راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌كه‌ربه‌لا خوێندكارو مامۆستای‌ ئاواره‌ هه‌ردووكیان كێشه‌یان هه‌یه‌

عه‌باس سه‌رحان
هه‌رچه‌نده‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ جیاوازی‌ ژینگه‌ی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، به‌ڵام…
18.09.2014  |  كه‌ربه‌لا
Refugees heading into Karbala.
Refugees heading into Karbala.

عه‌باس یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان مامۆستایه‌ی‌ له‌موسڵه‌وه‌ ئاواره‌ی‌ كه‌ربه‌لا بوون‌و به‌بڕیارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ رێیان پێدرا له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ ئێستا تیایدا نیشته‌جێن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ خۆیان.

ئه‌و كاته‌ی‌ ته‌له‌عفه‌ریان جێهێشت، جه‌واد پێی‌ وابوو ئیتر هه‌موو شتێكی‌ له‌ده‌ستچوو، له‌سه‌روو هه‌موشیه‌وه‌ پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌تی‌ كه‌ ده‌ ساڵه‌ كاری‌ تێده‌ ده‌كات، كاتێكیش رۆژانی‌ خوێندنی‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ بیردێته‌وه‌ به‌خه‌فه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌موو شتێك داڕماو له‌پڕ له‌گه‌ڵ‌ ماڵ‌‌و منداڵم بوینه‌ ئاواره‌، خانوو هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌شی‌ كۆمكردبۆوه‌ له‌ده‌ستم چوو".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یران داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵ‌‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تردا، به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ هه‌ڵهاتن، ژماریه‌ك له‌و دانیشتوانه‌ روویانكرده‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتوانه‌ شیعه‌كه‌ش روویانكرده‌ ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق.

عه‌لی‌ قاسم یه‌كێكی‌ تره‌و له‌و مامۆستایانه‌ی‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ موچه‌كه‌ی‌ وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ حه‌وت سه‌د هه‌زار دیناره‌، یه‌كڕاست به‌شێكی‌ ته‌رخان ده‌كات بۆ به‌كرێگرتنی‌ خانوو تا خێزانه‌ پێنج كه‌سییه‌كه‌ی‌ تیای‌ بحه‌وێنه‌وه‌.

ئێستا عه‌لی‌ له‌حوسه‌ینیه‌یه‌كی‌ ناوچه‌ی‌ خان ره‌بیع له‌سه‌ر رێی‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف نیشته‌جێیه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ ئه‌و جێیه‌ بۆ پێشوازی‌ زیاره‌تكارانی‌ كه‌ربه‌لا داندراوه‌ له‌رۆژانی‌ زیاره‌تی‌ عاشوراو چله‌.

كاتی‌ بۆنه‌ ئاینییه‌كان زیاره‌تكاران ته‌نها شه‌وێك له‌و حوسه‌ینیانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌دان دانه‌ ده‌بن، له‌وێ‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرێت‌و بۆ رۆژی‌ دواتر به‌پێ‌ ده‌چنه‌ كه‌ربه‌لا، به‌ڵام بۆ ئاواره‌كان ئه‌وانه‌ بووه‌ته‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ نیمچه‌ هه‌میشه‌یی‌‌و چه‌ند مانگێكه‌ له‌وێن.

عه‌لی‌ قاسم پێی‌ وایه‌ ئه‌م ناوچانه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌یی‌ گونجاو نییه‌، به‌و پێیه‌ی‌ خێزانه‌كان به‌سه‌ریه‌كدا كراونه‌ته‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌ تیا نه‌پارێزراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌دووری‌ نازانێت له‌و چۆڵه‌وانییه‌ مارو دوپشكێكی‌ زۆر كۆبووبێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ چه‌ند مانگێك له‌وه‌و به‌ر چۆڵبووه‌.

ژماره‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ كه‌م نین كه‌ به‌ئاواره‌یی‌ روویان له‌كه‌ربه‌لا كردووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ سه‌ندیكای‌ مامۆستایانی‌ كه‌ربه‌لا رایگه‌یاند ته‌نها له‌هه‌فته‌یه‌كدا نزیكه‌ی‌ 500 مامۆستای‌ ئاواره‌ به‌ڵگه‌نامه‌یان پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دووباره‌ دابمه‌زرێنه‌وه‌، خالید مه‌رعی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و سه‌ندیكایه‌ش وتی‌ "به‌پێی‌ پێویستی‌‌و پسپۆڕی‌ به‌سه‌ر خوێندنگاكانی‌ كه‌ربه‌لادا دابه‌شكراون".

لێره‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی‌ مامۆستاكان به‌راورد به‌خوێندنگاكان زۆر زیاترن، بۆیه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ هه‌ندێكیان له‌پارێزگاكانی‌ تر سودیان لێ‌ ببینرێت.

مه‌هدی‌ عه‌باسی‌ 15 ساڵ‌ كه‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ یه‌كێك له‌مامۆستا ئاواره‌كانه‌ ئاسووده‌یه‌ به‌وه‌ی‌ باوكی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌، به‌و هیوایه‌یه‌ له‌و رێیه‌وه‌ بتوانێت جل‌و به‌رگ‌و پێداویستی‌ خوێندنه‌كه‌ی‌ بۆ بكڕێت تا ئه‌ویش بچێته‌ یه‌كێك له‌و سێ‌ خوێندنگه‌یه‌ی‌ له‌نێوان كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف بۆ ئاواره‌كان كراوه‌ته‌وه‌.

كێشه‌ی‌ مامۆستاو خوێندكاره‌ ئاواره‌كانی‌ كه‌ربه‌لا ئه‌وه‌یه‌ زمانی‌ توركی‌‌و توكمانی‌ به‌باشی‌ ده‌زانن‌و عه‌ره‌بییه‌كه‌یان لاوازه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی‌ تێكه‌ڵبوونیانی‌ به‌ژینگه‌ نوێیه‌كه‌ زه‌حمه‌ت كردووه‌.

ئه‌حمه‌د خالید كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مامۆستا ئاوارانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌توانین كێشه‌ی‌ زمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین‌و ماده‌ زانستییه‌كان به‌ئاسانی‌ بگه‌یه‌نینه‌ خوێندكارانی‌ كه‌ربه‌لا، چونكه‌ هه‌مان ئه‌و پرۆگرامه‌ ده‌خوێنن كه‌ ئێمه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆمان ده‌مانوته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌یه‌ كه‌ ئاواره‌ن‌و ناچنه‌ ئه‌و خوێندنگایانه‌ی‌ بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكراوه‌"، به‌و پێیه‌ی‌ خوێندكاران ناتوانن به‌باشی‌ له‌زمانی‌ مامۆستاكانی‌ كه‌ربه‌لا تێبگه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ربه‌لا له‌م كێشه‌یه‌ تێگه‌یشتووه‌و به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ خاچی‌ سوور بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێنج خوێندنگای‌ داوه‌ بۆ ئاواره‌كان كه‌ ئێستا سیانیان له‌نێوان كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌فن‌و دوانیشیان له‌ناو كه‌ربه‌لادا، له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌حمه‌د زه‌هیب به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ مامۆستا ئاواره‌كان له‌و پێنج خوێندنگایه‌ ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

زه‌هیب وتی‌ "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ له‌و ئاسته‌نگانه‌ تێده‌گات كه‌ له‌به‌رده‌م فێركردنی‌ خوێندكاره‌ ئاواره‌كاندایه‌، بۆیه‌ مامۆستایانی‌ ئاواره‌ ده‌خرێنه‌ ئه‌و خوێندنگایانه‌ی‌ خوێندكاره‌كانی‌ له‌ئاواره‌كانن".

دیسانه‌وه‌ لێره‌دا كێشه‌یه‌كی‌ تر سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پێنج خوێندنگایه‌ به‌شی‌ هه‌موو خوێندكاره‌ ئاواره‌كان ناكات‌و به‌شێكیان ناچارن بچنه‌ خوێندنگا گشتییه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا، به‌ڵام مامۆستایانی‌ كه‌ربه‌لا خۆیان له‌ئاستی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌و پێیان وایه‌ به‌خێرایی‌ تێده‌په‌ڕێنرێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا كه‌ربه‌لا بۆخۆی‌ كێشه‌ی‌ كه‌می‌ بینای‌ خوێندنگای‌ هه‌یه‌‌و پارێزگاكه‌ ئێستا پێویستی‌ به‌دروستكردنی‌ 400 بینای‌ خوێندنه‌، له‌كاتێكدا ساڵانی‌ رابردوو ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ 300 بینا چاره‌سه‌ر ده‌بوو.