راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌موسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر؛ هه‌ڵهاتن له‌ده‌ست بۆمباران‌و بێكاری‌

تایبه‌ت
به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌رێبكه‌وم به‌ره‌و هه‌ولێر هه‌رچی‌ وێنه‌و نوسینه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ ناو لاپتۆپه‌كه‌م هه‌بوو…
10.07.2014  |  موسڵ
Refugees from the Ninawa province, of whihc Mosul is the capital, queue to get into Iraqi Kurdistan.
Refugees from the Ninawa province, of whihc Mosul is the capital, queue to get into Iraqi Kurdistan.

Tweet
//

ئه‌و كاته‌ی‌ موسڵم جێهێشت شه‌قامه‌كان ته‌واو بێده‌نگ بوون، ناوه‌ ناوه‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ئۆتۆمبێلێك ئه‌و بێده‌نگییه‌ی‌ ده‌شكاند، سه‌ره‌ی‌ به‌نزینیش به‌ته‌واوی‌ چۆڵ‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵكو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت له‌به‌ر ئه‌و خۆره‌ گه‌رمه‌دا سه‌ره‌ بگرێت، شۆفێری‌ تاكسیه‌كه‌شمان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌یه‌كی‌ زیاتر بسه‌نێت وتی‌ "ده‌ رۆژی‌ ته‌واوه‌ ده‌رگای‌ به‌نزیخانه‌كان داخراون".

گه‌راجی‌ باكور كه‌ لێیه‌وه‌ تاكسییه‌كان به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌ڕۆن به‌ته‌واوی‌ چۆڵ‌ بوو، ته‌نها چه‌ند شۆفێرێكی‌ كه‌م چاوه‌ڕێی‌ موسافیره‌كانیان ده‌كرد، رێگای‌ موسڵ‌‌و هه‌ولێریش له‌چاو جاران درێژتر بووه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ به‌به‌ربه‌ست گرتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌و داعش.

ئێستا شۆفێره‌كان له‌رێیه‌كی‌ تره‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن، له‌و رێیه‌شه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كان له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشتن، چونكه‌ ئه‌و به‌نزینه‌ی‌ له‌سوریاوه‌ دێت زۆر خراپه‌، له‌و كاته‌وه‌ی‌ داعش سنوری‌ نێوان عێراق‌و سوریای‌ نه‌هێشتووه‌ چه‌ند كه‌سێك كه‌لوپه‌لی‌ خراپی‌ سوریا له‌عێراق ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌.

خۆشبه‌ختترین كه‌س ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارتی‌ نیشته‌جێبوونی‌ هه‌ولێری‌ پێیه‌، چونكه‌ راسته‌وخۆ ده‌توانێت بچێته‌ ناو ئه‌و شاره‌وه‌، به‌ڵام به‌دبه‌خته‌كانی‌ وه‌كو من ده‌بێت چه‌ند كاتژمێرێك بوه‌ستن تا رێی‌ چوونه‌ژووره‌وه‌یان پێده‌درێت، یان هه‌ر رێیان نادرێت‌و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ موسڵ‌ یاخود بچنه‌ كامپی‌ په‌نابه‌ران.

دوانزه‌ سه‌عات له‌خاڵی‌ پشكنینی‌ كه‌ڵه‌ك وه‌ستام بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ چونه‌ژووره‌وه‌م پێ‌ بدرێت، ئاسایشه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ به‌ره‌قی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ردانكه‌ره‌كان مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، كاتێك ئه‌فسه‌ره‌كه‌م بینی‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌وان نه‌رم‌و نیانتر بوو، هیوایه‌ك هاته‌وه‌ به‌به‌رما، پێناسه‌كه‌م پیشانداو پێم وت "من رۆژنامه‌نووسم"، به‌ڵام ئه‌ویش رێگه‌ی‌ نه‌دام‌و به‌توندی‌ وتی‌ "هه‌ر كه‌سێك بیت ئه‌مه‌ رێنمایی‌ نوێیه‌، ئه‌گه‌ر خێزانت له‌گه‌ڵ‌ نه‌بێت رێی‌ چوونه‌ژوره‌ت پێ‌ نادرێت".

به‌راستی‌ وابوو، به‌چاوی‌ خۆم بینیم ده‌یان خێزانی‌ ئاواره‌ی‌ موسڵ‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ كاتیان پێده‌درا، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ به‌نیازنین به‌مزووانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان.

له‌ژێر چادری‌ بازگه‌كه‌دا ته‌پوتۆز تێكه‌ڵی‌ گریانی‌ منداڵ‌‌و هاواری‌ پیرو نه‌خۆش بووبوو، رۆژنامه‌نووس‌و فۆتۆگرافه‌ره‌ عێراقییه‌كان زۆر به‌گرنگییه‌وه‌ له‌گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیمه‌نه‌ ده‌ڕوانن، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسه‌ بیانییه‌كان چاویان لێ‌ پۆشیوه‌.

سه‌ره‌نجام رێی‌ چوونه‌ژووره‌وه‌م پێ‌ نه‌درا، به‌ڵام هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌هۆی‌ هاوڕێیه‌كی‌ كورده‌وه‌ توانیم بچمه‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌، كاتێك گه‌یشتمه‌ هۆتێله‌كه‌ بینیم هه‌موو پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ژیان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌، ئه‌وكات هیوام ده‌خواست بمتوانیبایه‌ خێزانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ‌ خۆمدا بهێنم، به‌تایبه‌تی‌ سێ‌ منداڵه‌كه‌م.

دوای‌ دوو رۆژ مانه‌وه‌ له‌هه‌ولێر ده‌ستمكرده‌وه‌ به‌ژیانی‌ ئاسایی‌ خۆم، رۆژنامه‌كانم ده‌خوێنده‌وه‌و راپۆرتم ده‌نوسی‌‌و له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندیم به‌هاورێكانمه‌وه‌ ده‌كرد‌و پلانم بۆ ئاینده‌ی‌ خێزانه‌كه‌م داده‌ڕشت، كه‌چی‌ له‌موسڵیش هه‌موو ئاواتم ئه‌وه‌ بوو بڕێك ئاوی‌ سارد له‌سه‌ر خوانه‌كه‌مان بێت‌و له‌ژوورێكی‌ فێنكدا بخه‌وین‌و شیرم بۆ منداڵه‌ ساواكه‌م ده‌ست بكه‌وێت.

هه‌رچه‌نده‌ ژیان له‌هه‌ولێر خۆش بێت، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌دڵه‌راوكێدا ده‌ژیم، رۆژانه‌ به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی‌ به‌خێزان‌و هاوڕێكانمه‌وه‌ ده‌كه‌م، به‌رده‌وامیش گوێم له‌هه‌واڵی‌ ناخۆشیان ده‌بێت، بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ به‌رده‌وامه‌و زۆربه‌ی‌ قوربانییه‌كانیش خه‌ڵكی‌ سیڤیلن، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كی‌ ته‌ندروستی‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام كاتێك كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌عات 11ی‌ رۆژی‌ 4ی‌ ته‌موز پچڕاند، ئیتر منیش ئاگام له‌هه‌واڵی‌ كه‌سوكاره‌كه‌م نه‌ما.

مه‌ترسیدارترین هه‌واڵیش كه‌ به‌رگوێم كه‌وت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ خه‌ڵك رفاندن له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ زیادی‌ كردووه‌ كه‌ دواتر ته‌رمه‌كانیان به‌چاوبه‌ستراوی‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ زیاتر سووربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ زوو ئاماده‌كاری‌ بكه‌م بۆ هێنانی‌ خێزانه‌كه‌م بۆ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش به‌یارمه‌تی‌ هاوڕێ‌ كورده‌كانم ده‌كرێت.

هه‌رگیز له‌هه‌ولێر هه‌ستم نه‌ده‌كرد بێگانه‌م، رۆژانه‌ ئه‌و هاوڕێ‌ رۆژنامه‌نووسانه‌م ده‌بینم كه‌ له‌ترسی‌ گیانی‌ خۆیان یان له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كاردا هه‌ڵهاتوون، چونكه‌ له‌شه‌وو رۆژێكدا رێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌موسڵ‌ گه‌یشته‌ 90%.

به‌ته‌له‌فۆن پێشتر قسه‌م له‌گه‌ڵ‌ مامۆستایه‌كی‌ زانكۆی‌ موسڵ‌ كرد؛ ده‌یوت "ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ تا مانگێكی‌ تر به‌رده‌وام بێت ناچارم سه‌وزه‌ بفرۆشم بۆ به‌خێوكردنی‌ خێزانه‌كه‌م".

هاوڕێ‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانم كه‌ له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان كاریان كردووه‌و ئێستا هه‌ڵهاتوون، به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ باسی‌ ژیانی‌ خۆیان ده‌كردو ده‌یانوت "ئه‌ڵێی‌ چی‌ بڕۆینه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌و ناوی‌ بنێین كه‌ناڵی‌ داعشی‌ ئاسمانی‌".