راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مژده‌كه‌ی‌ داعش نیوه‌ی‌ وانه‌كانی‌ خوێندنی‌ لابرد

ئەحمەد محەمەد
له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن داعش له‌وناوچانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ ده‌ستیكردووه‌…
2.10.2014  |  که‌رکووک
A classroom in Iraq: extremists are demanding changes in areas they control.
A classroom in Iraq: extremists are demanding changes in areas they control.

به‌پێی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی‌ له‌به‌رپرسی‌ دیوانی‌ فێركردنی‌ داعشه‌وه‌ ده‌رچووه‌و كۆپییه‌كی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، داعش فه‌رمانیداوه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆی‌ ساڵی‌ رابردوو به‌ساڵی‌ ده‌رچوونی‌ سه‌رجه‌م خوێندكاران هه‌ژمار بكرێت، جگه‌ له‌خوێندكارانی‌ پۆلی‌ دوانزه‌و ئه‌و خوێندكارانه‌ی‌ پێشتر به‌قۆپیه‌وه‌ گیراون‌و مافی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ بچنه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ پێداگری‌ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن ده‌بێت به‌پێی‌ "پێوه‌ره‌ شه‌رعییه‌كان" بێت ئه‌ویش به‌جیاكردنه‌وه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كوڕو كچ، ئه‌م بڕیاره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی‌ نێرو مێ‌ ده‌گرێته‌وه‌.

له‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ داعش وانه‌كانی‌ هونه‌رو میوزیك، هه‌روه‌ها وانه‌كانی‌ فه‌لسه‌فه‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ده‌رونزانی‌ له‌پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندندا لابردووه‌، له‌گه‌ڵ‌ وانه‌كانی‌ جوگرافیاو مێژوو ئه‌ده‌ب‌و په‌روه‌رده‌ی‌ ئاینی‌ مه‌سیحی‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ش به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ ئه‌و وانانه‌ پڕده‌كاته‌وه‌.

دیارترین خاڵه‌كانی‌ تری‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌كوژاندنه‌وه‌ی‌ دێڕی‌ "كۆماری‌ عێراق یان كۆماری‌ سوریا له‌هه‌ر جێیه‌كی‌ پرۆگرامه‌كاندا هه‌بوون‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ به‌كاردێت، هه‌روه‌ها لابردنی‌ ئه‌و سوردو هۆنراوانه‌ی‌ هاوبه‌ش بۆ خودا په‌یدا ده‌كه‌ن‌و باسی‌ خۆشه‌ویستی‌ نیشتیمان ده‌كه‌ن".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌ش له‌به‌شێكی‌ تری‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ "وانه‌ی‌ زانست‌و هه‌ر شتێك باسی‌ بیدۆزی‌ داروین بكات له‌باره‌ی‌ هاتنه‌ئارای‌ سروشته‌وه‌ لاده‌برێن، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌دوای‌ هه‌موو وشه‌یه‌كی‌ (الخلق)ه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابێت كه‌ ته‌نها خودا خالیقه‌".

بیردۆزی‌ داروین كه‌ به‌بیردۆزی‌ گه‌شه‌سه‌ندنیش ناوده‌هێنرێت، ساڵی‌ 1859 له‌لایه‌ن رۆبه‌رت داروینی‌ زانای‌ به‌ریتانییه‌وه‌ داهێنراوه‌و باس له‌سه‌ره‌تای‌ دورستبوونی‌ بونه‌وه‌ره‌كان‌و چۆنێتی‌ گه‌شه‌كردنیان ده‌كات.

عه‌بدوڵا جبوری‌ كه‌ له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ی‌ خوارووی‌ كه‌ركوك مامۆستایه‌ بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ داعش ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی‌ ناوناوه‌ "مژده‌و رێنمایی‌"‌و به‌سه‌ر سه‌رجه‌م خوێندنگاكاندا دابه‌شیكردووه‌و تیایدا هاتووه‌ "مژده‌یه‌ك له‌ئه‌میری‌ ئیماندارانه‌وه‌ له‌پێناو هه‌ڵگرتنی‌ نه‌زانی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ ئه‌م رێنماییه‌ شه‌رعیانه‌ ده‌رچووه‌".

ئه‌و مامۆستایه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌مامۆستایان كردووه‌ ئه‌وه‌ی‌ رێنماییه‌كه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كات كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌ناو ده‌به‌ن‌و ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوخێنن.

ئێستا مامۆستایانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش گیرۆده‌بوون‌و نازانن به‌قسه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ داعش بكه‌ن یان ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ له‌په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆیان ده‌رده‌چێت.

له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی‌ داعشدا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوك فه‌رمانیداوه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستایانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ له‌رۆژی‌ 14ی‌ ئه‌یلوله‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ بكه‌ن به‌خوێندنه‌وه‌‌و خوێندكارانیش ده‌بێت تاقیكردنه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌گینا به‌ده‌رچوو حیساب ناكرێن.

له‌مڕووه‌وه‌ فه‌رحان حسێن به‌رێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ ئێستا كه‌توونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ داعش خوێندكاران تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ ساڵ‌ له‌سه‌ر سه‌د نمره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و نمره‌ی‌ مانگه‌كانی‌ پێشوویان بۆ هه‌ژمار ناكرێت، حكومه‌تیش ده‌یه‌وێت به‌ر له‌كۆتایی‌ ئه‌مساڵی‌ خوێندن سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ تر ئازاد بكاته‌وه‌‌و چاره‌نووسی‌ خوێندكاران دیاری‌ بكرێن".

به‌هه‌مان شێوه‌ فه‌رحان حسێن جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ داعش ته‌نها وانه‌كانی‌ فیزیاو كیمیاو بیركاری‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و ئینگلیزی‌ هێشتووه‌ته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا به‌ته‌واوی‌ وانه‌كانی‌ جوگرافیا‌و مێژوو نیشتیمانی‌‌و هونه‌ری‌ لابردووه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌شێك له‌په‌روه‌رده‌ی‌ ئاینی‌.

جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ داعش فشاری‌ خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م مامۆستایانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌و وانانه‌ی‌ لابراون نه‌وترێنه‌وه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ مه‌جید عیزه‌ت ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆگرامه‌ی‌ داعش دایناوه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌و بۆ به‌رپرسانی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌ وه‌ك "خوێندنی‌ نا ڕه‌سمی‌ دان پیادا نه‌نراو هه‌ژمار ده‌كرێت".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد ته‌نها دان به‌خوێندنێكدا ده‌نرێت كه‌ به‌پێی‌ پرۆگرام‌و رێوشوێنه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ بێت، ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌ خوێندن له‌ناوچه‌ ئارامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌‌و بێ‌ كێشه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌.

زۆرێك له‌و خوێندكارانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له‌چاره‌نووسی‌ خۆیان دڵنیابن ناچاربوون بچنه‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش بۆ ئه‌وه‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ ساڵ‌ ئه‌نجام بده‌ن‌و خوێندنه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوویان بۆ هه‌ژمار بكرێت، بڕیاریش وایه‌ رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ (تشرینی‌ یه‌كه‌م) تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ خولی‌ دووه‌م له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش ئه‌نجام بدرێت.

په‌روین محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك رێی‌ به‌خوێندكارانی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش ده‌دات كه‌ له‌كه‌ركوك تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن‌و له‌ورووه‌وه‌ ئاسانكاری‌ ته‌واویان بۆ ده‌كات له‌رووی‌ رێگه‌خۆشكردن بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین‌و گه‌یاندنیان به‌شوێنی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو به‌قسه‌ی‌ په‌روین له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ خوارووی‌ عێراقیشه‌وه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ ئاواره‌ روویان له‌كه‌ركوك كردووه‌‌و ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كامپێك بۆ ئه‌و 700 خێزانه‌ ئاواره‌یه‌ دروست بكرێت كه‌ له‌خوێندنگاكاندا ماونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ی‌ نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق (یونامی‌) ژماره‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌كه‌ركوك نیشته‌جێبوون گه‌یشتووه‌ته‌ 250 هه‌زار كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش له‌خوارووی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون له‌گه‌ڵ‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا.