راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌هه‌رێم؛ خه‌می‌ خوێندنیشیان بۆ زیادبوو

هێمن عەبدوڵڵا
له‌كاتێكدا له‌به‌ره‌به‌یانییه‌كی‌ زووه‌وه‌ خوێندكاران خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد بۆ چوونه‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د‌و ئایه‌…
18.09.2014  |  هه‌ولێر
A classroom in Iraq.
A classroom in Iraq.

محه‌مه‌دی‌ ته‌مه‌ن 9 ساڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئایه‌ی‌ خوشكی‌، 11 ساڵ‌ چوار مانگه‌ له‌شاری‌ روومادی پارێزگای‌ ئه‌نباره‌وه‌ روویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌هیچ خوێندنگایه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رنه‌گیران، بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌مساڵ‌ خوێندنه‌كه‌یان دوابكه‌وێت.

چوارشه‌ممه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ پێشوو یه‌كه‌م زه‌نگی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان لێیدا‌و زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن‌و شه‌ش سه‌د هه‌زار خوێندكار چوونه‌ قوتابخانه‌ یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن، به‌ڵام به‌هه‌زاران خوێندكاریش له‌ودیو دیواری‌ خوێندنگاكانه‌وه‌ مافی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بوو وه‌ك هاوته‌مه‌نه‌كانیان درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ هه‌رێم، زیاتر له‌چوار سه‌د هه‌زار ئاواره‌ی‌ شاره‌كانی‌ خواروو ناوه‌ڕاستی‌ عێراق ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیشته‌جێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ سوریاو ئێران‌و توركیاش، له‌ناو ئه‌مانه‌شدا به‌هه‌زاران خوێندكار هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌خوێندنگاكانی‌ هه‌رێم وه‌رنه‌گیرێن‌و مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌مساڵی‌ خوێندنیان بفه‌وتێت.

به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندن ده‌ست پێبكات، كه‌سوكاری‌ ئه‌و منداڵانه‌ سه‌ردانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ خوێندنگا عه‌ره‌بییه‌كان كه‌من، بۆیه‌ ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار كه‌میان چانسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بوو بچنه‌ ئه‌و خوێندنگایانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ زۆری‌ ژماره‌ی‌ خوێندكاره‌وه‌ جمه‌یان دێت.

عه‌بدوڵڵا عه‌بدولكه‌ریم كه‌ زیاتر له‌مانگێكه‌ پارێزگای‌ ئه‌نباری‌ جێهێشتووه‌و رووی‌ له‌هه‌ولێر كردووه‌، وه‌ك سه‌دان ماڵه‌ ئاواره‌ی‌ تر ئێستا نازانن چاره‌نووسی‌ منداڵه‌كانیان چی‌ به‌سه‌ر دێت، چونكه‌ له‌خوێندنگاكانی‌ هه‌رێم وه‌رناگیرێن‌و ناشزانن كه‌ی‌ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵ‌‌و خوێندنگاكانی‌ خۆیان.

عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی‌ وت "جگه‌ له‌كێشه‌ی‌ خانوو وه‌زیفه‌، ئێستا كێشه‌ی‌ خوێندنیشمان هه‌یه‌، چونكه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و خوێندگایانه‌ی‌ له‌هه‌ولێر بۆ زمانی‌ عه‌ره‌بی كراونه‌ته‌وه‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ كۆچبه‌ران زۆر كه‌من".

عه‌بدوڵا چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق ده‌روویه‌ك له‌و ئاوارانه‌ بكه‌نه‌وه‌و له‌خه‌می‌ منداڵه‌كانیاندا بن.

وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێم هه‌رچه‌نده‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ژماره‌یه‌ك خوێندنگای‌ نوێیان بۆ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دان به‌وه‌شدا ده‌نێن كه‌ ئه‌و خوێندنگایانه‌و خوێندنگا كۆنه‌كانیش به‌شی‌ هه‌موو منداڵ ئاواره‌كان ناكه‌ن.

فاتح مه‌وله‌وی‌ زاده‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن‌و 673 هه‌زار خوێندكار له‌باخچه‌ی‌ ساوایانه‌وه‌ هه‌تا قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ په‌یوه‌ندییان به‌شه‌ش هه‌زارو 734 خوێندنگاوه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ 69خوێندنگای‌ عه‌ره‌بی بۆ 35هه‌زارو 629 خوێندكار كردۆته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش یه‌ك هه‌زارو 978 مامۆستای‌ دابینكردووه‌.

به‌قسه‌ی‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌ت ئه‌و خوێندنگایانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و خوێندكاره‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌ كه‌ پێش رووداوه‌كانی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ‌ له‌هه‌رێم نیشته‌جێبوون، له‌وه‌ به‌دواوه‌ خوێندكاره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌خوێندنگاكانی‌ هه‌رێم جێیان نابێته‌وه‌.

مه‌وله‌وی‌ زاده‌ وتیشی‌ "چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها له‌ئه‌ستۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نییه‌و ده‌بێت حكومه‌تی‌ فیدراڵ‌ رۆڵ‌ بگێڕێت له‌ره‌خساندنی‌ هه‌لی‌ خوێندن بۆ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان".

چه‌ند هاوڵاتییه‌كی‌ عه‌ره‌ب ئه‌وه‌یان بۆ په‌یامنێری‌ "نیقاش" باسكرد كه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێم پێیان راگه‌یاندوون ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت خوێندكاره‌كانیان له‌خوێندن به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌توانن بیانخه‌نه‌ به‌ر خوێندنی‌ كوردی‌، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ منداڵه‌كانیان زمانی‌ كوردی‌ نازانن ئیتر چۆن بتوانن بیانخه‌نه‌ به‌ر خوێندن.

له‌به‌رامبه‌ردا وته‌بێژه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"هیچ كه‌سێك ناچار نه‌كراوه‌ جگه‌ له‌زمانی‌ دایكی‌ به‌هیچ زمانێكی‌ تر بخوێنێت".

زۆری‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان ته‌نها كێشه‌ی‌ بۆ خوێندكاره‌ عه‌ره‌به‌كان دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌سه‌دان خوێندكاری‌ كوردیش نه‌یانتوانی‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوه‌ڵه‌كانیان بچنه‌وه‌ خوێندنگا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا خوێندنگاكان ئاواره‌ی‌ تێدایه‌و ناتوانرێت پرۆسه‌ی‌ خوێندن تیایاندا ده‌ست پێبكرێت.

په‌یامنێری‌ "نیقاش" زانیوێتی‌ له‌پارێزگای‌ دهۆك زیاتر له‌650 خوێندنگا ئاواره‌یان تیادایه‌و ده‌وامی‌ خوێندنیان تیا ناكرێت ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌د خوێندنگای‌ تریش له‌قه‌زاو ناحیه‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئاواره‌یان تێدایه‌‌و خوێندن تیایاندا ده‌ستی‌ پێنه‌كردووه‌.

فاتح مه‌ولود زاده‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندنگایانه‌ی‌ ئاواره‌یان تیدایه‌ هه‌تا كاتی‌ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان خوێندن تیایاندا ده‌ست پێناكات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر به‌پێی‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، هه‌رێم بۆخۆی‌ كێشه‌ی‌ كه‌می‌ بینای‌ خوێندنی‌ هه‌یه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ هه‌رێم هیچ ئامارێكی‌ وردیان له‌لا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی‌ ئه‌و خوێندكاره‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌خوێندن داده‌بڕێن، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان به‌هه‌زارانه‌و توانای‌ هه‌رێمیش له‌و ئاسته‌دا نییه‌ ده‌رفه‌تی‌ خوێندنیان بۆ بڕه‌خسێنێت.

له‌لای خۆیه‌وه‌ نه‌زاد ره‌سول ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش به‌هه‌زاران خوێندكاری‌ ئاواره‌ كردووه‌و ئێستا منداڵه‌كانیان له‌خوێندن دابڕاون، حكومه‌تی‌ به‌غداش به‌هۆی‌ بڕینی‌ بودجه‌وه‌ ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌ستووه‌و ناتوانرێت وه‌ك پێویست ده‌رفه‌تی‌ خوێندن بۆ هه‌موو ئاواره‌كان دابین بكرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێی‌ وایه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م گرفته‌ پێویستی‌ به‌هاوكاری‌ به‌په‌له‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا هه‌یه‌ تا منداڵه‌ ئاواره‌كان له‌خوێندن دانه‌بڕێن، هه‌تا ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ش دروست ده‌كرێت نازانرێت چاره‌نوسی‌ هه‌زارانی‌ منداڵی‌ وه‌ك محه‌مه‌د‌و ئایه‌ به‌چی‌ ده‌گات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌