دیناره‌.

له‌گه‌ڵ‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ زستان‌و ئه‌و سه‌رما زۆره‌ی‌ روو له‌موسڵ‌ ده‌كات، حه‌مید خه‌یاڵی‌ بۆ ئه‌وه‌ رۆی‌ كه‌ شتێك بكڕێت هه‌ردوو ئه‌ركه‌كه‌ی‌ بۆ جێبه‌جێ‌ بكات، هه‌م چێشتلێنان‌و هه‌م گه‌رمكردنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌لای‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌و ته‌باخه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بوو.

قه‌یرانه‌كه‌؛ بازاڕی‌ به‌رووی‌ چه‌ندین كه‌لوپه‌لدا كردۆته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ گونجاون، له‌به‌رمبه‌ریشدا ئاسنگه‌ره‌كانی‌ موسڵ‌ سودیان له‌م ده‌رفه‌ته‌ بینیوه‌و هه‌مان ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ دروست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌نرخێكی‌ هه‌رزانتر.

به‌ر له‌وه‌ی‌ داعش ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر موسڵدا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ (كه‌وازین) كاریان ده‌كرد ژماره‌یان زۆر كه‌م بوو، ئه‌وان له‌و ده‌مه‌دا ته‌نها له‌سه‌ر خواست فڕنی‌ قوڕیان دروست ده‌كرد، به‌ڵام له‌م رۆژگاره‌دا خواستێكی‌ زۆریان له‌سه‌ره‌و به‌رده‌وام له‌دروستكردنی‌ ته‌نوری‌ قوڕ ناوه‌ستن‌و رۆژانه‌ خه‌ڵك سه‌ره‌یان گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نورێكیان له‌به‌رامبه‌ر بڕی‌ په‌نجا هه‌زار دینار بۆ دروست بكرێت.

كچه‌زاو كوڕه‌زاكانی‌ ئوم محه‌مه‌د به‌دیار نه‌نكیانه‌وه‌ وه‌ستاون له‌و كاته‌ی‌ نان له‌ته‌نوره‌كه‌ ده‌هێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش چیرۆكی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌كارهێنانی‌ ته‌نوردا ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌نجا ساڵ‌ به‌ر له‌ئێستا، كاتێك له‌گوند بۆ یه‌كه‌مجار به‌كاریهێناوه‌.

داپیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ جاری‌ سێهه‌مه‌ كه‌ ته‌نور دروست ده‌كاته‌وه‌، یه‌كه‌میان له‌ساڵی‌ 1991 له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ دووه‌می‌ كه‌نداو، دووه‌میان له‌ساڵی‌ 2003 كاتێك ئه‌مه‌ریكا رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دامی‌ روخاند، ئه‌مه‌شیان سێهه‌مه‌.

ئێستا له‌موسڵدا ناچونیه‌كییه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ هۆكاره‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا نه‌بوون‌و وه‌ك مۆبایل‌و ئینته‌رنێت، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شێوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی‌ ژیان له‌رووی‌ چێشتێنان‌و خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌وه‌.

كێشه‌كه‌ ته‌نها له‌دابینكردنی‌ هۆكاری‌ چێشتلێناندا نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌سه‌رچاوه‌ی‌ ئاگره‌كه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت له‌نێوان 100 بۆ 400 هه‌زار دیناردایه‌ به‌پێی‌ باشی‌ جۆره‌كه‌ی‌، له‌كاتێكدا باری‌ یه‌ك پیكاب له‌دار 75 هه‌زار دیناره‌، بۆیه‌ داره‌كه‌ له‌هه‌مووی‌ هه‌رزانتره‌ بۆ خه‌ڵك.

یونس حه‌مید ناچار بوو به‌شێك له‌ژووری‌ نوستنه‌كه‌ی‌ بشكێنێت كه‌ له‌داری‌ ساج دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاگری‌ پێبكاته‌وه‌، خه‌ڵكێكی‌ تریش كتێبی‌ خوێندنی‌ منداڵه‌كانیان ده‌سوتێنن به‌تایبه‌تی‌ كه‌ تائێستا ده‌رگای‌ خوێندنگاكان داخراون، جل‌و پێڵاوی‌ كۆنه‌ش به‌شێكی‌ ترن له‌هۆكاره‌كانی‌ ئاگركردنه‌وه‌.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ داعش بۆخۆی‌ به‌م رۆژگار ملی‌ خه‌ڵك ده‌بڕێته‌وه‌، كه‌چی‌ بڕینه‌وه‌ی‌ داری‌ له‌دارستانه‌كانی‌ موسڵ‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌و سزای‌ داناوه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.