راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوردستان مرۆڤدۆستی‌ له‌بیر خۆی‌ ده‌باته‌وه‌؟

کاسرین شایەر
كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌نگال پاشه‌كشه‌ی‌ كرد‌و هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشوازییان له‌داعش كرد، ئیتر…
14.08.2014  |  هه‌ولێر
The
The "anti-Arab" sticker that has been seen in Iraqi Kurdistan recently.

Tweet
//

ئه‌وانه‌ی‌ دژی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب قسه‌یان ده‌كرد، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌كارده‌هێنا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رق‌و توڕه‌یی‌ خۆیان، هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌فه‌یسبووك ده‌یاننوسی‌ "نابێت رێگه‌ بدرێت عه‌ره‌ب سه‌ربه‌ستانه‌ له‌هه‌رێمدا بسوڕێته‌وه‌" هه‌ندێكی‌ تریش له‌تویته‌ر نوسیبویان "ده‌بێت ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان بخرێنه‌ كامپه‌وه‌".

كه‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی‌ كاره‌كانی‌ داعشیان له‌سه‌ر عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ حیساب ده‌كردو داوایان ده‌كرد ده‌روازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رووی‌ ئاواره‌كاندا دابخرێت، چونكه‌ پێیان وایه‌ له‌پاڵ‌ داعشدا عه‌ره‌به‌كانیش شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن‌و زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ ده‌ده‌ن به‌داعش.

رێی‌ تێده‌چێت ئه‌م قسانه‌ جۆرێك له‌راستی‌ تیابێت، چونكه‌ كاتێك داعش شه‌نگالی‌ كۆنترۆڵكرد، هاوڵاتیانی‌ ئێزدی‌ قه‌زاكه‌ هه‌ڵهاتن‌و ئه‌وه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كان بوون، بگره‌ پێشوازیشیان لێكردن.

ئێزدییه‌كانی‌ موسڵ‌ به‌قه‌د مه‌سیحییه‌كان به‌ختیان نه‌بوو، چونكه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌موسڵ‌ خرانه‌ به‌رده‌م سێ‌ بژارده‌، یان ببن به‌موسوڵمان، یان جزیه‌ بده‌ن، یان شاره‌كه‌ جێبهێڵن، ئه‌گه‌ر نه‌شڕۆن ده‌كوژرێن، به‌ڵام له‌چاوی‌ داعشه‌وه‌ ئێزدییه‌كان "بێدین"ن‌و یان ده‌بن به‌موسڵمان یان ده‌كوژرێن.

له‌مه‌دا داعش قسه‌كه‌ی‌ برده‌ سه‌ر، زۆربه‌ی‌ ئێزدییه‌كان هه‌ڵهاتن‌و ئه‌وانه‌ی‌ مانه‌وه‌ به‌پێی‌ هه‌ندێ‌ راپۆرت كه‌ پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌ به‌شێكیان كوژران‌و هه‌ندێكی‌ تر زینده‌به‌چاڵ‌ كراون، ئه‌وه‌ش زانراوه‌ كه‌ داعش له‌نێوان 300 بۆ 500 ژن‌و كچی‌ ئێزدی‌ فڕاندووه‌و ئێستا له‌شوێنێكی‌ نادیاردان، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و ئێزدییانه‌ی‌ به‌چیای‌ شه‌نگالدا هه‌ڵگه‌ڕان له‌به‌ر گه‌رمای‌ هاوین بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك مانه‌وه‌و به‌شێكی‌ زۆریان تائێستاش له‌وێ‌ له‌خراپترین گوزه‌راندان‌و رۆژانه‌ له‌به‌ر برسێتی‌‌و تینوێتی‌‌و نه‌خۆشی‌ لێیان ده‌مرێت.

ئه‌م ماڵوێرانییه‌ی‌ به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هات بۆ به‌شێكی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ رقئه‌ستور بن به‌رامبه‌ر به‌عه‌ره‌ب، چونكه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ عه‌ره‌به‌كان هاوكاری‌ داعشیان كردووه‌‌و ئاوهایان به‌سه‌ر ئێزدییه‌كان هێناوه‌، كه‌ كورد به‌به‌شێك له‌خۆیانی‌ ده‌زانن.

له‌ئینته‌رنێت وێنه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ پێشوازی‌ له‌چوونی‌ داعش ده‌كه‌ن، زۆرێكیش پێی‌ وایه‌ داعش له‌ناو هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌بدا شانه‌ی‌ نوستووی‌ هه‌یه‌ كه‌ بێده‌نگن هه‌تا ئه‌و گروپه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ ئینجا ده‌كه‌ونه‌ شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیانی‌ كوردستان وایده‌بینن كه‌ دوورنییه‌ له‌ناو ئاواره‌كاندا كه‌سانی‌ سه‌ر به‌داعشی‌ تێدابێت‌و ده‌بێت به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

هاوڵاتیانی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بۆچونیان جیاوازه‌، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ‌‌و به‌شه‌كه‌ی‌ تر دژن، له‌مڕووه‌وه‌ شاڵاو فه‌تاح كه‌ خوێندكاری‌ ماسته‌ره‌ له‌زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌سلێمانی‌ نوسیوێتی‌ "هه‌ندێ‌ له‌كورده‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان پێیان وایه‌ ئاواره‌كان مایه‌ی‌ مه‌ترسین، به‌ڵام كورده‌ میانڕه‌وه‌كان هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌وه‌دا نابینن".

ناكۆكی‌‌و رقی‌ هه‌ندێك له‌هاوڵاتیانی‌ كوردستان هۆكاره‌كه‌ی‌ ته‌نها ئه‌م ته‌ژم‌و شه‌پۆله‌ی‌ ئێستا نییه‌، به‌ڵكو هۆكاری‌ مێژوویی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌‌و به‌شێكیان بۆ سه‌رده‌می‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ سه‌دام حسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ترسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ توڕه‌ییه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات‌و ئیتر جگه‌ له‌كورد هیچ هاوڵاتییه‌كی‌ تر له‌هه‌رێمدا جێی‌ نه‌بێته‌وه‌.

كورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی‌ بێ‌ ده‌وڵه‌ته‌ له‌جیهاندا، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئینتیمابوون بۆ شیعه‌و سوننه‌و مه‌سیحی‌‌و عیلمانی‌ شه‌ڕبكه‌ن، یه‌ك ئامانجی‌ هاوبه‌ش كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌و خه‌ونی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جێیان بۆته‌وه‌.

هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ رووداوه‌كانی‌ سوریاوه‌ تائێستا به‌لێشاو ئاواره‌ روو له‌هه‌رێم ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ‌ باری‌ خراپی‌ ئابوری‌، بارگرانی‌ بۆ هه‌رێم دروستكردووه‌و وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش نایشارێته‌وه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ تاوانه‌ جۆربه‌جۆره‌كان‌و دیارده‌ی‌ سواڵكه‌ری‌ روویان له‌هه‌ڵكشان كردووه‌.

هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌س بوو بۆ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌ بیكه‌نه‌ بیانووی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ دژه‌ عه‌ره‌ب، هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك په‌یجی‌ تایبه‌تیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان‌و هه‌ندێكی‌ تریان خۆپیشاندانیان له‌دژیان ئه‌نجامدان.

هه‌فته‌ی‌ رابردوو ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌شاری‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ دژی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان‌و داوای‌ ده‌ركردنیان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان هه‌وڵیاندا په‌لاماری‌ موڵك‌و ماڵی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب بده‌ن، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێیان لێگرتن.

یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ به‌گۆڤاری‌ میدڵ‌ ئێسیت ئای‌ به‌ریتانی‌ وتووه‌ "ئه‌وانه‌ی‌ دێن بۆ كاری‌ سیخوڕی‌ روو له‌هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئێمه‌ نامانه‌وێت عه‌ره‌به‌كان له‌هه‌رێمدا بمێنن، چونكه‌ زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ‌ داعشدان".

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌دهۆكیش چه‌ندین چالاكی‌ دژی‌ عه‌ره‌ب هه‌بووه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ئۆتۆمبێله‌كان پۆسته‌ریان هه‌ڵواسیوه‌ كه‌ دژی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان دروشمی‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌.

پێده‌چێت بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان ئه‌و تێڕوانینه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێت، ئه‌وه‌تا له‌سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مان بۆچوون به‌دیده‌كرێت، به‌ڵام به‌قوڵی‌ ره‌نگینه‌داوه‌ته‌وه‌، كچه‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ به‌غدادی‌ كه‌ ئێستا له‌سلێمانی‌ نیشته‌جێیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سلێمانی‌ كه‌متر رووبه‌رووی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ بووه‌ته‌وه‌ وه‌ك له‌هه‌ولێرو دهۆك.

ئه‌و كچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك ده‌چینه‌ هه‌ولێر یان دهۆك ناچارم بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌بازگه‌كاندا بمێنمه‌وه‌، هه‌ندێجار ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌م ده‌گاته‌ پێنج كاتژمێرو ئاسایشه‌كان به‌خراپی‌ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن".

ئه‌و كچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ رووداوێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر خۆیدا هاتووه‌، ئه‌ویش جارێك له‌ئاهه‌نگێكی‌ بووك گواستنه‌وه‌ له‌دهۆك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ دوو رۆژنامه‌نووسی‌ تر كه‌ یه‌كێكیان دانیماركی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان ئیتاڵی‌ بووه‌، ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌بازگه‌كه‌ رایانگرتوون نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ بیانی‌ له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بوون، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژنێكی‌ عه‌ره‌بی‌ تیا بووه‌.

رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ وتی‌ "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هاوپیشه‌یه‌كم بینی‌ كه‌ له‌موسڵ‌ هه‌ڵهاتووه‌و له‌دهۆك نیشته‌جێبووه‌، باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ جیاكاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت‌و خه‌ڵك به‌ترس‌و گومانه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ناوچه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ عه‌ره‌ب دواده‌خه‌ن".

وانه‌بێت هه‌ر عه‌ره‌به‌كان له‌مڕووه‌وه‌ گله‌ییان هه‌بێت، به‌ڵكو هه‌ندێ له‌كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ تریش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ‌ داعش كردووه‌ته‌ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كانی‌ ئه‌واندا بگرن، له‌مڕووه‌وه‌ یه‌كێتی‌ ئاشوری‌ له‌سوید له‌سه‌ر زاری‌ دانیشتوانی‌ قه‌ره‌قوشه‌وه‌ باسی‌ له‌و زانیارییانه‌ كردووه‌.

باس‌و خواسی‌ زه‌حمه‌تی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ نا كورد بۆ ناو هه‌رێم تازه‌ نییه‌، چونكه‌ له‌پاش ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ به‌رده‌م ئاسایشی‌ هه‌ولێر ئیتر رێ‌وشوێنه‌كانی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب قورستر كرا، به‌تایبه‌تتریش بۆ كوڕانی‌ سه‌ڵت ئه‌مه‌ زه‌حمه‌تتره‌و هه‌ندێك له‌وانه‌ هه‌ر رێی‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌یان پێنه‌دراوه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ دژی‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌بن بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌موو هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم پێكناهێنن، چونكه‌ به‌شێكی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان هه‌رێم سنگكراوه‌ بێت بۆ ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێستا لێیان قه‌وماوه‌و له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستیان به‌هاوكارییه‌.

تائێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم رێگرییان كردووه‌ له‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ دژ به‌عه‌ره‌ب ته‌شه‌نه‌ بكات، میدیاكانی‌ كوردستانیش به‌نزیكه‌یی‌ سه‌رجه‌میان ئه‌و وتارو بابه‌تانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دژی‌ ره‌گه‌زپه‌رستین‌و هانی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم ده‌ده‌ن‌و لێبورده‌و سنگفراوان بن به‌رامبه‌ر ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كات.

ته‌نانه‌ت نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش له‌پاش هێرشه‌كانی‌ شه‌نگال رایگه‌یاند "گه‌لی‌ كورد په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پته‌وو توندو تۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ تر هه‌یه‌ به‌خوشك‌و برا مه‌سیحییه‌كان‌و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئاینییه‌كانی‌ تر".

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا كه‌ رۆژی‌ 19ی‌ حوزه‌یران بڵاوبووه‌ته‌وه‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ ده‌ڵێت "مایه‌ی‌ شانازییه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ توانیومانه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگی‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ بپارێزین، هه‌مه‌چه‌شنی‌‌و رۆشنبیری‌ لێبورده‌یی‌ گرنگترین كۆڵه‌كه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ بوون".