راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نیو ملیۆن خوێندكار له‌نێوان به‌رداشی‌ حكومه‌ت‌و خه‌لیفه‌دان

خاڵس جومعە
ئاسنی سارد ئەکوتن، ئه‌مه‌ حاڵی‌ دوكانی‌ په‌راوگه‌و پێداویستییه‌كانی‌ خوێندنه‌ له‌شه‌قامی‌ نه‌جه‌فی‌ ناوه‌ندی‌ موسڵ‌،…
11.09.2014  |  موسڵ
Pupils in an Iraqi school.
Pupils in an Iraqi school.

له‌كاتێكدا خوێندكاران له‌هه‌موو جێیه‌ك خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام زیاتر له‌نیو ملیۆن خوێندكاری‌ نه‌ینه‌وا چاره‌نووسیان نادیاره‌و حكومه‌تی‌ عێراقیش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ خوێندن له‌هه‌موو ناوه‌نده‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ دوابخات‌و هه‌ر ئه‌نجامێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا به‌ده‌ست بێت قبوڵی‌ نه‌كات.

حكومه‌تی‌ عێراق موچه‌ی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی‌ موسڵی‌ نه‌بڕیوه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 53 هه‌زار كه‌س، به‌ڵام هه‌تا كۆتایی‌ ئه‌مساڵ‌ مۆڵه‌تی‌ زۆره‌ملێی‌ داونه‌تێ‌‌و رایگه‌یاندووه‌ هه‌ركه‌سێك سه‌رپێچی‌ بكات به‌یه‌كجاری‌ ده‌رده‌كرێت.

ئه‌مه‌ تاكه‌ هۆكار نییه‌ كه‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندی‌ په‌كخستووه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی‌ خوێندنگاكانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا پڕبوون له‌ئاواره‌‌و ناتوانرێ‌ خوێندن تیایاندا ده‌ست پێبكات.

عه‌زاری‌ حسێن به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ بوو زوو خۆی‌ بگه‌ێنێته‌ خوێندنگاكه‌ی‌ كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ماڵی‌ خۆیانه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام ئێستا له‌په‌نجه‌ره‌ی‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ته‌ماشای‌ قوتابخانه‌كه‌ی‌ ده‌كات پڕیه‌تی‌ له‌خێزانی‌ ئاواره‌و منداڵه‌كان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی‌ خوێندن یاری‌ ده‌كه‌ن.

عه‌زاری‌ هێشتا به‌هیوایه‌ فریای‌ ئه‌مساڵی‌ خوێندن بكه‌وێت بگاته‌ ئه‌و كۆلێژه‌ی‌ خه‌ونی‌ پێوه‌ ده‌بینێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌هاوڕێكانی‌ نوسیوه‌ "به‌هیوای‌ ئه‌وه‌م به‌یانییه‌ك هه‌ڵبستم‌و بچم بۆ خوێندنگا، نه‌ك ته‌نها له‌په‌نجه‌ره‌ی‌ ماڵه‌وه‌ ته‌ماشای‌ بكه‌م، زۆر خۆش ده‌بێت ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌ له‌توندڕه‌وه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كان پاك بكرێته‌وه‌".

له‌م سه‌روبه‌نده‌دا به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ناوی‌ "خه‌لیفه‌"ه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ "نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واری‌" بڕیاردراوه‌ سه‌رجه‌م خوێندكارانی‌ ساڵی‌ خوێندنی‌ 2013- 2014 به‌ده‌رچوو هه‌ژمار بكرێن، جگه‌ له‌خوێندكارانی‌ شه‌شی‌ ئاماده‌یی‌ (به‌كالۆریا).

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌رۆژی‌ 9ی‌ ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌وامی‌ فه‌رمی‌ خوێندن ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش مامۆستایانی‌ خستووه‌ته‌ به‌ر به‌رداشی‌ داعش‌و حكومه‌ت.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی‌ "دیوانی‌ خوێندن" دامه‌زراوه‌و كاری‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ پڕۆگرامه‌كانه‌ به‌پێی‌ سیسته‌می‌ "ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌".

له‌مباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ نه‌ینه‌وا كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد سه‌رۆكی‌ دیوانه‌كه‌ (وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن) گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن سی‌ ساڵه‌ كه‌ ماسته‌ری‌ له‌زانستی‌ ئیسلامیدا هه‌یه‌ به‌ناوی‌ خالید ئه‌عفه‌ری‌‌و ئه‌كێكه‌ له‌توركمانه‌كانی‌ ته‌له‌عفه‌ر.

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ وتیشی‌ "مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پرۆگرامی‌ سه‌ره‌تاییه‌، چونكه‌ ئه‌عفه‌ری‌ به‌كه‌سێكی‌ زۆر توندڕه‌و ناسراوه‌"، فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ درێژه‌ی‌ به‌قسه‌كانیداو وتی‌ "ئه‌ركی‌ دایك‌و باوكان ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵن خوێندكاره‌كانیان بچنه‌ به‌ر خوێندن، چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نابنه‌ پزیشك‌و ئه‌ندازیارو پارێزه‌ر، به‌ڵكو ئه‌وانیش ده‌بنه‌ داعش".

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستی‌ خه‌لیفه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زانكۆكان، جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێكیان كراون به‌باره‌گا داعش، هاوكات ده‌ست وه‌رده‌ده‌نه‌ هه‌موو كاروبارێكه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مامۆستایانی‌ ته‌واو بێزار كردووه‌.

ئه‌كره‌م حه‌سیب كه‌ مامۆستایه‌كی‌ زانكۆی‌ موسڵه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ داعش بڕیاری‌ داوه‌ كۆلێژی‌ هونه‌ر دابخات‌و پرۆگرامی‌ كۆلێژی‌ یاساش بگۆڕێت، له‌مڕووه‌ ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ تاوانێكه‌ ده‌رهه‌ق به‌هونه‌رو خوێندن، ناكرێت لێی‌ بێده‌نگ بین"، به‌ڵام هاوكاره‌كانی‌ داوایان لێكردووه‌ بێده‌نگ بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانچه‌ به‌یه‌كجاری‌ بێده‌نگی‌ نه‌كات.

حه‌سیب وه‌ك زۆربه‌ی‌ مامۆستاكانی‌ تری‌ نه‌كردووه‌و شاره‌كه‌ی‌ جێنه‌هێشتووه‌، به‌ڵكو به‌گه‌رموگوڕییه‌وه‌ خۆی‌ ئاماده‌كردووه‌ بۆ ساڵی‌ خوێندن، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌بێ‌ زانست ناكرێت ژیان به‌رده‌وام بێت" به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ناچاركراوه‌ پرۆگرامێكی‌ توندڕه‌وانه‌ بڵێته‌وه‌، بۆیه‌ هیچ چاره‌یه‌كی‌ نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شوێن زانكۆیه‌كی‌ تردا بگه‌ڕێت.

هه‌ردوو رۆژ پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌، وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ داعش به‌رپرسانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ بانگكرد بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك‌و داوای‌ لێكردن ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌خوێندن.

مامۆستایان خۆیان ده‌زانن ئه‌مه‌ كه‌ش‌و هه‌وای‌ خوێندن نییه‌، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌كی‌ تریان نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پابه‌ندبن به‌بڕیاره‌كه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌به‌م دواییه‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ كوشتن زۆربوون.

رۆژی‌ 9ی‌ ئه‌یلول به‌شێكی‌ كه‌می‌ مامۆستایان چوونه‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن بێئه‌وه‌ی‌ هیچ چالاكییه‌كی‌ فه‌رمی‌ ئه‌نجام بده‌ن، یه‌كێك له‌مامۆستایان به‌ته‌له‌فۆن به‌هاوڕێكه‌ی‌ وت "سڵاومان له‌یه‌ك كردوو پاش نیو كاتژمێر هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌".

ته‌نها خوێندكاران له‌په‌ككه‌وتنی‌ خوێندن زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوون، به‌ڵكو خاوه‌نی‌ دوكانی‌ په‌ڕاوگه‌كانیش حاڵیان په‌رێشانه‌، ئه‌وان چاوه‌ڕێ بوون خوێندن بازاڕیان بجوڵێنێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ‌ باره‌كه‌ جیاوازه‌.

ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌و دوكاندارانه‌ ناچارن چالاكییه‌كه‌یان بگۆڕن، یان بیكه‌نه‌ چێشتخانه‌ یان هه‌رشتێكی‌ تر كه‌ پاره‌ بهێنێت، مه‌گه‌ر به‌هۆی‌ رێنماییه‌كی‌ "خه‌لیفه‌"وه‌ بارودۆخ بگۆڕێت.

رێكه‌وته‌ سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا موسڵ‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان داعشییه‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان چه‌ند رۆژێكه‌ له‌په‌رله‌مان متمانه‌ی‌ وه‌گرتووه‌ كه‌ ئه‌ویش محه‌مه‌د ئیقبالی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵه‌، ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: كامیان ده‌توانن بڕیاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.